پێنووسی گەریلا

ئێمە ئەو مۆمە رووناکەین کە بە تارمایی هزر و دڵی ئێوە رووناکی دەبەخشین. خۆنچەی دەمکراوەی بەرەبەیانی ئازادی نیشتمانین، کە لەپشت چیا سەربەرزەکانی وڵاتمان هەڵدێین. ئێمە گەریلاین و ناخی شاراوەی ئێوەین. ئێوەش گەریلا و رۆحی شاراوەی نیشتمانن. هەر دووکمان گەریلاین و رۆحێکی ناو دوو جەستەین. حەقیقەتێکین کە ناسڕینەوە و مایەی سەربەرزی و شانازی نیشتمان و مرۆڤایەتین.

سەکۆی خەبات و ژیانمان ئامێزی چیاکانە. چیا خوێندەوارخانەی ئەخلاق، هەڤاڵیەتی و چۆن بژینە. مەڵبەند و ژوانگەی ئەویندارانی ئازادییە. کانگەی کولتووری خۆڕاگرییە. ئاوێنەی جوانیەکانی هەستی خۆشویستن و ئەوینداری ئێوەیە. خوێندەوارخانەی گەلی ئازارچێشتوو و زۆڵم لێکراوە. مەڵبەندی پێشکەوتن و ژیانەوەو هەستانەوەیە.

من گەریلام، ئیرادە و بڕوای پۆڵاینی ئێوەم. گەڕانەوەی کولتووری هەزاران ساڵەی بە تاڵان براوم. بنج و بناوانی دێرینم هەیە، ئیرە لانکەی ژیار و مرۆڤایەتییە. بۆیە من ئەو هێزە خۆشەویستەی لای ئێوەم. بەردەوام لەناو گۆڕانکاری و نوێبوونەوەدام. بۆ گەهێشتن بە ئازادی بێ پسانەوە لەناو مەشق پێکردن و تێکۆشان دام.

بە چەکی سەرشانمان، پێنووسی دەستەکانمان و ژیانی لێوانلێو لەخۆشەویستیمان، کولتووری زەوت کراو و بە تاڵان براومان دەڕازێنینەوە. من لێرەم و لەناو ریزی هەڵۆبەرزەفڕەکانی نیشتمانی بێ ناسنامە کراودام، واتا هەبوونم مسۆگەرە و خاوەن دەنگ و رەنگی ژیانەوەم، کە دیواری نکۆڵی کردن لەسەر نیشتمان دەروخێنین. ئاڵاهەڵگری چاند و ئەخلاقی سەردەمیانەین. بۆیە نەبەز، خۆڕاگر و کۆڵنەدەرین. ناوەندی داهێنان، چارەسەری و گەشەپێدانی وڵاتین.

بە فڕینمان بۆ ناو مەڵبەندی هەڵۆبەرزەفڕەکان، لەناو پۆلەکانی شەڕڤانی نوێ دەنیشینەوە. بە تیشکی رووناک کەرەوەی هەتاوی ئازادی، فێری یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن دەبین. جل و بەرگی چەسپاوی سەرجەستەمان، فڕێ دەدەین و بە بەرگی هیوا و سەرکەوتن خۆمان دەڕازێنینەوە. فێری رۆژباش گەریلا دەبین. ناوێک لەسەکۆی ناودارانی نیشتمان بە هزرمان دەبەخشین و بە ناوی هەڤاڵ شکۆداری دەکەین. ئێمە دەبینە گەریلا و هەڤاڵ. دوو ناوێک کە وزەبەخش و ئۆمێدی ئێوەیە.

 لەدوورگەی دەسەڵاتەوە بەرەو دوورگەی ئازادی باڵمان گرتەوە. کۆت و بەندی کولتووری دەسەڵاتدارانمان لەکەسایەتمان دا پچڕاند. بە هۆی کانگەی چاند و کولتووری رەسەنی نیشتمان، سەر لەنوێ لەدایک دەبینەوە. بە رێک و پێکی ژیانمان، سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین. لەخوێندەوارخانەی ئاپۆگەری گۆڕینی کەسایەتیمان، دەست پێ دەکەین. سەرەتا هەوڵی خۆناسین دەدەین، ئێمە کێین، لەکوێوە هاتووین و بەرەو کوێ دەڕۆین؟. فێر دەبین: چۆن بژین ، چی بکەین و لەکوێوە دەست پێ بکەین؟.

