کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار) بە دروشمی بە رۆحی شۆڕشگێڕی گەڵان، کۆمەڵگا بەڕێکخستن بکەین و کوردستان رزگار بکەین لە٨،٧و٩ی گوڵانی ٢٠٢٠دا لە چیا ئازادەکانی کوردستان کۆنگرەی سێیەمی پێکهێنا. بە هەڵبژاردنی لیژنەی بەڕێوەبەری کۆنگرە و رێزگرتن بۆ بیرەوەری شەهیدانی شۆڕش؛ کۆنگرە دەستی پێکرد. لە دوای ئەوەی کە لە لایەن لیژنەی کۆنگرەوە بەشدارانی کۆنگرە سڵاو کران، هاوسەرۆکی کۆدار فواد بێریتان وتاری سەرەتای پێشکەش کرد. فواد بێریتان وەها دەستی بە وتارەکەی کرد:” لە سەرەتادا سڵاوی خۆمان ئاراستەی بونیادنەری ژیانی ئازاد رێبەر ئاپۆ کە لە ئیمرالی خۆڕاگری دەکات، هەموو هەڤاڵانمان کە لە چیاکانی کوردستان تێکۆشان دەکەن، گەلی نیشتمان‌پەروەرمان و تەواوی شۆڕشگێڕان و دیموکراسی‌خوازان کە لە زیندانەکان خۆڕاگری دەکەن؛ دەکەین.”

 

هاوسەرۆکی کۆدار فواد بێریتان لە درێژەی وتارەکەی‌دا بەمشێوەیە سەرنجی راکێشا سەر هێندێک بابەتان:” ئێمە ئەمڕۆکە لێرە کۆبوونەوەی مێژووی پێکدێنین. وەڵامێکی مەزن دەدرێت بە دۆست و دوژمنیش. ئێمە کۆنگرەکەمان لە قۆناغێک‌دا کە نیشتمانەکەمان لە هەر لایەکەوە داگیر دەکرێت، زەخت و گوشارەکان تێیدا زیاد دەبێت، ئازادی لە دەستمان دەستێندرێت، بن پێکردنی مافی مرۆڤان بێ سنوور بووە و لە دۆخێکدا کە رۆژانە ژنان قەتڵ‌دەکرێن، پێکهێنا. هەر کە دەچێت هەژاری و گەندەڵی قووڵ‌تر دەبێت. توندوتیژی و قڕکردن لەسەر ژنان رووی لە زۆربوون کردووە. گەنجان دەستبەسەر دەکرێن و دەخرێنە نێو گرتووخانەکان و لە شەقامەکان‌دا لە سێدارە دەدرێن. لە سەدەی ٢١دا گەلی کورد بە نەبوو لە قەڵەم دەدرێت. کێشە کۆمەڵایەتییەکان ئیدی وەردەچەرخێنە سەر تەنگەژە، ئابووری وڵاتان هاتۆتە ئاستی لەناوچوون بەڵام، ئێمە جارێکی‌تر دەڵێین کە ئێمە نیشانی هەرکەس دەدەین کە ئەو زیهنییەت و سیاسەتە قڕکەرە کە بەسەر گەل‌دا دەسەپێندرێت، چارەنووس نییە. لە بنەمادا بەڵێنی ئازادی، دیموکراسی و یەکسانیمان کە بە گەلەکەمان دابوو، دووپات دەکەینەوە؛ بە بڕیاردارییەکی گرنگ کە لە کۆنگرەکەمان پێی بگەین و بە گوێرەی ئەوە بە پیلانسازییەک کە لە ئەنجامی کۆنگرەکەمان دەرکەوێت، وڵامی پێویست بە دۆست و دوژمن دەدەین.”

 

راپۆڕتی کار و خەباتێک کە لە لایەن هاوسەرۆکانی کۆدارەوە ئامادە کرابوو، لە دوای وتاری سەرەتاییەوە خوێندرایەوە. لە دوای خوێندنی راپۆڕتەکەش هەڵسەنگاندن سەبارەت بە پێشکەوتنە سیاسی و لەشکەرییەکان کرا و لەم هەڵسەنگاندنانەدا ئاماژە بەم مژارانە کرا:” لە هەل‌ومەرجی ناوچەکەدا کە وەرچەرخێنراوەتە سەر ناوەندی شەڕی جیهانی سێیەمین‌ کە سیستەمی نیۆلیبەراڵیزم لە ناوچەکە و جیهان‌دا لەگەڵ خۆی شەپۆلێکی نوێی داگیرکاری دەستپێکردووە، شاهیدی پێشکەوتنی هەمەلایەنە و خێرا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌دا دەبین. هەل‌ومەرجی ئێستا لە زۆر لایەنەوە وەکوو هەل‌ومەرجی شەڕی جیهانی یەکەمینە. لەو هەل‌ومەرجانەدا سیستەمی جیهانی هەوڵیدەدا لە دژی سیستەمی ئیمپڕاتۆرییان، سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە پێشخات. بەڵام، لە رۆژگاری ئەمڕۆمان‌دا سیستەمی جیهانی، ئەو سیستەمەی دەوڵەت-نەتەوە کە بۆخۆی ئاوای کردووە لە پێش بەرژەوەندییەکانی وەکوو ئاستەنگییەک دەبینێت. لەم سۆنگەشەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بۆتە گۆڕستانی پڕۆژەکانی رۆژئاوا و هێشتاش لە نێو خۆڕاگرییەک‌دایە، جارێکی‌تر لە لایەن ئەو سیستمەوە کەوتۆتە نێو قەیران و ئاڵۆزی.

