ئەڤین کوردستانی

نیشتمان بۆ هەر کەسێک، گەل و نەتەوەیەک مانایەکی تایبەتی بەپێی تێگەیشتن و تایبەتمەندیە کەلتوری و ژیانیەکان هەیە، بۆ ئێمەی کوردیش بێگومان چەندین چەمک و دەستەواژە لەم چوارچێوەیەدا داڕێژراون و دەبیسترێن و دەبینرێن، کە بەداخەوە لەلای زۆرینەی خەڵک ناوێکی بێ ناوەرۆک و بۆشن. لەم نوسینەدا سەرنج بۆ سەر چەمکی (نیشتمان دایکە) ڕادەکێشم؛

بەو پێیەی نیشتمان (خاک) هۆکارێکی سەرەکی ژیانەوەی (تۆو) و چەکەرە کردنی ڕووەک و نەشونمای درەخت و بەرهەمەکانە و سەرچاوەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و زۆرینەی گیان لەبەرەکان دابین دەکات، وە ئەو بەرەکەت و فەڕەی زەویە کە بووەتە هۆی درێژەدان بە جۆرەکانی ڕووەک، گیاندار و ڕەگەزەکانیان دەپارێزێت، بۆیە نرخ و بەهایەکی زۆری هەیەو لەلای مرۆڤی تێگەیشتوو خۆشەویستەو ڕێزی زۆری لێدەگیرێت. لەهەمان کاتدا خاک توڕەو دڕندە نیەو سزای مرۆڤەکان نادات و تەنانەت بەو کەسانەش هەر دەبەخشێت کە خەریکن خاک، سروشت و ژینگە تێک دەدەن و دەشێوێنن. لەبەرامبەر ئەو هەموو بەخشینە هیچ کاتێک خاک خیانەت لە ڕۆڵەکانی خۆی ناکات، هەروەها خاک (نیشتمان) هیچی لەو مرۆڤانە ناوێت کە لەسەری دەژین و هیچ داواکاریەکی بەرامبەر پێدانی ئەم هەموو فەڕ و بەرەکەتە نیە، لەکاتێکدا مرۆڤ زۆر جاریش بێ ڕەحمانە کەوتۆتە گیانی زەوی و هەرچی بەخەیاڵیدا دێت لەسەر زەوی و لەژێر زەوی دەیکات و تەنانەت دەستدرێژی دەکاتە سەریشی و خیانەتی زۆری لێ دەکات، کەچی هێشتاش خاک بێ درێغ خزمەتەکانی خۆی پێشکەش دەکات. ئەم تایبەتمەندیانەش بەهەمان شێوە تایبەتمەندی دایکن. دایکیش ویڕای ئێش و ئازاریكی زۆر و ناڕەحەتی، منداڵ لەناو جەستەی خۆیدا هەڵدەگرێت و دواتر وەکو ڕووەک چەکەرە دەکات و لەدایک دەبێت و پاشان بە بەرەکەتی شیری مەمکەکانی کۆرپەکەی بەخێو دەکات و گەورەی دەکات و بە میهرەبانیەکی بێ هاوتا لە ئامێزی دەگرێت و هەموو شتێکی پێ دەبەخشێت، کە ئەگەر دایک نەبێت ئەوا نەسلی بەشەر پارێزراو نابێت لە قڕ بوون و بێگومان دایکیش هەروەک زەوی هیچی لەکۆرپەکانی ناوێت، خیانەتیان لێناکات و نایان چەوسێنێتەوە و تەنانەت ئامادەیە گیانی خۆیشی لەپێناو ڕۆڵەکانیدا ببەخشێت. هەر بۆیە نیشتمان یان خاک و زەوی دەشێت وەک دایک چاوی لێبکرێت و لە خۆشەویستی و ڕێز و پلەو پایەدا دایک لە ئاستێکی باڵادایەو لە ئەدەبیات، هۆنراوە، نوسین و تەنانەت لە پەیکەر و ئاسەوارە مێژوویەکاندا ئەو پێگەیە بەئاشکرا دەبینرێت.

