جوانا سنە

کاتێک چاوێک بە لاپەڕەکانی مێژوو بخشێنین، دەبینین کە لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان دا، رەنج، بەرهەم، ناسنامە و ئیرادەی ژن ون کراوە. ژن لە ناو ئەو ژیانەی کە خۆی خۆڵقاندبووی و بەڕێوەی دەبرد، ون بوو. لە سێبەری زیهنییەتی رەگەزگەرایی، لە هەر پڕۆسەیەکی مێژوویی دا وەک؛ ( دین ، فەلسەفە ، زانست و….) پێناسە و پێگەیەکی بە ژن بەخشیوە. لە خوداوەندیەوە بەرەو کۆیلەبوون، ساحیرە و ئەمڕوش بەرەو ئوبژە بوونێکی بێ داوی دەڕوات. ئەم زیهنییەتە رەگەزگەرا و هەژمۆنی خوازە لە پروفایلی دەوڵەت نەتەوەکاندا پیلان و سیاسەتەکانی بە شێوازێکی دڵخوازانە پێشکەشی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی کرد. ئیدی ژیان وای لێهات کە کۆمەڵگا و بە تایبەتی ژن کۆیلەتی دڵخوازانە (بردگی داوطلبی)یان پەژراند. کوێلەتی لە ناخی ژن دا چێندرا و وایان لێکرد کە وەکوو بەشێک لە راستەقینەی خۆی و هەبوونی خۆی، چاوی لێبکات.

 یەک لەو دەوڵەتانەی کە بە شێواز و تاکتیکی جۆرواجور ئەم سیاسەتە بە سەر ژنان دا دەسەپێنێ، رژێمی داگیرکەری ئێرانە. ئەگەر بمانەوێ بارودوخی کۆمەڵگایەک بنرخێنین سەرەتا پێویستە چاو لە بارودۆخی ژنان لەو کۆمەڵگادا بکەین و بتوانین کۆمەڵێک دەستەواژە بخەینە ژێر لێپرسینەوە. لە ژێر سێبەری رژێمی وەلایەتی فەقیە راستی ژیان، ژن و کۆمەڵگا بەلاڕێدا براوە، کۆمەڵێک دەستەواژەی حەیاتی کە کۆمەڵگا بە دوای پێناسەی گەوهەری یاندا دەگەڕێن بریتین لە؛ (هەبوون، ناسنامە، زیهنییەت، بیردۆزی، رێکخستن، داگیرکەری، ئازادی، یەکسانی، نامووس، وڵات، نەتەوە، ئیسلامی کولتووری و ژیانی دیمۆکراتیک ….). سەرەڕای ئەوانەش بە هەزاران دەستەواژەی دیکە لەئارادایە کە خودایانی سەر زەوی بە فتوا رۆژانەکانیان، سات لە دوای سات پێناسەیەکی نوێ بۆ دەدۆزنەوەو لەپێناو بەردەوامی و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتداری خۆیان، نرخ و بەهاکانی دەستی ژنان و جوانان لەبار دەبەن.  بۆیە  دەبینین کە لەژێر سێبەری زیهنیەتی رەگەزگەرایی، ئیسلام گەرایی و نەژادپەرەستی رژێمی داگیرکەری ئێران، تا دەڕوات مەودای نێوان ژن و ژیان زیاتر دەبێتەوە. لەکۆمەڵگای ئێراندا کاتێک دەڵێن ژن؛ (خۆکوژی، کوشتنی نامووسی، ئەسیدپاشی، زەواجی تەمەن بچووک، رووسپیگەرێتی، بێکاری و …..) دێنێتەوە بیری کۆمەڵگا. دەسەڵاتدارانی ئێران بەم شێوازە دەیانەوێ ژن لە گوڕەپانی ژیان داببڕێنن.

