بەداخ و پەژارەیەکی مەزنەوە هەواڵی کۆچی دوایی کاک قادر حاجی عەلی کەسایەتی دیار و سیاسەتمەداری باشووری کوردستانمان پێگەهێشت کە دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە. بۆ ئەم خەمە ناخۆشە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی خۆشەویستی کاک قادر و گەلی کورد و بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان و هاوسەنگەرانی دەکەین.
لەدەستدانی کاک قادر لەم دۆخە هەستیارەی باشوور، خەسارێکی مەزنە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و دیمۆکراسی و بەدیهێنانی یەکێتی و یەکڕیزی گەلی کورد. ناوبراو سەرجەم تەمەنی لەپێناو ئازادی گەل و نیشتمانەکەی تەرخان کرد و وەک سەرکردەیەکی دیار و بوێر رۆڵی لەتێکۆشانی دیمۆکراتیک و ئازادیخوازی کوردستان هەبووەو نەبەزانە بەڕەنگاری زۆڵم و زۆری و داگیرکەری و دیکتاتۆریەت بووەتەوە.
کاک قادر وەک سەرکردەیەکی تێکۆشەر و بە توانا لەکۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هاوکات ئەندامی دامەزرێنەری گۆڕان و بە دەیان ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاواز، خزمەتی مەزنی بە تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستان کردووە و لەپێناو دەستەبەر کردنی ئازادی و دیمۆکراسی بێ وچان تێکۆشاوە.
هەوڵەکانی کاک قادر بۆ برەودانی ئازادی و دیمۆکراسی لەلای گەلی کورد هەرگیز لەیاد ناکرێت و خاوەندارێتی لەخەون و خەیاڵی ناوبراو کە ئازادی کوردستانە دەکرێت و یادی لەسەکۆی ناودارانی کورد هەمیشە گەشاوەیەو شوێنپەنجەی خەباتی درەوشاوەتر دەبێت.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک
١١\١١\٢٠٢٠