ناکرێ باس لە ئازادی و سەربەخۆیی کۆمەڵگایەک بکرێ بەڵام هەموو بوار و دەرفەتەکانی گەشەسەندنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێ زەوت کرابێ. بە تایبەت بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و بە بەردەوامی هەڕشەی داگیرکەرییان لێدەکرێ. هەڵبەت گەشەسەندنی سیاسی و فەرهەنگی مەرجی سەرەکییە لە رێپێوانی هەر کۆمەڵگایەک بەرەو ئازادی و هەڵپەساردن و وەڵانانی ئەو ئەرکانە و چاوەڕوان مانەوە لە کەسانیتر خۆبەدەستەوەدانە. کۆمەڵگای ئیزەدی لە کوردستاندا یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی کە لە درێژایی تەمەنیدا بە بەردەوامی بووەتە ئامانجی هێرش و پاکتاوکاری. هۆکاری سەرکی شاڵاوە یەک لە دوا یەکەکانی سەر ئیزەدییەکان پابەندبوونیانە بە فەرهەنگ و هەبوونیانەوە و پەیوەست بوونیان بە حەقیقەتی ژیانەوە. هەتا ئێستا ٧٣ فەرمانیان بەسەردا سەپاوە و سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن لە لایەن هێزەکانی هەرێمی و جیهانییەوە دەرحەق بەو گەلە پەیڕو دەکرێ. لە سەردەمی شەڕی جیهانی سێیەمدا کە ناوەندەکەی کوردستانە زیاتر لە هەموو دەمێک هێرش دەکرێتە سەر جیاوازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدان دەکرێ بۆ یەکدەست کردن و هەمۆژن کردنی هەرێمەکە. ناکارامە بوونی پرۆژەی هێزە جیهانییەکان بە مەبەستی چارەسەری پرسی گەلان لە هەرێمەکەدا و وەڵامدەر نەبوونی، بووەتە هۆی ئەوەی کە سیاسەتی لەناوبردنی فەرهەنگە جیاوازەکان وەک رێباز رەچاو بکرێت.
لە ساڵی ٢٠١٤ دا هەوڵدان کرا کە لە رێی داعشەوە کۆمەڵگای ئیزەدی وەک کۆمەڵگایەکی خاوەن هێز و توانای خۆڕێوەبەری کە تەسلیمیەت قەبووڵ ناکا لە ناو ببردرێت. بە تێکۆشانی کچان و کوڕانی ئیزەدی و بزووتنەوەی ئاپۆیی گەلی ئیزەدی لە پاکتاوی مێژوویی رزگار کرا. گەلی ئیزەدی زۆر زوو لەوە تێگەیشت لە تەنیا مەرجی مانەوە و هەبوون ئەوەیە کە ئەرکی پاراستن و سیاسەت کردن وەئەستۆ بگرێ و چاوەڕوانی کەس نەبێت. هەوڵدان بۆ رادەستکردنی شەنگال لە لایەن ڕێوەبەری پارتی دیمۆکڕاتی کوردستانەوە، ئەو راستییەی سەڵماند کە نابێ ئەرکی پاراستن بسپێردرێتە هێزی دەرەوەی کۆمەڵگا هەر کۆمەڵگایەک دەبێ خۆی بپارێزی و خۆی بەڕێوەبەرێت. هەبوونی هێزەکانی پارتی لە شەنگال، تەنیا بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی پارتی و هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان بووە و ئێستاش دەیهەوێ هەمان کار ئەنجام بدا. بێگومان ناکرێ بە کلتووری تفەنگچێتی پارێزوانی لە کوردستان بکرێ. ئەو نەریتی دیوەخانی و تفەنگچێتییە هۆکاری سەرەکی شکستهێنانی شۆڕشەکانی کوردستانیە. هەمان زهنییەتی نەگریسە کە سێهەزار ژن و کچی شەنگالی کردە کاڵا و بەڕێی بازارەکانی کرد. رێوەبەری پارتی دیمۆکرات ئێستا نوێنەرایەتی ئەو رەوتە دەکا.