لەبەر ئەوەی لەپێناو چارەسەری پرسی کۆمەڵگا سەرەتا پێویستە ژن لێگەڕینی لەناو سەرجەم گۆڕەپانەکانی ژیان دا پێش بخات. چون لە کوێ راستی ژن ون ببێ، لەو شوێنەدا ژیان و شۆڕشی ئازادی ون دەبێ. بۆیە دەتوانین بڵێن بە بێ ژن، ژیانی ئازاد و شۆڕشی دیمۆکراتیک گەرەنتی ناکرێت. زۆربەی شۆڕشەکانی جیهان، پرسی ژنیان وەکوو پرسی دوای شۆڕش گرتە دەست. بۆیە ئەو زهنیەتە شۆڕشەکانی بێ کاریگەر و بەلاڕێدا کێشا. بۆیە رێبەر ئاپۆ چارەسەری پرسی ژنانی بە بنەمای چارەسەری پرسی کومەڵگا دەستنیشان کرد و ئازادی کۆمەڵگای لە ئازادی ژندا پێناسە کرد و بڕوای بەوە بوو بۆ ئەوەی کەسایەتی ژن و پیاوی ئازاد بخوڵقێنرێت، پێویستە ئەو کەسایەتیەی کە هەزاران ساڵە بە زیهنیەتی رەگەزگەرایی پیاو، گەشەی کردووە، بکوژرێت و زایینێکی نۆێتری لێ بەرهەم بهێنرێت. پڕۆژەی دابڕانی هەتاهەتایی و کوشتنی زەلام (پیاو) نموونەی ئەو هەنگاوە ئیستراتیژیانەیە. دابڕانی زیهنی ژن لەو گرێدراوبوونەی بە پیاوانەوە کە بێ پیاو ناتوانێ لەژیان هەنگاو هەڵبرێت، کوشتنی پیاو لە بواری زیهنییەتیەوەیە. بۆ پراکتیزە کردنی ئەم پڕۆژانە، ئەرتش بوونی ژنان و بیردۆزی رزگاری ژن و پارتی بوونی ژن ((PAJK راگەیاندرا. هۆکاری ئەوەیە کە تێکوشانی ژنانی کورد بووەتە سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتن بۆ سەرجەم ژنانی جیهان و ژنانیش وەڵامی لێگەڕینی هەبوونی ئیرادەی ئازادیان لە فیکر و رامانی رێبەر ئاپو دەبیننەوە.

ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە ژنان لە کوێ بژین، بە بێ جیاوازی رووبەڕووی کردەوەی توند و تێژی و سیاسەتی چەپەڵی دەوڵەت – نەتەوەکان دەبنەوە. بۆیە هیچ دەوڵەتێک دەرفەتی ژیانی ئازاد بۆ ژنان خۆش ناکات، بەڵکوو دەوڵەتەکان تەنیا کراسی دەسەڵاتداریان دەگۆڕن. لەوڵاتێکی وەک ئێران رژێم لەژێر پەردەو دەمامکی یاسا و رێسای ئایین و شەریعەت  سیاسەتە چەپەڵ و سەرکوت کارانەکانیان رەوایەت پێدەبەخشن. هاوکات جیهانی سەرمایەداریش وەک ئۆبژەیکی جیهانی کۆی جەستە و رۆحی ژنی لە بازاڕەکاندا هەڕاج کردووە. پرسی ژنان و سەپاندنی زیهنییەتی رەگەزگەرایی پیاو، ئەوەندە قووڵ و بەر چاوە، لەکاتێدا بابەت دەبێتە مژاری نەتەوەیی بوون دەستێوەردانەکان زیاتر دەبن. سیاسەتی سڕینەوە و پەراوێزخستنی وزەی ژنان لە ئێران لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. بەڵام ژنانی کورد، بەلووچ، عەرەب و … هتد بە حوکمی ئەوەی کە نەتەوەن، وەک کەمینە (اقلیت) لەقەڵەم دەدرێن. ئەمەش هوکارێکە کە دڕەندانەترین سیاسەت لە سەر ژنانی نەتەوەکانی دیکە بەڕێوە بچێ. بۆیە رێبەر ئاپو ژنانی وەکوو کلۆنی (مستعمرە)ترین نەتەوەی کۆمەڵگا پێناسە کرد. لە بەرامبەری ئەم سیاسەتانە بە درێژای مێژوو ئەوەی کە دیار بوو، پێداگری ژنان بۆ دەربازبوون و هەڵوەشانەوەی جیهانی سەرمایەدارییە کە لەسەر بنەمای زیهنیەتی پیاوسالاری دامەزراوە. بۆیە مێژوو لێوانلێوە لە تێکۆشانی ئەو ژنانەی کە دەوڵەتیان بە دەوڵەتی دەستدرێژکار لەقەڵەم دا. هەر چەند کە ئەو مێژووەی بە دەستی پیاو نووسراوە، ناوێک لەو ژنانە دیار نییە، بەڵام شوێن پەنجەیان لە هەر چوار دەوری جیهان دەدرەوشێتەوە و دەنگی تێکۆشانی ئازادیخوازی ژنان لە هەر جێگایەک بە یەک گەهێشتووە. ژنانی ئێران و روژهەڵاتی کوردستانیش بێگومان لەم یەک دەنگیە بێ بەش نیین و مێژووی تێکۆشانی ژنانی نەتەوەکانی ئێران لەئەمڕۆدا درەوشاوەیە. ژنان هەمیشە بۆ گەهێشتن بە ئازادی و دادپەروەری پێشەنگی کومەڵگا بوون. پێشانگایەتی لە رێگای گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و لێگەڕین بە دوای وڵامی چۆن بژین مۆمکین دەبێ. رێبەر ئاپو بە شێوەیەکی زۆر رادیکاڵ ئەم پرسیارەی ئاراستەی مرۆڤایەتی کرد و وەڵامەکەشی دەستنیشان کرد کە ژیان لە پێناوی چییە؟ ئەو بابەتەی بە راشکاوانە ورژاند کە ژیان بە یەکگرتنی هەر دو رەگەز دەستەبەر دەبێت. بەڵام ژن و پیاوێکی چۆن؟ یەکگرتنێکی چۆن؟ مەگەر ژن و پیاوێکی کۆیلە دەتوانن بە کۆیلەتی بژین؟

