هیوا گوڵمحەممەدی
سوپای پاسدران تەنیا ناوەندێکی سەربازی نییە. لە دوای ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی و لە گەرمەی شەڕی ئێران – عێراقدا فەرەماندەکانی سوپای پاسدران بوونە دوو دەستەوە. دەستەیەکیان لەو باوەڕەدا بوون کە لە شەڕدا سەرکەوتن بەدەست ناهێنن و دەستەیەکیان پێیان وابوو دەبێ درێژە بە شەڕ بدەن هەتا ئەو کاتەی خۆیان یەکلایی دەکەنەوە.
لە راستیدا شەڕی عێراق و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو بە بنەمای پەلهاوێشتنی سوپای پاسداران لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی و ئابووریەوە.
کاتێک شەڕی عێراق کوتایی پێهات، سوپای پاسداران خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ کرد. دەستی دایە سەرکوتی چالاکانی کورد و هەر بەوەشەوە نەوەستا و ژمارەیەک لە کەسایەتی کورد و ئێرانیەکانی لە دەرەوەی وڵات تیرۆر کرد. تیرۆر کردنی ئەو کەسایەتیانە دوو پەیامی پێ بوو؛ یەکەمیان لاواز کردنی جووڵانەی کورد و دووهەمیان بەهێزکردنی لایەنی دیپلۆماسی سوپای پاسداران.
ئەمڕۆکە سوپای پاسداران لەگەل کۆمپانیا ئەمریکی و ئەوروپاییەکان لە کڕین وفرۆشتنی میلیارد دۆلاریدایە. تەنانەت لە لێواری ئاوەکانی کەنداودا چەندین پێگەی هاوبەشی شیرکەتە نەفتیە رۆژئاواییەکان لەگەل سوپای پاسداراندا لە چالاکی دان.
لە نێوان ساڵەکانی ١٣٦٥ تا ١٣٩٥ سوپای پاسداران لە هەموو جومگەکانی حکومەت دا خۆی بە جێکرد، دەیان پرۆژەی ئابووری وەرگرت و لە درووست کردنی دەیان بەنداوی ناپێویستدا میلیاردها دۆلار لە سەروەت و سامانی گەلانی بە خەسار دا.
سوپای پاسداران و ناوەندە سیخوڕیەکەی واتە ئیتلاعات دەوڵەتی شاراوەن لە ئێراندا و هیچکام لە پۆستە ڕواڵەتیە گرینگەکانی ڕژێم وەک سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەڕلەمان و سەرۆکی مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام بە بێ ئەوەی سوپای پاسداران دیاری بکات یان ڕەزامەندی لەسەر نیشان بدات دیاری ناکرێن. سوپای پاسداران ناوەندی خوڵقاندنی قەیرانی هەیە و لەو ناوەندەوە کۆمەڵگا چەواشە دەکرێ و لە کاتی پێویستدا بابەتێک دێننە ئاراوە و ئینجا دەگەنە ئامانجە دیاریکراوەکەیان.
سوپای پاسداران لە هەموو بەشەکانیتری ئێراندا سیاسەتێکی هەیە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەتێکی دیکە. سیاسەتی سوپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە لە بەکارهێنانی توند تیژی، سەرکوتی بێ سنوور، دەستگیری بێ بنەما، پەرەدان بە هەژاری، بێکار کردنی جەوانان، پەراوێزخستنی ژنان و دامەزراندنی بنکەی سەربازی بۆ ترساندنی کۆمەڵگە.
مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوار دەیەی ڕابوردوودا بە سێ قوناغی تایبەتدا تێپەڕیوە. قوناغی یەکەم لە دەیەی شەست واتە لە ١٣٥٩ تا ١٣٧٠ یە. لەو قوناغەدا شەڕی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەرم بوو. ئەو شەڕە چەکداریە ڕێگەی بۆ سوپای پاسداران کردەوە کە دەستی کراوە بێ لە داسەپاندنی سیاسەتی ترس و تۆقاندنی کۆمەڵگەدا.
قوناغی دووهەم لە ساڵی ١٣٧٠ تا ١٣٨٠ لەو قوناغەدا بەرخودانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاوەستا بوو، ڕێخکستنێکی ئەوتۆ لە ناو کۆمەڵگەدا نەبوو، گەنج و لاوی، کچ و کوڕی کورد زیاتر بە خۆێندن مژووڵ بوون و بێ ئەوەی زۆر دیار ببێ چۆن، چاوەڕوانی گوڕانکاری بوون. سوپای پاسداران هەوڵێکی زۆری دا لەو قۆناخەدا بە وەگەڕ خستنی هێندێ پرۆژەی تایبەت کاریگەری لەسەر خەڵک دانێ و هەوڵی گرێدانی جەوانان بەخۆیەوە بدات.
لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتاکان دا رۆژهەڵاتی کوردستان لە لێگەڕیندا بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگای دەرچوون لەو چەقبەستوە سیاسیەی تێکەوتبوو. تەڤگەری ئازادی کوردستان و فکر و ڕامانی ڕێبەر ئوجەلان بە ناو کۆمەڵگە و بەتایبەت ڕووناکبیران و جەوانان دا بڵاو دەبوویەوە و وردە وردە کاریگەری درووست دەکرد.
