ئامەد شاهۆ

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی سێزدەهەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی دا، لەکەش و هەوایەکی نادیمۆکراتیک، تەم و مژاوی و نالەباری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی بەڕێوە بچێت. هەر لەئێستاوە، تەنووری هەڵبژاردن گەش کراوە و هەر باڵ و لایەنێک بە پێ بەرژەوەندی و مەرامی خۆی، دەیەوێت پارووی پر بە دڵی خۆی لەو تەنوورە گەرمە بدات. لەلایەکەوە باڵەکانی سەر بە بناژۆخوازەکان، رێفۆرمخواز و میانەڕەوەکان، هەر یەکەو بە نۆبەی خۆی لەتەپڵی هەڵبژاردن دەخەن و دەیانەوێت سەرنجی جەماوەر بۆ لای خۆیان رابکێشن. بەس کارنامەی خولەکانی پێشووی ئەو پۆستە، چەندێک هیوای لەلای گەل هێشتوەتەوە کە گوێ بۆ دەنگی تەپڵەکان شل بکەن و بە دەنگدانیان ئاگری ئەو تەنوورە بگەشێننەوە؟ داخۆ جیاوازیەکی ئەم هەڵبژاردنە لە ١٢ خولی هەڵبژاردنەکانی تری سەرۆک کۆماری، لەچیدا دەبێ؟ ئایا دەوڵەتی داهاتووی رژێم دەبێتە دەوڵەتێکی پیاوانە، یان خۆد دەوڵەتێکی خەڵکی و دیمۆکراتیکە کە ئیرادەی ژن تێیدا سەروەر بێت؟

لەم هەڵبژاردنە جارێکی تر کۆمەڵێک پرسیار جێگای باسن کە پێویستی بە وروژاندن هەیە کە بۆچی سەرجەم باڵەکانی ناوخۆی ئێران خۆیان لەقەرەی ئەم پرسە نادەن؟ بۆچی ژنان لەئێران مافی بوون بە سەرۆک کۆماریان نییە؟ ئایا ژنان شایانی سەرۆک کۆماری نیین؟ ئایا یاساکانی رژێم ژنانیان لەسەرۆک کۆماری قەدەخە کردووە؟ ئایا لەم هەڵبژاردنەدا رێگا بە ژنان دەدرێت کە خۆیان بۆ ئەو پۆستە بپاڵێون؟ داخۆ جارێکی تر لەلایەن شوورای نیگەهبانەوە رەددی سەلاحیەت دەکرێن؟ ژنان بۆ بەشداربوونیان لەم خولەی هەڵبژاردن، چەندێک ئامادەن و دەسەڵات گڵۆپی کرانەوەی تا چ رادەیەک بۆ ئەم پرسە هەڵکردووە؟ داخۆ گەل بە خرۆشەوە دەنگ بە پالێوراوی دیمۆکراتیک و بوێری ژن دەدات؟

ئەزموونی ١٢ خولی رابردووی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، هەڵگری ئەو پەیامەیە کە ئەو پۆستە لەسەر ناوی پیاوان تاپۆ کراوە و بە تێپەڕبوونی ٤١ ساڵ لەدەسەڵاتی رژێم، چارەنووسی بوونە سەرۆک کۆماری ژن، هێشتا ناڕوون و شاراوەیە. دەسەڵات ئەو فێڵەی بە ماددەی ١١٥ لە یاسای بنەڕەتی رژێم بەو شێوەیە داتاشیوە کە سەرۆک کۆماری دەبێ لەنێوان رەجالی مەزهەبی و سیاسی هەڵبژێردرێت. لەکاتێکدا لە زهنیەتی رژێمدا، رەجال دەستەواژەیەکی پیاوانەیە و لەلایەن شورای نیگەهبانەوە لێکدانەوەی بە مەیلی خۆ لەسەر دەکەن کە تا ئێستا لە قازانجی زهنیەتی پیاوسالارانە شکاوەتەوە و ژنان لەبەربژێری سەرۆک کۆماری بێ بەری کراون.

