سێیەمین کۆنگرەی کۆدار لە رۆژانی ٧، ٨ و ٩ مانگی مەی٢٠٢٠ کە رێکەوتە لەگەڵ١٧، ١٨ و ١٩ گوڵانی ساڵی ١٣٩٩ هەتاوی بە دروشمی ” بە رۆحی شۆڕشگێڕی گەلان، کۆمەڵگا بەڕێکخستن بکەین و کوردستان رزگار بکەین” بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. کۆنگرە لە چیاکانی کوردستان ئەنجامدرا و تێیدا تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و یاد و بیرەوری شەهیدانی رێگای ئازادی، بە تایبەت شەهیدانی پێشەنگی ئەو قۆناغە، ئارگەش کارزان، تۆڵهەڵدان سنە، رۆژهات بۆکان، دلۆڤان فەدایی و هەروەها ئیقباڵ مورادی بەرز نرخێندرا. کۆنگرە بە بەشداری ئەندامان و هەروەها نوێنەرانی دامەزراوە و کۆمیتەکانی کۆدار لە ماوەی سێ رۆژدا بەڕێوەچوو. کۆنگرە خەباتی خۆی بە نرخادن و خستنە بەر باسی کار و پراکتیکی سێ ساڵی رابردوو، واتە چۆنێتی بەڕێوەچوونی راسپاردەکانی نێوان دوو کۆنگرە دەست پێکرد. لەو چوارچێوەیەدا و بی پێی رێنموونیەکانی رێبەر ئاپۆ و شیکارییەکانی لە سەر مۆدێڕنیتەی دیمۆکراتیک گفتوکۆی بەپێز و سازدەر ئەنجامدرا. وێڕای دەربڕینی رەخنەداین سەبارەت بە کەموکووڕییەکانی دەرکەوتوو لە بەرامبەر گەلەکەمان، بە مەبەستی گەشەپێدانی خەبات و بەرزکردنی ئاستی تێکۆشان، بەرنامەی داهاتووی خەبات پێشکەش کرا. لە رەوتێکی پێداچوونەوەدا خەبات و کاری دامەزراو و کۆمیتەکان چاوخشاندنی پێدا کراوە و بۆ کاراکردنیان شرۆڤە و شیکاری پێویست ئەنجامدرا و بەرنامەی خەباتیان بۆ داڕێژرا. کۆنگرە شورای رێوەبەری کە لە ١٨ کەس پێکدێت هەڵبژارد و بە زۆرینەی دەنگ هەڤاڵ فواد بێریتان و هەڤاڵ گوڵان فەهیم وەک هاوسەرۆک ئەرکدار کران.
بەڕێوچوونی کۆنگرە لە رۆژانی بەرەو نۆزدەی گوڵان خاوەن واتایەکی تایبەتە و دووبارە کردنەوەی بەڵێن و پەیمانمانە لە تەک شەهیدانی بەرخۆدانی زیندان، فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، علی حەیدەریان، شیرین عەلەمهوولی و هەموو شەهیدانی رێگای ئەو گۆڕەپانە. کۆنگرە وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئەو شەهیدانە، جەختی کردەوە لەسەر درێژەپیدانی رێگای ئەوان و بە سازدانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک لەسەر بنەمای ئەو نرخ و بەهایانەی لە دەرئەنجامی خۆڕاگریانەدا ئافرێندراوە. کۆنگرە سەبارەت بە هەلومەرج و دۆخی زیندانیانی سیاسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، گفتوگۆ و باسی کرد و پەرەپێدانی فەرهەنگی بەرخۆدانی زیندانی وەک مەرجی سەرەکی پاراستنی دەسکەوتەکانی شەهیدان لەو سەنگەرەدا دەستنیشان کرد. هەروەها کۆنگرە بە پێویستی دەزانێ بۆ پەرەپێدانی رۆحیەی هەرەوەزی و هاوکاری کۆمەڵایەتی، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا سەبارەت بە خاوەندارێتی لە زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان بەرپرسیارانە هەلسوکەوت بکەن و سیاسەتی شەڕی بەردەوام و هەمیشەیی لەبەرامبەر کۆمەڵگا شکست پێبهێنن. کۆنگرەکەمان بە پێداگری لەسەر یەکگرتوویی و تۆکمەیی کۆمەڵگا بە پشت بەستن بە نرخ و دەسکەوت و سەرمایە کۆمەڵایەتیەکان و بانگەوازی لە هەموان بۆ پەرەپێدان و بەسازی کردنی ئەو پاشەکەوت و خەزێنە بەنرخانەی هەبوونی کۆمەڵگا، یادی شەهیدانی پارێزەری ژینگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، شەریف باجوەر و هاوڕێیانی، شەهیدانی سەرهەڵدانەکانی سەرماوەز و گیانبهختکراوانی گۆڕەپانی سڵامەت و تەندروستی کۆمەڵگا واتە ئەو بەڕێزانەی لە بەربەرەکانێ لەتەک پەتای کۆرۆنا گیانیان بەخت کردووە، بەرز راگرت.
