ئەرکی و بەرپرسیاریەتی شۆڕشگێڕی بە یەکەوە گرێدراون. رەوتی شۆڕش لە گەڵ هەمو تەنگ و چەڵەمەکانی بەرەو پێش دەچێت، گرنگترین ئەرکی روناکبیر ئەوەیە کە لە رەوتی شؤڕش دا بەرپرسیاریەتی شۆڕشگێڕی خۆی بە جێ بگەیەنێت. دەزانین روناکبیری بەرپرسیار شۆڕشگێڕێکی راستەقینەیە. شۆڕشگێڕ لە گەڵ زەلکاوی دۆگماتیسمی چەقبەستو لە هەنگاوی یەکەمی دا فاسلەی گرتوە و بە تێگەییشتن لە ماتریالیزمی دیالکتیک، بە کرانەوەی بۆ کۆمەڵگایەکی دێمۆکڕاتیک هەنگاوی بوێرانەی هەڵدێنێتەوە. تێئۆری و پڕاکتیک بە یەکەوە گرێ دەدات و بە پڕاکتیک دەرهێنانی تێئۆری ئەرکی شۆڕشگێڕی و روناکبیری خۆی دەسەلمێنێت. شۆڕشگێڕ هاوکات کە بیردەکاتەوە پڕاکتیک دەکات و لەو دەمەدا کە پڕاکتیک دەکات لە رەوتی بیرکردنەوە کەم ناهێنێت. لە سەردەمی هەستیاردا ئەرکەکانی روناکبیری شۆڕشگێڕ زۆرتر دەبن.

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕیەکی مەزن  خەریکە بەڕێوە دەچێت. شوێنێک کە هەم لانکەی شارستانیەت بوە و هەمیش ناوەندی پێکەوە ژیان. ئێستاش هێژمۆنخوازان، لە روانگەی جیاوازەوە خەریکی دەست تێوەردان و ماندگاری ئەزمونی شکستخواردوی سیستمی کۆپیەکراوی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەی خۆیان بە روانگەی پۆزیتیویستین. دەزانین کە پلانی همۆژێن و یەکڕەنگ کردنی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توشی گرفت و قەیران هاتوە و ئەم پرۆسەیەش وێرانی و کاولکاری و دڕدۆنگی و چەندبەرەکی لەگەڵ خۆی هێناوە و بە کاناڵی ئیسلامی توندرەو ناوچەکەیان کردۆتە زەلکاوێک بۆ دانیشتوان. پاشکەوتویی هزر و فکر لە قالبی جیاوازدا خەریکە مەیدان دەگرێت و بە دەیان ساڵ کۆمەڵگا، بەرەو پاش دەباتەوە. ئەم شەڕە بەشێک شەڕی زێهنیەت و پارادیگماسالە و بەشێکیشی بۆ بەردەوامی پلانی شکستخوادوو لە سەر بەستەری وێرانی ناوچەکە لە ئارادایە. بەتاڵ کردنی کۆمەڵگە لە بەهاکانی مرۆڤایەتی و روحی بەرزی شۆڕشگێڕی و تێکۆشانی مافخوازی و ژیانێکی بەرومەتە.

سیستمی داگیرکاری بە رێگەی پڕۆژەی جیاواز، وەک یەکدەست کردنی کۆمەڵگە و بێ ئیرادەکردنی تاک و بەڵاڕێ دابردنی رەوتی شۆڕشگێڕی و روناکبیری، بەردەوام حەولی دەستەمۆکردنی هەمو ئیرادەیەکی روناکبیری داوە. لەم کاناڵەوە دەستەڵات حەول دەدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی جومگەکانی جڤاک. شەڕێکی بەردەوام لە ئارادایە ئەویش شەڕی ناسنامە و ئێرادەی گەل دژی بە کۆیلەکردن و دەستەمۆی کۆمەڵگە لە لایەن دەستەڵاتەوەیە. شەڕێکی قوڵ و ماسکدارە و هەمو دەرفەتەکان بەکار دەهێنن بۆ بە لاڕێدابردنی مرۆڤ لە ناو ئەم بازنەیەدا. بەتاڵکردنی مێشک و ئیرادە لە رێگای بێ هیوایی و نیشاندانی ئەزمونی تێکشکاو بۆ جەماوەر و هاوکات، دەستەڵات لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا خۆ بەهێز نیشاندەدات کە وەک بێ رکەبەر نیشان بدرێت.

لەم سەردەمەدا مرۆڤ و کەسایەتی روناکبیر پێویستە ئەرک و میسیۆنی مێژویی خۆی بزانێت و لە روانگەی شۆڕشگێڕیەوە بکەوێتە مەیدانی پاراستنی گەل و نیشتمان و ئازادی کۆمەڵگەکەی. شەر لە گەڵ سیستم بە سیستمی شۆڕشگێڕی بەربەرەکانی لەگەڵ دەکردرێت و بۆیە روناکبیری گەلەکەمان پێویستە بە روانگەی شۆڕشگێڕیەوە روبەڕوی داگیرکاری و پاشکەوتوکردنی کۆمەڵگە ببێتەوە، و روناکبیری شۆڕشگێر کەسایەتیەکی بوێر و ئازایە کە ئەرکی پاراستنی بەها دێمۆکڕاتیکەکانی ئازادی کۆمەڵگەی لە سەر شانە، هێز و ئیرادە و پوتانسیەڵە جیاوازەکانی روناکبیران پێویستە لە بەربەرەکانی تاک ببێتە تێکۆشانێکی بە هەرەوەزی ئیرادەمەند بۆ بەبەرەکانی لە گەل دیکتاتۆران و کۆنەپەرەستی. بەرهەمی تێکۆشانی تاک بۆ وەدەست خستنی دەستکەوتی شۆڕشگێڕی لەم سەردەمە هەستیارەدا پێویستە بە روحی شۆڕشگێڕی و بەرپرسیاریەتی بە کۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەنجامێک لە تێکۆشانی خۆیان بۆ بەرەوپێش بردنی رەوتی ئازادیخوازی بگرن.

لەم سەردەمە هەستیارەدا پێویستە روناکبیر لە شێوازی قالبی تەنگی بوچونی تاک بێتەدەر و بە روحی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی و تێگەهێشتن لە سەر ئەرکی هەستیار و مێژویی بتوانن رۆڵی پێشەنگایەتی کۆمەڵگە بگرنە دەست و بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ پاشکەوتویی و بە کۆیلەکراوی مێشک و زێهنیەتی بەشێک لە کۆمەڵگە تێکۆشانێکی بە کۆمەڵ بەم روحە شۆڕشگەڕیەوە بەرنە پێش. بە بەرپرسیاریەتی و هەستیاریەوە ببنە ئەو پێشەنگە روناکبیرە شۆڕشگێڕە کە رەوتی مێژویی نیشتمانەکەیان بە ئاقاری دڵخوازی پێشکەوتنخوازی بۆ داهاتوی نیشتمان پێشەنگایەتی بکەن و بە ئەنجامی بگەیەنن.

منبع: آلترناتیو شماره ۸۷