لەسەرەتای هەڵکردنی ئاگری هەڵبژاردنی خولی ١٣ی سەرۆک کۆماری، وتەبێژی شورای نیگەهبانی رژێم وتەیەکی درکاند کە شایەد سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران ژن بێت! واتا هەم ژنان و هەمیش پیاوان دەتوانن ببنە سەرۆک کۆمار. داخۆ ئەمە قسەیەکی راست و جددییە، یان درووشمێکی تری بریقەداری کاربەردەستانی رژێمە؟ یانێ رژێم لەناو ئامادەکارییەکی بەو جۆرەدایە کە داخۆ سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران ژن بێ؟! ئایا ئەوە شیمانەیەکە یان خۆد بەرنامە و ئیستراتیژی نوێی رژێمە؟! ئەگەر هەم ژن و هەم پیاو دەتوانن ببنە سەرۆک کۆمار، بەس لە ١٢ خولی رابردووی هەڵبژاردندا، ژنان لەکوێی ئەم هەڵبژاردنە لاسەنگەدا جێیان گرتووە؟ ئەگەر رژێم جددی و راستگۆیە، بۆچی ئەو وتە بریقەدارانە بە یاسایی ناکەن و لەو پێناوەدا هەنگاوی کرداری هەڵناگرن؟ کاربەدەستانی رژێم بە وتەی وەک؛ قەدەغەکاری یاسایی لەسەر بوونی ژنان بۆ سەرۆک کۆماری لەئارادا نییە، بەڵکوو کێشەی نەگەهێشتنی ژنان بەو پۆستە بە کێشەی کولتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگاوە دەبەستنەوە. واتا لێرەدا ئەو پرسیارە لەخۆ ناکەن کە گوایا کێ ئەو کولتوورەی لەناو گەلدا سەروەر کردووە و جارێکی تر تۆپی تاوانەکان هەڵدەدەنە مەیدانی گەلەوە.

وتەبێژی ناوەندێک کە ئیرادەی ژنی تێدا لەگۆڕ نراوە، لەسەرەتای ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن، تۆپی یارییەکە دەخاتە زەمینی ژنان و کۆمەڵگا. لەکاتێکدا ئەو شورایە تا ئێستاکەش شایانی پالێوراوبوونی ژنی بۆ سەرۆک کۆمار بە گونجاو نەبینیوە و هەمیشە رەددی سەلاحیەت کراوە. نهێنی درکاندنی ئەو قسانەی عەباس عەلی کەدخودایی چییە؟ ئایا رژێم بۆ سەرکەوتنی لە خولی ١٣ی سەرۆک کۆماریدا، دەیەوێت ژنان بکاتە نەردیوانی سەرکەوتنی خۆی و تاکە کارتی مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات بە کار دێنێت؟

ئەو درووشمانە تەنیا لەپێناو گەرم کردنی بازاڕی هەڵبژاردنە. لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگی گەل و بەرزکردنەوەی بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنی ساڵی ١٤٠٠ ەوە. چون دوا ئەزموونی هەڵبژاردنی خولی یازدەهەمی پەرلەمان لەبەرچاوە کە لەمێژووی هەڵبژاردنی رژێم، کەمترین رێژەی بەشداربوونی خەڵکی تۆمار کرد. ئەوەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەڵبژاردنی خولی سێزدەهەمی سەرۆک کۆماری کە لەمێژووی ئەو هەڵبژاردنەدا، کەمترین رێژەی بەشداربوونی خەڵک بە خۆیەوە ببینێت و دەوڵەت یەکجارەکی رەوایەتی خۆی لەناو گەل و کۆمەڵگا و رای گشتی جیهان، لە دەست بدات. رژێم بۆ رێگری لەو ئەگەرە، لەهەوڵدایە سەرجەم خاڵە هەستیار و مۆرە بە کارنەهاتووەکانی هەڵبژاردن بجووڵێنێت و بەو بانگەشە و درووشمانە گەل پەلکێشی سەر سندووقی دەنگدان بکات.

