ئەمیر بابەکری
پارتی سیاسی سازیەکی خاوەن پرۆژە و رێکخستنە کە میکانیزمی بەرێوەبەری دەستەڵاتی سیاسیە و لەسیستەمی سیاسیدا ئەگەر کراوەیی و پۆلورالیزم هەبێت دەکەوێتە ڕکابەری هەڵبژاردنی و ئیدارەی وڵات دەگرێتە دەست، یان وەک چۆن لە زۆر شوێندا هەیە تاک حیزب وڵات بەڕێوە دەبات. لە هەر دوو حاڵەتی دا کارکردی حیزب و مەبەستی بەدەست خستن و بەرێوەبردنی سیستەمە. بەتایبەت لە سەردەمی مۆدێڕندا پارتی سیاسی ئەو رۆڵەی گێڕاوه. لەسدەی ڕابردوودا لە کوردستان دوای دامەزرانی دەوڵەتانی سەربەخۆی ناوچەکە و هەڵوەشانی عوسمانیەکان، تێکۆشانی ڕزگاری نەتەوەیی لە کوردستان بەپێی تێگەیشتن و پێناسەی چەمکی ڕزگاری لەو کاتەدا لەشێوازی دەرەبەگایەتی و شێخایەتیەوە تێپەڕی پارتی سیاسی بوو.
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا بزوتنەوەیی سیاسی لە شێوەی حیزبی سیاسی لە کۆماری کوردستانەوە دەستی پێ کردووە و قۆناغی جیاوازی بڕیوه. پێداچوونەوە بە مێژووی بەرزی و نزمی ئەحزابی سیاسی مەبەستی ئەو نووسینە نیە، تەنیا مەبەست ئاوڕدانەوەیێکە لە ڕابردووی تێکۆشانی گەلی کورد لە چوارچێوەی رێکخستنی سیاسی هاوچەرخدا کە لەگەڵ ئەوەی بەشێوەی گشتی خەباتی سیاسی کورد لەبەرەی رۆژهەڵات و بلۆکی سۆسیالیزم ئیلهامی وەردەگرت بەڵام بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دابەشبوون بەسەر دوو هێڵی سیاسی جیاواز ڕوونتر بۆوە و لەسەر دوو هێڵی ناسیۆنالیستی و چەپدا و تەنانەت حیزبی سیاسی بە مەیلی دینی دابەش بوون. سەرەڕای جیاوازی جیددی ئیدئۆلۆژیکی و فکری، خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو حیزبەسیاسیانەئەو پانتا جوغرافیاییەبوو کەبۆ خەباتی خۆیان پێناسەیان کردبوو. لەکردەوەدا سەرەڕای کۆمەڵێک هاوکاری و هاوپەیمانی و هەوڵی نزیکایەتی تێکۆشانی نێوان پارتە سیاسیەکانی پارچەکانی کوردستان، ئەو حیزبانە وەک دەرهاوێشتەی قۆناغی دوای لۆزان کاریان دەکرد و ڕاستینەی دابەش بوونی کوردستان وەک ڕاستینەیەکی سیاسی بێ ئەملاولا قەبوڵ کرابوو. بەو پێیەش لە ڕووی پەیوەندی ناونەتەوەیی و ڕوو بە دونیای دەرەوە تێکۆشانی کورد نوێنەرایەتی ئەو دابەشبوونەی دەکرد کە لۆزان بەسەری دا سەپاندبوو. تێکۆشانی ڕزگاری گەلی کورد کە بە بەیانی ئەو راستیە(کوردستان داگیرکراوە) لە باکوری کوردستان لەلایەن گروپێک جەوانی خوێندکار کە بە ئاپۆچی دەناسران خەباتی ڕزگاری گەلی کوردی بردە قۆناغێکی نوێوه. لەو قۆناغەدا تێکۆشانی ڕزگاری تەنیا ڕزگاری نەتەوەیی یان بەدەست خستنی کیانێکی سیاسی نەبوو بەڵکو وەک شۆڕشی ژیانەوە پێناسە دەکرا و ئەساسەن کاراکتەرێکی نوێ کەوتە گۆڕەپانی تێکۆشانی گەلی کورد کە زیاتر لەوەی بەرهەمی کەشی سیاسی و چاولێکەری فکری و رێکخستنی بێت، ئافراندنی کەسایەتیەکی نوێ بوو کە نەک هەر لە ڕووی سیاسی و رێکخستنی بەڵکوو هەوڵی گۆڕینی ڕیشەیی لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و زیهنیەت و کاراکتەری پارچەکراوی کۆمەڵگەی کورد دەدا.
