پێنووسی گەریلا
چریکەی شاخ دەلاقەیەک بۆ ناسین و پەیوەست بوون بە کاروانی گەریلاکانی کوردستان. چریکەی شاخ دەنگ و رەنگی ژیانی ئازاد و نیگار کێشی هەڵۆبەرزەفڕەکانە. تێگەیشتن و ناسینی قەڵغانی پاراستن و بەرخودانی نەبەزانەی مرۆڤایەتییە. ژەنینی نەوای شۆڕشگێڕانە لە شاخە سەربەزەکانی کوردستانە. فەلسەفە و رێبازی نوێی ژیانی کوردی ئازادە.
چریکەی شاخ؛ گۆڤەندگێڕانە، چڕینی مەقام، حەیران، هۆرە و سیاچەمانەی بە کوڵ و ئێشی نیشتمانە کە لەکەسایەتی گەریلادا دەردەکەوێ. لەیەک وشە دا، چریکەی شاخ؛ چریکەی هەڤاڵی گەریلایە. زیندووبوونەوەی هەست، ڕۆحیە، باوەڕی، هیوای ئازادی و گەشانەوەی ناسنامەی کوردی ئازادە. چریکەی فێربوون، پەروەردە، رێکخستن و چالاکییە.
گەریلا هەڵدانەوەی حەقیقەتی شاراوەی کوردستان و پێک هێنانی شۆڕشی ئازادییە. ناوەندی باوەڕی، ئیرادەو هێزی گەلانی چەوساوەیە. پریسکێکە کە لەناو جەرگەی تاریکی داگیرکەراندا بۆ رۆشنکردنەوەی زەین و بیری کۆمەڵگا درەوشاوەتەوە. ئەو گولەبەڕۆژەیە کە هەمیشە رووی لەهەتاوی ئازادییەو بۆ گەیشتن بە ئازادی، قەدپاڵ، تاشەبەردی دژوار، دۆڵ و دەشت و رووبارەکانی کوردستان دەبڕێت بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد و بەختەوەر.
گەریلا هێزی پاراستنی گەل و کۆمەڵگایە. گەریلا، بەهەڵگرتنی چەکی شەرف و ویژدانی شۆڕشگێڕانە، بە شەڕی پارتیزانی و گەریلایی سەردەمیانە، خەون و خەیاڵی لە داگیرکەرانی کوردستان زڕاندووە و بە ئاگری نیفرەت، قرچەی لەسامان و دارایی چاوچنۆک و کورسی پەرەستانی کوردستان بەرداوە. گەریلا ئەو فەریاد ڕەسەیە کە رۆڵە ئازار چێشتوەکانی کوردستانی، لەقوڕگی نەمروودانی سەردەم، دەرهێناوە و بە ڕۆحێکی ئیبراهیمیانە بە شکۆ و بوێری بێ وێنەیان تەنگیان بە داگیرکەران، خائینان و خۆفرۆشانی کوردستان هەڵچنیوە.
گەریلای کوردستان، تیشکی خۆری ئازادییە کە لەبەرەبەیانی مێژووی هاوچەرخی کورد لەباکووری وڵاتەوە هەڵدێت و بە گەرمای تێکۆشانیان، بۆ گەلانی ژێردەست لە سەرتاسەری کوردستان و جیهان، رووباری جۆش و کەیف خۆشی خرۆشاندووە و دەریایەک لەهیوا، خۆشەویستی، قارەمانی و هێزی تۆڵەیان، بە خوێنی گەرم و سووریان گرساندووە. گەریلا، ئاهەنگی رزگاری و یەکگرتنی گەلی کوردە، خۆشی و شایی هەژاران و چەوساوەکانی نیشتمانە کە بە چالاکی نەبەزانەیان ئاڵای ئازادی دەشەکێننەوە. گەریلا ئەو گۆڤەندە شاکارەی کوردستانە کە تا ئەمڕۆ، هزاران بێریتان، عەگید، سمکۆ، بەفرین، ڤیان و تۆڵهەڵدان، سەرچۆپی گۆڤەندی ئازادی و دادپەروەری لە کوردستان و تەواوی جیهان گێڕاندویانە.
گەریلا، بڵێسەیەک لەئاگری ئازادییە کە بە مێلیونان کەسی، شەیدا و خولیای تینی ئازادی و ژیانی پڕ پیت و بەرەکەت کردووە و کۆشک و تەلاری چەند ئەستێرەی فیرعەونەکانی زەمانەی هەڵوەشاندووە و کۆشکی نایلۆنیان کردوەتە حەشارگەی ئازادیخوازانی نیشتمان. گەریلا ئەو هێزە قەناعەتکەرەی ناخی هەژارانە کە بە بچووکترین دەرفەت، گەورەترین شاکاری چیرۆکی و ئەفسانەیی دەنووسێتەوە. ئەو هێزە دڵڕفێنەیە کە ئازادیخوازانی شەیدای خۆی کردووە و بە رۆخساری گەشاوە، زەردەخەنەی لێوان و بە جوانی ژیانیان، مرۆڤەکان پەلکێشی قەڵای خۆڕاگری و تێکۆشان دەکات.
گەریلا رێگای گەیشتن بە حەقیقەتە. دۆزینەوەی کانگای ژیانە. هێزی خاوەندارێتی و درێژەپێدەری رێگا و رێبازی شەهیدانە. گەریلا، کۆڕبەندی گەنجان و ژنانی رەنجدەر و تێکۆشەرە.
گەریلا لەهەر چوار وەرزی ساڵ، لەناو تەنووری سووتێنەری سەرمایەداری و سەلاجەی سەرماو سۆڵەی پاشا دەمامکدارەکانی سەردەم، بە ورە و باوڕی پۆڵایین لە تێکۆشان دان و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەن. گەریلا قەڵغانی پاراستنی گەل لە بەرامبەر غەڵتەکی سەرمایەداری و داگیرکەریە. نەمامی ئازادی لەناو رۆح و هزری کۆمەڵگای چەوساوەیە.
گەریلا بە بەرگی خۆشەویستی هەڤاڵ خەمڵێندراوە و لە زەین و ویژدانی مرۆڤەکان تۆوی خۆشەویستی دەڕوێنێت. گەریلا لە قامووسی ناودارانی کورد بە واتای ئەخلاق و فەرهەنگی شۆڕشگێڕییە. هەڤاڵێتیش رەنگ و دەنگی ژیانی گەریلایە. گەریلا و هەڤاڵ ئەو دوو وشەن کە نرخ و بەها بە یەکدەبەخشن. ئەو فەلسەفە پڕ بایەخەیە کە نەوەی نوێی کوردستان، بە ڕێی ئەوەوە مەشقی پێ دەکرێت و نەمامی ئازادی لێ شین دەبێت. گەریلا و هەڤاڵ دابڕاو لەتاکی کۆمەڵگا نییە. بەڵکوو رۆحێکە کە لەناخی هەر تاکێکدا شاراوەیە.