هەڤاڵی شەهید

لەکانگەی ژیان، ئەستێرەیەک درەوشایەوە. ئاسمانی رەش کراوی نیشتمانی، بە رووناکی خەیاڵی درەوشاندەوە. پەردەی لەسەر کانگەی حەقیقەتی ژیان و مرۆڤایەتی هەڵدایەوە. ژیانی پڕ لەسۆز و هەستی مرۆیی پێ رازاندەوە. لەبیابانی بێ بەر و تۆزاویدا، دەریای خۆشەویستی هەڵقوڵاند. بە شەپۆلی رووناکی، تاریکی لەکۆشک و شەقامە تاریک کراوەکان داماڵی. بە چریکەی خۆشەویستی کانگەی ژیانی خەمڵاند. بە رۆخساری گەشاوەی، چیای ترسی لەزەین و هزری ئەویندارانی رواندەوە. بە تین و گوڕی تێکۆشانی هەڵاڵەبرمەکانی کوردستانی، دڵڕفێنی خۆ کرد.

ئەستێرەیەک لەکانگەی چاخی بەردینی نوێ سەرهەڵدێنێت. کانگەیەک کە وەرزەکانی ساڵی بە دیمەنی گەوش و پاراو خەمڵێندراوە. کانگەیەک کە شکۆ و تاڵانکاریەکانی ئۆختابووتی سەردەمی هەرس نەکردووە و بە رووناکی ئەستێرەکانی بەردەوام لەهەڵقوڵاندا بووە. لەدوورگەی زەلکاو و هەوری داگیرکاری خۆی بواردووە. لە رەشەبا و هەرەسی تواندنەوەی کۆشکی پیرسالاران، خۆگرتوو و قایم بووە.

ئەستێرەی رووناکی لە چاوگەیەکی بچووکی باخەڵی نیشتمان چرۆ دەکات کە شەڵاڵەی ئازادی، تێدا جاری دەبێت. ئەستێرەیەک کە بە رووناکی رۆخساری هەورە رەشەکانی سەر چاوگەی ژیانی بڵاوە پێ دەکات و ئەخسیری جیهانی تاریکی و داب و نەریتی کۆنەپارێزی نابێت. چارەنووسی ژیانی ئەخسیری چاڵەبەفر و داوە تەنێندراوەکانی دێوەزمەی زەمانە ناکات. بۆ ئەوەی لەناو ئاشی تواندنەوەی رژێم نەهاڕدرێت، لە درۆخانەکانی سەردەم دوورەپارێز دەبێت.

محەمەد لەتیف ئەمیری ناسراو بە (دڵبرین ماکۆ) ئەو ئەستێرە گەشاوەی نیشتمانە کە لەساڵی ١٩٨٢ی زاینی لەگوندی قەلەنی سەر بە ماکۆ، لەبنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و تێکۆشەر چاو بە دونیا هەڵدێنێت و لە ساڵی ١٩٩٩ی زاینی، دوابەدوای گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی لەسەر، خۆری ئازادی مرۆڤایەتی رادەپەڕێت. بە گەلەکۆمەی رەشی ١٥ی شوبات، هەورە برووسکەی تۆڵە، لەناخیدا هەڵدەقوڵێت. بە دیل گرتنی خۆری ئازادی، لەلایەن هەورە رەشەکانی پێ هەرس نابێت و بۆ خاوەندارێتی لە رێبەر ئاپۆ و پووچەڵ کردنەوەی ئەو گەلەکۆمەیە، لەگەڵ چەند ئەستێرەی کانگەی ژیانی، بەرەو مەڵبەندی هەڵۆ بەرزە فڕەکانی نیشتمان، لەناوچەی کەلەڕەش باڵ دەگرێت و هەر لەسەرەتای بەشداری لەناو پاپۆڕی تێکۆشاندا، بە ئەوینەوە دڵ بە تێکۆشان دەبەستێت.

بە بزەی رۆخساری لەناو مەڵبەندی هەڵۆبەرزەفڕەکان، هیوای سەرکەوتن شاباشی هاوسەنگەرانی دەکات. بە بەشداری لە ریزی هەڵۆبەرزەفڕەکان، مەودای لەگەڵ کانگەی ژیانی قووڵتر و بەرینتر دەبێت. لەناو دەریای هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ رۆخساری گەشاوەی بە هونەری بەڕێوەبردنی ژیان دەخەمڵێنێت. چەندێک لەهزر و رامانی خۆری ئازادی قووڵ دەبێتەوە، رۆخساری شۆڕشگێڕانەی ئەوەندە دەگەشێتەوە. هەمیشە لەهەوڵ و تەقاڵادایە کە وتار و کرداری یەکبخات و بە رووناکی کردەوەکانی، خەرمانی ئازادی پڕ پیت و بەرەکەت بکات.

دڵبرین ئەو پاڵەوانە دڵڕفێنەی نیشتمانە، کە شوێنپەنجەی کار و خەباتی لەدامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک بەرچاوە و رووناکی رۆخساری لەهەر قوژبنێکی نیشتمان درەوشابێتەوە، هێلانەی خۆشەویستی لەناو دڵی ئەویندارانی هەڵکۆڵاوە. لەبەر ئەوەی پەژاک بە رووناکی رۆخساری شەهید دڵبرینەکان درێژە بە رەوتی تێکۆشانی دەدات، هەمیشە زیندوو و چالاکە. رۆحیەی تێکۆشان، جۆش و خرۆشی گەنجانەی شەهید دڵبرین تا بە ئەمڕۆ لەسەنگەرەکانی تێکۆشانی پەژاک دەشەکێتەوە.

OLYMPUS DIGITAL CAMERA

شەهادەتی هەڤاڵ دڵبرین لەقۆناخە سەرەتاکانی دامەزراندنی پەژاک، زامێکی تری لەسەر دڵە بریندارکراوەکەی نیشتمان درووست کرد و رژێمی داگیرکەری ئێران بەو شەهادەتە ویستی کە چرای رووناکی لەکوردستان بە کوژاوەیی لەگۆڕ بنێت، بەڵام شەهادەتی هەڤاڵ دڵبرین بووە هۆکار کە بە دەیان هەڵاڵە برمەی نیشتمان، روو لەمەڵبەندی هەڵۆبەرزەفڕەکان بکەن و چەک و کۆڵەباری پڕ لە هیوا و تێکۆشانی شەهید دڵبرین لەشان بنێن و تا بە ئەمڕۆ مەشغەڵی ئازادی بە درەوشاوەیی بشەکێتەوە.

هەڤاڵ دڵبرین لە رێکەوتی ٢٤\٠٦\٢٠٠٥ لەهەرێمی دەشتە بڵ لەنێوان؛ سێ گۆشەی ورمێ، شنۆ و نەقەدە لەئەنجامی هەرەسی داگیرکاری بەکرێگیراو و چەکدارەکانی رژێمی ئێران، دوا بە دوای بەرخودانێکی بێ هاوتا، پەیوەستی کاروانی نەمران دەبێت. مەزارگەی ئەستێرەی هەمیشە گەشاوەی ماکۆ، لەناو ئەستێرە گەشاوەکانی باخەڵی قەندیل، لەمەزارگەی شەهید محەمەد قەرەسەنگۆر دەدرەوشێتەوە و یادی هەمیشە لەدڵی هاوسەنگەر و هەڤاڵانی جاودانە.