شەڕگەلێک کە روودەدەن وەک ئەوەی کە لە ناوچە دەدیترێن، لە ئێرانیش بە هەر واتایەکییەوە بۆتە هۆی هەڵوەشاندنەوە. ئەو نەتەوەپەرەستانە، ئایین‌پەرەستانە و رەگەزپەرەستانەی لە جیهان و ناوچەکە پێشدەخرێن و پرۆپاگەندایان لەسەر دەکرێت، لەگەڵ راستی گەلی ئێران تەبا نییە، لە لایەن کۆمەڵگاکانەوە پەسەند ناکرێت و بۆ ئەمەشە کە هەڵدەوەشێن. لە راستی‌دا رێگایەکی تاقانە هەیە کە بۆ گەلانی ئێران دەبێتە هێمای ژیانێکی بێ دەوڵەت-نەتەوە و رووناکی، هیوا، ئازادی، یەکسانی و دیموکراسی پێشدەخات، ئەویش پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە.”

 

لە رۆژی دویەمینی کۆنگرەدا ئەنجامی کار و خەباتی سێ ساڵان، خەباتی ئاواکردنی کۆمەڵگا و دۆخی کۆمەیتەکان هەڵسەنگێندران. لە ئەنجامی هەڵسەنگاندن‌گەلێک‌ کە لەم چوارچێوەیەدا کران، را و بۆچونی بەمشێوەیە دەرکەوتن:

 

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رێگای تاقانە سیستەمی دیموکراتیک و کۆنفێدڕاڵە

 

” ئێران ناوەندێکی رەنگینی گەلانە. ئەو سیستەمەی ئێستا لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و ئازادی رەگەزییەوە هەموو کۆمەڵگای خستۆتە نێو زەخت و گوشارەوە. بڕوای هەر کۆمەڵگایەک، بنگەی جیهانی بژۆنی(مەعنەوی) ئەو کۆمەڵگایە ئاوادەکات. رژێمی ئێران بڕوا و ئایین و زمان و کلتووری کۆمەڵگا بەردەوام وەکوو ئامرازێک بۆ رەوایەت بەخشین بە دەسەڵاتداری سیاسی خۆی بەکار دێنێت. ئێمە بە تێکۆشانێک کە بەڕێوەی دەبەین، بە بوها نوێیەکانی کۆمەڵگا کە سەرلەنوێ ئاوا دەکرێنەوە دەبین بە ئاواکەری کۆمەڵگایەکی ئازاد. پێشخستنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک پێش هەر شتێک بە ئاواکردنی سیستەمی رێوەبەری خۆسەرەوە مومکین دەبێت. بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکان بتوانن بۆخۆیان خۆیان بەڕێوەببەن پێویستە پەیوەندییان لەگەڵ حیزبە یەکسان و دیموکراتیکەکان، رێکخستن و رێکخراوە مەدەنییەکان بە بنەما وەربگیردرێن و پێشخستن و گەورەکردنی تێکۆشان لەسەر بنەمای یەکێتی هێزی هاوبەش، مەرجە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رێگای تاقانە، سیستەمی کۆنفێدڕاڵی دیموکراتیکە کە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە تێپەڕ دەکات و بۆ تەواوی کۆمەڵگاکان ژیانێکی ئەلتەرناتیڤ پێشکەش دەکات. لەم سۆنگەیەوە پێویستە لە سەرجەم گۆڕەپانەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی دا خەباتی پاراستنی گەوهەریمان بە شێوەیەکی بەهێزتر بەڕێوەببەین. ئەگەر خۆسەری دیموکراتیک لە ئێران پێشکەوێت نەتەنیا گەلی کورد هەروەها گەلانی بەلوچ، عەڕەب، تورکمەن، فارس و ئازەر و هەموو ئەندام و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بە بوها گەوهەرییەکانیانەوە لە دەوری یەکدی کۆدەکاتەوە و دەیانگەیێنێتە ماف و ئازادی بنگەییان.”

