سیامەند مۆعینی

رەوشی سیاسی ناوچەکە هەتاکو دەڕوات ئاڵۆزی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت و کێشە داپۆشراوەکان لە ژێر تەپ و تۆزی تێپەڕینی زەمان راستینەی پلانی نگریسی کلۆنیالیزم دەردەخات. ئەو کێشە چارەسەرنەکراوانەی کە بە شێوازێکی دەستکرد لە ناوچەکە بۆ سەقامگیری کاتی داڕێژرابوون هەنوکە دەبنە کێشەیەکی بنەڕەتی بۆ کۆمەڵگاکە و ئێش و ئازارەکانی روبەڕوی جەستەی گەلانی ناوچەکە دەبێتەوە. ئەو پلانەی کە لە ماوەی سەدساڵی رابوردودا لە لایەن کلۆنیالیزمی ئەوروپاوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە بە سەر گەلان دا دایان سەپاندبوو، بۆتە مڵۆزمێک و کوانێکی قرێژ لە جەستەی ئەم ناوچەیەدا. هەر وەخت و ناوەختێک برینەکە سەرهەڵدەدەنەوە و ئێش و ئازارەکانی لە ناو ئەم لەشە زامارەدا دووپات دەبنەوە.

ئێران وەک قەوارەیەکی ناڕێک لە ناو ئەو پلانە نگریسەی کلۆنیالیزم بۆ ناوچەکە، بەردەوام بەشێک بووە لە کێشە و ناسەقامگیری ناوچە و تەنانەت ناوخۆی سنورەکانی ئێرانیش بەردەوام ناکۆکی و چەندبەرەکی لە گەڵ خۆی هێناوە و نەتوانراوە پرسەکانی ناو سنوری ئێران چارەسەر بکردرێت. هۆکاری سەرەکی چارەسەرنەکردنی ئەم پرسانە لە ناو ئێراندا، بەشێکی هەرە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ زێهنیەت و ساختارێک کە بۆ دەستەڵاتداری ئێران فەرز کراوە، و بەم ساختار و زێهنیەتی شوونیزم و ناوەندگەرایی دەسەڵات، بەم شێوازە سەد ساڵی تریش کێشەکانی ناو سنورەکانی ئێران چارەسەر نابن، مەگەر شێواز و میکانیزمی رێوەبردن و مودیریەت بە گشتی ئاڵوگۆڕی جیدی و بنەڕەتی بە سەر دا بێت.

رۆژانە شاهیدی داڕمانی ئابوری و سیاسی سیستمی دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەین و هاوزەمان پێگەی ئەم دەستەڵاتدارانە لە ناو جەماوەری خەڵکانی ئێراندا کەمتر دەبێتەوە. کێشەکانی ناوخۆی حاکمیەت بە ئاشکرا لە مەجلیس و دەرەوەی بازنەی حاکمان کەوتۆتە نقاش و باس کردن و باڵی جیاوازی حاکمیەت، هێرشی راستەوخۆی یەکتر دەکەن، شێوازی ئۆپۆزیسێۆنسازی دەسەڵاتدارانی ئێران ئیتر کارایی خۆی لە دەست داوە و ئەوەش دەتوانین بڵێین ئەم رەوشە گوزارە لە هەڵوەشانەوەی شیرازەی دەسەڵات دەکات. دەسەڵادارانی رژێمی داگیرکەری ئێران هیچ پڕۆژەیەکی کارایان نیە بۆ مودیریەت و بەڕێوەبردنی وڵات، تەنها پاراستنی خۆیان و رەوشی هەنوکەیی لە پلانی رۆژانەیان دایە. لە سەر ئەم ئەساسە رێڕەوانی ولایەت بە شێوازی جیاواز خۆیان تۆکمە دەکەنەوە و لە سەر ئەم روانگەیە، مێتۆد و شێوازی روبەڕوو بونەوە لە گەڵ کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی، بە ترۆریزەکردنی کۆمەڵگە بەرسیڤ دەدەنەوە و شێوازی میلیتاریستی و بە کارهێنانی توند و تیژی بەردەوام وەک روتینی رۆژانەی دەزگا سەرکوتکەرەکان بەسەر خەڵکانی برسی و ئازادیخوازاندا.

