لە ١١هەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی شەهید فەسیح یاسەمەنی و هاوکات ١٠هەمین ساڵڕۆژی لەسێدارە دانی شەهید حسێن خزری ناسراو بە (هێمن بێکەس) و ١٣هەمین ساڵڕۆژی شەهادەتی هەورام ژیان، سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی وەبیر دێنینەوە و بەڵێنی درێژەپێدان و پتەوکردنی تێکوشانیان تا بە دیهێنانی ئامانجەکانیان کە بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و دادپەروەرە دووپات دەکەینەوە.

شەهید هێمن بێکەس وەک گەنجێکی پێشەنگی تەڤگەرمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەهەموو قۆناخەکانی تێکۆشان بێ پسانەوە لەدژی رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان تێکۆشا. تەنانەت بەشداربوونی بۆ ناو ریزەکانی گەریلا، دوابەدوای گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی لەدژی رێبەر ئاپۆ پێکهات و لەمێژووی بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلەکەمان لەنەوەی تۆڵەسەندنەوەی ٣ی رەشەممەی ١٣٧٧ جێدەگرێت و تا دوا ساتی ژیانی بە گوڕ و تینەوە لەدژی زوڵم و زۆری و داگیرکەری رژێمی ئێران تێکۆشا و بۆ پووچ کردنەوەی ئەو گەلەکۆمەیە و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەشداری ناو ریزەکانی گەریلا بووە. ئەو بژاردەی، پیرۆزترین هەڵوێست لەدژی نەیارانی کوردستانە کە تا دوا ساتی ژیانی بەو هەستەوە بەڕەنگاری داگیرکەران بووەتەوە.

شەهید هێمن لەسەردەمی گەنجێتی دا بەشداری ناو ریزەکانی تێکۆشان بوو و لەدامەزراندن و گەشەدانی یەکێتی جوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان – YCR، کەجەرە و پژاک شوێنپەنجەی خەباتی بەرچاوە و بە رۆحی گەنجی ئاپۆییەوە، لەرۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی سەرشانی راپەڕاند. بەردەوام شەیدای کار و خەبات و لەبەرەی پێشەوەی تێکۆشان بووە و لەمەودای خەباتیدا بێ دوودڵی ئەرکی شۆڕشگێڕی بەجێهێناوە.

کاتێک هەڤاڵی پێشەنگی پارتیمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان سەرقاڵی راپەڕاندنی کاری شۆڕش بووە، لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سوپاوە دەستگیر دەکرێت و دوابەدوای ئەشکەنجەیەکی فراوان، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنن. بەڵام ئەو سزا نامرۆڤانەیە جارێکی تر هەڤاڵی خۆڕاگر و پێشەنگمان لەخەبات پاشگەز ناکات و بە پێچەوانەوە زیاتر پێداگری لەسەر بەرخۆدان و تێکۆشان دەکات. بە بیرهێنانەوەی دوا وتارەکانی هەڤاڵ هێمن رێگای تێکۆشانمان بۆ درەوشاوەتر دەکاتەوە کە وتوویەتی:” گرینگ ئەوەیە کە لەسێدارەدانی من، دەسکەوتێکی بۆ گەل و نیشتمان هەبێ، بۆیە  نەتەنیا جارێک، بەڵکوو ئامادەم هەزار جار، گیانی خۆم لە پێناو ئەم رێگا بە نرخ و پیرۆزەدا، بەخت بکەم”.

هاوکات بە هاتنی ساڵڕۆژی شەهادەتی هەڤاڵ فەسیح یاسەمەنی کە باوکی دوو منداڵ بووە، یادی بەرز رادەگرین و بەشداری لەقۆناخە سەرەتاکانی پژاک، زۆر بە نرخ و بە واتا وەسف دەکەین. شەهید فەسیح نموونەی وڵاتپارێزێکی شۆڕشگێڕە کە وانەی مەزنی لێ فێربووین و مایەی شانازی گەلەکەمانە. شەهید فەسیح هەر چەند کە باوکی دوو منداڵ بووە، بێ دوودڵی خاوەندارێتی لەخاک و نیشتمان کردووە و بە رۆحێکی فیداییانە ئەرکی سەرشانی راپەڕاندووە. لەم یادەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گەلی کورد و بەتایبەت بنەماڵەی شۆڕشگێڕمان دادەنێن و بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی لەپێناو کوردستانێکی ئازاد و دیمۆکراتیک تێکۆشانمان بەهێزتر دەکەین. تایبەت وتە زێڕینەکانی هەڤاڵ فەسیح ئەمڕۆ فەرمانێکە بۆ گەریلا و گەل کە وتوویەتی:”هەڤاڵان ئەم دونیایە ساتێکە، کەواتە لەو ساتەدا تا لە توانامان دایە، بۆ گەلەکەمان کارێک بکەین، هاوکات هەموو گەلەکەمان دەبێ لە فەلسەفەی گیانبازی و بەرخۆدێری شەهیدانمان تێبگەن و خاوەنداری لە خوێن و رێبازیان بکەن”.

لەلایەکی تریشەوە لەهەمان رۆژدا، لە ٥ی ژانەویەی ٢٠٠٨ هەڤاڵ فەرزاد قوبادی ناسراو بە هەورام ژیان لەنێوان روانسەر و کامیاران  بە دەستی بە کرێگیراو و چەکدارەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران شەهید کرا، لەساڵڕۆژی شەهید بوونی جارێکی یادی بەرز رادەگرین و کەسایەتی پاک و بێگەرد و بەخرۆشی، هەمیشە جاودان دەهێڵین. تایبەت هەڤاڵ هەورام یەک لەو گەنجە تێکۆشەرانەی خەڵکی کامیاران بووە کە هەستی شۆڕشگێڕی لەناخیدا بە تین بوو و ئەوەندە تینووی خزمەت کردن بە گەل و نیشتمان بووە، کە بۆ ئاشنا کردنی گەلەکەمان بە هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ ساتێک بێ دوودڵی ژیانی نەکردووە و بە عەشقی ئازادییەوە لەدژی رژێمی خوێنمژی ئێران تێکۆشا. بۆیە رۆچنی خەباتی هەمیشە لەو ناوچانە درەوشاوە دەمێنێ و یادی  هەمیشە هاندەری تێکۆشانمانە.

لەکۆتاییدا داوا لەگەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت گەنجان دەکەین کە بۆ خاوەندارێتی لەرێچکەی شەهیدان، ئاستی تێکۆشانیان بەهێزتر بکەن و بە بەشدار بوونیان بۆ ناو ریزەکانی گەریلا درێژە بە رێبازی شەهیدانی نیشتمان بدەن و لەپووچەڵ کردنەوەی سیاسەتی لەسێدارەدان و سەرکوتی گەلان، ئەرکی پێشەنگایەتی بە ئەستۆ بگرن.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک

٥\١\٢٠٢١