پێنووسی گەریلا

هەر چەن کەم، بەڵام پێناسەگەلێکی جۆراوجۆر لە گەریلا کراوە. لە گشتگیرترین پێناسە دا، گەریلا بە واتای: “شۆڕشی گەلانی ماف دار، لە بەرامبەر زل هێزان و داگیرکەرانە، هەروەها ڕازی سەرکەوتنی خەڵکانی بێ چارە، بڵاوە پێکراو و بن دەس لە شەرێکی دوور لە هاوسەنگیە. بە گوتنێکی کە گەریلا یانی بە کار هێنانی مافی ڕەوای بڕیاردان بۆ ژیانێکی ئازاد کە بن دەستی، کۆیلایەتی و سەردانەواندن ناپەژرێنێ. بە تێڕوانینێکی تر تاقانە ڕێی ڕزگار کردنی شەرەفی نەتەوەیی و کۆمەلایەتی، شەڕی گەریلایه تیە.

هێندێک لە گەلان، وێڕای ئەوەی کە لە بەرامبەر داگیرکەران کۆڵیان نەداوە، بەڵام هێزی بەرگری و شەڕ کردنیان وەگەڕ نەخستوە و ئەو داگیرکەریەیان وەکوو چارەنووسێک پەسەند کردووە. بەڵام کەم نین ئەو گەلانەی کە بە پشت بەستن بە مافداری و ڕەوا بوونی ویستەکانیان، داگیرکەران و خوێن مژانیان لە نیشتمانی خۆیان وەدەر خستوە و چارەنووسیان خستوەتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.  ئەوەیش ئەو گەلانەن کە نە دەوڵەت و نە ئەڕتەشیان هەبووە و کەسێکیش پشتگیری لە مافەکانیانی نەکردوە، بەڵام مافدار بوون. بۆ شەڕ کردن و سەرکەوتن لەو شەڕەدا لە هێزی بیرکردنەوە، ئیرادە و مرۆف بوونی خۆیان کەڵکیان وەرگرتوە. لەو ڕوانگەیەوە گەریلا لە سەر فەلسەفەیەکی پشت بەستوو بە گەلەکەی و لە سەر خۆڵەمێشی ئەو گەلە سووتاوە لە نوێ وە خۆ خوڵقاند و هەستانەوەیە. خەیاڵ کردنی شەڕی مێروولە لەگەل فیل چۆنە، شەڕی گەریلایش لەگەل ئەڕتەشی داگیرکەرەان هەر بەو چەشنەیە.

بە درێژایی میژووی گەلان، لەو هەل و مەرجانەی کە گەلان گوێڕایەڵی دەسەڵات نابن و بڕیاری بەرەنگار بوونەوەیان داوە، بە پاراستنی ڕەوا یان بەرگری گەوهەری پێناسە کراوە. بژاردەی بەرخۆدان و بەرەنگار بوونەوە و خۆ ڕادەست نەکردن لە بەردەم دایە، بەڵام ئایا ئاکامەکەی چ دەبێ؟ سەرکەوتن یان بن کەوتن؟ ئەگەر چی بەرەنگار بوونەوە ڕەوایە، بەڵام ئەگەر لە شێواز و ڕێبازی بەجێ و هونەری شەڕ بێبەری بێت، ئاکامەکەی بە ئاراستەی بن کەوتن دەڕوات و وێڕای ڕەوا بوون و شەرافەتی ئەو بەرەنگار بوونە، ئاکامێکی لێ ناکەوێتەوە و گریمانەی مەترسی کۆمەڵکۆژی و قڕ کردن بەسەر ئەو گەلەدا هەیە، بۆ گەلێکی کۆڵ نەدەر، وێڕای مافداری، پێویست بە ڕێ و ڕێبازی سەرکەوتن هەیە. لێرەیە کە گەریلا تایبەتمەندی(فاکتۆر) سەرکەوتن و تێکنەچوون لەگەڵ مافداری و شەڕی ڕەوا دێنێتە لای یەک و ئەوەیە ڕازی بەردەوام کردن، گەورە بوون و سەرکەوتنی گەریلا.

ڕێبەر ئاپۆ لە بەرگری نامەی کۆمەڵناسی ئازادی دا بە ئاماژە بەو خاڵە گرینگە کۆمەڵایەتیە، دەڵێ : ” بە درێژایی تەمەنی تەواوی کۆمەڵگای سروشتی و مێژووی نووسراو، کۆمەڵگاکان بە شێوازی جیاوازدا لە بەرامبەر پەرەسەندنی ئەڕتەش سالاری شارستانییەتی دەسەڵاتداری، بەردەوام خۆیان پاراستوە، ئەو نەریتە بە پاراستنی ڕەوا ناودەبرێت، لە نێوان پەرەسەندنی هەزاران ساڵەی کۆمەڵگادا بە شێوەی بەرخۆدان، ڕاپەڕین، گەریلا و سوپاکانی ڕزگاری نیشتمانی بە ڕێکخستن کراوە و شەڕی گەورەی بەرگری بەرێوە بردراوە. هەڵبەتە پێویستە هەرگیز شەڕەکانی بەرگری و شەڕەکانی داگیرکاری و دەسەڵاتخوازی وەک یەک نەبینین. جیازی ماهییەت و ناوەڕۆک لە نێوانیان دا هەیە. یەکێکیان دژە – کۆمەڵگایە(داگیرکەر، ڕزێنەر و لەناوبەرە)، ئەویتر کۆمەڵگاگەراییە(کۆمەڵگا ئاوا دەکات و توانا ئەخلاقی و سیاسیەکانی ئازاد دەکات)، لە سەر بنەمای بە سیستمکردنی پاراستنی ڕەوا، شارستانیەتی دیموکراتیک لە بەرامبەر ئەڕتەش سالاری  شارستانیەتی سەرمایەداری، پاراستن و بەرگریکردن لە کۆمەڵگایە.”.

