جوامێر مارابی

بەڕێوەچونی کۆنگرەی شەشەمی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، لەم هەل و مەرجەدا، پەیام، مانا و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت و کوردستان تایبەتی تر لە قۆناخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت. لە بەردەم سەد ساڵەی هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی و دابەش کردنی کوردستان و ئەو چارەنوسە رەشەداین کە مۆدێڕنیتەی کاپیتالیستی بۆ ئێمەی کوردی دیاری کردووە. دابەش کردنی کوردستان و لکاندنیان بە دەوڵەتەکانی تورکیا، عێراق و سوریا، بە جۆرێک کە بۆ دەرباز بوون لەم داگیرکارییە، پێویستە جارێکی دیکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزان بکرێتەوە. لەو کاتەوە گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان سەرهەڵدان و راپەڕین و تێکۆشان و شۆڕشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بە هۆی ئەوە کە کورد هەمیشە زانیویە چی ناوێت، بەڵام نەیزانیوە چی دەوێت یان شێوازەکانی تێکۆشان، چ لە بواری سیاسی، دنیابینی و فکر و چ لە بواری شێوازی رێکخستنەوە وەڵامدەرەوەی گەورەیی پرسی کورد نەبوە و توشی شکست هاتون. بە هاتنە مەیدانی تەڤگەری ئاپۆیی، گەلی کورد بۆتە خاوەن فکر، فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای تایبەت بە خۆی کە لە سەر راستینەی مێژووی گەلی کورد بونیاد نراوە. چەواشەکارییەکانی مێژوو سەرەڕاست کراونەوە، هۆکارەکانی رۆژڕەشی گەلی کورد دیاری کران و بە پێی ئەو راستییانە دەست بە رێکخستن کراوە و تێکۆشان پێشکەوتووە. هەر ئەو راستیانەیە کە بونەتە هۆی ئەوەی زلهێزەکان و داگیرکەرانی کوردستان تا ئەم رادە دژایەتی تەڤگەری ئازادی کوردستان بکەن.

لە سەروبەندی سەد ساڵەی ئەو دابەش کردنە شومە و نزیک بونەوە لە سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا (١٩٢٣)، کاپیتالیزم، داگیرکەران و دەوڵەتە بەرژەوەندی خوازەکان دەیانەوێ جارێکی دیکە لە دەرەوەی ئیرادەی گەلانی ناوچەکە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین بکەنەوە. لە ئێستادا شەڕی جیهانی سێهەم لە رۆژهەڵات ناوەراست بە ناوەندێتی کوردستان لە ئارادایە. هیچ گۆڕانێک لە زێهنیەت و زێدەخوازی کاپیتالیزم و داگیرکەراندا نەهاتۆتە ئاراوە. ئەوان دەیانەوێ بە هەمان شێوازی رابردوو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین بکەنەوە و ئەویش تەنیا لە سەر بنەمای لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری و دەست و پێوەندەکانیان لە ناوچەکە. تەنیا ئامرازەکانی گەیشتن بەو ئامانجە گۆڕاوە. زێهنیەت و ئامانج هەمان داگیرکاری و قازانج‌پەرەستییە، بەڵام هەل و مەرجی ئێستا و سەدساڵی پێش بۆ گەلی کورد وەکوو یەک نین و کوردی سەدەی بیست و یەک، کوردی سەد ساڵی رابردوو نییە. کورد خاوەن فکر، ئایدۆلۆژی و فەلسەفەی رزگاری خۆیەتی و لەو پێناوەشدا رێکخستنی تۆکمەی هەیە و خاوەن چل ساڵ ئەزمونە. گەلی کورد بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئاپۆیی قبوڵ ناکات جارێکی دیکە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو، چارەنوسی دیاری بکەن. لە ئەنجامی ئەم بەرخۆدانەدا، شەڕێکی هەمە لایەنەی سەربازی بە پێشکەوتوترین تکنیکی سەردەم، شەڕی تایبەت، پڕوپاگەندەی میدیایی و بە کارهێنانی خەتی خەیانەتی ناوخۆیی، لە دژی تەڤگەری ئازادی، لە ئارادایە. داگیرکەران پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە لە توانایاندایە تەڤگەری ئازادی لە ناو بەرن و ئیجازە نادەن جارێکی دیکە چەند شۆڕشگیڕ و خەباتکاری رزگاری گەلی کورد لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە. لە هەل و مەرجێکی لەم شێوەدا کۆنگرەی شەشەمی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە چیا ئازادەکانی کوردستان بەڕێوە چوو.

