زاڵ مەد

له رۆژگاری ئه‌مرۆدا، کاتێک باس له سه‌رهه‌ڵدان و سه‌رهه‌ڵدێر بوون ده‌که‌ین، ئه‌وه‌ی که یه‌که‌م جار به بیرمان دێت؛ سه‌رهڵدان له‌به‌رامبه‌ر زوڵم و زۆری و داگیرکه‌ریه. به شێوه‌یک که مرۆڤ له به‌رامبه‌ر سیسته‌مێک راده‌وستێت و ده‌نگی ناره‌زایه‌تی خۆی به‌رز ده‌کاته‌وه، یان ئەوەی کە ‌ته‌نها ده‌نگی نارازی هه‌ڵبڕین نییە، به‌ڵکو خوازیاری گۆرینی سیسته‌م و زێهنیه‌تێکه.

هه‌ڤاڵ دێرسیم تۆڵهه‌ڵدان، هه‌ر له منداڵیه‌وه تا ئه‌وکاته‌ی که چووه کاروانی نه‌مرانی مرۆڤایه‌تی، مرۆڤێکی سه‌رهه‌ڵدێر بوو. رەئووف کاتێک که منداڵ بوو هه‌ستی به داگیرکراو بوونی، کرد بوو. بۆیه له دژی داگیرکه‌ران له جمۆجۆلدا بوو. به شێوه‌یک که له منداڵیه‌وه به‌و پەڕی هێز و توانای له دژی داگیرکه‌ران و داگیرکه‌ری ده‌وەستایه‌وه و به وڵامه تونده‌کانی ئه‌وه‌ی به داگیرکه‌ر ده‌گوت که:« ئێوه داگیرکه‌رن و پێویسته خاکی ئێمه به جێهێڵن». ئەوە بوو کە تەنانەت لە ناو ریزەکانی گەریلا ناسناوی دێرسیم تۆڵهەڵدانی بە بۆنەی تۆڵەی شاری دێرسیم و شێخ سەعیدەکان، هەڵبژارد.

دێرسیم کاتێک کە منداڵ بوو دژی که‌سیه‌تی داگیرکراو و نه‌یارانی کورد، ده‌ستی به سه‌رهه‌ڵدان کرد. بۆ ئه‌مه‌ش به دڕاندنی ئاڵای داگیرکه‌ری ئێران له سه‌ر بانی مه‌کته‌به‌که‌ی زێدی له دایک بوونی، یه‌که‌م چروسکەی سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی لە دژی زوڵم و زۆری و داگیرکەری، ده‌ستی پێکرد. سه‌رهه‌ڵدانێک که‌ بووە به‌ردێکی بناغه بۆ خه‌ڵکی و هاورێیانی تا بۆ گزک دانی داگیرکه‌ران، له‌سه‌ر خاکی وڵاته‌که‌یان تێکۆشان بکه‌ن.

دێرسیم به ئه‌مه نه‌وه‌ستاو و ئه‌مجاره‌یان به به‌رد شوشه‌ی مه‌کته‌به‌که‌ی شکاند. هه‌ر جار که شووشه‌یک ده‌شکا، به‌و په‌ڕی جۆش و خرۆشه‌وه هاواری ده‌کرد و هێز و توانای بۆ شکاندنی شووشه‌کانی دیتری مه‌کته‌به‌که، زۆرتر ده‌بوو. لای دێرسیم وابوو که وانه‌کانی مه‌کته‌به‌که‌یان، وانه‌ی داگیرکه‌رین و پێوسته ئه‌و وانانه له گۆر بنرێت و منداڵانی کوردستان فێری وانه‌ی ئاوێنه‌ی ئازادی بن.

ئەو سەرهەڵدانەی رەئووفە بیچکۆل، وەکوو چۆلەکەیەکە کە چۆن خوازیاری ئازادیە و نایەوێت لە قەفەسی داگیرکەری بمێنێتەوە. چۆلەکەیک کە نایەوێت دەستەمۆ بێت و ئاو و نانی داگیرکەر ببێتە خۆراکی رۆژانەی. ئەو دەیەویست باڵ بگرێت و ئازادانە لە ئاسماندا باڵ لێ بدات.

دێرسیم به ساکاری و دڵنزمی ده‌ناسرا. ساکارێک که پێی ‌جوان ده‌بوو و دڵنزمێک که له دڵی هه‌ڤاڵ و هاورێیانی جێگای ده‌گرد و خۆشه‌ویست ده‌بوو. لای رەئووف شێخی، ژیانێک که له مۆد و زریق و بریق دا رازابێته‌وه، ره‌د ده‌کرا و ده‌یگوت: « پێویسته خاکی بین و خاکیانە بژین». دێرسیم ساکار بوون و ژیانی ساده‌ی وه‌ک پێوه‌رێک ده‌بینی له پێناو خزمەت کردن بە گەلێکی چەوساوە. سڕی سه‌رکه‌وتنی هه‌ڤاڵ دێرسیم له ژیانی دا، دڵنزمیه‌که‌ی بوو. چونکو ده‌یزانی مرۆڤه مه‌زنه‌کان به دڵنزم بوونی خۆیانه‌وه ده‌ناسرین و دڵنزمیه که مرۆڤ ده‌گه‌یێنێته لووتکه‌ی هه‌ڤاڵێتی و خۆشه‌ویستی.

