هەر وەک دەزانین لە نیوەی ئەو مانگەوە هێرشێکی بەرفراوان دەکرێتە سەر تەڤگەری ئاپۆیی و هەموو هەرێمەکانی تەنیوەتەوە. ئەو هێرشانە هیچ سنوورێکی جوگرافیایی، سیاسی و ئەخلاقی ناناسێ و بەگشتی ناسنامە و هەبوونی کوردی ئازاد بە ئامانج دەگرێ. لە هەموو بوارێکەوە ئاسانکاری بۆ پێكهێنانی ئهم هێرشانه کراوە و دەرفەتی پێدراوە. تەبا بوونی لایەنەکانی خاوەن بەرژوەندی لەو کۆنسێپتەدا گومانی تێدا نییە.
لە سەدەی بیستویەکەم کە ناسنامەی کوردی ئازاد لە قۆناغی بەجیهانیبووندایە و پرۆژەی بەیەکەوە ژیانی گەلان، پێشکەشکراو لە لایەن بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد، واتە تەڤگەری ئاپۆیی؛ وەک مۆدێلی سەرکەوتوو مۆركی خۆی لەو سەردەمە داوە، کۆنسێپتیکی بەرفراوان بە مەبەستی لەناوبردنی لەگەڕدایە. ناوەرۆکی پیلانەکە هەمان سیاسەتی کۆنی داگیرکاری ” ئاژاوە بنێوە و بەڕێوەیبهره” یه کە لە درێژایی سەدەکانی نۆزدە و بیستدا بوو بە هۆی پارچە پارچە کردنی کوردستان و هەرێمەکە. هەر مۆدێلێکی هەرێمی یا خود هەر رێکار و رێگەچارەیەک کە هەڵقوڵاوی ئەندێشەی هەرێمەکە بێت، وەک خۆڕاگری و بەرخۆدان لە بەرامبەر داگیرکاری چەندبارەی هەرێمەکە دەبیندرێ و بڕیاری لەناوبردنی دەدەن.
ئەو کۆنسێپتە بواری جیاوازی نیزامی، سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی هەیە و دوایین ئامانجی، پاکتاوکاری فەرهەنگی کوردانە. بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد کە بونیادنەر و پهرهپێدهری فەرهەنگی بەرخۆدانە لەهەر چوارپارچەی کوردستان، لە پانتایی و بەرینایی خاکی کوردستاندا دەکرێتە ئامانج. بزاڤی ئاپۆیی سەرەڕای هەبوونی تەکنۆڵۆژیا و چەکی پێشکەوتووی دوژمنان و هاوکاری مادی دامەزراوەکانی ئابووری جیهانی، سەرفیرازانە خۆڕاگری دەکا و زەبری کوشندە لە دوژمن دەدات. گەریلای سەدەی بیستویەک هێمای داهێنانە و سەرکەوتن و ناکام هێشتنەوەی داگیرکەرانه. بەڵام دەستی خەیانەت، خۆفرۆشی و نامەردی لاوازییەکانی دوژمنان دادەپۆشی و ئاشی هاڕێنی کورد بە خوێنی رۆڵەی کورد دەگەڕێنێ. بۆ ڕاوەستاندنی ئەو کۆنسێپتە پێویستی بە هەڵوێستی خێرا و بەکاریگەری هەموو گەلەکەمان هەیە بەتایبەت لەهەمبەر خەتی خەیانەت و خۆفرۆشی و دەسکیسی داگیرکەران. بێ بنەبڕکردنی خەیانەت سەرکەوتن لە کوردستاندا مسۆگەر نابێت.