بەڕێوە چوونی کۆنگرەی شەشەمی پژاک لەم دۆخەدا هەڵگری واتایەکی مەزنە. یەکەم مانای بەستنی ئەم کۆنگرە بە رەسمی نەناسینی ئیرادەی داگیرکەران و مل نەدان بەو چارەنوسەیە کە دەیانەوێ بۆ گەلی ئێمە دیاری بکەن. پێداگری و سوربوونە لە سەر تێکۆشان. ئەگەر دوژمنان و داگیرکەران دەیانەوێ لە رێگەی پرۆپاگەندەوە وای نیشان بدەن کە کەس ناتوانێ لە هەمبەر ئەواندا تێکۆشان بکات و هەموو شتێک لە کۆنترۆڵی ئەواندایە، گەریلاکانی یەرەکە بە بوونی خۆیان لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە رژیمی داگیرکەری ئێرانیان سەلماند کە ئێرادەی گەریلا لەوان بە هێزترە و گەلی کوردیش ئەو باوەڕ بە خۆییە بە خۆی بەدەست هێناوە کە ئیرادەیەک سەرتر لە ئیرادەی داگیرکەران هەیە. پژاک-یش بە بەستنی کۆنگرەی شەش جارێکی دیکە بە داگیرکەرانی سەلماندەوە کە سەرەڕای هەموو زەخت و گوشارەکان، درێژە بە تێکۆشانی خۆی دەدات، لە دەرەوە و لە ناوەوەی وڵات رێکخستن دەکات و لە ژێر توند ترین هێرشی ئاسمانی و هەزاران پیلان و بە کارهێنانی خەتی خەیانەتی ناوخۆیی، بە گرتنە بەری رێ و شوێنی پاراستن و ئەمنی، ئەو هەموو خەباتکارەی هێنایە لای یەکتر و کۆنگرەیەکی سەرکەوتووی بەڕێوە برد. ئەگەر داگیرکەر پیلانی قڕ کردنی تێکۆشەرانی ئێمەیان هەیە و کاتی کۆنگرە و کۆنفرانسەکانیش یەکێک لەو دەرفەتانەیە کە ئەوان دەیانەوێ زەبری خۆیان بوەشێنن، پژاک ئەو پیلانەشی پوچەڵ کردەوە و بە هەڵبژادنی تاکتیکێکی ژیرانە، دوژمنانی توشی سەرسوڕمان کرد. کۆنگرەی بەست، هیچ پەلەی نەکرد لە راگەیەندنی بەڕێوەچوونی کونگرە تا ئەو کاتە هەموو هەڤاڵان گەڕانەوە شوێنی چالاکی خۆیان. لە پاڵ هەموو ئاکامە باشەکانی کونگرە، هەڵبژاردنی ئەو تاکتیکە، دۆستانی خۆشحاڵ کرد و دژمنانیش توڕە و مایە پوچ.

