لە کاتێکدا دەکەوینە ناو ١٢هەمین ساڵڕۆژی شەهید بوونی هەڤاڵمان، شەهید سەنەم ئەریشێن، بە نازناوی رێکخستنی رۆناهی دەنیز کە دوژمنانی گەلی کورد لەهەر لایەکەوە، هێرشێکی گشت لایەنەیان لە بەرامبەر گەل و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد، بەڕێوە دەبەن. بێ شک خۆڕاگری و بەرخۆدانی رۆناهیەکانە کە دوژمنانی داگیرکەری ئەم نیشتمانە، نەیانتوانیوە ئامانجی گڵاوی خۆیان پێک بێنن. جارێکیتر یادەوەری هەڤاڵی شەهیدی قارەمانمان بەرز رادەگرین و بۆ بەدیهێنانی خەون و ئاواتی سەرجەم شەهیدان، سەر لەنوێ بەڵێنی بەردەوام کردنی رێگایان دووپات دەکەینەوە.
شەهید رۆناهی دەنیز لە بەرامبەر شەرمەزار کردنی رامیاری پاشکەوتوویی ئێعدام و زوڵم و زۆری رژێمی داگیرکەری ئێران، چالاکیەکی فەداییانەی پێک هێنا. چالاکی ئەو وەڵامێک بوو بە سیاسەتی سڕینەوە و لە سێدارەدانی شۆڕشگێڕی رێی ئازادی کوردستان، شەهید عەگید بوو. شەهید عەگید(حەسەن حکمەت دەمیر) یەکەم هەڤاڵمان بوو کە لە تاریک خانەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران دا، خۆ بەدەستەوە دانی پەسەند نەکرد و بە ورەیەکی پشت راست و شەڕوانییەوە، سەربەرزانە تەنافی داری بە گیانی کڕییەوە، تاوەکوو بیسەلمێنێ کە ئەو رێژیمە دیکتاتۆڕە، توانای پەژراندن و هەزمی مرۆڤی ئازاد و شۆڕشگێڕانی ئازادیخوازی نییە و بەردەوام پێداگری لەسەر ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیەی دەکات. هەر وەک چۆن دواتریش هەڤاڵانی دیکەشمان(هێمن خزری، فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەم هولی و … هتد) یان لە سیدارە دا. مێژووی دەسەڵاتی تاریک بیری ئێران، لێوانلێوە لە جەنایەت و کۆمەڵکوژی مرۆڤانی ئازادە و شەڕکەرە و بە قڕ کردنی ئەو مرۆڤانە خوازیاری درێژەپێدانی تەمەنیەتی.
شەهید رۆناهی لە بەرامبەر سیاسەتی لەناوبەر و هاشاکەری داگیرکەرانی کوردستان، بەو چالاکیەی خۆی سەلماندی کە لە رەچەڵەکی بریتانەکان و زیلانەکانە و هیچ کات زوڵم، خۆ بەدەستەوەدان و نادادپەروەری ناپەژرێنێ. شەهید رۆناهی خەڵکی وان بوو و هیچ کات سنوورە دەسکردەکانی نەکردە بەربەست کە زایەڵەی رۆحی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی خۆی لە بەشە دابەشکراوەکانی دیکەی کوردستان دا، دەنگدانەوەی نەبێ. شەهید رۆناهی بە بەشداربوونی کارا و راستگۆیانەی لەهەر گۆڕەپانێک دا، بەشداربوونی خۆی دەسەلماند. شەهید رۆناهی، ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆی لە بەرامبەری ئەو کردەوە نامرۆڤانانەی رژێمی ئێران، بە تایبەت لەسێدارە دانی هەڤاڵی هاوخەباتی خۆی، بە وڵامدانەوەیەکی شایستە، لە رووپەلەکانی مێژوودا تۆماری کرد. چونکە لە مەکتەبی ئاپۆیی دا فێر ببوو کە ئەو بزووتنەوەیە، بزووتنەوەی شەهیدانە و بە پێشکەش کردنی هەر شەهیدێک لە رێی ئازادی دا، دەبێ وڵامێکی رووخێنەر بە دوژمنان بدرێتەوە. شۆڕشگێڕانی رێی ئازادی کوردستان بە باوەڕی و ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە هەنگاو هەڵدەنێن. هاوکات شەهید رۆناهیش بێ هیچ دوودڵییەک بۆ تۆڵەسەندن لەو کریارەی دوژمن، چالاکی فەداییانەی خۆی بە ئەنجام گەیاند.
دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کە خوازیارە دەسکەوت و بەهاکانی گەلی کورد لەناو ببا، هێشتایش ماشێنی مەرگی خۆی بە خێراییەکی زۆرەوە لێدەخورێ و چاونەترسانە، رۆڵەی ئەم نیشتمانە دەسپێرێتە جووخەی مەرگەوە. بەڵام ئەو کردەوە وەحشیانە، بە هۆی بەهێز بوونی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانەوە نییە، بەڵکوو سەرچاوەی لە بێ هێزی و بێ چارەیی لە بەرامبەر تێکۆشان و بەرخۆدانی بێ وێنەی گەلی کوردە و تەنیا رێبازێک کە پێی شک دێت و لەبەر دەستی دا ماوە، سەرکوت کردن و زەخت کردنێکە کە بۆ بەرەنگار بوونەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد و تێکۆشەرانی، رابەر دەکا.
هەموو کات، ناو و بیرەوەری شەهید رۆناهی لە مێژووی زێڕینی تەڤگەری ئازادیخوازی کوردستان دا، درەوشاوە دەمێنێتەوە، تاکوو نەوەکانی داهاتووی ئەم نیشتمانە داگیرکراوە، ناو و میلیتانی گەری ئەو بکەنە سەرمەشقێکی راستەقینەی مرۆڤی ئازاد و لە ناو فەرهەنگیان دا، رەنگدانەوەی دەبێ و بۆ ئازاد ژیان کردن، کەسایەتی شەهید رۆناهی، بە نموونە دەگرن. وەکوو حزب و هاوڕێی شەهید رۆناهی، هیچ کات بیرەوەریەکانی شەهید لەبیر ناکەین و لە ئاراستەی بەدەست خستنی ئازادی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیمۆکراتیک، تێکۆشانمان بەرفرەترو بەهێزتردەکەین. دەسپێکردنی هەڵمەتی ” بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ ئێعدام “، وڵامێکی توندە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی سڕینەوە و لەناو بردنی جەوانانی تێکۆشەری کورد، هاوکات پێکهێنانی ئەرکێکە کە لەبەرامبەر تەواوی شەهیدانی کوردستان، کە لە رێی ئازادی مرۆڤایەتی دا تێکۆشانیان کرد و بە فیدا کردنی گیانیان لەو رێیەدا، گێشتنە ئاستی پیرۆزی شەهادەت و نەمری.
جارێکی تر یادی شەهادەتی هەڤاڵمان، شەهید رۆناهی دەنیز، بەرز رادەگرین و لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگا، بە تایبەت؛ ژنان، جەوانان، رووناکبیران و هونەرمەندان خوازیارین کە لە بەرامبەر سیاسەتی دژە ئینسانی ئێعدام، تێکۆشانی دیمۆکراتیانە و مەدەنیانەیان، بەرفرە بکەن و بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیمۆکراتیک، لەسەر بنگەی، پێکەوە ژیانی گەلان، لە بەرامبەر ئەو دیکتاتۆرە کۆنەپەرەستە، سەرهەڵدەن و پەرە بە تێکۆشان بدەن.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
۳۰\۱۲\۲۰۲۰