کۆنگرە دۆخی سیاسی لە ئاستی ناونەتەوەیی و هەرێمی خستە بەر باس و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە روانگەی پاڕادایمیەوە و لە سۆنگەی جیاوازەوە نرخاند. بەو پێیە؛ لە دۆخێکدا کە هەرێمکە بووەتە گۆڕەپانی شەڕی جیهانی سێیەم و پەرگالی نیۆلیبڕاڵ، قۆناغێکی نوێی لە داگیرکاری لە ئاستی جیهان و هەرێمەکەدا وەڕێخستووە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری کۆمەڵێ گۆڕانکاری خێرا و هەمەلایەنە بووەتەوە. دۆخی ئێستاکە لە بواری سیاسی و سەربازییەوە زۆر وەک دەورانی شەڕی یەکەمی جیهانی دەچێت، کە ئەو کاتە پەرگالی جیهانی بە شوێن داڕشتنی نەزمی دەوڵەت- نەتەوە وەک جێگرەوەی رژیمە ئیمپراتۆریەکان بوو. بەڵام لە قۆناغی ئێستادا پەرگالی جیهانی هەمان دیزاینی کۆن وەک گەورەترین ئاستەنگ و لەمپەر دەبینێ بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی لە چوارچێوەی بەرفراوانی کردنی بازاڕی ئازاد و پیاسەی سەرمایەی رەهادا. بۆیەش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بووەتە گۆڕستانی پرۆژەکانی رۆژئاوا و هێشتاش خۆڕاگری دەکات، کراوە بە گێژاوی جەنگ. سەرەڕای شەڕی نوێنەرایەتی و راستەوخۆی هەموو هێزەکانی دەرگیر لە جەنگدا و تێچووی یەکجار زۆری ئێنسانی و لەناوچوونی ژێرخانەکانی هەبوون و ژیانی گەلان، بە هیچ شێوازێک مۆدێل یا پرۆژەیەکی سەرکەوتوو، چارەسەرساز و گشتگیر بەدی ناکرێت. شیاوی باسە کە رژێمەکانی هەرێمی لەمێژە کە دووچاری چەقبەستوویی و ناکارامەیی بوونەتەوە. پێویستە بزانین کە ئەو رژێمانە دەسکردی هەمان پەرگالی جیهانین و بە هیچ شێوەیەک لە لایەن گەلانی هەرێمەکەوە پەسەند نەکراون و پشتیوانیان لێناکرێت. هێزە هەرێمی و جیهانیەکان بە شوێن ئەوەدا دەگەڕێن کە لە ناڕەزایی و تێکۆشانی گەلان و خەڵکی هەرێمەکە بە بەرژەوەندی خۆیان سوود وەرگرن و خڵەتێنەرانە ئیدعای پێشتیوانی و یارمەتیدانی گەلانیان هەیە. لە هەمان کاتدا، حوکمەتە هەرێمیەکانیش هەمان ئیدعا بە شێوەیەکیتر دەردەبڕن و خۆیان بە پارێزەر و پاڵپشت دەزانن لە مەر پاراستنی کیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکەکەیان لە بەرامبەر هێرشەکانی رۆژئاوا. لە نێوانەدا جێگەی بەتاڵی پرۆژەیەک لە خواست و ئاوات و پێداویستیەکانی گەلان لەخۆ بگرێ هەستی پێدەکرێ.
