بە هاتنی ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی کادیری پێشەنگی تەڤگەرەکەمان، حەسەن حیکمەت دەمیر، ناسراو بە (عەگید رۆژهەڵات) یادی بەرز رادەگرین و لەکەسایەتی شەهید عەگید و خۆشمێر رۆژهەڵات، سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بە بیر دێنین.

لە ١٨ی کانوونی دووهەمی ساڵی ٢٠٠٧ی زاینی، رژێمی داگیرکەری ئێران، بە کردەوەی دژە مرۆیی یەکەمین هەڤاڵی پێشەنگ و کۆڵنەدەری تەڤگەری ئاپۆیی لە زیندانی خۆی، لە سێدارە دا. هەڤاڵ عەگید لەتێکۆشانی بێ پسانەوەی تەڤگەری ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەرک و رۆڵی پێشەنگایەتی شۆڕشی ئازادیخوازی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەئەستۆ گرتبوو. بە رۆحی فیدایی و بەرپرسیارانە، لەسەرجەم قۆناخە دژوار و سەختەکانی شۆڕش، ئەرکی سەرشانی راپەڕاند. هاوکات خاوەن کەسایەتییەکی لێبووردە، دڵنزم، دڵسۆز، ئارام و فیدایی بوو، کە بەردەوام لە فکری خزمەت کردن بە خاک، نیشتمان و گەل بوو و بۆ بونیادنانی کوردستانێکی ئازاد و کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ بێ ناوبەر تێکۆشا.

بەرخۆدانی نەبەزانەی هەڤاڵ عەگید لەبەرامبەر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و رۆحی جەلادانی رژێم لە بەندیخانەدا، قۆناخێکی نوێی بەرخۆدان ژیانەی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تۆمار کرد و رەوتێکی خۆڕاگری و تێکۆشانی لە دژی رژێمی داگیرکەری ئێران خوڵقاند. هەوڵ و خەباتی بێ ناوبڕی هەڤاڵ عەگید، لە پووچەڵ کردنەوەی پیلانی داگیرکەری رژێمی ئێران، سەردەمیانە و مێژوویی بوو. بۆیە رژێمی داگیرکەری سێدارەی ئێران، خەبات و تێکۆشانی دیمۆکراتیک و مەدەنیانەی هەڤاڵ عەگیدی، پێ هەرس نەکراو و بە سزای لە سێدارەدان پیلانی قڕکردنی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی زەق کردەوە و تا بە ئەمڕۆش بە سیاسەتی لە سێدارەدان دەیەوێت ئاگری ئازادی دابمرکێنێت.

لەچوارچێوەی هەمان سیاسەتی دژە مرۆیی لەپێناو سیاسەتی پاکتاوکارانەی رژێمی داگیرکەر، تا بە ئەمڕۆ بە دەیان کادیر، ئەندام و لایەنگری پارتەکەمان لە سێدارە دراون. بەس هەر سێدارەدانێک ورەی تێکۆشانی ئیمە و گەلی کوردی پتەوتر و بەهێزتر کردووە و بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی لە سێدارەدان، هەڵمەتی بەڵی بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارەدانمان دەستپێکردووە و تا بن بڕکردنی ئەو سیاسەتە و دیمۆکراتیزە کردنی ئێران و بونیادنانی کوردستانیکی ئازاد، بێ وچان ئاستی تێکۆشانی رەوامان بڵندتر دەکەین. بەم بۆنەیەوە داوا لە سەرجەم گەلانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی ئێران دەکەین کە بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتی لەسێدارەدان و گەشەپێدانی دیمۆکراسی لە ئێران تێکۆشانی هاوبەش، بەهێزتر و فراوانتر بکەن.

هاوکات بە هاتنی ساڵڕۆژی شەهید بوونی ئەندامانی مەجلیسی پارتیمان شەهید خۆشمێر رۆژهەڵات و کادیرانی پێشەنگی تەڤگەرمان، هەڤاڵ دارا رۆژهەڵات و تارا سنە کە درێژەپێدەری هێڵی بەرخۆدان و جەنگاوەری رێگای حەقیقەت و درێژە پێدەری رێگای مەزڵووم و عەگیدەکان و هەزاران فەدایی تری گەلەکەمان بوون، یادیان بەرز رادەگرین و بەڵێنی درێژەپێدانی تێکۆشانیان و پاراستن و خاوەندارێتی لە دەسکەوتەکانیان دووپات دەکەینەوە و بە رۆحی گەنجانەی شەهید خۆشمێر و عەگیدەکان لە دژی داگیرکەری رژێمی ئێران، برەو بە تێکۆشانی نەبەزانەمان دەدەین و تا گەهێشتن بە ئاواتەکانیان بێ وچان لە سەنگەری بەرخۆدان و هێڵی نەمری شەهیدانمان، ئەرک و خەباتی رزگاری خوازانەمان، بە جێ دێنین.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک

١٨-١٢-٢٠٢٠