ئەگەر رژێم دان بە تاوانی ٤١ ساڵەی خۆی لەبەرامبەر ژنان دەنێ و لە کردەوەکانی پەشیمانە و بە نیازی گۆڕانکاری بنچینەییە، لەقۆناخی یەکەمدا پێویستە لێکدانەوەی راست و دروست لە دەستەواژەی رەجالی سیاسی بکا و دیوە شاراوە و ناڕوونیەکانی ئەو ماددەیە بۆ ژنان و رای گشتی بخەنە بەر باس و گفتگۆ. بە سەرەڕاست کردنەوەی ئەو ماددەیە، دیواری پیاوسالاری لەبەردەم لێهاتوویی و کارامەیی دادپەروەرانەی ژنان هەڵبوەشێنن، تا دەرفەت بۆ هاوێشتنی هەنگاوی دووهەم خۆش ببێت. واتا ژنان بتوانن بۆ سەرۆک کۆماری و رێبەری خۆ بپاڵێون و شایانی (سەلاحیەت) بەشدار بوونیان لەهەڵبژاردن گەرەنتی بکرێت و بەربەست و لەمپەڕەکانی بەردەمیان وەلاوە بنرێت. زامن کردنی ئەو مافەی ژنان بە رێگای یاساوە، ژنان دەگەیەنێتە قۆناخی سێی هەڵبژاردن کە قۆناخی ناسین و بانگەشە کردنی هەڵبژاردنە. لەم قۆناخەشدا پێویستە بە شێوەیەکی دادپەروەر و یەکسان، ژنان کەڵک لە ئاموورەکانی بانگەشە وەربگرن و کۆتایی بە بانگەشەی یەک لایەنەی پیاوسالاری بهێنرێت و هەڵبژاردنێکی دوو لایەنە بەڕێوە ببرێت کە ژن و پیاو لەناو کێبڕکێ یەکی دیمۆکراتیک و ئازاد، پۆستی سەرۆک کۆماری دەستەبەر بکەن. جێ بە جێ کردنی ئەو مافە سرووشتی و خاڵە بنەڕەتیانە لەلایەن رژێمەوە ژنان لەگەهێشتن بە فیناڵی هەڵبژاردن بێ بەری ناکات و گەلیش لەبەشداری هەڵبژاردنێکی دیمۆکراتیک دووری ناگرن. ئەمەش دەکرێ وەک روانگەو ویستی ژنان و کۆمەڵگا سەیری بکرێ و تاکە بژاردە لەپێناو دیمۆکراتیزە کردنی ئێران لەقەڵەم بدرێت.

ئەگەر رێکارە دیمۆکراتیەکان لەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری رەچاو بگیردرێت، ئەوا دوا قۆناخی هەڵبژاردن کە سەرکەوتنی پالێوراوی هەڵبژاردنە، پیاوانە نابێ. چون دوا قۆناخی هەڵبژاردن بریتیە لەدەستەبەر کردنی دەنگ و رێژەی بەشداری گەل و بە تایبەت ژنان. واتا گەل دەنگ بە پالێوراوی خۆی کە ژنە دەدات، بەڵام بژاردەیەک بە سەر گەلدا دەسەپێنرێت کە بە پێی ویست و داخوازی گەل نییە و ئەوەش روونە کە ٤١ ساڵە بژاردەیەکی پیاوانە بە سەر کۆمەڵگا کە نیوەی ژنە دەسەپێنرێت و لەم خولەشدا مەیل بۆ هێنانە سەر کەسایەتییەکی سەربازی سەر بە سوپای پاسداران، سەرجەم وتە بریقەدارەکانی کاربەدەستانی رژێم، بەنج و بێ نرخ دەکات و مەیلی بەشداری ژنان و گەلانی؛ ئازەری، کورد، بەلووچ، عەرەب و پێکهاتەکانی تری ئێران بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ناهێڵێ.