کۆنگرە وێڕای ئاماژە بەوەی کە دۆخی باسکراو، سەبارەت بە ڕژێمی ئێران هەڵگری هەمان راستیە لەو بڕوایەدایە کە؛ ماوەی چڵ ساڵ بەسەر ناکارامەیی رژێم تێدەپەڕێت و پەرگالی ڕژێمی ئێران لە هەموو بوارکانی پێکهاتەیی، رێکخراوی، سیاسەتدانان و بڕیاروەرگرتن، رێوەبەری، بەرهەمهێنان و گوفتمانیدا دووچاری پێری و پووکانەوەیە. لە هەموو گۆڕەپانەکاندا رووی لە دروشمگەرایی کردووە. پێویستی گۆڕانکاری بە روونی خۆی دەنوێنێ. لەیەک ترازانێکی هەمەلایەنە دەبینین لە مابەینی گەل و دەسەڵات یا خود خەڵک و حاکمییەتدا. چینە کۆمەڵایەتیە نوێیەکان کە دەرکەوتووی گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان، بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری، بەرفراوان بوونی پێوەندییە جیهانیەکان و پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیان، بووەتە هۆی وەدیهاتنی داخوازی و خواستی نوێ و جیاواز لە ئاستی گشتی کۆمەڵگادا کە رژیم بەو ئاستە موحافزەکارییەی کە هەیەتی، توانایی وەڵامدانەوەی نییە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی درز و شکستەکانی پیکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا بەرچاوتر ببن. دەبێ کە لەبەر نەبوونی یەکوتاری و رێوەبەرییەکی یەکگرتوو و یەکڕیزی لە نێوان دژبەرانی ڕژێمی ئێراندا پەڕاوێزێکی ئەمنی ناسەقامگیر بۆ ئێران ساز ببێ، بەڵام بەردەوامی ئەو رەوتە، تەنانەت لە دۆخی ئێستادا بۆ رژیم لە هەموو کاتێ دژوارتر بۆتەوە.
بزووتنەوی ئاپۆیی بە تێکەیشتن لەو راستیە و بەهرەمەندی لە ئەندێشە و فەلسەفەی قووڵی رێبەر ئاپۆ، هێڵی سێیەمی تێکۆشان و رێکخستنی کە بریتیە لە جێگرتن لە بەرەی گەلان و دووری لە جەمسەرەکانی هێز و دەسەڵاتی وەک ستراتژی هەڵبژاردووە. بۆ ئەو مەبەستە بە پێشکەش کردنی فۆڕمێکی نوێ لە رێکخستنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لەسەر بنەمای گشتیەتی زهنییەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە بنەما وەرگرتنی پێکەوەژیانی گەلان و لەسەر خەتی بەرخۆدانی مێژوویی لە چوارچێوەی کۆنفێدڕاڵیسمی دیموکراتیکی گەلان، نوێنەرایەتی هێڵێ سێیەمی وەئەستۆ گرتووە. رێکخستنی کۆدار بە بەهرەمەندی لەو زانست و هۆشمەندێ سیاسی و کۆمەڵایەتیە بۆ چارەسەری پرسە کەڵەکەبووەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوی ناوەتە مەیدانی خەباتەوە. کۆدار وێڕای شیکاری هەمەلایەنەی هەلومەرجەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئاگاداری لە نیاز و داخوازییەکانی مێژوویی و نوێی دەرکەوتوو لە هەلومەرجەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی تازە، پێداگرانە لە ناو خەبات و تێکۆشاندایە. لەسەر ئەو بنەمایە دەستی داوەتە بەڕێکخستنکردنی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو جیاوازییەکان لەخۆ دەگرێت. کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تێکۆشانێکی بەردەوام و هەموولایەنە خوازیاری ئەوەیە کە کۆنفدڕاڵیسمی دیمۆکراتیک و نەتەوەی دیمۆکراتیک بکاتە وتاری سەرەکی لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا. بێگومان ئەو مۆدێلە سەرەڕای هەموو هێرشەکانی ئەنجامدراو لە لایەن هێزەکانی جیهانی و هەرێمیەوە، توانا و کارامەیی خۆی لە دژوارترین دۆخەکاندا نیشان داوە و دەتوانێ زەمینەخۆشکەری ئاشتەواییەکی هەمیشەیی لە نێوان جیاوازییەکان و لایەنەکانی روژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستاندا بێ.
سێیەمین کۆنگرەی کۆدار بە شیکاری ئەو مژارانەی باسکراو و بۆ وەدەستخستنی ئامانجەکانی گەلەکەمان ئەو بابەتانەی لە ژێرەوە دیار کراون پێشکەش دەکات؛
١- کۆدار بۆ تێکشکاندنی سیاسەتی گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ، بونیادنەری پەرگالی کۆنفدڕاڵیسمی دیموکراتیک و ئازادی لە بەندی زیندانی ئیمراڵی، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ و هەموو هەوڵ و توانای رێکخستنی و پراکتیکی خۆی بۆ ئەو مەبەستە بەکار دەهێنێ. هاوتەریب لەگەڵ ئەو تێکۆشانانە بە مەبەستی پەرەپێدان و بەسازی کردنی رامان و ئەندێشەی رێبەر ئاپۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا تێکۆشانی خۆی بەرفراوان دەکاتەوە.
