٢٨ی گەلاوێژ و فتوای خومەینی جینایەتکار بۆ سەر کوردستان لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا دوژمنایەتی کۆنەپەرەستی و سیستمی داگیرکەری ئێران سەر کوردستان دەسەلمێنی. بە هێرشی درندانە و هەمەلایەنانە بۆ سەر خەڵکی بێ دیفاعی کوردستان ئەو راستیە دەسەلمێنێت کە گەلی ئازادیخوازی لە ژینگەی بێبەزەییانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت ئازادانە ژیان بکات. ئەوە دروست لە رۆژێکی مێژویی ئەم پەیامە بۆ گەلی کورد دەنێردرێت کە دروست لە هەمان رۆژدا لە ساڵی ١٣٣٢ ئەم پەیامە محەمەدڕەزاشای ئێران بە ئازادیخوازانی ئێرانی دا و بە سەدان کەسی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ قەتڵ و عام کران.
ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەرەوەی دو روداوی مێژویین کە لە سەر یەک رێچکە دەڕۆن و تەواوکەری یەکترن، ئەویش کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ بە دژی حکومەتی دوکتور مسەدق و رەوتی ئازادیخوازی لە ئێران کە بە پاڵپشتی زلهێزەکان بە ئەنجام گەیەندرا. دەرئەنجامی کودتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ رێگەخۆشکەربوو بۆ کۆنەپەرەستی و دیکتاتۆریەت و هاوکات تێکشکاندنی چرۆی ئازادی و دێمۆکڕاسی لە ناوچەکە. دەتوانین بڵێین بەڕێوەچونی ئەم کودەتایە لەو سەردەمدا رێگەخۆشکەری ٢٨ی گەلاوێژێکی تر و فتوا و کوشتاری گەلی ئازادیخوازی کوردستانی بەدواوە بوو. بە هاتنە سەرحکۆمداری خومەینی و ئاخوندەکان، هاوکات لە گەڵ هێرش بۆ سەر کوردستان، هەمو ئازادیخواز و شۆڕشگێڕێک لە ئێران کەوتنە بەر تەوژمی هێرشی بێڕەحمانەی هێزە نیزامیەکانی ئێران و بە هەزاران ژن و پیاو ئێعدام کران و لە زیندانەکاندا بێحورمەتیان پێکرا.
هێرشی بێ بەزەییانەی هێزەکانی نزامی ئێران بۆ سەر کوردستان و کوشتار و ئێعدامی گەنجان و تەنانەت منداڵانی کوردستان و دەست نەپاراستنیان لە کوشتار، پەیامێکی مێژویی بۆ ئازادیخوازان و گەلانی ناوچەکە و بەتایبەت گەلی کورد هێناوە کە ئازادی بە بێ پاراستن ناتوانێت بپشکوێ و لە ناو کۆمەڵگەدا پەرەبستێنێت. دەبینین بە ناوی کافر و دژی دین و خودا بە هەزاران کەس قەتڵ و عام کران و ئەوە دەیسەلمێنێت کە کردەوە قێزەونەکانی داعش درێژەدەری هەمان کردەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانن لە سەردەمی فتوای ٢٨ گەلاوێژ. بۆیە هەر ئازادیخوازێ و هەر نەتەوەیەک کە خولیای ئازادی و سەربەستیە سەرەڕای ئیرادەی پۆڵایین بۆ درێژدانی تێکۆشان بە دژی کۆنەپەرەستی و دیکتاتۆریەت، پێویستە بە هێزی بەرگری خۆی بتوانێت پاشەکشە هەم بە زێهنیەتی داگیرکەری و کۆنەپەرەستی بهێنێت هەم بتوانێت پاراستنی دەستکەوتەکانی ئازادی لە کۆمەڵگای خۆیدا بکات. بۆیە پێویستە گەلانی ئازادیخوازی ئێران بە دژی دیکتاتۆریەت و کۆنەپەرەستی هاودەنگ بن بە یەکەوە تێکۆشان بکەن بۆ گەییشتن بە ئازادی.
(مەجلسی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک
١٨ی ئابی ٢٠٢٠