رۆژی ١٥. ٩. ٢٠٢٠ گرووپێک لە هەڤاڵمان لە هەرێمی مەهاباد کە سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕی و بەڕێوەبردنی خەبات بوون، دەکەونە بۆسەی هێزەکانی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی و لەو ڕووداوەدا بەداخەوە دوو هەڤاڵمان بە ناوەکانی جەنگاوەر باهۆز و ئارام ئاویەر و هەروەها وڵاتپارێزێک بە ناوی خدر بایەزیدی شەهید دەکەون.

جێگای ئاماژیە بە درێژایی ئەمساڵ هێزەکانی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی تەشەنەدان و بەرفراوانکردنەوەی سیاسەتی میلیتاریستین و بە گشتی رۆژهەڵاتی کوردستانیان وەرگەڕاندووەتە پادگانێکی سەربازی و بە بەردەوامی هێرش دەبنە سەر کۆمەڵانی خەڵک و هەموو سیاسەتەکانی دەوڵەت و حاکمییەت سپێردراوەتە سپای پاسداران و روانگەی ئەمنییەتی بۆ کوردستان لە لووتکە دایە. هەرچەند کۆماری ئیسلامی بەو چەشنە هەوڵدانێتی کە هەموو دەرەتانەکانی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەمان لەناو بەرێت. بەڵام گەلەکەمان فداییانە لە مەیدانی تێکۆشاندایە و بە هەموو هێزەوە پێداگرە لە سەر رێبازی ئازادی و گەیشتن بە ئامانجەکانی. هەڵبەت لەم ناوەدا رۆڵی پێشەنگایەتی گریلاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە جێگای هێوا و ورەبەخشی و بە پانتایی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوون و تێکۆشانی گەریلا بووەتە تانە و چەقڵی چاوی کۆماری ئیسلامی. هەوڵدانەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە هێڕشی بەردەوام بۆ سەر گەریلاکانمان، دابڕینی پێوەندی نێوان پێشەنگایەتی کۆمەڵگا واتە گریلا و گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هەم لەبواری سەربازی و هەم بە شەڕێکی راگەیاندنی و تایبەت دەیهەوێ ئەو ئامانجە بپێکی، بەڵام بە پێداگری و تێکۆشانی بێ‌پسانەوەی گریلا و پشتیوانی و یارمەتیدانی گەلەکەمان هەتا سەرکەوتن درێژە بە خەباتمان دەدەین.

هەروەک ئاماژەمان پێکرد لە ئەنجامی ئەو بۆسەیەدا دوو هەڤاڵمان بە ناوەکانی جەنگاوەر باهۆز ئەندامی مه‌جلیسی پژاک خەڵکی گوندی کانێ‌رەشی سەر بە شاری بۆکان و ئارام ئاویەر خەڵکی شاری سنە دەگەنە پلەی شەهادەت. هەروەها هاوڕێی وڵاتپارێز کاک خدر بایەزیدی خەڵکی گوندی بەرەجۆ لە هەمان بۆسەدا شەهید دەبێت. بەو بۆنەیەوە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەرسێ بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە و کەس‌وکار و دوستانیان و گەلەکەمان لە شارەکانی بۆکان و سنە و هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. بەڵێنی درێژەپێدانی رێگا و رێبازی پیرۆزیان هەتا گەیشتن بە سەرکەوتن و وەدەست‌خستنی ئامانجە پڕشەنگدارەکانیان دووبارە دەکەینەوە.

هەڤاڵمان جەنگاوەر باهۆز ئەندامی مه‌جلیسی پژاک ماوەی حەڤدە ساڵ بێ‌پسانەوە و ماندوونەناسانە لە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشاندا بووە و هەر لە یەکەم ساتەکانی ژیانی گریلایەتیەوە بەوپەڕی بەرپرسیاری و لەخۆبووردوویی لە ناو خەباتدا جێگای گرتووە. شوێن پەنجەی خەبات و کرداری شۆڕشگێڕانەی لە زۆر شوێنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دیارە. هەڤاڵ جەنگاوەر لە سەنگەرە جیاوازەکانی تێکۆشاندا بە بەردەوامی هێمای خۆڕاگری و کۆڵنەدان بووە و چ لە شاخ و چ لە زیندانەکانی کۆماری سێدارەدا نموونەیەکی راستەقینەی بەرخۆدانە. هەرگێز لە ئاست دڕندەیی و ئەشکەنجەی جەللادانی رژیم مەلکەچ نەبوو و زیندان و سیاچاڵکانی کردە سەنگەری بەربەرەکانی و خۆڕاگری لەهەمبەر داگیرکاری. ئەو رەوتی تێکۆشانە کەسایەتێکی خۆشەویست و جێگای متمانەی لێ دروست کرد کە لەناو هەڤاڵان و زیندانیانی سیاسی کورد و گەلانی دیکەی ئێراندا پێگەی تایبەتی پێدابوو. کەسایەتێکی یەکجار دڵنزم و رۆح‌سووک و خزمەتکاری هەبوو. هەموو تەمەنی شۆڕشگێڕی هەڵگری بەرپرسیارێتی و ئەرکە جیاوازەکانی کرد و خۆی لە هیچ ئەرکێک نەبوارد و هەبوونی لەناو هەڤاڵاندا هێمنی و ئارامی لەتەک خۆی دەهێنا. لە ئاست دوژمن بەردەوام بە هەڵوێست و خاوەن رقێکی ئەستوور بوو. خۆشەویستی گەلەکەی بەردەوام لە دڵیدا چڵی دەدا. کەسێکی بە ورە و چاونەترس و پێشەنگ کە پڕ بوو لە داخوازی تێکۆشان. عاشقێکی راستەقینەی نیشتمان و ئازادی کە بێ‌گومان ناکری لە چەند رەستەدا باسی کەسایەتی بکەین.

