پێنووسی گەریلا

لەشەقامی تاریک کراوی وڵاتم، رێ دەپێوم. پۆتینە چەقێنراوەکانی سەر خاکی نیشتمانم، عۆقرەی لە گەنج و ژنە مافخوراو و ئازارچێشتوەکانی کوردستان سەندووە. پەنا بۆ هەر بۆریەکی هەناسەکێشان دەبەم، بە کرمە خۆخۆرەکانی وڵات پرتووکێندراون و دەرفەتی هەناسەکێشانیان لە باخی پڕ پیت و بەرەکەتی نیشتمان ریشەکێش کردووە. وڵاتی ئازاد و فرەڕەنگیان بە بۆیاخی دەسەڵات خەمڵاندووەو جیا لەقەفەسی کۆیلەتی، قوژبنێکی ژیانمان پێ رەوا نابینن. تاکە جێگایەک کە رۆچنی ئازادی و هیوای خۆرەتاوی تێدا دەگەشێتەوە و پۆتینی داگیرکەری تێدا نەچەقێندراوە، شاخە سەربەرزەکانی کوردستانە.

لەلادێ و شارەوە روو لەمەڵبەندی هەڵۆبەرزەفڕەکان دەکەم. چیا دەکەمە مەڵبەند و فێرگەی ژیان و بونیادنانەوەی کەسایەتم. ئەلف و بێ ژیانەوەو تێکۆشان لەناو گاشەبەردەکانی نیشتمان، بە عارەقەی جەستەم دەنووسمەوە. خەیاڵی منداڵانەم لەناو پۆلی تێکۆشەرانی نیشتمانم زیندوو دەکەمەوە. بۆ بەردەوامی بە ژیان لەناو گەرماو سەرمای شاخەکانی وڵاتم، دەست و پەنجە نەرم دەکەم. بۆ خۆپارێزی لەچەقەڵ و دێوەزمەکانی زەمانە، چەکی شەرف و پاراستن لەشان دەنێم. بۆ هەڵدانەوەی حەقیقەتی مێژووی تاڵان کراوم، خەشابی مێشکم، پڕ لەفیشەکی ئازادی دەکەم و بۆ رووناک کەرەوە و تواندنەوەی زهنە تاریک کراو و بەستەڵەک کراوەکان، زمانی شۆڕشگێڕی لەزار دەنێم. بۆ تۆقاندنی پاشا رووت و خوداوەندە دەمامکدارەکانی سەردەم، پەنا دەبەمە بەر ئامێزی چیاکانی کوردستان. ئەو چیایە کە تەنیا پاڵپشت و رزگارکەری مێژوو و ناسنامەمە. لانکەی هیوا، باوەڕی و ژیانەوەی مرۆڤایەتییە.

چیا ئاوێنەی حەقیقەتی منە و لەچیادا بەهۆش خۆم دێمەوەو لەگەڵ راستیەکانی خۆ و گەلەکەم ئاشنا دەبم. چیا ئەو دایکەیە کە هەموو پێویستیەکانی خەونی منداڵانەم بۆ دێنێتە دی و بۆ نیشتمانم کەسایەتیەکی پێشەنگ و شۆڕشگێڕ، پێم دەگەیەنێت. لەهێرش و تاڵانی جەلادەکانی سەرمایەداری قوتارم دەکات. ئیرادە و باوەڕی, لەناخمدا لە تاشەبەردەکانی نیشتمان سفت و سۆڵ و قایمتر دەکات. چیا ئەو ئاوێنەیە کە رۆخسارم جوان و خنجیلە، نیشانی ئەویندارانی ئازادی دەدات. دەمکاتە بووکی نیشتمان و بە هزر، رامان، رەوشت و خەیاڵی جوان، بەرەو ئامێزی گەلەکەم رەوانەم دەکات. بۆیە شاخی نیشتمانم بە هەڵۆی بەرزەفڕی ئازادی بە واتا و بە نرخە. واتا لووتکەی ئەخلاق، هەڤاڵێتی، فیداکاری، سەبووری و ئینسانیەت لەکەسایەتی گەریلادا، لە لووتکەی چیا سەرکێشەکانی کوردستان بەرزترە.

