تێكۆشانی گه‌لی كورد و گه‌لانی هه‌رێمه‌كه‌ به پشتگرتنی ئازادیخوازانی جیهان بۆ ئازادی رێبه‌ری گه‌لی كورد، له‌ ۲۲ هه‌مین ساڵی زیندانی كردنی له‌ دوورگه‌ی ئیمرالی، به‌رده‌وامه‌. به نزیك بوونه‌وه‌ له‌ ٢۲ هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی گه‌له‌كۆمه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ۱۵ی شوبات كه‌ له‌دژی رێبه‌ر ئاپۆ، گه‌لی كورد و گه‌لانی چه‌وساوه پێكهات، پشتیوانی ئازادیخوازان و رۆشنبیران له‌ وڵاتانی جیاوازی جیهان، به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌ورووپایی، گه‌یشتووه‌ته‌ لووتكه‌. وه‌ك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) به‌توندی ئه‌و گه‌له‌كۆمه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین و راده‌گه‌یێنین كه؛‌ ئێستا زیاتر له‌ هه‌ركاتێكی دیكه بارودۆخ بۆ گه‌یشتنی گه‌لانی چه‌وساوه‌ و بنده‌ست به‌ ئازادی به پێشه‌نگایه‌تی رێبه‌ر ئاپۆ رەخساوە‌.

له‌ كاتێكدا ٢۲ هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی گه‌له‌كۆمه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌دژی رێبه‌ر ئاپۆ و گه‌لی كورد نزیك ده‌بێته‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ به‌ شكۆوه‌ یادی سه‌رهه‌ڵدانی سێی ره‌شه‌مه‌ی ۱۳۷۷ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ژێر سێبه‌ری تێكۆشانی ره‌وا، كۆڵنه‌ده‌رانه‌ و له‌خۆبوردوانه‌ی رێبه‌ر ئاپۆ له‌ ئیمرالی له‌ دژی سیسته‌می گۆشه‌گیری ره‌ها، تیكۆشانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش به‌رده‌وامه. چه‌نده‌ گه‌له‌كۆمه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ و سیسته‌می ئیمرالیش سیسته‌مێكی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌، ئه‌وه‌نده‌ش تێكۆشان و پشتیوانییه‌كان له‌ «رێبه‌ر ئۆجه‌لان» یش ‌نێونه‌ته‌وه‌یی و جیهانیه‌. ئه‌م ئاسته‌ له‌ ئازادیخوازی و دیمۆكراسیخوازی له‌ دژی زهنییه‌تی نگریسی گه‌له‌كۆمه‌چی و سه‌رمایه‌دارانه‌، له‌ چوارچێوه‌ی كه‌مپه‌ینی «تێكشكاندنی گۆشه‌گیری و ئازادی رێبه‌ر ئاپۆ» به‌ ساڵانه‌ سنووره‌كانی كوردستان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تێپه‌ڕاندووه‌ و رێبازه‌كانی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئه‌ورووپا، ئافریقا، ئامریكای لاتین و شوێنه‌كانی دیكه‌ی جیهان گه‌شه‌ و په‌ره‌ی سه‌ندووه‌. ئه‌گه‌ر ۲۲ ساڵ پێش هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی رێبه‌ر ئاپۆ و راگواستنی بۆ ئیمرالی، هه‌ستانه‌ سه‌ر پێ و سه‌رهه‌ڵدانی سێی ره‌شه‌مه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران هاته‌ ئاراوه‌، ئێستاكه‌ ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌ له‌ ژێر سێبه‌ری به‌رخۆدانی رێبه‌ری و هێزی گه‌ریلای فیدایی و هه‌ڵمه‌تی سه‌رسووڕهێنه‌ری ژنان، هه‌موو جیهانی هێناوه‌ته‌ له‌رزه‌. به‌تایبه‌ت رێكخراو و كه‌سایه‌تی رۆشنبیر و فه‌یله‌سۆفه‌كان له‌ وڵاتانی بریتانیا، ئیتالیا، غه‌نا و چه‌ندین شوێنی دیكه‌ی‌ جیهان، به‌ ئاشكرا و به‌ ده‌ستپێشخه‌ری بویرانه‌ی خۆیان به‌شداری كه‌مپه‌ینی «ئازادی بۆ رێبه‌ری ئاپۆ» بوونه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رهه‌ڵدانی سێی ره‌شه‌مه‌ی ۱۳۷۷ هێنده‌ی كوردستانی بوونی، ئێرانی بوو و تاران و ته‌ورێزی كرده‌ ناوه‌ندی راپه‌ڕینه‌كان، جێگای هیوا و خۆشحاڵییه‌كی یه‌كجار زۆره‌. ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌ كه‌ به‌ فیداكاری شه‌هیدانێكی پایه‌به‌رز وه‌ك «شه‌رمین، یوسف گه‌نجی زاده، بێهزاد ره‌حیمی، سیروان كه‌ریمی، محه‌مەد كه‌نعانی و ئه‌شره‌ف زه‌ندی» و ده‌یان شه‌هیدی دیكه‌ وه‌ك دیارده‌یه‌كی گه‌لی، بووه‌ هۆی سه‌رسوڕمان و كۆڵه‌كه‌كانی زوڵم و ره‌چه‌كوژی ده‌وڵه‌تی ئێرانی له‌رزاند، بێگومان یه‌كه‌مین سه‌رهه‌ڵدانی بێ وێنه‌ بوو كه‌ لێكه‌وته‌ی ده‌ره‌كی و ناوچه‌یی هه‌بوو. یه‌ك حه‌وتوو سه‌رهه‌ڵدانی سێی ره‌شه‌مه‌، له‌ راستیدا به‌شداری له‌ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و رۆژانه‌ی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌ورووپا و به‌شه‌كانی دیكه‌ی جیهان بوو. به‌شداری له‌ سه‌رهه‌ڵدان له‌دژی گه‌له‌كۆمه‌، بوو به‌ نێونه‌ته‌وه‌یی. ئێستاكه‌ سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی ۲۲ ساڵ، ئه‌و هه‌مووه‌ ده‌ستكه‌وته‌ مه‌زنه‌ شۆڕشگێڕیانه‌ وه‌ده‌ست هاتوون و پرسی كورد و ئازادی رێبه‌ر ئاپۆ جیهانی بووه‌. له‌ شه‌ڕ و تێكۆشانه‌كانی هێزی فیدایی گه‌ریلا له‌ زاگرۆس_ تورسه‌وه‌ بگره هه‌تا به‌رخۆدانی جیهانی كۆبانی و به‌رهه‌مدایینی شكۆفه‌كانی هزرخوازی له‌ ئه‌ندێشه‌ی ئازادیخوازانی جیهان، زنجیره‌یه‌كی نه‌پچڕاوی له‌ تێكۆشانی ناوه‌نده‌كانی ئازادی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌ورووپا، ئافریقا و ئه‌مریكای لاتینی له‌خۆ گرتووه‌ و نێوی رێبه‌ر ئاپۆی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌كانی ئازادی و دیمۆكراسی یەكسان كردووه‌. هه‌موو كه‌س به‌ چاوی خۆیان ده‌بینن كه‌ چۆن كه‌مپه‌ینه‌كان، ده‌ستپێشخه‌رییه‌ جۆراوجۆره‌كان و كۆنفرانسه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌چه‌شنی زه‌نجیره‌ ئاكسیۆنگه‌لێكی یه‌كگرتوو، له‌ كه‌سایه‌تی رێبه‌ر ئاپۆ، ئازادیخوازان، تێكۆشه‌ران و بیرمه‌ندانی گه‌وره‌ی جیهانی یه‌ك خستووه‌ و كردوونی به‌ هاوده‌رد و هاوزوان. ئه‌م ململانێ جیهانیه‌ له‌ ژێر سێبه‌ری رێبه‌ر ئاپۆ له‌ حه‌قیقه‌تدا ململانێ له‌ دژی مودێڕنیته‌ی سه‌رمایه‌داریه‌ كه‌ گه‌له‌كه‌مان چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كردووه‌ به‌ كۆیله‌ و دیلی زنجیره‌كانی ژه‌نگ گرتووی نابه‌رابه‌ری، شه‌ڕ و كوشتن.

