مێژووی “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)” بە ناونیشانی “ژیانی ئازادی گەلێک” لەلایەن “کۆمیتەى توێژینەوە مێژووییەکانی پەژاک”ەوە لە یک بەرگی ٤٠٧ لاپەڕەیدا چاپکرا. لەو کتێبەدا شیکردنەوە و وردەکاریی تەواوی بوارە مێژووییەکان، ریشەکانی دەرکەوتن و ساڵی دامەزراندن تاوەکو ٢٠١٩ی لە خۆ گرتووە.

ئەو کتێبە بە هەوڵی “ناوەندی چاپەمەنیی پەژاک” و لەلایەن “چاپخانەی گەریلا”ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکە بە گشتی لە ١٢ بەشی تێروتەسل پێکهاتووە و لە بەشەکاندا شیکاری و شرۆڤەی رووداوەکان لەسەر بنەمای مێژوونووسیی ئاپۆیی خراونەتەڕوو. مێژووی پەژاک ٣ قۆناغەی پەرەسەندن لە ساڵی دامەزراندنەوە تاوەکو ٢٠١٩ لە خۆ دەگرێت.

لە سەرەتای کتێبەکەدا پوختەیەک لەبارەى ریشەی مێژووی گەلی کورد و کوردستان لە دەورانی میزۆپۆتامیا بۆ قۆناغە جۆراجۆرەکانی شارستانی و تاوەکو سەردەمی مێژووی هاوچەرخ خراوەتەڕوو، کە ئەو کۆنترین مێژووە وەک پێش زەمینە و بەستێنی مێژوو و کولتوری شکۆمەندی نەتەوەیەک کە لەم سەردەمەدا خراوەتە ژێر چەپۆکەی سڕینەوە و لە ناوبردن.

هەروەها باس لە راپەڕینی ٣ی رەشەممەی ١٣٧٧ی هەتاوی / ٢٢ی شوباتی ١٩٩٩ لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک خاڵی وەرچەرخانی بۆ سەرەتای دامەزراندن و دەرکەوتنی پەژاک شیکار کراوە و باسیش لە پوختەیەک لە خەباتی تێکۆشانی هاوچەرخی کوردیش کراوە و دواتر قۆناغی دەرکەوتنی رێبەر ئۆجالان و پارادایمە سەرسوڕهێنەرە فەلسەفی – سیاسییەکانی تاوەکو ساڵی ٢٠٠٤ لە سەر بنەمای هەلومەرج و بارودۆخی کوردستان روون کردووەتەوە.

سێ قۆناغی بنەڕەتیی پەرەسەندنی مێژووی پەژاکیش بریتین، لە قۆناغی یەکەم لە ساڵی ٢٠٠٣ تاوەکو ٢٠١٠ ، قۆناغی دووەم، لە ساڵی ٢٠١٠ و کۆنفرانسی یەکەم تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ و هەروەها قۆناغی سێیەمی پەرەسەندنی پەژاک لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، کە بزووتنەوەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ یەکەمجار سیستم و رێکخستنبوونی خۆتایبەتی گەل و کۆمەڵگەی خستەڕوو.

بۆ وەرگرتنی پی دی فی کتێبەکە دەتوانن کلیک لێبدەن