لەلایەکی تریشەوە دەکرێت پێناسیەکی دی بۆ چەمکی (نیشتمان دایکە)، بکرێت؛ هیچ گومان لەوەدا نیە کە زیاد لە پێنج هەزار ساڵە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی دایک لە دوای شکڵگرتنی زیهنیەتی دەسەڵاتگەرای پیاوسالاری، هەڵوەشێندراوەو کەمتر نمونەیەکی ژیان بە فۆرمی بەڕێوەبەرایەتی دایک لە دونیای ئەمڕۆماندا دەبینرێت، ئەم داگیرکاری و هێرشانەی پیاویش وایکرد کە نەک نرخ و داهێنراوەکانی بیر و دەستی ژن لەلایەن پیاوەوە داگیر بکرێت، بەڵکو هەردوو لایەنی هزرو فیزیکی ژن بۆخۆیشی دەستیان بەسەردا گیراو کرانە موڵکی پیاو و ناوی (ژن شەرەفی پیاوە)-یان لێنا و ئیدی ژن بووە هی پیاو، جا ئەو ژنە (دایک، خوشک، هاوژین… وو) هەرچی بێت، ئیدی هی پیاوەو ناموسی پیاوە، بۆیە هەر دەستدرێژیەک لەلایەن کەسێکی بێگانەوە بکرێتە سەر ژنی بنەماڵەیەک، مانای وایە بێنامووسی و بێ شەرەفیان بەرامبەر کراوەو لێرەوە دەماری پیاوەتی پیاوانی بنەماڵەی ژنەکە دەجوڵێت و بەرگری دەکەن و هەندێ جاریش بەهەمان شێوە لەسەر ناوی تۆڵەکردنەوە ئەمانیش دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنی بنەماڵەکەی تر. وە زۆرجار دیتوومانەو بیستوومانە کە لەو نێوەندەداو بەبیانووی شەرەف، خوێن ڕژێندراوەو بە شێوەیەکی گشتیش ژن بووەتە قوربانی یەکەم. ئەم تێڕوانینە بۆ ژن و شەرەف لە زیهنیەتی پیاودا چەسپێندراوەو بێگومان ژنیش بۆخۆی تەسلیمی ئەم قەدەرە داسەپێندراوە بوون و لەبەرئەوەی چەمکی شەرەف و ناموس ئەرێنی و جوان و پەسەند کراون، بۆیە ژنان قبوڵیان کردووە و بەشانازیەوە دەڵێن کە بەڵێ ئەوان شەرەفی پیاوی بنەماڵەکانن.

 

ئەم تێزە لە بنەڕەتدا لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرە پیاوسالارەکانەوە داتاشراوە و داسەپێندراوە تا بەم ڕێگایە شەرافەت و ناموسی ڕاستەقینە کە بریتیە لە ئازادی، ئیرادە، خاک و نیشتمان لەبیری پیاوی کۆیلەو داگیرکراو ببەنەوەو وابەستەی بکەن بە خێزان و بنەماڵەیەک لە قەوارەیەکی بچکۆلەداو ڕازی بکەن بەوەی کە ناموسی تۆی پیاو خاک نیەو ژنە، ژنانی بنەماڵەکەت بپارێزە ئیدی تۆ بەشەرەفیت، بەناموس و ئازاو ئازادیت و بەم ڕێگایەش بیری پاراستن و ئازادکردنی خاک و نیشتمانە داگیرکراوەکەیان لەبیر بردوونەتەوەوهەستی شۆڕشگێڕی و سەرهەڵدانیان لەپێناو نیشتمانەکەیاندا تێدا کوشتوون. بێگومان چەمک و دەستەواژەی شەرەف و نامووس لەنێوان گەلانی بن دەست و داگیرکراودا باوەو زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت و لەزاری زۆرێکدا دەگەڕێت. دواتر کە هەندێ بیری ئازادیخوازی دەژیەتەوەو هەست بەداگیرکاری دوژمنان لەسەر خاک و نیشتمان و نرخ و بەهاکان کراوە، هەندێ کەسی ئازادیخواز هاتوون بەڕێگەی گوتنەوەی وتەی (نیشتمان دایکە)، ختوکەی عەقڵ و هەستی خەڵک و گەلانیان داوە تا بەڵکو بەم ڕێگایە بتوانن جوڵەیەک بکەن و ئەو دەستدرێژیەی کە کراوەتە سەر خاکەکەیان (دایکیان) ڕاوەستێنن و لەهەمبەری سەرهەڵدەن. واتا پیاوێک کە بەتەواوی ئەوەی قبوڵکرد کە ژن شەرەفەو لەبیریان بردەوە شەرافەتی ڕاستەقینە ئازادی خاک و گەلە، تازە دەبێت چەمکێکی تری بۆ دابتاشن تا بتوانێ هەستێتەوە سەرپێی خۆیی و غیرەت بیگرێ و ئەو بێ شەرەفیە قبوڵ نەکات، بەمانایەکی تر کاتێ وتیان نیشتمان دایکە، واتا داگیرکردنی نیشتمانەکەت بەمانای  دەستدرێژی کردنە سەر دایکتە و پێویستە قبوڵی نەکەیت و بیپارێزیت و نامووسی خۆت بەدەست بهێنیتەوە. بەم حاڵەش ئەم چەمکە تەنها لە زاردا ماوەتەوەو نەتوانراوە بکرێتە بابەتێکی گرنگی ژیانی و مرۆڤی پێ ناچار بکەن ئاوڕێک لە خاکە داگیرکراوەکەی بداتەوە. پیاوی کورد لەبەر ئەوەی شەرەفێکی ساختەیان بۆ دروست کردووەو ژنیان بۆ کردۆتە نامووس، چەندەش بێ خاک و بێ نیشتمان و بێ وڵات بێت بۆی گرنگ نیە، بەڵام کاتێ هەست دەکات ئەو شەرەفەی  کە بەساختەچێتی بۆیان داتاشیوە، کەوتۆتە مەترسیەوە ئامادەیە لافاوی خوێن هەستێنێت. ئەو هەموو تەجاوزە بە خاک و نیشتمانەکەی دەکرێت ئامادە نیە یەک گولـلە بەرامبەر دوژمنە بێگانە دەستدرێژی کارەکە بتەقێنێت، بەڵام کاتێ خوشکەکەی لەگەڵ کوڕە درواسێکەی، یان پورزاو خاڵۆزاکەی یان هەر تاکێکی تری هاوزمان و هاونیشتمانی خۆی قسە بکات ئیدی پێی وایە بێ شەرەفی بەرامبەر کراوەو ئەم دەکوژێت و ئەو دەبڕێت. ئاخر کێشەکە ئەوەیە دوژمن هیچ پیرۆزیەک بۆ گەلانی داگیرکراو ناهێڵێتەوەو لەکۆتاییشدا وای لێدێت کە بە ئیزنی ئەو سەروەرو سەردەستانە ژیانی هاوبەشیش پێکبهێنێت و لەهەندێ دامەزراوەشدا بۆی دیاری دەکەن کێ لەگەڵ کێ ژیانی هاوبەش پێکبهێنێت، واتا کاتێ لە ئازادی، ئیرادە، خاک، وڵات، سەروەری و شانازی تەنها خێزانێکت بۆ دەهێڵنەوە، بێگومان بەهەموو هێزی خۆت هەوڵ دەدەیت بیپارێزیت، بۆیە بەڕێگای گوتەی نیشتمان دایکە، هەوڵ دراوە لانی کەمی غیرەت و هەستی بەرخۆدان لە تاکەکاندا بوروژێنن و سەریان هەڵێنن و بڵێن نا.