من گەریلام و لەکانگەی شاخ بە ساز و چریکەی گەریلایی گۆڤەندی ئازادی دەگێڕم. لەژوانگەی عاشقانی ئازادی، سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی دەچڕین. من ئەو پەیام ئاوەرەی ئازادی و دادپەروەریم، کە چەخماخەی شۆڕش لەدژی زۆڵم و زۆرداری دادەگرسێنم. شاخ ئەو ژوانگەی ئەویندارانی ئازادییە، کە هیلاکی و بێ تاقەتی لەجەستەی مرۆڤ دەردێنێ. چەندێک لەئامێزی شاخ رێ ئازادی دەپێوم، هەستی گەنجێتی و تێکۆشانم زیاتر غونچە دەکات. کاتێک لەناو پۆلی هەڵۆبەرزەفڕەکانی نیشتمانم، بڵێسەی شۆڕش دەگەشێنمەوە، هەستی ئازادی لەناخمدا باڵدەگرێت. کاتێک فیشەکی تۆڵەم لەسەر دێوەزمەکانی سەردەم خاڵی دەکەم، باڵدەگرم. کاتێک لەقامووسی کولتووری گەلەکەم، دەبمە مەکۆی ناودارانی جیهان، گیانم لەپێناو نیشتمان فیدا دەکەم. لەئامێزی چیادا کەسایەتم بە فەلسەفە و رەوشتی ئاپۆیی ئاو دەدەم، بۆیە هیوا و ئۆمێدی گەلێکم. من گەریلام، وەک چیا پشت قایم و خۆڕاگرم. لەگەڵ دەستەواژەی شکست نامۆم. گەریلای نەبەزم. ماندوونەناسم. ئەوینداری جوانیەکانی سرووشتم. شەیدای کەژ و کێو و هۆگری ژینگەم. مامۆستای ژیان و داهێنەری ئازادی و دیمۆکراسیم.

چیا ئەو سەرمایەی نیشتمانمە کە کۆشک و تەلارە نایلۆنیەکانی گەریلا تێدا خەمڵێندراون. مرۆڤە زوڵم لێکراو و مافخوراوەکانی تێدا کۆکراوە. ئەو مەکۆیەیە کە پێشانگای جوانی، لەجیهاندا تێدا بە نمایش دراوە. مەکۆی پێگەیاندنی کوڕ و کچی قارەمانی نیشتمانە. بووەتە ناوەندی بڵاوکردنەوەی هزر، فەلسەفە و رەوشتی ئازادی. رۆژانە رەمزی قارەمانی و ئەفسانەی مێژوویی و داستانی ئازایەتی و بوێری تێدا هەڵدەکۆڵرێت. مەیدانی شەڕی چاکە و خراپەیە. مەیدانی یەکلاکەرەوەی بوون و نەبوونی گەلێکە. مەکۆی ژیانەوەو تێکۆشانە. دەریای لم و زەلکاو، بۆ خوێنمژ و تاڵانکەرەکانی کوردستانە.

چیا و گەریلا دوو رۆحی ناو جەستەی کوردستانن، کە ئەفسانەی خۆڕاگری یان، لەدژی پاشا رووت و خوداوەندە دەمامکدارەکان نووساندووەو ترس و دڵەڕاوکێ یان خستوەتە ناو دڵی دەسەڵاتداران و قازانج ویست و پارەپەرەستەکانی زەمانە. بۆیە دەبابە، فڕۆکە، تۆپ و کاتۆشا ئەو چەکە چەپەڵەی دەست داگیرکەرانە کە رۆژانە جەستەی کوردستانی پێ زامدار دەکەن و بە تەنووری زۆڵم و زۆرداری جانەوەری سەردەم، هاوڵاتی و تێکۆشەرانی کوردستان دەسووتێنن و پەلکەی خاوی سرووشت، لەناو بڵێسەی داگیرکەریدا هەڵدەقرچێنن.

من ئەو گەریلا شکۆدارەم کە بە هەستی پڕ لەخۆشەویستیم بۆ وڵات، پۆتینە چێنراوەکانی سەر جەستەی نیشتمان هەڵدەکەنم. جەستەی داگیرکراوم، بە بەرگی شۆڕشگێڕی هەڵدەوەشێنم و سەر لەنوێ بونیادی دەنێمەوە. شەیدای تۆڵەی مێژوویی لە دێوەزمە خوێنمژ و جەلادەکانی رێگا و سفرەی ژیانی ئازادم.

هەر ساتێکی ژیانم لەئامێزی چیا سەرکێشەکانی کوردستان، هەستی ئازادی و سەربەستی پێ خۆنچە دەکات. بە گەڕان لەو شاخ بۆ ئەو شاخ، لەو دۆڵ بۆ ئەو دۆڵ و لەیاڵ بۆ ئەو یاڵ خەون لەپاشا رووت و خوداوەندە دەمامکدارەکان دەزرێنم و بە خوێنی پاک و بێگەردم، چارەسەری هەتاهەتایی، بە گەل و نیشتمانم دیاری دەکەم.