دیارە پارتی دیمۆکڕات لە هەوڵی تەشەنەدانی ئەو کەسایەتیە گەندەڵەدایە لە ناو کوردستاندا. ئەو خەتە بە پێی ئەو پەروەردەیەی کە کراوە دژی هەرجۆرە عەقڵێکی سەربەخۆ، خۆڵقکار، خۆڕێوەبەر و خاوەن شوناسە. بۆیەش لە سیستەمی ئەوەڕۆی جیهانیدا رۆڵی هێزی گۆشار و سەرکوتکار دەگێڕی. هێزەکانی داگیرکەری کوردستان، هەبوونی ئەندێشە و هێزی خۆڕێوەبەری بە گەورەترین ئاستەنگ و لەمپەر لە هەمبەر خۆیان دەزانن. بە بڕوای ئەوان گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت گەلی کورد توانستی خۆبەڕێوەبردنیان نییە و دەبێ بەڕێوە ببردرێن. رێوەبەری پارتی دیمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق ئەو مژارەی وەک حەقیقەتێکی نەگۆڕ قەبووڵکردووە و ئەوڕو نموونەی سەڵەفیگەری و دەمارگرژییە لە کوردستاندا.
ئەو ئەرکەی کە داعش وەئەستۆی گرتبوو بە مەبەستی لەناوبردنی ئیزەدییەکان و نەیتوانی پێکیبهێنێ، ئەمڕۆکە رێوەبەری پارتی دیمۆکڕاتی کوردستان بە بەستنی پەیمانێکی نوێ لەتەک دەوڵەتی ناوەندی عێراق و تورکیا و هێزەکانی سەرمایەداری جیهانی بۆ فرۆشتنی شەنگال، دەیهەوێ پێکیبهێنێ. هەڵبژاردنی ٩ی ئۆکتۆبر بۆ ئەو پەیمانە شوومە نیشانەی هەبوونی عەقڵی دەوڵەتی تورکە لەو پلانەدا و هەوڵدانە بۆ بەردەوامی پیلانگێڕی ناونەتەوەیی لە دژی سەرۆک ئاپۆ. وەها نیشان دەدەن کە هەر کەس یا گەلێک هزری خۆڕێوەبەری هەبێ بەشێکە لە بزووتنەوەی ئاپۆیی و دەبێ لەناو ببردرێ. جەمسەربەندی کردنی کۆمەڵگای کوردستان و لەیەکترازاندنی لە لایەن رێوەبەری پارتییەوە ئەرکێکە کە پێیسپێردراوە و دەبێ لە هەمبەری بەرخۆدان بکرێ. هەموو لایەن و هێزە کوردستانیەکان دەبێ لە بەرامبەریدا هۆشیار بن و دەرفەت و مەجال بە هێزی گێرەشێوێن و تێکدەر نەدەن. خۆڕێوەبەری ئەوڕۆ پێویستیەکی گەلی کوردە و تەنیا رێگەی چارەسەرییە.
هێزە دیمۆکراتیکەکان دەبێ خاوەن لە خۆبەڕێوەبەری ئیزەدییەکان دەرکەون و هەموو هەوڵدانیان بۆ پاراستنی بەکار بهێنن. گەلی ئیزەدی پێویستە ئیزنی دەستتێوەردان بە هیچ هێزێک بۆ تێکدانی یەکڕیزی کۆمەڵگاکەی نەدا و بە پتەوکردنی رێزەکانی رێکخستنی خۆی مەودا بە داگیرکاری نەدا. هەبوونی هێزی پاراستنی خاوەن ئەزموون و پەروەردە، مەرجی سەرەکی هەبوون و مانە و ناکرێ چاوپۆشی لێبکرێ. ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وێڕای پشتیوانی هەمەڵایەنە لە خۆڕێوەبەری شەنگال و شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی لە دژی گەلی ئیزەدی داوا لە هەموو هێزە دیمۆکراتیکەکان و ئازادیخوازان و ئاشتیخوازان دەکەین کە پاڵپشتی خۆڕێوەبەری شەنگال بکەن و ببنە دەنگی گەلی ستەملێکراوی شەنگال و ئیزنی دووبارە بوونەوەی فەرمانێکی دیکە نەدەن.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
٢٠. ١٠. ٢٠٢٠