شەهادەت پێشکەشکردنی بەدیلێک لە پێناو ئازادی گەلی کورد و گەلانی چەوساوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. هیچ نەتەوەیەک بێ بەدیل بە ئازادی نەگەیشتووە. شەهادەتی شەهیدانی پژاک، “ئارگەش کارزان و هەڤاڵانی” لە چیاکانی هەرێمی سنە لە ئەنجامی نەخشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی هاوکاری دوولایەنە لەتەک تورکیە بە مەبەستی پەرەپێدان و خێراتر کردنی پڕۆسەی پاکتاوکاری گەلی کورد پێکهات. ئەو شەهیدە سەربەرزانە بە خۆڕاگری و بەرخۆدانیان پلانە نەگریسەکانی دوژمنیان بەتاڵ کردەوە. بەردەوامی رێگای ئەو شەهیدانە بە واتای تێکۆشانی هەمەڵایەنەیە لە دژی هێرشەکانی هاوبەشی ئێران و تورکیا کە بە مەبەستی لەناوبردنی گەلی کورد پێکیدەهێنن، دێت.
ساڵی ٢٠١٨ لە کاتێدا کە پژاک و کۆدار بۆ چارەسەری ئاشتییانە و دیمۆکراتیکی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا نەخشەڕێیەکی تۆکمەیان پێشکەش کردبوو، رژیمەکانی ئێران و تورکیە بە شێوازیکی هاوکات زنجیرەیەک پەلامار و هێرشیان بۆ سەر گریلاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، هێرشی هەوایی بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی مەخموور و هەرێمەکانی شەنگال و هەوڵدان بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی خواکورکیان دەستپێکرد. لە رۆژی شەشی سێپتامبر، ١٥ی خرمانانی هەمان ساڵ لە ئەنجامی هێرشی هێزە داگیرکەرەکانی سپای پاسداران، هەڤاڵ “جیهان ئازاد” لە هەرێمی هەورامان و رۆژێک پاش ئەو رووداوە، لە ١٦ مانگی خرمانان، هەڤاڵانمان “ئارگەش کارزان”، ئەندامی مەجلیسی “کۆمەڵگای دیمۆکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان”، تۆڵهەڵدان سنە (ئەندامی مەجلیسی کۆدار)، دلۆڤان فەدا(ئەندامی کۆمەڵگای جوانانی رۆژهەڵات) و رۆژهات بۆکان( فەرمانداری یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ی.ر.ک) لە هەرێمەکانی سەر بە شاری سنە لە ئاکامی بۆسە و هێرشی هێزەکانی سپای داگیرکەردا شەهید بوون. لە هەمان رۆژدا هەر سێ زیندانی سیاسی کورد “زانیار مورادی، لوقمان مورادی و رامین حوسێنپەناهی” لە زیندانی رەجاییشاری کەرەج لە سێدارە دران. رۆژێک دوای ئەو هێرشانە کاتێک هێرشی مووشەکی کرا سەر قەڵای حیزبی دیمۆکڕات لە شاری کۆیە و هەرێمە سنوورییەکانی نێوان ئێران و باشوور تۆپباران کران، لایەنەکانی جودای نەخشەی هاوبەشی ئێران – تورکیە لە پێناو پاکتاوی گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئاشکرابوو.
ئەمساڵ لە کاتێکدا یاد و بیرەوەری شەهید ئارگەش و هاوڕێیانی بەرز رادەگرین کە سەرەڕای تێکچوون و شکستی هێرشەکانی دوژمنانی گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان، رژیمە فاشیستەکانی ئێران و تورکیە هەوڵدانەکانیان بە مەبەستی پاکتاوکاردنی نەتەوەی کورد بە ئەوپەری دڕندەیی بەردوام دەکەن. کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە سیاسەتی سەرکوتکاری، لە دژی ئیرادەی سیاسی گەلی کورد، درێژە بە رەفتار و کرداری نکۆڵیگەرانەی خۆی دەدا. ئاراستەی ئەو هێرشانە کە رەهەندەکانی سەربازی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی لەخۆدەگرێ، سەرەتا رووی لە رێبەری گەلی کورد، سەرۆک ئاپۆ و تەنیا هێزی بەرخۆدێر لە مەیداندا، واتە گریلایە. کوردستان بە بەردەوامی ناوەندی جەنگی جیهانی سێیەمە و کەوتووەتە قۆناغێکی بەرخۆدانی مێژوویی لە هەر چوارپارچەدا. گریلاکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە هەموو بەشەکانی وڵات لە بەرامبەر هێڵی ئیخانەت و دوژمنی فاشیست بە نوێنەرایەتی لە گەلانی ستەملێکراوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکە لە مێژووی تێکۆشان تۆماردەکەن.
دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ئێران و تورکیەی خاوەن کاراکتێری ستاتۆپارێز، ئیتر شەڕ و ململانێیان کێشاوەتە دەرەوەی سنوورەکانیان، بە هاوکاری هێڵی ئیخانەت، بە شێوازی جودا هەوڵدان بۆ داگیرکردنی دووبارەی خاکی کوردستان دەکەن. کۆماری داگیرکەری ئێران کە لە ناو گێژەنی قەیرانی جیاوازدا گرفتارە، گەمژانە دەیهەوێ هەموو کۆمەڵگا و گەلان لەگەڵ خۆی لەو گێژاوە سامناکەدا نوقوم بکا. لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتە فاشیستانە گەڵانی هەرێمەکە دەچەوسێننەوە و تاکێکی ئازاد نەماوە کە نەکرابێتە ئامانج، تاکانە رێگایەک کە دەمێنێ راپەڕینی گەلان بە تایبەت گەلی کوردە لە دژی سیاسەتەکانی شەڕئەنگێزانەی ئەو وڵاتانە. تورکیە بە شوێن ژیاندنەوەی دەسەڵاتی نوێعوسمانیگەرییە و ئێران هەوڵدەدا بۆ وەدیهێنانەوەی دەسەڵاتی سەفەوی بە رێبازی جودا لە هەرێمەکەدا و لەو میانەیەدا گەلی کورد دەکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانی رەزیلانەیان. تەنیا رێبازی شکست پێهێنانی ئەو داگێرکارییە، راپەڕین و بەرخۆدانی گەلی کوردە. ئەو گەلەی کە لەو ساڵانەی دواییدا هەر کاتێک راپەڕیوە، هەموو پلان و نەخشەکانی دوژمنانی تێکبردووە.
وەک “کۆمەڵگای دیمۆکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان”( کۆدار)، وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و خاترەی شەهیدان ئارگەش کارزان، تۆڵهەڵدان سنە، رۆژهات بۆکان، دلۆڤان فەدا و لوقمان و زانیار مورادی و رامین حوسێنپەناهی، بە هێوای سەرکەوتن و ئازادی گەلەکەمان لە تەک گەلانی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلەکەمان بانگهێشتی خاوەندارێتی لە رێ و رێبازی بەرخۆدانی شەهیدانی رێگای ئازادی دەکەین. هەتا ئێستا هەموو هێرشەکانی دوژمنانی فاشیست پووچەڵکراوەتەوە و خواستە قیزەونەکانیان بیئاکام ماوەتەوە. ئەرکی هەموو گەلەکەمان و کۆمەڵانی خەڵکە بە تایبەت رۆشەنبیران، جوانان، ژنان و هەر تاکێکی کۆمەڵگایە کە بە هاتنە مەیدانەکان، لە پێناو پشتگیری و پشتیوانی لە رێبەر ئۆجالان و گریلا خاوەن هەڵوێست بن. پشتیوانی هەمەلایەنە لە هێزی گریلا و بەشداری لە کەمپەینی “ئازادی بۆ رێبەر ئۆجالان” ئەرکی مێژوویی تاک بە تاکی گەلەکەمان و بەجێهێنانی بەرپرسیارێتی لە هەمبەر شەهیدانە. لەبەر ئەوەی بڕوامان بە فیداکاری و ئەمەگناسی و نەسرەوتوویی گەلەکەمانە، بە ئۆمێدەوە خوازیاری بەردەوامی بەرخۆدانی گەلین. بە دڵنیاییەوە دوژمنانی نەتەوەی کورد گرفتاری گەورەترین قەیرانەکانی تێكشکێنەرن، سەرکەوتن و ئازادی گەلەکەمان و نەتەوەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکە.
کۆمەڵگای دیمۆکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار)
٦/ ٩/ ٢٠٢٠