گەریلا لە خەڵکانی داگیرکراو کە لاواز و بێ ئیرادەن، با ئیرادەترین، با جەسارەت ترین و بیرمەندترین گەل و مرۆڤ ئاوا دەکا. ئەگەر مرۆڤ هەست بە هێزی گەوهەری مرۆڤ بوونی بکا و بزانێ کە هیچ ئامورێکی پێشکەوتوو، توانای بەرەنگار بوونەوەی لەگەڵ هێزی فکری و ئیرادەی مرۆف دا نییە و مەحکوم بە بن کەوتنن، ئەو کاتە کامە ئەڕتەش هێزی ڕاوەستان لە بەرامبەر وەها کەسایەتیەکی هەیە؟ بەم چەشنەیە کە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێ :”خودی مرۆڤ گەورەترین تەکنۆلۆژیایە”. بۆیە لە شەڕدا ئەوەی کە سەرکەوتن مسۆگەر دەکا، ئامور نییە، بەڵکوو مرۆڤە کە گەورەترین و پێشکەوتوترین ئەڕتەشانی دۆنیا کە بە تکنۆلۆژیای سەردەم خەملێندراون، لە ناو دەبا.

بۆ خەڵکانێک کە لە وەها ڕەوشێک دان، گەریلا ڕەوزەنەی هیوا و سەربەرزییە. بەزم و هەیەجانی لە نوێ وە ژیانەوە و خوڵقاندنی ژیانی ئازادە. بۆیە جگە لە بن دەستی و خۆ بە دەستەوە دان، دەکرێ کە ئازادانە بژیت. هەر چەندە بەهای بە دەس هێنانی ژیانی ئازاد هەرزان نییە، بەڵام خودی ئازادی بە دایینی وەها بەهایەک لە پێناوی دا واتادار دەبێ. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لە بارەی ژیانێکی بەو ڕادەیە دوور لە حەقیقەتی ناوەڕۆکی، دەڵێ :” ئەی ژیان یان تۆ ناژیم یان بە ئازادی دەتڕازێنمەوە”. هەروەها شەهیدی گەورەمان کەماڵ پیر لە ژێر دژوارترین ئەشکەنجەی دەوڵەتی فاشیستی تورک دا کە ڕووی لە ئازادی وەرنەدەگێڕا، دەیگوت :”ژیانم بە ڕادەیەک پێخۆشە کە حازرم لە پێناوی دا گیانم فیدا کەم”. بەو جۆرەیە کە  کەسایەتی گەریلا وەکوو چاو نەترس، عەگید و ئەفسانەیی دەبیندرێ.

گەریلا ڕێ و ڕێبازی سەرکەوتنی گەورەترین ڕەگەزی داگیرکراوی مێژوو یانی ژنان و جەوانە. گەریلا؛ هیوایە، ئیرادەیە، شەرەفە، عەگیدیە، گیانی(ڕۆحی) فیدائیە، بەرپرسیاریەتیە، ئاواکەری داهاتوویەکی ئازادە، تۆڵەسێنە، حەساو خوازە لە زاڵمان، چاوەڕێی کەس ناکات و پشت بەستوو بە خۆیە. گەریلا هەڵبەست و ئەفسانەیە. گەریلا خۆشەویستی و عەشقی لە پێناو ڕەنج و خاک دایە. گەریلا بێ تاقەت و بێ سەبرە لە بەرامبەر ناعداڵەتی و ناحەقی. گەریلا سەرهەڵدانە، سەرهەڵدانێکی درێژ خایەن و بەردەوام. گەریلا کۆ کراوەی وزە و هێزی ئیرادەی سوپایەک لە کەسایەتیەک دایە.  گەریلا نەزمێکە ؛پۆڵاینە کە بە شێوازی بێ نەزمی، سیستەمی بەهێزی دەسەلاتداران تێکدەشکێنێت. هەر شوێنێک کە داگیرکەران کردوویانەتە سەحرا، گەریلا لەوێ شکۆفەی ژیان سەوز دەکا.

گەریلا وەسیەتی شێخ سەعید، سەی ڕەزا و قازی محەمەدە. گەریلا زمانی ئەحمەدی خانیە کە  تورک بوون، فارس بوون و عەرەب بوون وەلاوە دەنێ. گەریلا هەڵبەستەکانی مامۆستا هێمنی مکریانی و ناڵییە کە دەڵێن :”لەت لەتم کەن بمکوژن، هێشتا ئەڵێم کوردم ئەمن”. گەریلا کوشتنی چاندی سەرمایەداران و داگیرکەران لە گیان و جەستەی دایە. گەریلا وەرگرتنەوەی هەر شتێکە کە لە دەستی گەلی ئەم نیشتمانە دێرینە بە تاڵانیان بردوە. گەریلا لێپرسینەوە لە خەیانەت و خەیانەت کارانە. گەریلا هەڵبەست و سروودی ئازادی گەلانی ستەم لێکراوە کە پانتایی شمشێری عەداڵەت خوازی ئەو، سەرچاوەی خۆی لە ڕەوا بوونی دایە.

بۆیە گەریلا، هاو ئاوازی سەربەخۆیی و ئازادی گەلانی ستەم لێکراوە…