لێرەدا ئەو ناکۆکیە لەزهنی تاک و یاسای رژێم، بەرجەستە دەبێ کە بۆچی لەچوونە سەر سندووقی دەنگدان لەنێوان ژن و پیاو هیچ جیاوازییەک لەئارادا نییە، بەڵام جیاوازی لەهەڵبژاردن و پالێوراوی تا ئەو ئاستە قووڵ و ناڕەوایە؟ رژێم ٤١ ساڵە ژنانی وەک نەردیوانی گەهێشتن بە کورسی دەسەڵات بە کارهێناوە و لەسەرجەم مافەکانیان بێ بەری کراون. رژێم سیاسەتێکی وای داڕشتووە کە ژنانی لەپێناو قازانجی دەسەڵاتی خۆی وەگەڕ خستووە. واتا ژنان بە بەشداری ناچالاک یان، لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆی بەکاریان دەهێنێت. رژێم دەیەوێت بە بەشداری ناچالاکی ژنان (بەشداری  لەهەڵبژاردن و دەنگدان)، بەخرۆشەوە پەلکێشی سەر سندووقی دەنگدانیان بکات. بەڵام بۆ بەشداری چالاکی ژنان (پالێوراوی و هەڵبژێردراو بوون) بەشداربوونیان کەمڕەنگ و لەبار دەبات. پشت پەردەی ئەو پیلانەش ئەمڕۆ بۆ ژنان ئاشکرا بووە و ژنان رێگا بەوە نادەن کە ببنە ئامێری گەرم و گوڕ کردنی بازاڕی هەڵبژاردن.

رژێم جارێکی تر بۆ ئەوەی لەمپەر لەبەردەم بەشداربوونی ژنان لەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری درووست بکات، لەپێداچوونەوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن هەندێک خاڵیان وەک؛  کەسێک کە ببێتە پالێوراوی سەرۆک کۆماری، پێویستە ٨ ساڵ پێشینەی لە بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاری شارە گەورەکان و پۆستە کلیدیەکانی رژێم، جێگری قوای سێ گانە، سکرتێری کۆنسەی ئاسایشی، شارەوانی شارە گەورەکان کە دانیشتوانی زیاتر لەسێ میلیۆن کەس بێ و پارێزگار بووبێ و تەمەنی لانی کەم ٤٥ ساڵ کەمتر و لە ٧٠ ساڵیش زیاتر نەبێ، دەستنیشان کردووە. ئەو شەرت و مەرجانەش راستەوخۆ بەشی زۆرینەی کۆمەڵگا و بە تایبەت ژنانی لێهاتوو و شارەزایان بۆ بەشداری لەپۆستی سەرۆک کۆماری بێ بەش کردووە. ئەم بابەتە دەبێتە هۆی دابەزینی زۆربەی تاکەکان و بە تایبەت ژنان لەشەمەندەفڕی پالێوراوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری.

رژێم ئیدی دەبێ لەوە باش تێبگات؛ هەڵبژاردنێک لەلایەن گەلەوە پێشوازی لێ دەکرێ کە هەڵبژاردنێکی یەکدەست نەبێ و کولتووری کێبڕکێی دیمۆکراتیکی تێدا سەروەر بێ، بژاردەیەک کە تا ئێستا رژێم لەتاقی کردنەوەی تۆقاوە، واتا دەرگا بۆ بەشداری کارای ژنان ئاوەڵا بکا و ژنان بەشێوەیەکی دیمۆکراتیک لەکێبڕکێی هەڵبژاردن بەشداری بکەن. خوڵقاندنی کەشوهەوایەک کە گەل هیوابەخش بن کە سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران، کێشەی ژنان، گەلان و بە تایبەت کێشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان چارەسەر دەکات. چون ژنان هەرە دوایی ئەزموونی دوو خولی کۆتایی سەرۆک کۆماری رۆحانی یان هەیە کە لەسەرەتاکانی هەڵبژاردن، شانۆنامەی بەشداری ژنان وروژێندرا و دوا بە دوای هەڵبژاردن، ژنان لەبەڕێوەبەری وڵات پەراوێز خران و خراوتر لەوەش قۆناخی ٨ ساڵەی دەسەڵاتی رۆحانی، ژیانی بۆ ژنان بەرتەسک کرد و بە دەوڵەتی ژنکوژ ناوی دەرکرد.