لێرەدا واتای ژیان دەکەوێتە ژێر لێپرسینەوە. یەکگرتنێک پێش دەکەوێ کە هێز و ئیرادە ناخوڵقێنێ و هێزو ئیرادە ون دەکات. بۆیە هەنگاوی یەکەم بۆ ژنان ئەوەیە کە سەرەتا هەوڵی ئەوە بدەن کە خۆیان و ئەو هێزەی کە زیهنیەتی رەگەزگەرایی پیاو لێیانی زەوت کردووە بدۆزنەوە و بە یەک بوون لە گەڵ ئەو هێزەدا، ئیرادە و هەبوون و خۆبوونی خۆیان ببینن. لە گەڵ خۆبوونیان، کۆمەڵگاش جارێکی دیکە زیندوو بکەنەوە. ژنێک کە بتوانێ ئیرادەی ئازادی خۆی بدۆزێتەوە دەتوانێ تێکوشان قایمتر و رێکخستن بوون پێش بخات. لە بەر ئەوەی کە ژنی رێکخستن کراو، کومەڵگایەکی رێکخستن کراوە. کۆمەڵگایەکی رێکخستن کراویش، نەتەوەی دیمۆکراتیکە. لە کومەڵگایەکی دیموکراتیکدا ژن دەتوانێ ژیان لە واتای راستەقینەی خۆیدا بە ئەتیک و ئەستاتیک بگەینێ. ژنێک کە بتوانێ بەم پێگەیە بگات، بێگومان ژنێکە کە مەودای ژن و ژیانی بە زانابوون داگرتووە و ژنی بە ژیان گەیاندوەتەوە.

راستییەکی حاشا هەڵنەگر ئەوەیە کە زەمان و مەکانی شۆڕشی ژن دیارە. تێکوشانی ژنانی جیهان لە سەدەی ٢١دا ئەوەی سەلماند کە زیهنییەتی هەژمۆنی دەوڵەت – نەتەوە، توند و تێژی گەیاندوەتە لووتکە. لە بەرامبەردا تێکۆشانی ئازادیخوازی ژنانیش گەهێشتووەتە لووتکە. بۆیە زەمانی شۆڕشی ژنانی ئازادیخواز سەدەی ٢١ە. تێکوشانی ژنانی کورد لە ژێر سێبەری فیکر و رامانی رێبەر ئاپو ئەوەی سەلماند کە شێوازی تێکوشانی ژنی کورد، ئیلهامێکە بو ژنانی جیهان و ئەمەش لە هەموو هەنگاوەکانمان دا ئاشکرا بووەو مەکانی شۆڕشی ژنان بێگومان رۆژهەڵاتی ناوەراستە.

 لەکۆتاییدا دەتوانم بڵێم ئێمە وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی روژهەڵاتی کوردستان – کەژار لە پێناو خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیمۆکراتیک، بە درووشمی “بە یەک گرتنی ژنان، قڕکردنی ژنان بە دوایی دەکەین” ٨ی ئادار پیرۆز دەکەین. لە پێناو گەهێشتن بە یەک گرتن و یەک دەنگ بوون لە گەڵ ژنانی نەتەوەکانی ناو ئێران دەستی هاوکاریمان درێژی هەموو ژنانی ئازادیخواز کردووە و تا گەیشتن بە ئامانجمان بێ وچان خەبات دەکەین. لە بەر ئەوەی کە لەو بڕوایەداین بۆ لە ناو بردنی زیهنییەتی رەگەزگەرایی، ئیسلام گەرایی و نەژادپەرەستی رژێمی داگیرکەری ئێران، مسۆگەر بە یەک گرتن دەتوانین بە سەر بکەوین.