دوای رووخانی یه‌کێتی سوڤیه‌ت و کۆتایی شەڕی سارد له ده‌سپێکی ده‌یه‌ی ٩٠ی سه‌ده‌ی رابردوودا، هاوکێشە سیاسی، ئابووری و سەربازی و …هتد، لە نێوان بلۆکی سۆڤیه‌ت و رۆژئاوادا تێکچوو. هه‌ر بەوجۆرە که چاوه‌ڕوان دەکرا، هاوشێوەی قوناخەکانی رابردوو، زلهێزە دەسەڵاتخوازەکان، دابەشکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لایەنی بەرامبەر کە دۆڕاو بوو، دەستپێکرد. دیزاینی سەرلەنوێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و هه‌رێمه‌کانی ژێر کاریگه‌ری ئه‌وان خرایه پلانه‌وه.
سیسته‌می ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه، که له سه‌ده‌ی رابردوودا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی زلهێزەکانی دنیای له‌م ده‌ڤه‌ره به باشی ده‌سته‌به‌ر کردبوو، پێویست بوو بە پێی بارودۆخ و هاوکێشەی سه‌رده‌می ئیستا، نوێ بکرێته‌وه. دابه‌شکردن و دیزاینی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ببووه پێویستییه‌کی سه‌رده‌م و هه‌نووکه‌یی.
به‌ڵام کۆسپی سه‌ره‌کی سه‌ررێی ئەم پلانه له هه‌رێمه‌که‌دا، ته‌ڤگه‌ری ئاپۆیی و سه‌رۆک ئاپۆ بوو، که به هه‌ڵسه‌نگاندنێکی بناغه‌یی و بابه‌تیانه‌ی دۆخی ڕابردوو و سه‌رده‌م و به داڕشتن و فۆرمووله کردنی ژێرخانی ئایدیۆلۆژی و فه‌لسه‌فی پێویست، که‌سایه‌تی داگیرکراو و ڕووخاوی کوردی سه‌رله‌نوێ ئاماده و بە پێی پێداویستییه‌کانی سه‌رده‌م و بۆ ئه‌رکی مه‌زنی دێمۆکراسی و ئازادی نیشتمان ئاماده و به ڕێکخستن کردبوو.
هه‌ربۆیه‌ش له پێواژۆیەکی دوور و درێژ و به کۆمپلۆیێکی به‌رفراوان و هه‌مه‌لایه‌نانه و ناجوامێرانه‌دا، به به‌دیلگرتنی سه‌رۆک و بەند کردنی لە دورگەی ئیمڕالی، به خه‌یاڵی خۆیان گه‌لی کوردیان بێ هیوا و ئیراده‌یان تێکشکاندووه و لاوازیان کردووه، به‌ڵام وه‌ک دیتمان ئیمڕالی بوو به کانگای به‌رخۆدان و گه‌له‌كه‌مان یه‌كگرتووتر و ئاماده‌تر له هه‌موو کاتێک دیکە، پلان و پیلانه‌کانی دوژمنان و نه‌یارانیان یه‌ک له دوای یه‌ک مایه‌پووچ و بێکارگه‌ر کرد. دوای پیلانی ڕه‌شی پازده‌ی شۆباتی ١٩٩٩ی زایینی، گه‌له هوشیار و زیندوه که‌مان ڕۆژانه و بێ‌وچان، چالاکی لە بەردەم دامووده‌زگا نێونه‌ته‌وییەکانیان، شەقام و گۆڕەپانی شارەکانی دنیایان کردۆتە ئامانجی خه‌باتی ماندوویی نه‌ناسانه و سرنجی دونیای ئازادیخواز، لاینگرانی ئاشتی، مافی مرۆڤ و دێمۆکراسیان له چوارگۆشه‌ی دنیا بۆ ئامانجه پیرۆزه‌که‌یان ڕاکێشاوه و دۆژمنان و نه‌یارانیان تووشی سه‌سوڕمان کردووه و هاوکێشەکانیان بە قازانجی دۆزی رەوای گەلی کورد گۆڕیوە.
له ئێستادا و لە پێواژۆی شه‌ڕی جیهانی سێهەم کە لە رۆژهه‌ڵاتی ناوین له ئارادایه، پێویسته گه‌له خۆباوه‌ڕ و تێکۆشه‌ره‌که‌مان مه‌ودای خه‌باته‌که‌ی هه‌مه‌لایه‌نانه‌تر و چڕ‌وپڕ بکاته‌وه و له‌و دەرفەتە که به ئیراده‌ی که‌موێنه‌ی خۆی خۆلقاندوویه‌تی، سوود وه‌ربگرێت و هه‌موو هێز و توانای خۆی بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندی ئامانجه پیرۆزه‌کان و هەروەها بۆ ئازادی سه‌رۆک، زۆرتر له هه‌مووکات وه‌گه‌ڕ بخات و په‌ره‌ی پێبدات.
لەو پێناوەدا لە رۆژانی یەک هەتا پازدەی شوبات لە دەرەوەی وڵات چالاکی جۆراجۆر بەڕێوە دەچێت. لێرەوە داوا له گه‌له مه‌زنه‌که‌مان بەگشتی و گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بە تایبەت، هاوکات له هه‌موو ژنان، پیاوان و گه‌نجانی دێمۆکرات و ئاشتیخواز، لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که داکۆکیکاری ئازادی، دادپەروەری و که‌رامتی ئینسانن، دەکەین کە بەشداری چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ بکەن و هەروەها لە هەڵمەتی واژۆ کۆ کردنەوە بۆ ئەو مەبەستە، رۆڵی چالاکانە بگێڕن.
رێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)-ئوروپا
٢٠٢١-٠١-٣١