سەرەتا سی‌وشەشمین ساڵوەگەری قەڵەمبازی مێژوویی پازدەی ئاگۆست کە رێکەوتە لەتەک ٢٥ی گەڵاوێژ، لە رێبەری گەلی کورد، هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، قارەمانان و بەخۆدەرانی جەنگی مێژوویی حەفتانین و گەلەکەمان لە هەرچوارپارچەی کوردستان پیرۆز دەکەین.

قەڵەمبازی مێژوویی پازدەی تەباخ بە پێشەنگایەتی فەرمانداری مەزن و ئەفسانەیی شەهید عەگید، لە راستیدا وەڵامێکە بۆ هەوڵدانەکانی داگیرکارانەی هێزەکانی جیهانی و هەرێمی لە هەر سێ شەڕی جیهانیدا. ماوەی زیاتر لە سەد ساڵە هێزەکانی جیهانی بە بەڕێوەبردنی سێ قۆناغێ لەیەک دانەبڕاوی جەنگ، واتە شەرەکانی یەکەم و دووهەم و سێیەمی جیهانی هەوڵدانیانە بۆ ژێرچەپۆکە کردن و چەوساندنەوەی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە هەر سێ قۆناغی ئەو شەڕەدا، بێ‌گومان گەلی کورد بووەتە ئامانجی هێرش و داگیرکاری و پاکتاوکردن. زیاتر لە سەد ساڵە هێڵەکانی دیزاین و داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەر جەستە و ئیرادە و زهنییەت و کەسایەتی کومەڵگای کورددا دەکێشڕێت. وەک گەلی کورد لە هەموو گەلانی هەرێمەکە زیاتر و قووڵتر دژوارییەکانی ئەو شەڕانەمان هەست پێ‌کردووە. بویەش بۆ ئێمەی کورد هەر سێ شەڕی جیهانی پەیوەستێکن لە پلانێکی درێژخایەن بۆ لەناوبردن و پاکتاوکردنمان.

بەرخۆدانی زیندانی ئامەد بە پێشەنگایەتی شەهیدانی گەورە مەزلووم دۆغان، کەماڵ پیر، خەیری دورمووش و سارا مزگێنی لەدایک‌بوون و دەرکەوتنی ئاسۆیەکی نوێ بوو لە تێکۆشانی گەلی کورددا. نەمامی خۆڕاگری زیندانی ئامەد بە خۆێنی شەهیدانی قەڵەمبازی مێژوویی ١٥ ئاگۆست بەردەوام لە هەڵکشاندا بووە و ئەمڕۆکە بووەتە دارێکی رێشەداری مەزن. ئەو قەڵەمبازە هاتنە کایەی ئیرادە و بروایەکە کە دوایی هێنا بە چاوەڕوانی و دەستەوەستانی گەلی  کورد لە ئاست پلان و پرۆژەکانی هێزەکانی جیهانی و بەدەست گرتنی چارەنووس و تێكشکاندنی قەدەری دیاریکراوە بۆ گەلی کورد. قۆناغێک لە بەرهەمی ئەندێشە و رەنجی ریبەری گەلی کورد و تێکۆشانی بە هەزاران هەڤاڵ و مرۆڤی وڵاتپاریزە لە دژوارترین دۆخ و ساتەکاندا. هەستانە سەرپێی گەلێکە کە بڕیاری لەناوبردنی لە لایەن جیهانەوە ئەرێ کراوە. هەموو جۆرە دەرفەت و ئیمکان بۆ لەناو بردن و وەدەرنانی لە گۆڕەپانەکانی هەبوون دراوە.