رەئووفی شێخی، هه‌ر له منداڵیه‌وه هه‌ستی به ئازار و ئه‌له‌می گه‌له‌که‌ی کردبوو. هه‌ستێک که پڕ بوو له قین و دڵسوزی. قینی له به‌رامبه‌ر دوژمن و دڵسوز بوون لە پێناو گه‌له‌ ئازار چێشتوەکەی. رەئووف، منداڵانی گونده‌که‌یانی به په‌رتووک و دیمانه و قسەی ئازاد و ئازادی، هانده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی که پێکوە فێری وانەی نیشتمان و نیشتمانپه‌روه‌ری ببن. رەئووف هه‌ر جار که ده‌یه‌ویست سه‌رهه‌ڵدانێکی دیتر له دژی نه‌یارانی کورد رێک بخات، هه‌وڵی ده‌دا که منداڵانی دێهاتەکەیانی لەگەڵ خۆی هاورێ بکات. لای ئه‌و وا بوو که هێزمان چه‌نده مه‌زن بێت ئه‌وه‌نده ده‌توانین به سه‌ر داگیرکه‌ردا بچین و لێمان بترسن. دێرسیم ده‌یزانی که گه‌له‌که‌ی به‌هۆی داگیرکەریه‌وه له چ دۆخێک دا ده‌ژین. بۆیه به یارمه‌تی دانی گه‌له‌که‌ی له کار و باری ژیان به تایبه‌ت کاری کشتوکاڵ و به‌رهه‌م هێنان و جوان کردنی ژیان به نه‌مام رواندن و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی که خه‌ڵکی گوند له سه‌ر پێی خۆیان راوه‌ستن و دەستیان لە گیرفانی خۆیاندا بێت، دڵسوزی خۆی پیشان ده‌دا. چونکوو رەئووف تێگه‌یشتبوو که داگیرکه‌ر وڵات ئاوا ناکات و به پێچه‌وانه‌شه‌وە هه‌وڵی تێکدانی وڵات و ژیان ده‌دات. بۆیه به‌و په‌ڕی دڵسۆزیه‌وه خزمه‌تی گه‌له‌که‌ی ده‌کرد و له ناو دڵی خه‌ڵکه‌که‌ی تا ده‌رۆیشت خۆشه‌ویست تر ده‌بوو. ئه‌مه بوو که رەئووفی کرده‌ مروڤێکی دڵسوز و دڵڕفێنی نیشتمانەکەی.

دێرسیم له کاتی له دایک بوونی و تا ئه‌و کاته‌ی که مه‌زن بوو، له وانه‌کانی نیشتمان و نیشتمان په‌روه‌ری قووڵ ده‌بوەوە. ئه‌مه‌ش بووه هوکارێک که رەئووف هەر ‌له ته‌مه‌نی لاویه‌تیه‌وه خوڵیای ئازادی بێت. بۆ ئەمەش دێرسیم ده‌ستی به لێگه‌رین به دوای حەقیقەتی ئازادی دا کرد. له دوای تیپه‌ر بوونی زه‌مان و گه‌وره بوونی، رئووف به ئه‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشت که پێویسته تێکۆشانی له به‌رامبه‌ر نه‌یاران گه‌وره‌تر و بەهێزتر بکات و بۆ گه‌یشتن به مه‌رام و ئامانجه‌کانی پێویسته روو بکاتە پاڵپشتی کوردان. پاڵپشتێک کە ئازاد بێت تا بتوانیت به ئازادی بگات.

له خه‌یالی منداڵی مرۆڤە‌ سه‌رهه‌ڵدێره‌که‌ی کوردستان، نیشتمانێکی ئازاد ده‌دره‌وشایه‌وه. نیشتمانێک که پڕ بێت له جوانی و بۆنی خۆش و خۆشه‌ویستی. نیشتمانێک که به ئازادی بژیت و به ئازادی بدوێت و به ئازادیش سه‌ر بنێته‌وه. لای ئه‌و وا بوو، نیشتمانێک که ئازاد نەبێت پێویسته ئازاد بکرێت. لەو پێناوەشدا شەهادت و گرتن و ئەشکەنجە بەدیلێکن بۆ گه‌یشتن به مه‌رام و ئامانجه‌کان. ئه‌وه بوو که به دوایین وته‌ی:« یان به ئازادی، ئه‌گه‌رنا له گەڵتانا ناژیم» رۆژهه‌ڵاتی به جێ هێشت و رووی له چیا ئازاد و سه‌رکێشه‌کانی کوردستان کرد تا به‌و په‌ڕی هێز و ورەوە له پێناو ئاوا کردنی وڵاتێکی ئازاد به‌ره‌نگاری دوژمنان و داگیرکه‌ران بێت. بەلێ‌! دێرسیم  نه‌ک خه‌یانه‌تی له خەونەکانی منداڵی نه‌کرد به‌ڵکوو بۆ به‌دیهاتنیان رووی له سه‌کۆی روڵه ئازا و بوێره‌کانی کوردستان کرد.