چه‌نده‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ ناوه‌ندی كوردستان، بووه‌ته چه‌قی قه‌یرانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری شه‌ڕی جیهانی سێهه‌م كه‌ ئێستاكه‌ له‌ ئارادایه‌، هێنده‌ش به‌رخۆدانی رێبه‌ر ئاپۆ له‌ زیندان و سیسته‌می ئیمرالی زیاتر ده‌گاته‌ لووتكه‌ و هاوته‌ریب له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ره‌هه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌خۆوه‌ ده‌گرێت. گه‌له‌كۆمه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ۱۵ ی شوبات له‌ بنه‌ڕه‌تدا گه‌له‌كۆمه‌ له‌ دژی نه‌هێشتنی هێمای ئازادی، واته‌ رێبه‌ر ئاپۆ بوو، به‌ ئامانجی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی جیهانی سێهه‌م، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌و گه‌له‌كۆمه‌یان رێكخست، ئێستاكه‌ بۆ خۆیان له‌ نێو زه‌لكاوی ئه‌و شه‌ڕه‌دا گیركه‌وتوون. كۆتایی هاتنی ئه‌م شه‌ڕه‌ كه‌ وڵاتانێك وه‌ك عێراق، سووریه‌، لیبی، یه‌مه‌ن و كوردستانی كردووه‌ به‌ وێرانه‌، كاتێك دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ گه‌له‌كۆمه‌ كۆتایی پێبێت. هه‌نووكه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌ قۆناخێكی دیكه‌دا دڵی ئێرانی كردۆته‌ ئامانج و له‌م وڵاتانه‌دا به‌ هه‌ڵكه‌وت نیه‌ كه‌ پرسی كورد بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین پرس. هژمۆنی جیهانی گه‌له‌كۆمه‌چی، دوێنی رێبه‌ر ئاپۆ، واته‌ معمار و دارێژه‌ری گه‌وره‌ی ئاشتی و دیمۆكراسی وه‌ك ئاسته‌نگ له‌به‌رامبه‌ر هاتنه‌ئارای شه‌ڕ و داگیركاری له‌ عێراق، سووریه، ئێران و توركیه‌ ده‌دیت، هه‌ر بۆیه‌ گه‌له‌كۆمه‌ی رێكخست، كه‌واته‌ له‌رۆژی ئه‌وڕۆدا شه‌ڕ له‌ دژی ئێران، قۆناخێك له‌ هه‌مان شه‌ڕه‌. تاقه‌ رێگای قوتاربوونی ئێران، دیمۆكراسی له‌ سه‌ربنه‌مای پارادایمی دیمۆكراتیكی رێبه‌ر ئاپۆ و به ئه‌ساس گرتنی هه‌موو گه‌لانه‌‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌،‌ شه‌ڕ و مۆته‌كه هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌بێت و رێگای هه‌ڵاتنی له‌مه‌ش بوونی نیه‌.