 

رژێمی ئێران گۆڕەپانی ئابووری وەرچەرخاندۆتە سەر دەرگای بەرژەوەندییەکانی

 

بابەتێکی گرنگی‌تر کە لە کۆنگرەدا وتووێژی لەسەر کرا بابەتی کۆڵبەران بوو کە برینی ساڕێژ نەکراوی رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە کۆنگرەدا سەبارەت بە کۆڵبەران ئەم هەڵسەنگاندنانە کران:” رژێمی ئێران گۆڕەپانی ئابووری بە داگیرکاری و تاڵان کردۆتە دەرگای بەرژەوەندییەکانی. لەگەڵ بێکارییەک  کە رۆژانە روو لە زۆربوون دەکات، ژمارەی کەسانێک کە دەرەتانی ژیانیان لاواز و فەقیر و هەژار دەبن، زۆرتر دەبێت. وەک ئەوەی بێ هەڵوێست مانەوەی رژێمی ئێران لە بەرامبەر بەم دۆخە تێرکەر نەبێت، بە خاوەن ریکۆڕد بوونی لە بابەتی گەندەڵیدا، وەکوو نەخۆشییەک بڵاوبوونەوەی خۆی لەسەر کۆمەڵگا بەردەوام دەکات. گەلێک کە بە هۆی سیاسەتەکانی رژێم هەر رۆژ بەرەو کارەسات دەچێت، بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانی بدات روو لە هەر رێگایەک دەکات. لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە رووی ناچارییەوە سەرەڕای هەموو زۆر و زەحمەتییەک روو لە سنوورەکان دەکەن و بۆ ئەوەی بتوانن پارویەک نان ببەنەوە ماڵەکانیان کۆڵبەری دەکەن. سەرەتا کۆڵبەران و دواتر تەواوی گەلانی ئێران بوونە قوربانی هەڵەکانی رژێم. بۆ پێشخستنی ئابووری کۆمیناڵ یاخود کۆمەڵگایەک لە دژی ئەو سیاسەتە نیۆلیبرالیستییانە پێویستە خۆمان لە هەموو گۆڕەپانەکانی کۆمەڵگادا بەرێکخستن و پەروەردە بکەین.

 

لە کۆنگرەدا دۆخی گیراوانی سیاسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بووە بابەتی هەڵسەنگاندن. بە گرینگییەکەوە کە ئەوان بە کلتووری خۆڕاگری خۆیان بەرەی تێکۆشانیان پاراستووە وەها گووترا:” بە رۆحێکی کۆلەکتیڤ و رۆحی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییەوە پێویستە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا بە زانابوونێکی بەرزی بەرپرسیارێتی خاوەندارێتی لە گیراوانی سیاسی و بنەماڵەکانیان بکرێت.”

 

رۆژی ژینگەپارێزی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

 

لە کۆنگرەدا شەریف باجوەر و هاوڕێیانی کە گیانیان بۆ پاراستنی ژینگە فیداکرد، رەنجدەرانی تەندروستی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژیانیان لەدەست دا و کەسانێک کە لە سەرهەڵدانی مانگی خەزەڵوەر گیانیان لە دەستدا، وەکوو قارەمانانی گەل پێناسە کران و بەم شێوەیە باسیان لێکرا:” قەتڵ‌کردن، گرتن و ئەشکەنجە کردنی بەسەدان کەسان کە لە راپەڕینەکانی مانگی خەزەڵوەردا پێکهاتن، تووڕەیی گەلی چەند بەرابەر زیاتر کرد. لە بەرامبەر کردەوەکانی رژێم کە کۆمەڵگای بە رێگەی برسی‌بوونەوە خستۆتە ژێر دەستی خۆی، مێلیتاریزەیان دەکات و لە رەوشتی کۆمەڵگا دووریان دەخاتەوە و لە بەرامبەر زۆربوونی گەندەڵی و دزی هەرکە دەچێت لە نێو مۆرەکانی رژێم‌دا پەرە دەستێنێت، گەل هاتە سەر شەقامەکان و سەرهەڵدانی کرد. یەکێتی کۆمەڵگا کە لە نێوان گەلانی ئێران‌دا هەیە، شایانی رێزە.

لە قۆناغی ڤایرۆسی کۆرۆنادا دەوڵەت کۆمەڵگای رادەستی مردن کرد. سەرەڕای ئەم هەڵوێستەی دەوڵەت دیسانەوە کادیرانی تەندروستی بوون بە فیداییانی جل سپی گەل، بە شەو و رۆژان لە گیانیان مایەیان دانا و بۆ جێگیرکردنی تەندروستی کۆمەڵگا کاریان کرد. هەروەها تێکۆشانی پاراستنی ژینگە لە لایەن گەلی نیشتمان‌پەروەرەوە لە بەرامبەر بە سیاسەتە لەناوبەرەکانی رژێمی ئێران بە تایبەت سووتاندن و لەناوبردنی سروشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر بوهادارە. راستییەکی گەلەکەمان کە لەم رێگایەدا قوربانی داوە، هەیە. لەم سۆنگەیەشەوە کۆنگرەکەمان ٣ی خەرمانان کە رێکەوتی شەهادەتی شەریف باجوەر و هاوڕێیانییەتی، بۆ وەبیرهێنانەوەی بیرەوەری ئەوان وەکوو‘رۆژی ژینگەپارێزی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران’ پەسەند دەکات.”