ژیانی گەریلا، ژیانێکە لێوانلێوە لەراستی کۆمەڵگا. ئاوێنەی رابردوو، ئێستا و داهاتوومانە. ژیانێکە کە تێهەڵکێشی حەقیقەتە. بە کولتووری پێکەوە ژیان کردن، بیردۆزی لیبڕالیسم کە رەزیلترین شێوەی ژیانی کۆیلەتیە ، تێکدەدرێت و لەگۆڕ دەنرێت.. لەناو دەریای حەقیقەتدا ئاوژەنی دەکەین. بە کولتووری هەڤاڵێتی روانگەی ژیانمان رووناک دەکەین. ژیانێک بونیاد دەنێن کە لێوانلێوە لەخۆشەویستی، فیداکاری، ئازایەتی و کۆمیناڵیسم.

لەخوێندەوارخانەی ئازادیدا، بیر و هزرمان، بە تیشکی هەتاوی ئازادی رووناک دەکەین. مێشک و هزری خاپوور کراومان، بە فەلسەفەی ئازادی بونیاد دەکەینەوە. لەجیهانی تاریکی بەرەو جیهانی رووناکی هەنگاو هەڵدەگرین. جەستەی بێ رۆح کراومان بە ئەلف و بێی ئازادی ئاو دەدەین. زمانی کپ کراومان بە زمانی شۆڕشگێڕی دەکەینەوە. لەدەریای حەقیقەتدا بە کولتووری ئاپۆگەری، گلۆپی شۆڕش دادەگرسێنین. هزرمان بە مێژوو، فەلسەفە و کۆمەڵناسی ئازادی دادەگرین.

هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەهێز دەکەین. کەسایەتمان بە کولتووری شۆڕشگێڕی دادەشۆرین. چۆن ئێرە کانگەی کولتوورە و ئێمە خاوەن کولتووری دە هەزار ساڵەین، بۆیە خۆڕاگر و نەبەزین. بەردەوام تینووی خەبات و خزمەتین. بە کولتووری بەرپرسیاری گەوهەری، باڵا دەکەین. چاو لەدەست و گوێڕایەڵی کەس نین. پشتمان بە هێز و ئێرادەی نەبەزانەی گەلەکەمان، بەستووە. سەرجەم ژیانمان بە مەشق پێکردن و پەروەردە تێدەپەڕێت. کات لەلامان زێڕە و بۆ گەهێشتن بە ئازادی ساتێک لەژیانمان بە فێڕۆ نادەین. لێرە فێری خۆشویستنی مرۆڤەکان و زێدمان دەبین. فێر دەبین تۆڵەی مێژووییمان لەداگیرکەران بکەینەوە. فێری هونەری سیاسەت کردن و جەنگاوەری رێگای ئازادی دەبین.

ئێمە خاوەن رووباری کولتوورین. واتا خاوەن هێزی بەرگرین. بە چەکی شەرف، خاک و نیشتمانمان لە دیکتاتۆرانی زەمانە، دەپارێزین. چەکی ئێمە دەستەبەری ئازادیمانە. کۆمەڵگایەکی بێ چەک، کۆمەڵگایەکی بێ پاراستنە. کۆمەڵگایەکی بێ کولتوورە. کۆمەڵگایەکی بێ ئیرادە، خەسێندراو و داگیرکراوە. بۆیە ئەو تاکە ئازادەین، کە زنجیری کۆیلەتیمان پساندووە و چۆپی ئازادی دەشەکێنینەوە.

بە قوڵبوونەوە لە کولتووری ئازادی و دیمۆکراسی دا، پەردە لەسەر چەمکەکانی شارستانیەتی سەرمایەداری دادەماڵین. بە یەکێتی فکر، گووتە و کردە، رەوتێکی نوێی ژیان دەخوڵقێنین. بۆیە، گەریلا ئەو حەقیقەتەیە کە کۆڵەباری پێشەنگی لەکۆڵ ناوە.

ئێمە گەریلای رژێمی حەقیقەتین. بۆ هەڵۆبەرزەفڕەکانی نیشتمان، گۆڕەپانی پەروەردە و گۆڕینی کەسایەتمان، مەیدانی شەڕی حەقیقەتە. ئەو مەیدانەیە کە چەواشەکاریەکانی شارستانیەتی دەسەڵاتداری، وەلاوە دەنرێ. لەناو گێژاو و زەلکاوی سەرمایەداریدا، گەریلا بە کولتووری ئاپۆگەری، مێشک و پێشەنگی کۆمەڵگایە کە لەرێگای دەمارە ریشاڵیەکانەوە لەناو جەستەی کۆمەڵگا، بڵاو دەبێتەوە و کۆمەڵگا لە دژی بن دەستی رێک دەخا. بۆیە گەریلا حەقیقەتی ئازادییە. ئەمڕۆ، گەریلا ئەو حەقیقەتەیە کە رێکخراوە و بووە بە کردە و چالاکی و بە کولتووری ئاپۆیی، ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیک دادەمەزرێنێ.