٢- کۆدار لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تێپەڕاندنی پەرگالی دەوڵەت- نەتەوە بە مەبەستی دانانی سیستەمی کۆنفێدڕاڵیسمی دیمۆکراتیک گەلان، لە بەردەوامی خەباتی رابردوویدا، کار دەکا بۆ گەشەدانی کار و تێکۆشانەکانی لە چوارچێوەی خۆڕێوەبەری و لە هەموو گۆڕەپانەکانی کۆمەڵایەتیدا. سەبارەت بە ڕێکخستن کردنی هەموو تاک و چێنەکانی کۆمەڵگا بە شێوازێکی تایبەتیانە بۆ پاراستنی نرخ و دەسکەوتەکانی کودار بەرپرسانە کار دەکا. پێکهێنانی بەرەی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران بۆ گەشەپێدانی پێوەندییەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەتەک گەلانی بەلووچ، ئازەری، عەرەب، تورکەمەن و گەلانی دیکەی ئێران و نەتەوەکانی جیاواز و هێزە دیمۆکراتیکەکان بە کاری سەرەکی خۆی دەزانێ.
٣- کۆدار بۆ بونیادنانی هاوژیانی ئازاد، لە بەرامبەر هەر جۆرە رەگەزپارێزی کۆمەڵایەتی، نەریتە پاشکەوتووەکان و یاساکانی پیاوسالاری کە ژنان دەچەوسێنێتەوە تێکۆشان دەکا و بۆ ئەو مەبەستە لە پەرگالی خۆڕێوەبەریدا، بەشداری هاوشێوە و چالاکانەی ژنان بە بنەما دەگرێ.
٤- بە تێگەیشتن لەو خاڵەی کە لەناوچوونی زمان و فەرهەنگ بەستێنی لەناوچوونی گەلان دروست دەکات، بۆ وەدیهێنانی زەمینی هەڵدان و گەشەکردن و پێوەندی فەرهەنگی لە نێوان جیاوازییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە مەبەستی چالاککردنیان و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی سازدەر و بەرهەمهێن، ئەوپەڕی هەوڵدانی خۆی دەکات. لەبەر ئەوە هەموان بانگهێشت دەکات بۆ پەروەردە و راهێنان لەسەر بنەمای زمان و فەرهەنگی دایکی.
٥- ئایین و باوەڕییەکانی هەر کۆمەڵگایەک ستوون و کۆڵەکەی دونیای مانەوی ئەو کۆمەڵگایەن، کە دەبێ لەمەڕ تەندروستی و پاکی رۆحی و دەروونی پارێزوانیان لێبکرێ. ئایین و باوەڕییەکان بەردەوام لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە وەک ئامێری رەواییپێدان و چەوساندنەوە بەکارهێندراون. کۆدار وێڕای رەتکردنەوەی ئەو چەمکە کە مانەویاتی خەلک بە خراپ بەکار دەهێنێ، لەگەڵ ئەو لەڕێلادانە بەربەرەکانێ دەکا و خوازیاری دانیشتن و گفتوگۆی ئایینە جیاوازەکانە و بەستێنی ئەو لەیەک تێگەیشتن و وتووێژە ساز دەکا.
٦- بە دروشمی “هیچ گەنجێ نابێت بێ پەروەردە و رێکخستن بمێنێ”، سەرنجی هەرکەس بۆ پێشەنگایەتی جوانان لە تێکۆشانی گەلدا رادەکێشێ. رۆڵی ئەوان لە هەڵدان، گەشە و ژیاندنەوەی بەردەوامی کۆمەڵگا و پێشخستنیدا بەرجەستە دەکا و زمینەی چالاکی پێویست بۆ گەنجان فەراهەم دەکا تا بە شێوازێکی هەمەلایەنە بەشداری خەبات ببن.
٧- رژیمی ئێران مادەی هۆشبەر، لەشفرۆشی، بەسیج، بێکاری ، … وەک ئامێری شەڕی تایبەت بەکار دەهێنێ. کۆدار بۆ بەربەرەکانێ لەتەک ئەو دۆخە و بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی تەندروست و خاوێن، هەڵدەستێ بە رێکخستنکردنی کۆمەڵگا بە شێوازێکی خۆڕێوەبەر بۆ پێشگیری لە بە فێڕۆچوونی سەرمایە کۆمەڵایەتیەکان.