زۆر جار لە سەر ئەم رەوشە نالەبارەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە شوێنە جیاوازەکان و شارەکانی ئێران و کوردستان ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان بە شێوازی خۆڕسک دێتە ئاراوە. رژیم بە هەمو هێزەوە رووبەڕوی بەربەرەکانی ئەم ناڕەزایەتی و داوخوازیانەی گەل دەبێتەوە و بە شێوازی جیاواز خەڵکی هەژار دەبنە قوربانی ئەم سیاسەتەی رژێم و هاوکات رژیم بۆ تۆڵە سەندنەوە لە خەڵک و چاوترساندنیان کۆمەڵێک لە چالاکان و خۆپێشاندەران دەخاتە ناو زیندان و بە ئەشکەنجە و ترۆریزەکردنیان دەخوازێت کۆمەڵگە چاوترسێن بکات لە بەردەوامی دەربڕینی خواستەکانیان. بەم مێتۆدە دیکتاتۆریانە رژیم دەخوازێت کۆمەڵگا لە حاڵەتی کیش رابگرێت و بە شێوازێکی ناسروشتی و بە زۆر ئەمنیەتی بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێت.

خۆپێشاندانەکانی مانگی ئابانی ١٣٩٨ نیشاندەری ناڕەزایەتی بەربەرینی خەلکی ئێران، دەرکەوت کە لە هەمبەر بێ کیفایەتی و دیکتاتۆریەتی دەزگاکانی حاکم بە سەر ئێراندا ئیتر ئەم رەوشە قبوڵ ناکرێت. لە ٢٤ی مانگی ئابانەوە خۆپێشاندانەکان دەستی پێکرد و هەر رۆژی دوایی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی سیستەم دەستیان کرد بە سەرکوت و کوشتاری خەڵکی ناڕازی. دەستپێک ناڕەزایەتی دەربرین بوو دژی سێ بەرابەر گرانکردنی بێنزین بوو و دواتر خواستە پەنگ خواردویەکەی خۆپێشاندەران بە دژی سیستم هەڵگەراوە. درووشمەکانی خەڵک رادیکاڵتر و بەرچاوتر بون وەک ” خامنەای بڕۆ تۆمان ناوێت، دوژمنی ئێمە لێرەیە درۆ دەکەن ئامریکایە، سوریە بەردەن فکرێک بۆ خەڵک بکەن. بمرێ خامنەای، بمرێ دیکتاتۆر” ئەمانە و بە دەیان درووشمی تر لەم رۆژانەدا دەدرانەوە.

ئەوەی سەرنج راکێش بوو ئەوەیە کە خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکان لە ماوەیەکی کورتدا لە زۆربەی شارەکانی ئێران سەریهەڵدا و بە گوتەی فەرماندەکانی ئەو سەردەم شەڕێکی تەواو لە شارەکان هاتۆتە ئاراوە و ئەم رەوشە بە تەواوی مەترسی خستە ناو دڵی دیکتاتۆران. بە هەمو هێز و توانایانەوە خەریکی سەرکوتی خەڵک بوون. سەرهەڵدانەکان لە هەمو بەشەکانی ئێران، بە بەشداری هەموو گەلانی ئێران هاتە ئاراوە، و خەڵکی ناڕازی بەم شێوەیە ناڕەزایەتی خۆیان بە دژی دەستەڵاتداران دەربڕی. لە خۆپێشاندانەکانی ئابان مانگ بە سەدان کەس گیانیان لە دەست دا و دزگا سەرکوتکەرەکان بە فیشەکی راستەوخۆ خۆپێشاندەرانیان دەکردە ئامانج. بە هەزاران کەس گیران و لە ناو زیندانەکاندا کەوتنە بەر بێ حورمەتی و ئەشکەنجە. ئەو رەوشەی ساڵی ١٣٩٨ دەری دەخات کە سیستەم بە تەواوی شەرعیەتی خۆی لە دەست داوە و ئێستا خەڵکی ئێران لە لێگەڕین دان بۆ گۆڕینی ئەم دەستەڵاتە دیکتاتۆرە.

ناڕەزایەتیەکانی ئابانی١٣٩٨ ئەوەمان پێدەڵێت کە ئیتر کوردستان بە دژی رژێمی سەرکوتکەر بە تەنیا نیە و هەمو بەشەکانی تری ئێران بۆیان دەرکەوتوە کە ئەم سیستەمە دیکتاتۆرە ناتوانێت سەقامگیری و ئارامی بۆ وڵاتەکەیان بێنێت. ئەم رژێمە تەنیا سەرکوت و هەژاری و دواکەوتویی لە گەڵ خۆی هێناوە. بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵکی لایەنگری ویلایەت و دەستەڵاتدارانی ئێران دەرکەوتوە کە بەڵێنی چونە بەهەشت، زگی خۆیان و ماڵ و منداڵیان تێر ناکات، بۆیە بەشێکی زۆر لەم خەڵکانە کەوتونەتە جبهەی دژی حکومەت و بەشێک لە ناڕەزایەتیەکان لە لایەن خەڵکی فەقیر و بێ دەرەتان بەڕێوە دەچێت. بەشێکی بەرچاو و سەرەکی قوربانیانی ئەم ناڕەزایەتیانەی ئابانی ١٣٩٨ لە ژنان پێک هاتوە، ئەوەش دەری دەخات کە ژنان رێوەبەریان گرتۆتە دەست و هەر ئەوەش بۆمان دەر دەخات کە ژنانی ئێران خەریکە لە پوتانسیەڵ و هێزی خەوتوی خۆیان ئاگادار دەبنەوە و بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان ئامادەی قوربانیدانن. دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵ، سەرکوت و بێ ئیرادەکردنی ژنانی بە شێوازێکی سیستماتیک پەیڕەو کردوە و بە یاسای دەوڵەتیش هیچ پێگەیەکیان نەداوەتە ژنان. دژکردەوەی ژنان لە ئێران تەواو لە دژی ئەم سیاسەتە ئاپاڕتایدە کاردانەوەی هەبوە و لە ناڕەزایەتیەکانی ئابانی ١٣٩٨ ، ژنان توانیان بە پێشەنگایەتی خۆپێشاندانەکان، رۆڵی مێژویی خۆیان لەم ساحەدا بەجێ بگەیەنن، ژنان نەتەنیا لە پێشەنگایەتی خۆپێشاندانەکان بەڵکو لە هەمو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوری رۆڵێکی بەرچاو و پێشەنگیان هەبوە. ئیتر ترسی خەڵک بە گشتی و ژنان بەتایبەتی لە دەزگا سەرکوتکەرەکان نەماوە و بۆ وەدەست هێنانی مافی خۆیان ئامادەی تێکۆشانن، هەروەک لە خۆپێشاندانەکاندا بەتەواوی ئەم نەترسیەیان بە هەمو جیهان نیشان دا.

بەردەوامی گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر ئێران هەرچەند لە سەر تەیفی خەڵکی هەژار و فەقیری ئێران قورسایی دەکات و باجەکەی ئەم بەشە لە کۆمەڵگا دەیدەن، بەڵام ئاستەنگی بنەڕەتیشی بۆ دەستەڵاتدارانی ئێران هێناوەتە پێش. رژیم وەک ساڵانی پێشوتر دەرفەت و ئیمکانی ئەوەیان بۆ ناڕەخسێت بە گیرفانی پڕەوە لە سەر حیسابی خەڵکی ئێران بودجەی ئەو مەملەکەتە بۆ پاراستنی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانیان خەرج بکەن. پەل باوێژێتە هەر شوێنێک کە دەرفەتی کاری ترۆریستی پێدەدرێت. سیستەمی دیکتاتۆر بەردەوام بۆ سەرکوتی جەماوەری وەزاڵەهاتوو، بە شێوازی جیاواز لە لێگەڕین دایە بۆ مێتۆد و کردەوەی جیاواز و قێزەون بە دژی ئازادی و ئەو کەسانەی کە تێکۆشان دەکەن بۆ ئازادی.

ئێستا کات کاتی یەکگرتویی هەموو وزە و پوتانسیەڵە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە بۆ لە ناوبردنی سیستەمی دیکتاتۆر. چونکو دیکتاتۆرەکان هیچ زمانێک تێناگەن بە غەیری زمانی خۆیان. لە سەر ئەو ئەساسە هەموو گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد پێویستیان بە یەکڕیزی هەیە بۆ خنکاندنی دیکتاتۆریەت و داگیرکاری و ئاواکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد. بەتایبەت گەلی کورد لەم قۆناخە مێژوییەدا بۆ داهاتویەکی سەقامگیر و کوردستانێکی ئازاد پێویستی بە تۆلێڕانس و لە یەک تێگەییشتن هەیە و ئەو کەسانەی کەوتونەتە خزمەت بە بەردەوامی دیکتاتۆرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەبێ بزانن لە بەردەوامی خەیانەت بە گەل و نیشتمانەکەیان، ئیتر نە خەڵک و نە شۆڕشگێڕان و نە مێژوو لێیان خۆش نابێت و دەبێ رۆژێک حیسابی ئەم خەیانەت و کردەوە قێزەونانەیان بدەنەوە بۆیە پێویستە فکرێک بە حاڵی خۆیان بکەنەوە.

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی هەتاکو دێت بەرفراوان تر دەبێت و خۆپێشاندانەکانی دەی مانگی ١٣٩٦ و ئابانی ١٣٩٨ نیشانیان دا کە ئێتر وەزنەی حکومەت هاتاکو دێت سوکتر دەبێت و تەنانەت ئەوانەی کە پێشتر خۆیان بەشێک بوون لە دەزگای سەرکوتگەر هێدی هێدی خۆ دور دەکەنەوە و ترسی پاشەڕۆژیان لێ نیشتوە. کۆمەڵێکی زۆر کە لە ناڕەزایەتیەکانی دەی مانگی ١٣٩٦ بەشدار ببون تا گەییشتن بە ئازادی، لە ئابانی ١٣٩٨ بە هێزێکی زۆرتر و چەند بەرامبەر کەوتنە مەیدان و دەزگا سەرکوتکەرەکانیان توشی شۆک کرد. ئێستاش سەرەڕای سەرکوت و تۆقاندنی کۆمەڵگە لە لایەن رژیمەوە، مەوجی نوێی خۆپێشاندانەکان بە هێز و گوڕ و تینێکی زیاتر دەکەونە مەیدان و ئیتر بە دیکتاتۆران و زاڵمان دەڵێن ئێمە ئەم دەستەڵاتەمان ناوێت و بە هێزی گەل زوڵم و دیکتاتۆریەتیان دەخەینە ژێر چۆکی زوڵملێکراوان. خاڵێکی باڵکەش لە ناڕەزایەتیەکانی ئابانی ١٣٩٨ دەعوەتکردنی خەڵکانێکی زیاتر بوو بۆ خۆپێشاندانەکان، سلۆگانی وەک ” ملت چرا نشستی، منجی خود تو هستی” یانی گەل بۆ دانیشتون پشتیوان خۆت هەر بۆخۆتی. ئەم سلۆگانە ئەوەمان پێی دەڵێن کە سەرەڕای ئەوە بەشێکی هەرە زۆری حیزبەکان لە ئێران کە ئاخوڕیان لە سەر دەستێوەردانی دەرەوە دابەستوە، خەڵک بە گشتی دەزانن کە پشتیوانی گەل بۆ گەییشتن بە ئازادی تەنیا هێزی گەلە و بۆیە گەل بۆخۆی دەبێت لە مەیدانەکانی بەربەرەکانی لەگەڵ دیکتاتۆریەت، باوڕیان بە هێزی خۆیان هەبێت.

لەسەد ساڵی رابوردودا بە ئاشکرا دیتومانە سیاسەتی کلۆنیالیستی ئەوروپا بەردەوام پشتیوان و هاوکاری رژێمە دیکتاتۆر و دسپۆتیکەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونە و هیچ بەهایەکیان بۆ ئازادی و دێمۆکراسی لەم ناوچانە پەیڕەو نەکردوە. هەر کات ئەم رژێمانە کەوتونەتە بەر قین و تووڕەیی جەماوەری خەڵک لە وڵاتەکانیان، ئەم سیاسەتەی ئەوروپا لە شوێنی هەستیار بە شاراوەیی و بە ئاشکرا پاڵپشتێکی کاریگەر بونە بۆ دیکتاتۆران، و بە روکەش وا نیشان دەدەن کە مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی پێگەیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەوان بەڵام لە بنەڕەتدا ئامادەن بۆ واژۆکردنی پەیمانێکی تجاری هەمو ئەو بەهایانە لە ژێر پێ بنێن و بکەونە بەرەی ئەم دیکتاتۆرانە. لە بەرجام و ئەو تەحریمانەی ئامریکا خستویەتە سەر ئێران بە هیچ شێوازێک ئەوروپا پشتیوانی ناکات بە پێچەوانە گرفت و کێشە لە سەر ڕێگای هەر جۆرە فشارێکن بۆ سەر دەستەڵاتدارانی مافیایی ئێران. هاوکات بە ئاشکرا دیتمان لەم رۆژانەی دوایی دا ئەوروپا پشتیوانیەکی گەورە بوو بۆ ئەوەی تەحریمەکانی فرۆشتنی سیلاح و کەرەسەی نیزامی بە ئێران نەتوانێت بەردەوام بێت و بەشێک لە وڵاتان وەک ئاڵمان و ئیتالیا پشتیوانیان لە هەڵگرتنی ئەم تەحریمانە کرد و بۆ بەرژەوەندی ئابوری خۆیان هەموو بەهاکانی ئینسانی دەخەن ژێر پێ.

بۆ کۆتاییش بە گرنگم زانی ئەوە باس بکەم کە رەوشی هەنوکەیی بە دژی حاکمانی ئێران دەسوڕێتەوە و، لەمەو بەدوا ئێران زیاتر دەکەوێتە بەر سیاسەتی ئیزیلاسێۆن. حاکمانی ئێران لە سەر سیاسەتی هەڵبژاردنەکانی نوامبری ئامریکا دڵی خۆیان بەوە خۆش کردوە کە هەڵبژاردنەکان بە قازانجی خۆیان لێک دەدەنەوە و ئەم سیاسەتەی ئێران هەمان سیاسەتی سەردەمی بەرجامە کە بەتەواوی لە سەر پشتیوانی وڵاتانی ئەوروپا حیسابیان لە سەر کردبۆوە. بەڵام دیتمان ئەوروپا لە ژێر سیاسەتی فشاری ئامریکا چەمایەوە و ئێرانی بە تەنیا هێشتەوە. هاوپەیمانی ئیسڕائیل و ئەمارات لە راستای لاواز کردنی پێگەی ئێران بە گشتی دێتە ئەژمار و بە باوەڕی من لەم مژارانەی باس کران ئامریکا دەتوانێت زۆرترین کەڵک وەربگرێت و پاشەکشە بە زێدەڕۆییەکانی ئێران لە ناوچەکە بکات. دەستەڵاتدارانی ئێران ئیتر هیچ ئاڵترناتیوێکی گونجاویان نیە بۆ ئەوەی بتوانن بەربەرەکانی لە گەڵ سیاسەتی نەیارانی خۆیان بکەن. بۆیە ئێران تەنیا رێگای ئەوەیە تەسلیمی نئۆلیبڕالیزم بێت و تەسلیمیەتیش بەواتای بنبڕکردنی ئەم سیستەمە ئۆلیگارشیەی دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆری ئێران لە رەقەم دەدرێت کە سەرەرای شێوازی بەچۆک دادانی ئێران لەم مژارەدا رەنگە لە سەر ئەساسێکی جەماری نەبێت بەڵام گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد دەتوانێت بە سیاسەتێکی حەکیمانە و پڕاگماتیستی بە باری جەماوەر و گەلانی زەحمەتکێش و ستەم لێکراودا ئەم ئاڵوگۆڕیانە بشکێنێتەوە.

بۆیە گرنگە بە سەدان جار دووپاتی بکەینەوە ئەم مەرحەلەیە گوزارێکی چارەنوسسازە بە تایبەت بۆ گەلەکەمان و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم مەرحەلەیە پێویستی بە یەکڕیزی گەل هەیە و هەمومان بۆ ئازادی کوردستان و گەییشتن بە ئازادی و ودەرنانی داگیرکاری هەمو تێکۆشانێکی خۆمان چڕ بکەیەنەوە و ئەم هەلە مێژووییە بە فیڕۆ نەدەین کە پێویستە مێژوو ئەم جارەیان بۆ بەرژەوەندی گەلەکەمان و لە ڕاستای سەرکەوتن بنوسرێتەوە.