لە ئێستادا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکە تێکۆشانی پژاک بە جۆرێک گەشەی کردوە و بۆتە خاوەن جێگە و پێگە، کە ئیتر دۆست و دوژمن بە گرنگییەوە چاودێری کار و چالاکییەکانی دەکەن. تێکۆشانی گەریلایی، کاری رێکخستن، دیپلۆماسی و میدیایی پژاک لە ژێر چاودێری ورد دایە. پژاک لە ئێستادا تەنیا بۆ خۆی نییە و بۆتە هیوای گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لە ئێستادا ناتوانرێ باسی تێکۆشانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت و پژاک لە سەنتەری ئەو تێکۆشانەدا لە بەرچاو نەگیرێ. هەر ئەو راستییەشە کە بۆتە هۆی ئەوە گەلی کورد بە گرنگییەوە بە دواداچوون بۆ ئاکامەکانی کۆنگرەکەی بکەن و بە دڵنییاوە لە داهاتو و هەتا کۆنگرەی حەوت، گەل چاودێر دەبێت بە سەر بڕیار و ئەو وادە و بەڵێنانە کە پژاک لە کۆنگرەکەدا بە گەلی ئێمەی داوە. داگیرکەران و هەندێ لایەنی دیکەش کە نایانەوێ گەشەی پژاک ببینن، لە رواڵەتدا دەیانەوێ بەڕێوەچونی کۆنگرەی شەشەمی پژاک کەم بایەخ نیشان بدەن، بەڵام ناتوانن خۆیان لە ژێر باری دەرونی توڕەبوونیان لە بەرامبەر سەرکەوتنەکانی پژاک و بەڕێوەچونی کۆنگرە قوتار بکەن. هەر بۆیە هەرکام لەوان بە جۆرێک پەرچەکرداریان نیشاندا و لە هەندێ هەڵوێست و پیلاندا، راستەخۆ و ناراستەخۆ بۆ رەشکردنی پژاک یەکیان گرت. بە خەیاڵی خۆیان ئەگەر نەیانتوانیوە کۆنگرەکە تێک بدەن، خۆ دەکرێ رۆژەڤێک دروست بکرێت کە سێبەر بخاتە سەر رۆژەڤی بەڕێوەچونی کۆنگرەی شەش.

سەرەڕای ئەو راستییانە کە لە سەرەوە باسکران، ئێمە وەک پژاک رەخنەمان لەسەرە. نەمانتوانیوە ئەو وادە و بەڵێنانە کە بە گەلمان داوە جێبەجێیان بکەین. پژاک پارتێکی بەرپرسیارە و گەلی رۆژهەڵات لە لایەن رژیمی داگیرکەری ئێرانەوە توشی هەر زەرەر و زیانێک بێت، بەشێکی زۆری بەرپرسیارەتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی پژاک. بەستنی کۆنگرە لە دەرەوەی خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان، جێی رەخنە و ڕەخنەدانە. پژاک هێشتا نەیتوانیوە رۆژهەڵاتی کوردستان رزگار بکات. ئێکۆلۆژیست بوون لە باوەڕە بنچینەییەکانی پژاکە، هەر بۆیە بڕینەوەی هەر دارێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن داگیرکەران و قازانجپەرەستانەوە، پژاک بەرپرسیارەتی دەکەوێتە ئەستۆ. کوشتنی کۆڵبەر، توند و تیژی بۆ سەر ژنان، درێژەی داگیرکاری رژیمی ئێران، وەرگرتنی پەرەوەردەی سەقەتی منداڵانی کورد لە لایەن رژیمەوە و … پشکی گەورەی بەرپرسیارەتی لە ئەستۆی ئێمەیە و وادەی رزگاری رۆژهەڵاتی کوردستانمان بە گەلی کورد داوە.

پێویستە پژاک زیاتر لەوەی کە چاوی لە سەر سەرکەوتنەکانی بێت، چاوی لە سەر رخنەکان بێت. کەس چاوەڕوانی ئەوەی لە پژاک نییە هاوشێوەی تێکۆشانەکانی دیکە، قۆناخی دەستپێک و گەشە و دواتر لاوازی و پوکانەوە بەخۆیەوە ببینێت. پژاک هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکە کە جگە لە سەرکەوتن بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکاتەوە و پێویستە لە سەرنەکەوتنەکاندا، بەر لەوە بۆ هۆکارەکانی دەرەوەی خۆی بگەڕێت، پێداچونەوە بە شێوازی تێکۆشانی خۆیدا بکات، چونکە پژاک پشتی بە ئەزمونێک بەستوە کە نیشانی داوە لە رەشترین و ئەستەمترین قۆناخەکاندا، بەهێزتر لە جاران هەستاوەتەوە و دوژمنانی بێ هیوا و گەلی دڵشاد کردوە.