 

لە کۆنگرەدا بۆ پێشخستن و بەرفراوان‌کردنی کار و خەبات کۆمیتەکان هەڵسەنگێندران. بە دیارکردنی رێگا و رێبازانەوە سەبارەت بە قۆناغی نوێی کار و خەباتیش پیلانسازی نوێ کرا و بڕیاری نوێ گیران.

 

گوڵان فەهیم و فواد بێریتان وەکوو هاوسەرۆکانی کۆدار هەڵبژێردران

 

بە گوێرەی ئەنجام‌گەلێک کە لە سەندوقەکانی هەڵبژاردن دەرکەوتن، فواد بێریتان و گوڵان فەهیم وەکوو هاوسەرۆکانی نوێی کۆدار هەڵبژێردران. لە کۆنگرەی سێیەمین‌دا فواد بێریتان دیسانەوە وەکوو هاوسەرۆک هەڵبژێردرا و زیلان تانیا کە دوو خول هاوسەرۆکی کۆدار بوو، ئەرکەکەی سپارد بە گوڵان فەهیم کە نوێ هەڵبژێردرابوو.

 

کۆنسەی رێوەبەری نوێی کۆدار هەڵبژێردرا

 

لە دوای ئەوەی کە هاوسەرۆک هەڵبژێردران، لیستێک کە هاوسەرۆکەکان بۆ کۆنسەی رێوەبەری ئامادەیان کردبوو، بۆ دەنگدان پێشکەشی ئەندامانی کۆنگرە کرا. ١٨ کەس کە لە کۆنگرەدا لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەوە بەدەنگی هەرە زۆر هەڵبژێردران، بوون بە کۆنسەی رێوەبەری نوێی کۆدار.

 

ئەوانەی کە هەوڵیان‌دا هەبوونمان لەناو ببەن، ئەمڕۆکە بۆخۆیان رووبەڕووی لەناوچوونن

 

هاوسەرۆکی نوێی کۆدار گوڵان فەهیم لەدوای تەواو بوونی هەڵبژاردنەکان وتاری کۆتایی کۆنگرەی پێشکەش‌کرد. فەهیم بە سڵاو کردنی کۆنگرە و هیوای سەرکەوتن بۆ رێوەبەری‌گەلێک کە نوێ هەڵبژێردران بەمشێوەیە دوا:” کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان لە هەر قوژبنێکی جیهان لەنێو خۆڕاگرییەک دان. کۆدار خاوەن میراتێکی زۆر قووڵی مێژووی تێکۆشانە. رۆژهەڵاتی کوردستان کە سەرەتا لە کوردستان دایانبڕی ئەمڕۆکە خۆڕاگری سەدە بەردەوام دەکات. کۆدار سەرەتاش بوو و لەوە بەدواوەش دەبێتە دەنگی هەموو کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەراسەری جیهان و هەموو بندەستان. ئەوانەی کە هەوڵیان‌دا هەبوون، زمان و کلتوورمان قەدەغە و لەناوببەن، ئەمڕۆکە بۆخۆیان رووبەڕووی لەناوچوونن.”

گوڵان فەهیم لە کۆتایی قسەکانی‌دا وتی:” بەو هێزە کە لەکۆنگرە گرتمان و بە خاوەندارێتی کردن لەو ئەرک و رۆڵەی پێمان‌دراوە، بە بەرپرسیاریەتییەکانمان، تێکۆشانمان بەرزتر دەکەین. لەسەر ئەو بنەمایەش کۆنگرەکەمان سەرەتا لە رێبەر ئاپۆ، هەموو ئەو شەهیدانەی کە بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی رێبازەکەمان گیانیان بەخت کرد و بنەماڵەکانیان، لە هەموو ئەو گەنجانەی کە خاوەندارێتی لە خەیاڵی ژیانێکی یەکسان و دیموکراتیک دەکەن پیرۆز دەکەین و جارێکی‌تر بەڵێنی تێکۆشانمان نوێ دەکەینەوە.”

 

کۆنگرەی سێیەمینی کۆدار کە سێ رۆژان بە تێر و تەسەلی تێپەڕبوو، لە دوای وتاری کۆتایی گوڵان فەهیم بە وتنەوەی درووشم بە ئەنجام بوو.