ئامەد شاهۆ
بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر ئەبێ
قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە
شاعیری مەزنی گەلەکەمان مامۆستا قانیع بەم پارچە شێعرە حەقیقەتێکی درکاندووە کە هەرگیز لەزەینی تاکی کورد ناسڕدرێتەوە. زیندان ئەو جەجاڵەیە کە بە درێژایی مێژووی دەوڵەت و دەسەڵات، بەردراوەتە گیانی کوردان و دەیانەوێت خەون و خەیاڵی ئازادی گەلی کوردی تێدا لەگۆڕ بنێن. بەڵام پارچە شیعرێک ئەمڕۆ لەزەینی لاوانی کورد چەکەرەی کێشاوە کە ئیدی زیندان بۆ تاکێکی کورد نە چاڵی مردن، بەڵکوو هێلانەی بەرخۆدان ژیانە.
پاکێجی چارەسەری و خزمەتگوزاری سەرۆکی دەزگای داد و سەرۆکی پەڕلەمان، لەگەشت و گوزاریان بۆ بەشێک لەناوچە کوردنشینەکان، بە شەپۆلی دەستبەسەری و گرتنی کچە لاو و کوڕە لاوەکانی کوردستان خۆنچەی کرد. داخۆ دەربڕینی وتە بریقەدارەکانی ئەم بەرپرسانە، چۆن لەگەڵ ئەو کۆمەڵکوژیە سپیەی کوردستان یەک دەخوێنێتەوە؟ دیارە ئامانجی سەردان و گەشتەکانیان بۆ ناوچە کوردنشینەکان قۆڵبەست کردن و زامدارکردنی ناخ و هەستی دایکانی کوردستان و داپڵۆساندنی شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەرییە. کوژاندنەوەی گڵۆپی رووناکی و بەختەوەری، لە مێژووی هاوچەرخی کوردستانە. بەرپا کردنی گەردەلوولی زۆڵم و بە تاڵان بردنی سەرمایەی مرۆییە.
کاربەدەستانی رژێم بەو تەکان و جمەی کە لەخۆیان نیشانیان دا، گوایا کێشەی کۆچبەری، هەژاری، بێکاری، گەندەڵی، گرانی، خۆکوژی، گرتن و لەسێدارەدان چارەسەر دەکەن. جیا لەوەی کە هەوڵی چارەسەرییەک بۆ ئەو کێشانە نەبینرا، بەو گرتنانە زامێکی تریان لە سەر کوڵ و ئێشی گەل زیاد کرد و نیازپاکی خۆیان لەبەرامبەر گەلی کورد ئاشکرا کرد و دەبێ رژێم باجی ئەو تاوانانەی بدات.
گرتنی بە کۆمەڵی زیاتر لە ٣٠ی هاوڵاتی کورد کەمتر لە هەفتەیەک، هێمای داڕشتنی پیلانێکی مەترسیداری رژێم لەدژی گەلی کورد دەخاتەڕوو. ئەوەش نیگەرانیەکی جیدی لە رای شەقام و هێز و لایەنە سیاسیەکان درووست کردووە. گوایا رژێم بە نیازە لەکوردستان گۆمی خوێن بەرپا بکات؟ داخۆ دەیەوێت جارێکی تر لەژێر مۆرکی تیرۆر، مەکینەی لەسێدارەدان وەگەڕ بخات؟ لەسەرەتای ساڵی نوێی زایینی رژێم بەو گرتن و قۆڵبەست کردنانە چ پەیامێک بە گەلی کورد دەدات؟ ئایا گەلی کورد واز لەویست و داخوازە رەواکانی خۆێ دێنێت و سیستەمی کۆیلەتی پەسەند دەکات؟ داخۆ بەو گرتنانە واز لەمێژوو، ناسنامە، کولتوور و ژیانی ئازاد دەهێندرێت؟ داخۆ خوێندکارێکی دواناوەندی و زانکۆ دەبێ چ تاوانێکی گەورەیان کردبێت کە رژێم لێیان تۆقاوە و بەو شێوەیە دەستگیر و بۆ شوێنێکی نادیار دەیانگوازێتەوە؟ ئەم پرسیارانە دەیسەلمێنێت کە رژێم لەلێواری هەڵوەشاندنەوە دایە و دەیەوێت بە بەرپا کردنی دۆزەخ لەکوردستان، لەگێژاوی داڕمان خۆی قوتار بکات.
سەرجەم ناوەندەکانی دەسەڵات لەم رۆژانەدا بۆ داپڵۆساندن، سەرکوت و چەوساندنەوەی گەلی کورد کارا کراون و ئەو ناوەندانە هیچ بەزەیی و رەحمێک بە ژن و گەنجی کوردستان ناکەن و بە سووکایەتی و بێ رێزی کردن دەیانترنجێننە کونجی زیندانەوە. ئەم هەڵمەتە رەشبگیریە بێگومان بە دوور لەرەشبگیریەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا نییە کە سیاسەتمەدار، پەڕلەمانتار، رۆژنامەنووس و چالاکانی مەدەنی دەستگیر دەکات. واتا کۆنسێپتێکی بەرینی نێونەتەوەیی لەدژی گەلی کورد بەڕێوە دەبرێت کە ئێران بەو کردەوانە بەشداری کارای خۆی دژ بە کوردان ئاشکرا کرد و ئەوەش دۆخی رژێم نالەبارتر دەکات. واتا ئەو کۆنسێپتە گەل ناچاری بژاردەی بەرخۆدانێکی گشتگیر و سەرتاسەری لەکوردستان و ئێران لەدژی تاکڕەویی و یەکدەستی رژێم دەکات.
ئەو شەپۆلە گرتنانە لەلای کوردان بە واتای کۆمەڵکوژی سپی و دامرکاندنی ئیرادەی ئازادی تاکی کوردە، کە لەلایەن هیچ تاکێکی ئازادیخوازەوە مایەی قەبووڵ کردن نییە و دەبێ رژێم وڵامدەری تاوانەکانی بێت. رژێم کەش و هەوایەکی وای لەئێران خوڵقاندووە کە گوایا کوردان ئاسایش و ئارامی وڵات تێکدەدەن! بەو شێوەیە دەیەوێت فاشیزم لەدژی کوردان گەش بکات و رەوایەتی بە گرتن، راودوونان و لەسێدارەدانی کوردان بدات. ئەوەش ئامادەکاری سیناریۆیەکی نوێ بۆ داگیرکردنی کوردستان و بە سەربازگەکردنی شار و لادێکانی کوردستانە، کە ئەرک و بەرپرسیاری تاکی کورد قورستر و زیاتر دەکات.
رژێم بەو دەستبەسەری و گرتنانە، دەیەوێت گەندەڵیەکانی کاربەدەستانی رژێم و کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان دەسەڵات و شکست و قەیرانەکانی پەردەپۆش بکات و بە رۆژەڤ کردنی بابەتێکی نوێ، گەل لەرۆژەڤە بنەڕەتیەکان بە لاڕێدا ببات.
ئەو رەشبەگیرییە فازێکی تری شەڕی تایبەتی رژێم لەدژی گەل و کۆمەڵگایە. لەپێناو تۆقاندن و هەراسان کردنی کۆمەڵگا رێکخراوە. رژێم بۆ ئەوەی گەل و کۆمەڵگا بە چۆکدا بێنێت، پێشەنگەکانی گەل بە بارمتە دەگرێ. بە زۆرەملێ گەل ناچاری ئەوە دەکەن کە ویست و داخوازیەکانی رژێم پەسەند بکەن. لەئێستاوە دەیانەوێت گەل چاوترسێن بکەن و گەلی کورد دەستەمۆی خۆ بکەن. بەڵام قوڕ بە سەر ئەو رژێمەی کە ئەمڕۆ هیوای بە بەندیخانەیە و سەرجەم هیواکانی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە جێگری فەرماندەی هێزە ئەمنیەکانی رژێم لەسەرەتای ئەم رەشبگیریەدا فیتوای شکاندنی دەست و پێی کەسانی ناڕازی ناوخۆێ ئێرانی دەرکرد و ئەو گرتنانە بە دوور لەو هەڵمەتە سەرتاسەرییە نییە و لەیەکەم هەنگاودا ئەو پڕۆژەیە لەسەر گەلی کورد تاقی دەکرێتەوە. رژێم بە گرتن، لێدان و لەسێدارەدانی هاوڵاتیان، ژیانی ئارام لە گەل و کۆمەڵگا حەرام دەکات. لە لایەکی تریشەوە لەژێر ناوی پڕۆژەی بەڕەنگاربوونەوە لەگەڵ کەسانی ناڕەزای کۆمەڵگا، تەنگ بە گەل هەڵدەچنێ و ژیانی خەڵک تاڵ و پڕ لە کوڵ و ئێش دەکات.