قۆناغی سێهەم لە دەیەی هەشتاوەیە تا ئیستا. دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک وەک خاڵی وەرچەرخانە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و شۆکێکە لە پەیکەری سوپای پاسداران و هەموو هەوڵ و پیلان و پلانەکانی لە سێ دەیە و نیوی ڕابوردوودا پووچەڵ دەکاتەوە.
دوای دامەزراندنی پژاک ڕەوتێکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناو خۆێندکارانی کورد دا هاتە ئاراوە. سوپای پاسداران هەموو هێزی خۆی وەگەڕ خست کە پێش بە گەشەی پژاک بگرێ و لەو باوەڕەدا بوو کە دەتۆانێ وەک حیزبەکانی دیکە پژاکیش بێدەنگ بکات. بەڵام لە ڕەوتی ڕوداوەکاندا هەموو حیساباتی سوپای پاسداران و ئیتلاعات دروست دەرنەچون.
لەگەل پەرەگرتنی پژاک و دواتر دامەزراندنی چەندین ناوەندی دیموکراتیکی هاوچەرخ و هەروەها هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئەوکاتە و یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئیستەکانێ، سوپای پاسداران کەوتە جووڵەی زیاتر.
هێرشی سەر قەندیل لە ٢٠١١ دا لەسەر ئەو بنەمایە بوو. لەوێدا سوپای پاسداران تێگەیشت کە ئەمجارە وەک جارەکانیتر نییە و ناتوانێ بە ئاسانی بەسەر ئەم تەڤگەرە نوێیەدا زاڵ ببێ.
سوپای پاسداران لە ناوخۆی وڵات کەوتە دەستگیر کردنی ئەندامان و وڵاتپارێزانی پژاک و هەزاران کەسی ڕاپێچی زیندان کرد، زۆربەی ئەو کەسانە رووبەڕووی توندترین شکەنجەکان دەکرانەوە و حوکمی ئێعدامی بەسەر ژمارەیەک لە دەستگیرکراوەکاندا سەپاند و چەندین کەسانی بەپەلە و لە ماوەیەکی کەمدا ئێعدام کرد.
هەموو ئەو کارانەی سوپای پاسداران جۆرێک لە ترسی ئەو ناوەندە سەربازی، سیاسی ئابووریە بوو لە تەڤەگەری نوێی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئێعدامی چالاکانی سیاسی کورد بۆ ترساندنی کۆمەڵگەیە، بەڵام لە ئێعدامی شیرین عەلەمهولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان وفەرزاد کەمانگەر دا تێگەیشتن کە ئەوەش چارەسەر نیە. ئەندامانی پژاک و وڵاتپارێزەکانی لە زینداندا کەلتوری بەرخودانیان پێش خست و ئەوەش سوپای پاسداران و ئیتلاعاتی هەراسان کرد.
دوای زیاتر لە دەیەیەک سوپای پاسداران کەوتوەتە جوڵەیەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ماوەیەکە هێزیکی زۆری هێناوەتە ناوچە سنووری و ستراتیژیەکان و هەر جارە و بە بیانویەک هەوڵی میلیتاریزەکردنی زیاتری ئەو دەڤەرانە ئەدات.
ئەو هەوڵەی سوپای پاسدران لە لایەک ترس و نیگەرانی لە جووڵەی گەل لە ناوخۆ و لە لایەکیترەوە ترس لە هێزی گەریلا کە رۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ باشتر خۆی پەروەردە دەکات.
سوپای پاسداران هەوڵ ئەدا لەگەل میلیتیاریزەکردنی شوێنە ستراتیژیەکان گوندەکانیش چۆڵ بکات و ڕێگە لە بەردەم پێوەندی گەل و گەریلا بگرێ. ئەو سیاسەتەی ڕژێم لە لایەن حیزبی بەعسی عێراقەوە لە ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٩٧ بەردەوام بوو هیچ ئەنجامێکی نەگرت.
بێگومان سیاسەتی ئێعدام و ملیلیتاریزە کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە گرێدراون و هەر دووکیان ئاماژەیەکن بە ترسی بێ ئەندازەی ڕژێم و سوپای پاسداران لە بەڕێکخستن بوونی گەلی کورد و بە هێز بوونی تەڤگەری نوێی رۆژهەڵاتی کوردستان.
لایەنێکیتری میلیتاریزە کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن سوپای پاسداران ئەوەیە کە هەموو دەرگاکان لەبەردەم کۆمەڵگە و جەوانان دا داخا و تەسلیمی ویستەکانی خۆیان بکات. لە هەر دوو حاڵەت دا گەلی کورد وشیارە و سیاسەتی ڕژێم لە چل ساڵی ڕابردوودا شکەستی هێناوە، بەم جیاوازیەوە ئیستا کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن ناوەند وسازی دیموکراتی زیاترن و ئیرادەی خۆپاراستنیان بەهێزتر و هێزی پاراستنی ڕەوایان هەیە.