نه هژمونی جیهانی توانای پێشگرتن له‌ به‌جیهانی بوونی زیاتری پرسی كورد و رێبه‌ر ئاپۆی هه‌یه‌ و نه‌ ئێران توانای سه‌ركوتی ئازادیخوازانی گه‌له‌كه‌مان و گه‌لانی دیكه‌ی هه‌یه‌. گه‌وره‌ترین هونه‌ر، ئاشتییه‌، به‌ڵام ئایا ئێستاكه‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هونه‌رمه‌ند و معمارێكی ئاشتی هه‌یه كه‌ هێنده‌ی رێبه‌ر ئاپۆ فیداكاری كردبێت و ژیانیش له‌ رێگایدا به‌خشی بێت؟! گه‌لانی ئێران و ئازادیخوازان ئه‌و وڵاته‌ به‌ هۆی هه‌بووونی پرسی كورد وه‌ك گه‌وره‌ترین پرسی سیاسی، له‌گه‌ڵ بابه‌تی ئازادی گه‌لی كورد روبه‌ڕوو بوونه‌ته‌وه‌. كه‌واته‌ ئه‌ركی هه‌مووانه‌ كه‌ له‌ دیاركردنی ئه‌م چاره‌نووسه‌ سیاسیه‌ كه‌ هاوكات دیاركردنی چاره‌نووسی خۆیان و داهاتووی ئازاد و دیمۆكراتیكه‌، له‌ پێناو پێكهێنانی ئه‌ركه‌ سیاسی_ ئه‌خلاقیه‌كانی خۆیان به‌ پشتبه‌ستن به‌ چه‌مكه‌ بێگرد و پاكه‌كانی دیمۆكراسی هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ.

وه‌ك «پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) وێڕای شه‌رمه‌زاركردنی گه‌له‌كۆمه‌ی قیزه‌ونی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ دژی رێبه‌ر ئاپۆ و گه‌لی كورد، هه‌روه‌ها ده‌ڕبڕینی پاڵ پشتیی لێنه‌بڕاوانه‌ له‌ كه‌مپه‌ینه‌كانی كوردستانی و نێونه‌ته‌وه‌یی، بانگ له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان، ژنان و گه‌نجان، كرێكارانی ره‌نجده‌ر و رۆشنبیرانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ رێگای ئازادی خۆیان و كۆمه‌ڵگا به‌شداری پێنگاوی نێونه‌ته‌وه‌یی «تێكشكاندنی گۆشه‌گیری و ئازادی رێبه‌ر ئاپۆ» بن و به‌ هاتنه‌ گۆڕه‌پانه‌كان بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی رۆژی ره‌شی ۱۵ ی شوبات، رێگای شه‌ڕ بگۆڕن به‌ رێگای ئازادی و دیمۆكراسی به ئامانجی پێكهێنان و ئاوابووونی نه‌ته‌وه‌ی دیمۆكراتیك. پێویسته‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌ورووپا و باشووری كوردستان هه‌تا سێی ره‌شه‌مه‌، ساڵه‌وه‌گه‌ڕی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌ل، ئاكسیۆنگه‌لی شۆڕشگێڕانه‌ و رۆژانه‌ بگه‌یێننه‌ لووتكه‌ و به‌ هاتنه‌ گۆڕه‌پانه‌كانی ئازایه‌تی، بوێری و رێوشوێن گرتنه‌به‌ر، له‌ ئازادی و دیمۆكراسی بێبه‌ش نه‌بن. سه‌ره‌ڕۆیی و سیسته‌مه‌كانی ره‌چه‌كوژی له‌ ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌ت ئێران و توركیه‌ زیاتر له‌ رابردوو لاواز و بێ هێزن و به‌ هۆی به‌رخۆدانه‌كانه‌وه‌، گه‌لی كورد و گه‌لانی چه‌وساوه‌ و زوڵم لێكرای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر له‌ هه‌ركات نزیكی ئازادی و سه‌ربه‌ستی بوونه‌ته‌وه‌.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاك

١١/٢/٢٠٢١

‌   ‌  ‌  ‌‌