هەڤاڵ ئارام ئاویەر، کە بە وریایی و نەترسی دەناسرا کەسایەتێکی فیداکار و خۆبەخش بوو. تەمەنێکی درێژی لە خەباتی مەدەنی و گەریلایەتی و ئەزموون لە پاش خۆی بۆ بەجێ‌ هێشتین. یەکێک بوو لە یادگارەکانی سێی رەشەمەی سنە و سەرهەڵدانەکانی رۆژهەڵات و بەرخۆدێرێکی زیندان. مرۆڤێکی رێکخەر و خەڵک دۆست و رووخۆش کە جێگای لە دڵی هەڤاڵانیدا دەکردەوە. هەڤاڵی ساتە دژوارەکان و هەورازە سەختەکانی گریلایی بوو. ئەزموون و لێهاتوویی لەبواری سەربازیدا پاڵپشتێکی مەزن بوو بۆ هەڤاڵان و ترسی بەردەوام بۆ دوژمن. لە بڕیارداری و پێشەنگایەتیدا نموونەی کادرێکی ئاپۆیی پێوەدیار بوو. ئەخلاق و روشتێکی راستەقینەی شۆڕشگێڕی لە کەسایەتی خۆیدا بونیاد نابوو. هەتا دوا ساتی تێکۆشانی بەردەوام لە گەشە و هەڵداندا خەباتی کرد.

بێ‌گومان ئەرکی وڵاتپارێزی و نیشتمان‌دوستی ئەرکی هەرکەسێکە و فەرهەنگی بەرزی گەلەکەمان لە رۆژهەڵات، لەوبوارەدا لەبەر چاوە. هاوڕێی وڵاتپارێزمان کاک خدر بایەزیدی وەک نموونەیەکی بەرزی وڵاتپاریزی و تێکۆشان لە هەمبەری داگیرکاری فەداکارانە و بەرپرسانە ئەرکی پشتیوانی و یارمەتیدانی بۆ گەڵ و شۆڕشگێڕەکانی پێک هێنا و لەو قۆناغەدا خەتی تێکۆشانی گەلەکەمانی ڕووناک‌تر کردەوە. هەبوونی کەسایەتی ئاوەها پێداگرترمان دەکات لە خەباتدا و ورەمان پێدەبەخشی. گەلەکەمان دەبێت وەک نرخێکی کۆمەڵایەتی بەرز چاوی لێبکا و بە هەموو جۆرێک خاوەن لێی‌دەرکەوێ.

لە کۆتاییدا وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرخۆشی و دووبارە‌کردنەوەی بەڵێن و پەیمانمان بۆ بەردەوامی رێبازی شەهیدان لە هەموو گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخوازین کە خاوەن لە خەتی خۆڕاگری و بەرخۆدان دەرکەون و ریزەکانی یەکگرتوویی و تێکۆشان تۆکمەتر بکەن. رێگای تێکۆشانی شەهیدان پڕ رێبوار و گەشەدار بێت.

ناسنامەی هەڤاڵانی شەهید

کۆدی رێکخستنی:  جەنگاوەر باهۆز

ناو و پاشناو: هادی ئەمینی

ناوی دایک: مەنیج

ناوی باوک: حەسەن

تاریخ و شوێنی لەدایک‌بوون:   ١٣٦٣ی هەتاوی گوندی کانێ‌رەشی سەر بە شاری بۆکان

بەشداربوون: ٢٠٠٣ی زاینی

تاریخی و شوێنی شەهادەت: ١٥. ٩. ٢٠٢٠  هەرێمی مۆکریان

 

 

کۆدی رێکخستنی: ئارام ئاویەر

ناو و پاشناو: سیروان مەحموودی

ناوی دایک: فەراسەت

ناوی باوک: علی

تاریخ و شوێنی لەدایکبوون:  ١٣٦٢ شاری سنە

تاریخی بەشداربوون:٢٠١٥

تاریخ و شوێنی شەهادەت: ١٥. ٩. ٢٠٢٠ هەرێمی موکریان

SONY DSC

SONY DSC

SONY DSC

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک

١٧. ١٠. ٢٠٢٠