دوا به دوای تێپه‌ر بوونی چه‌ن ساڵەی له چیا ئازاده‌کانی کوردستان و فێرگه‌ی ئاپۆ به جانتایەکی پڕ له مێهرەبانی و دڵسوزی و ئازایه‌تی گه‌ڕایه‌وه رۆژهەڵات. تەنیا جانتایەک که بەوەوە ده‌یه‌ویست، گه‌نجانی وڵاته‌که‌ی له زەڵکاوی داگیرکه‌ری رزگار بکات و له هێلانه‌ی خۆشه‌ویستی و به‌خته‌وه‌ری نێشته‌جێیان بکات. جانتایەک که بە وانه‌کانی ئاپۆچیه‌کان نوسرا بوون و واتاکانی به شۆڕش و شۆڕشگێری نه‌خشابوو و په‌رتوکه‌که‌شی به قه‌ڵه‌می ئاپۆ نوسرا بوو.

ئه‌م وانه و واتا و په‌رتوکه، ره‌سمی ئازادی ده‌نەخشاند. ره‌سمێک که تا ده‌رۆیشت جوان‌تر ده‌بوو و لاوه‌کانی نیشتمانی به ده‌وری خۆیدا کۆ دەکرده‌وه. قه‌ڵه‌مه‌کانی ئه‌م ره‌سمه‌ش، وه‌کو که‌وانی زێرین هه‌وت ره‌نگ بوون؛ ره‌نگێک له دادپه‌روه‌ری، ره‌نگێک له نیشتمان په‌روه‌ری، ره‌نگێکی تریشی له سوسیالیزم، یه‌کی تریشی له ئازادی ژن، قه‌لەمەکەی تری له تازەگەری دیموکرات و ره‌نگێکی دیتریشی له کوردستانێکی ئازاد و هه‌وته‌مین قەڵەمیشی، رێبه‌رێکی ئازاد بوو. ئەمە بوو کە تا دەرۆیشت خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لاوان لە دەوری کەوانە زێرینەکەی کۆ دەبوونەوە و کەوانەکە رۆژ بە رۆژ درەوشاوەتر و گەش تر دەبوو. ئەمەش ترسێکی مەزنی لە دڵی داگیرکەران ئاوا دەکرد.

به ناکاو له ۱۲ ی شوباتی ۲۰۱۴ دیسانه‌وه هه‌ورێکی ره‌ش سەری دەرهێنا. دیسانه‌وه جه‌لاده‌کان ئاسمانیان به هه‌ورێکی ره‌ش داپۆشی و که‌وانه‌که‌مانیان بریندار کرد. خوێنی دێرسیمه‌که‌مان که وانه‌ی ئازادی به قه‌له‌می رامانی ئازاد‌‌ بۆ لاوانی وڵات ده‌نەخشاند، تک تک به سه‌ر که‌وانه زێرینەکە دادەچۆڕا. ئاسمان دڵداری که‌وانه زێرینه‌که‌ی دا و به سه‌ر سنه‌ی خوێناوی که دیسانه‌وه خوێنیکی تازە و گەرمی لاوێکی دڵسۆز و دڵڕفێن، بوێر و سەرهەڵدێری لێ رژا بوو، ده‌ستی به ماتەمینێک بە تەوژمی با و بۆران کرد. جه‌لاده‌کان پێان وا بوو که ماتەمینی ئاسمان به‌و واتایەیە که ئیدی که‌وانه زێرینه‌که، زێری نەماوە و قه‌ڵه‌مه‌کانیش زوغالی نوسینیان تەواو بووە.

به‌ڵام…! به‌ڵام، ماتەمینی ئاسمان قین و نه‌فره‌ت و بانگەوازییەک کە لێوانلێو بوو لە هه‌ستی تۆڵه سه‌ندنه‌وه. تۆڵەیەک که لاوانی رۆژهەڵات به به‌شدار بوونیان بۆ ناو ریزه‌کانی گه‌ریلا، قه‌ڵه‌مه‌کانی که‌وانه زێرینه‌که‌یان نه‌خشین‌تر و درەوشاوه‌تر کرد. له هه‌ر شارێک و له هه‌ر گوندێک، قه‌ڵه‌می دادپه‌وه‌ری و سوسیالیزم، ئازادی ژن و نیشتمان‌په‌روه‌ری و تازەگەری دیموکرات و کوردستانی ئازاد و رێبه‌رایەتیکی ئازادیان به ده‌سته‌وه گرد تا ئازادی له کوردستان بە رێبەرێکی ئازاد مسۆگه‌ر بکه‌ن.

به‌لێ! ئێستایش وانه‌کانی دێرسیم، ئەو مرۆڤه سه‌رهه‌ڵدێره‌ له کۆڵان و شه‌قامه‌کانی رۆژهەڵات زایەڵەی هەیە.