٨- سیاسەتەکانی ئابووری نیولیبڕاڵی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە هۆی بێکاری و کارەساتی لێدەکەوێتەوە و هەر رۆژ لە چێنەکانی خەسارهەڵگری کۆمەڵگا وەک کۆڵبەران قوربانی دەگرێ، کۆدار بە بنەما گرتنی ئابووری کۆمەڵایەتی تێکۆشان دەکا کە گۆڕەپانی ئابووری لە قۆرغی دەسەڵات دەرخا. لەو چوارچێوەیەدا بە کەلک وەرگرتن لە وزە و پوتانسیەڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، جەخت دەکاتەوە لەسەر دەمەزراندنی ئابووری کۆمەڵایەتی و هەوڵدان دەکا بۆ رێکخستن کردنی.
٩- کۆدار بە تێگەیشتن لە کارەساتی ئێکۆلۆژیک کە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بۆ رێکخستن کردن و دروست کردنی یەکگرتوویی لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا لەسەر بنەمای کۆمەڵگای ژینگەیی، تێکۆشان دەکا بەرپەرچی سیاسەتە دژە ژینگەیی ئێران بداتەوە کە بۆتە هۆی لەناوچوونی زاگرۆس و زاگرۆسنشینان. لە چوارچێوەی بڕەوپێدانی فەرهەنگی وڵاتپارێزی و پێوەندی دووبارەی مرۆڤ و ژینەوار، هەروەها خاوەندارێتی لە رەنج و خەباتی تێکۆشەرانی ئەو گۆڕەپانە؛ ساڵرۆژی شەهادەتی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی(٣ی خەرمانان) وەک رۆژی پاراستنی ژینگە رادەگەیەنێ.
١٠- پاراستنی نرخەکانی کۆمەڵایەتی و مرۆیی ئەرکی هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەزانین. بە دوور لە روانگەیی ئەڕتەشسالاری لەسەر ئەو بڕوایەن کە کۆمەڵگا پێویستە بە شێوازی خۆبەخش و لە چوارچێوەی رێکخستنی سەربەخۆ و تایبەتیانە، خۆی بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژی ئامادە بکا. کۆدار بۆ ئەو مەبەستە پەروەردەی کۆمەڵگا بەبنەما دەگرێ.
١١- کۆدار بۆ بەکارهێنانی هەموو دەرفەت و ئیمکانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامانجی دامەزراندنی پەرگالی خۆڕێوەبەری، ئامادەی دانوستاندن و هاوکارییە لەتەک هەموو حیزبە ئازادیخوازەکان و تەڤگەرە مەدەنی و سیاسیەکانی ئەو بەشە لە کوردستان. لەو چوارچێوەیەدا پێشوازی لە هەرجۆرە هاوکاری دەکا و بەستێنی بۆ فەراهەم دێنێ.
کۆدار بە مەبەستی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک و ئازاد، بەو هێز و ورە و مانەویاتەی لەو کۆنگرەیە وەریگرتووە بۆ بەرفراوان کردن و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی پێکەوەژیانی گەلان و جیاوزییە کۆمەڵایەتیەکان تێکۆشانەکانی خۆی درێژەپێدەدا. جارێکیتر وێڕای دەربڕینی رەخنەداین سەبارەت بە هەموو لاوازی و ئەو کەم و کورتیانەی دەرکەوتووە لە پێش گەلەکەمان، هەوڵدەدەین کە تۆکمەتر و چالاکتر و بێهەڵەتر هەنگاو بەرەو دامەزراندنی خۆڕێوەبەری دیمۆکراتیک هەڵگرین. بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی کۆنگرەکەمان لە رێبەر ئاپۆ، شەهیدانی رێگای ئازادی، زیندانیانی سیاسی، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، گەلی کوردی وڵاتپارێز و هەموو ئازادیخوازان و شوێنکەوتوانی حەقیقەت پیرۆز دەکەین. هەروەها بۆ بونیادنانی پەرگالی خۆڕێوەبەری دیمۆکراتیک کە نیازێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بنەڕەتی و بەڕۆژە، لە هەموو جیاوازییەکان، بزاڤەکان، رێکخراوە مەدەنی و نوێنەرانی چالاکی مامۆستایان، بازاریان، ژنان، جوانان، بڕواپێکراوان و خاوەنئەزموونەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، رێبەرانی دینی و ئایینزایی، چالاکانی مافی مرۆڤ، هونەرمەندان، رۆشنبیران و هەموو ئەو کەسانەی کە دڵەڕاوکەی جیهانێکی باشتر و ژیانێکی تەندروستتریان هەیە بۆ تێکۆشانێکی هاوبەش دەعوەت دەکەین.
بژی سەرۆک ئاپۆ
بژی یەکگرتوویی دیموکراتیکی گەلان
بژی یەکسانی، ئازادی و دیموکراسی
سڵاو و رێزی شۆڕشگێڕی
١٧\٨\٢٠٢٠
کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار)