لە درێژەی چالاکییەکانی رێکخستنەکانی پارتی ژیانی کوردستان-پژاک، لە دەرەوەی وڵات بۆ شەرمەزار کردنی رەشبگیری کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمیتەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە وڵاتی هولەند، ئەمرۆ، ٢٠٢١-٠٢-٢٠ لە شاری لاهە (دنهاخ) و لە بەردەم پارلەمانی ئەو وڵاتە خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتی بەڕێوەبرد. ژمارەیەکی بەرچاو لە وڵاتپارێزانی هەرچوارپارچەی کوردستان لە خۆپیشاندانەکەدا بەشدار بوون.

خۆپیشاندانەکە سەرەتا بە سرودی شۆڕشگێرانە دەستی پێکرد. دواتر لە لایەن کۆمیتەی پژاک لە وڵاتی هولەند، قسە و باسێک پێشکەش بە بەشداربوانی کۆبونەوە ناڕەزایەتییە کرا. لە درێژەدا کورتە وتارێک بە زمانی هولەندی خوێندرایەوە.

دوای قسە و باسەکان، بەشداربوان بە وتنەوەی دروشم و بەشێوازی جۆراجۆر بێزاری خۆیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی نیشاندا و سەرەنجام خۆپیشاندانەکە بە راگەیاندنی هاوپشتی و پشتیوانی وڵاتپارێزان لە  بەندکراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی هات.