 

لەهەر حاڵێک و لەسەر بنەمای ئەو دوو بۆوچوونەی سەرەوە، لە ئێستادا کە باشوری کوردستان کەوتۆتە بەر پەلاماری داگیرکاری دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، ئایا نیشمان ئەو پارچە زەویە پیرۆزەیە کە دەمان ژیەنێت و پێویستە وەکو دایکێکی میهرەبان پارێزگاری لێبکەین و لەپێناویدا گیانمان ببەخشین، یان ئەو ژنەیە کە دایکمانەو شەرەفمانە؟ هەرکامیان بێت ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بەرامبەر ئەو هەموو بەخشینە ئێستا چاکەکەی بدەینەوەو بیپارێزین؟ ئایا ئەگەر ڕاستە (نیشتمان دایکە و دایکیش شەرەفمانە)؟ ئەی بۆ ئێستا قبوڵی دەکەین کە تەجاوز بەدایکمان بکرێت؟ یان ئەوەیە لە بنەڕەتدا نە نیشتمان دایکە و نەدایکیش شەرەفە، یان ئەگەر ڕاستە فەرموون دیفاع لەو دایکە پیرە ڕەنجدەر و ماندوو و زەبر دیتووە بکەن. بۆیە پێویستە دەست لە دروشمی بێ ناوەرۆک هەڵگرین و هیچ نەبێ بۆ جارێکیش بێت ڕوو ڕاست بین لەگەڵ خۆمان و بەڕاستیش بەدوای شەرافەتی ڕاستەقینەمان کە ئازادی خاک و گەلە بکەوین و هەوڵ بدەین بۆ هەمیشەو یەکجاری بیپارێزین و ڕێگا نەدەین شەرەف و ناموسمان بکەوێتە ژێر چەکمەی سەربازانی عوسمانی و ئەتاتورک و ئەردۆگانی خوێن مژ و تیرۆریست. وەرن یەکجار و بۆ هەمیشە ئەم داگیرکاریە بن خەین و یان ژیانێکی ئازاد فەراهەم بکەین یان بە شەرەف و سەربەرزیەوە گیان ببەخشین. وەرن با دایکمان ڕزگار کەین و بیسەلمێنین نەوەی وڵاتی ئاگرو خۆرین، وەرن لەم قۆناغە هەستیار و چارەنوس سازەدا بەرامبەر بەم پەلامارانە حەساس بین و خەمساردو کەمتەرخەم نەبین.