هەروەک لە لێدوانی رابردوومان لەسەر هێرشەکەی کونەماسی باسمان کردبوو، هەڤاڵێکمان شەهید بوو و سێ هەڤاڵێ دیکەشمان بریندار کەوتن. لهم هێرشهشدا کۆمەڵێ هاووڵاتی باشووری کوردستانیش بریندار و شەهید بوون. ئەو هێرشە کە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە پێکهات دەرئەنجامی هەوڵ و تەقلای خەتی خەیانەت و بەکرێگیراوی بوو و بە هاوکاری کەسانی خۆفرۆش روویدا. بۆیەش لە هەمبەر ئەو ئاکارە نامرۆڤانەیە، سەرەتا بانگەوازی لە هەموو لایەن و پارتەکانی باشووری کوردستان دەکەین کە بۆ لەناوبردنی نەخۆشی خیانەت و بەکرێگیراوی هەموو هەوڵدانی خۆیان بخەنە گەر و بێدەنگ و بێهەڵوێست نەمێنن. هەرجۆرە بێدەنگی خزمەتی خەیانەت و داگیرکاری دەکات. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە هیچ لایەن و پارتێکی سیاسی رەوشت و ئاکاری وەها پەسەند ناکات و ئاستەنگی سازکردن لە هەمبەر خەباتی پارچەکانی دیکە شەرمەزار دەکات. ئەو جۆرە رەفتارە بێپێوانە وەک بەفیڕۆدانی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکە دەزانێ و داوای کۆتایی پێهێنانی هەیە.
وەک ئاماژەمان پێدا، لەو هێروشەدا هەڤاڵێکمان بە ناوی “ئاریوان شۆڕشگێر” خەڵکی شاری بۆکان گەیشتە پلەی بەرزی شەهادەت. بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزیان و هەموو هەڤاڵان و دۆستانی و خەڵکی شاری بۆکان و هەموو گەلەکەمان دەکەین و بەڵێنی درێژەپێدانی رێبازی هەڤاڵ ئاریوان و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانمان دووبارە دەکەینەوە.
هەڤاڵ ئاریوان لاوێکی خوێنگەرم و خاوەن هەستی بەرزی وڵاتپارێزی و خەڵک دۆست بوو کە بە تێگەیشتن لە داگیرکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و دۆخی نالەباری کۆمەلگا و خوێندنەوەیەکی راست لە پرسی کورد، رێگەی چیا سەرکەشەکانی کوردستانی بە ئامانجی درێژەدان بە خەبات لەسەر رێچکەی شەهیدانی پێشەنگ وەک عاکیف مامۆ زاگرۆس، دلێر بۆکان و دڵگەش و ئاراس گرتەبەر.
بڕیارداری هەڤاڵ ئاریوان لە خەباتدا بوو بە هۆی گەشەکردن و پێشکەوتنی لە ماوەیەکی کورتدا و بەردی بنەمای کادربوون و پێشەنگایەتی شۆڕشگێرانەی بە پتەوی دانا. دڵسۆزانە و خۆنەویست شانیدا بەر خەبات و بە نەزم و رێکوپێکی لە کاردا دەناسرا. بە دڵنزمی و لێهاتوویی لە ناو هەڤاڵاندا خۆشەویست بوو. یادی بەرز بێت و رێگای پر رێبوار.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵەی بەرێزیان و ههروهها خهلكی خۆراگری بۆكان دەردەبڕین و لە هەموو گەلەکەمان لە هەرچوارپارچەی کوردستان بەتایبەت رۆژهەڵات و باشوور دەخوازین کە بە مەبەستی خاوەنداریهتی لە هێڵی بەرخۆدان و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن و پێش له پاکتاوکاری و لەناوبردنی گەلی کورد بگرن. ههروهها بانگ دهكهین له لاوانی وڵاتپارێز و تێكۆشهری شاری بۆكان درێژه پێدهری رێگای ئاریوانهكان بن و به ههڵگرتنی چهكی شههید خاوهنداری لی رێگای بهرزی شههیدان بكهن. خاوەنداری لە شەهیدان و نرخ و بەهاکانمان و تێکۆشان لە دژی خەیانەت ئەرکی هەموومانە.
ناسنامەی شەهید
ناو و پاشناو: رێبوار قولیزادە
ناوی رێکخستنی: ئاریوان شۆڕشگێر
لەدایکبووی: شاری بۆکان
شەهادەت: ٢٥/٦/٢٠٢٠ شارباژێر باشووری کوردستان
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)
2020/6/29