ئەو هەڵمەتە رەشبگیرییە، کردەوەیەکی تیرۆریستی و مافیایی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەدژی گەلی کوردە. کاربەدەستانی رژێم بۆ ئەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەری دابمرکێنن، رفاندنی خوێندکاران و چالاکانی مەدەنییان، کردوەتە پیشەی هەمیشەیی یان. ئەوەش رێبازێکی شەڕی تایبەتی رژێم لەدژی گەل و کۆمەڵگایە. چەندێک رێژەی رفاندنەکان زیاد بکەن، ئەوەندە ترس و دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵگا درووست دەبێ، بەوەش دەرفەت بۆ پلیشاندنی ئیرادە و بیروباوەڕی گەل فەراهەم دەکەن. بەڵام ئەو رەشبگیریە ئاستی لاوازی و فەشەلی رژێم دەخاتەڕوو. رژێم بەو هەڵمەتە دەیەوێت خۆی بە هێز نیشان بدات و بە زۆرەملێ هەژمۆنی بەسەر گەل بسەپێنێت و رێکخستن بوونی گەلی کورد تێکبدات و بەرەبەیانی ئازادی لەکوردستان لێڵ و تاریک بکات.
مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئازادی هەرگیز قۆڵبەست ناکرێت و گرتن و کوشتن دەنگی ئازاد کپ ناکات. بەڵکوو هەر گرتن و لەسێدارەدانێک تووڕەیی و نیفرەتی گەل دژ بە دەسەڵات بەهێزتر دەکا و یەکڕیزی و یەکێتی نێوماڵی کورد و گەلانی ئێران خۆشتر و چەخماخەی شۆڕش گەشاوەتر دەکات.
بۆ ئەوەی کۆنسێپتی پاکتاوکاری گەلی کورد پووچەڵ بکرێ، هەر تاکێکی کورد بە دەربڕینی ناڕەزایەتی دیمۆکراتیک و چالاکی مەدەنیانە، پێویستە دژ بەو کردەوانە بوەستنەوە و بە کۆدەنگی خاوەندارێتی لەخونچە دەمکراوەکانی نیشتمان بکەن و نابێ سەنگەری تێکۆشانیان چۆڵ بکرێ و مەیدان بۆ مۆرەکانی رژێم ئاوەڵا ببێ. بەڵکوو پێویستە سەربەرزانە ئاڵای خەبات و تێکۆشانیان بە شەکاوەیی بدرەوشێتەوە و رێگا و فەلسەفەی ژیانیان بەردەوام بێت و بە شەپۆلی خۆڕاگری و تێکۆشان، زنجیری داگیرکەری لەکوردستان بپسێنرێت. هەروەها پێویستی قۆناخەکە ئەوە دەخوازێت کە سەرجەم هێز و لایەنە ئازادیخوازەکانی عەرەب، بەلووچ، ئازەری و فارس لەپێناو چەسپاندنی دیمۆکراسی و ئاشتەوایی، هاوشانی گەلی کورد بەڕەنگاری ئەو رژێم ببنەوە و بۆ دوایی هێنان بە شەپۆلی گرتن، ئازادکردنی گیراوان و لەسێدارەدان پەرە بە چالاکی مەدەنیانە و خەباتی هاوبەش بدەن.