قەڵەمبازێکی رەوان و خۆڕێن لە ١٥ ئاگۆستەوە وڕێ کەوت و بە هەڵمەتی یەکی حوزیرانی و شەڕی گەلی شۆڕشگێری لق‌وپۆی لە هەموو کوردستان تەنی و بە شۆڕشێ رۆژئاوای کوردستان و بەرخۆدانی کۆبانی و عەفرین لە جیهاندا بڵاو بۆوە. ئەمڕۆکە هۆگران، لایەنگران و خوازیارانی ئەو بزووتنەوە لە هەموو شوێنی دونیاوە لەژێر چەتریدا کۆدەبنەوە. بێگومان چۆنێتی و دەرئەنجامەکانی ئەو قەڵەمبازە نە تەنیا بۆ گەلی کورد بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی جیهان بۆوەتە وانە و مژارێکی توێژینەوە و لێگەڕێن. هەر کەس دەیهەوێ هەستان و لەدایک بوونی ئیرادەی گەلێک و جەنگاوەربوون و مەیدانداری بناسێ، دیمەنی ئەوڕۆیینی قەڵەمبازی پازدەی ئاگۆست لە شەڕێ حەفتانین و خۆڕاگری بێ‌وێنەی گریلاکانی هێزی پاراستنی گەلدا دەبینین. هەمان رۆح و ورە و توانست لە بەرزترین و کارامەترین حاڵەتیدا و لە هەمبەر مۆدێڕن‌ترین تەکنۆلۆژیای سەردەم قەڵەمبازێکی دیکە دەهاوێژێ و مزگێنی رۆژی رووناکتر دەدا. ئەمڕۆکە رۆحی فەرماندار عەگید لە جەستەی هەر گریلایەک دا زیندوویە و هەتا کۆتایی داگیرکاری بەرخۆدان دەکا.

هەر چەند هێڵی خەیانەت لە کوردستاندا هەر لە یەکەم ساتەکانەوە چۆن دژی دەسپێکردنی قەڵەمبازی ١٥ ئاگۆست بوو، ئەمڕۆکەش بەهەمان شێوە دژایەتی خۆی بەردەوام دەکا. گەشەکردن و رەگاژۆکردنی رۆحی ئەو قەڵەمبازە بە واتای لەناوچوونی خەتی نوکەری و خۆبەدەستەوەدانە کە بە هەموو جۆرێک پرۆژە و پلانی داگیرکەران قەبووڵ دەکا. هەڵبەت قەڵەمبازی مێژوویی ٢٥ گەڵاوێژ دژی مینیماڵبوون و پڕاوێزکەوتن و قڕکردنی فەرهەنگی هاتە مەیدان و بە پێشکەوتنی پڕۆژەی کۆنفێدڕاڵێسم و نەتەوەی دیمۆکڕاتیک زنجیرەکانی مینیماڵبوون دەپچڕێنی و جیهانی دەبێ.

کاریگەرییەکانی ١٥ ئاگۆست لە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەسپێکردنی خەباتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان زیاتر خۆی نیشان دا و بوو بە جێگای ئومێد و ژیانەوە. هەتادەچێت ئەو رۆحە زیاتر تەشەنە دەکا و پەیوەست بوونی گەنجان و لاوانی ئەو بەشەی کوردستان بە بزووتنەوەی ئاپۆییەوە نیشاندەری ئەو راستێیە. گەلەکەمان بە هەڵوێستی هەمیشەیی خۆی بەردەوام خاوەندارێتی لێ کردووە و ئێستاش پێویستە بۆ بنەبڕکردنی خەتی خەیانەت و بەرەوپێش بردنی نەتەوەی دیمۆکڕاتیک لە مەیدانەکانی خەباتدا بەشدار بێت و خاوەندارێتی لە خۆڕاگری حەفتانین بکا.

لە کۆتاییدا جارێکی‌تر ٣٦مین قەڵەمبازی مێژوویی ١٥ ئاگۆست لە رێبەر ئاپۆ و شەهیدان و بنەماڵەی سەربەرزیان و گەلەکەمان لە هەرچوارپارچەی کوردستان و جەنگاوەرانی حەفتانین پێرۆز دەکەین.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پەژاک)

١٤\٠٨\٢٠٢٠