هاوکات سەرجەم باڵەکانی ناوخۆی ئێران دەبێ لەسەر ئەم بابەتە کۆک بن کە بەشداری کارای ژنان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری، گەرەنتی مانەوەیانە. باڵی بناژۆخوازەکان هەرچەند بڕوا و متمانەیان بە بەشداری ژنان لەپۆستی سەرۆک کۆماری نییە و ئامادەکاری بۆ رێکەوتن لەسەر کەسایەتییەکی سەربازی دەکەن و لەپەراوێزیشەوە دەنگۆی بەربژێری ژنێک بۆ گەهێشتن بە ئامانجەکانیان بڵاو دەکەنەوە. پێویستە سەرجەم ژنان و رێکخراوەکانی سەر بەو باڵە توندڕەوانە و سەرجەم ژنان و کەس و لایەنە ئازادیخوازەکان، بەڕەنگاری ئەو کۆنسێپتە نوێیە ببنەوە کە لەداهاتوودا ئازادیەکانیان سنووردارتر و مەترسی سەرکوت کردنیان زیاتر دەکات.

هەروەها باڵی میانەڕەو و رێفۆرمخوازەکان و سەرجەم پارت و رێکخراوەکانی ناو ئەو دوو باڵە، کراوەتر و جیاوازتر لەباڵی بناژۆخواز بیربکەنەوە. چون ئەم دوو باڵە بە تەواوی متمانەیان لەناو گەل لەدەستداوە و بە هاتنەسەر دەسەڵاتی بناژۆخوازەکان، فاتیحای ئەم دوو باڵە دەخوێنرێت و دەرفەتی کار و خەباتیان بە یەکجارەکی لەبار دەبردرێت. بۆیە رێکەوتن لەسەر بژاردەیەکی تاقی کراو و مۆرەیەکی سووتاو تەنیا خزمەت بە سووڕانەوەی ئاشی دەسەڵات دەکات. لەبەر ئەوەی تاکە بژاردەی مانەوەیان لەبەر تەوژمی دەسەڵات و گەڕانەوەی متمانەی جەماوەر، بە رێکەوتن لەسەر پالێوراوێکی بە هێز و توانای ژنەوە پەیوەستە، کە ئەو دەرفەتە زێڕینە بۆ گەلانی ئێران رەخساوە نابێ بە خەسار بچێت.

هاوشانی ئەوانەش ئەگەر شورای نیگەهبان بە زووترین کات لێکدانەوەی خۆی لەسەر رەجالی سیاسی بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکات کە ئایا ژنان دەتوانن ببنە پالێوراوی سەرۆک کۆماری یان نا؟ ئەگەر بۆ بەشداری ژنان کۆسپ و تەگەرەیەک لەئارادایە، بە روونی نەخرێتە بەر باس و بە فەرمی بۆ رای گشتی پشت راست نەکرێتەوە و پالێوراوبوونی ژن لەپۆستی سەرۆک کۆماری بە یاسایی نەکرێت، ئەوا پرسی هەڵبژاردن لەلای گەل و ژنان لەتاق دەنرێ و هیوای گەل بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنی نمایشی کە تێدا سەرۆک کۆماری بە بێ رەچاو گرتنی ئیرادەی گەل دەست نیشان کراوە، هەرەس دەهێنێ و بە خوڵقاندنی ئەو دۆخەش توندڕەوی باڵ بە سەر ئێران دەگرێت و دەبێتە مەترسیدارترین قۆناخی دەسەڵاتداری رژێم کە سەرجەم هیوا و خۆنچە دەمکراوەکانی وڵاتی تێدا لەگۆڕ دەنرێت و فازێکی نوێ تێکۆشانی گەل دژ بە دەسەڵات دەستپێدەکات.