بە پەرەسەندنی هێڵی تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ و بەرفراوان بوونی ئەو خەتە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) لە٤ی نیسانی ٢٠٠٤ دامەزرا و بەو پێناسەی کە کردمان ئیتر ئەمە تەنیا دامەزراندی پارتێکی سیاسی نەبوو بەڵکوو لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاری جەوهەری لە پانتای سیاسی، کۆمەڵایەتی و ناونەتەوەیی هێنایە ئاراوه. لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە پێکهاتەی جەوان و بەتایبەت خوێندکاری خاوەن خەون و پرۆژەی سیاسی کە تێکۆشانی کوردستانیی بە بنەما دەگرت، ڕەنگە بۆ کۆمەڵگەیەک کە نزیکەی ٦٠ ساڵ چارەنووسی پارچەبوونی کوردستانی وەک راستیەکی ئەزەلی قەبوڵ کردبوو سادە نەبوو بەڵام گەڕانەوەی ئەو باوەڕیە بە کۆمەڵگە ئاسۆیەکی نوێی لەبەر کردوە.
دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی خۆی وەک براوەی مەیدان دەدیت و چاوەڕوانی نەدەکرد کورد دوای سەرکوتی دڕندانەی خۆی و بێهیوایی هێزی سیاسیی کوردی سەر هەڵبداتەوه بەڵام گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیسان هاتەوە سەر پێ. دیارە ڕاپەرینی ٣ی ڕەشەمە وەک خاڵی ئەو وەرچەرخانە بوو. هەر بەو پێیەش دامەزراندنی پژاک لە ڕووی سیاسیەوە نەک هەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکو لە ئاستی سەرتاسەری ئێراندا تا رۆژی ئەوڕۆمان دوای ١٦ ساڵ لە خەبات بۆتە هۆی گۆڕینی گفتمانی سیاسی. لە ڕۆژی ئەمڕۆدا گفتمانی خۆبەڕێوبەری و کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە و ئاستی نزیکایەتی هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە پرسی گەلانی ئێران و لەناویدا گەلی کورد گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیوه. زۆر جار بە ئاشکرا لە هەڵوێست و نزیکایەتی هێزەکانی ئێرانیدا بەتایبەت لە سازبوونی بەرە و دەستەبەندی سیاسیدا ئەو ڕاستیە وەدەر دەکەوێت کە چەمکی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلانی ئێران و پرۆژەی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک خاڵی دابەشبوونی ئەو هێزانەیە بەسەر بەرەی جیاوازدا. بەواتایەک ئیتر ناتواندرێت ئینکاری ئەو گفتمانە نوێیە بکرێت کە پژاک پێشەنگایەتی دەکات. پەیوەندی ئەحزابی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە یەکەوە و تەنانەت لە ئاستی ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری ئێرانی تا ڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی نزیکایەتی ئەو هێزانەیە لەو گفتمانەی کە پژاک لە سەر هێڵی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک نوێنەرایەتی دەکات. لە هەمان کاتدا دەستەبەندی دیپلۆماتیکی و پەیوەندی ناونەتەوەییش لەو دابەشبوونە کاریگەری وەردەگرێت.
تێکۆشانی پژاک لە دەرەوەی وڵات لە سەر بنەمای خوڵقاندنی نەتەوەی دیموکراتیک لە ڕەهەندی تێکۆشانی کۆمەڵایەتیدا وەک پێکهاتەی مەجلیس و لە ئاستی دیپلۆماسی دا وەک دانەبڕان لە دۆزی گشتی کورد لە لایەک و وەک خاوەن پرۆژە بوون بۆ دەربازبوونی لە قۆناغی ئێستای ئێران لە لایەکی تر قورسایی داوەتە پێگەی کورد و دۆزی کورد لە ئاستی جیهانی. کۆی ئەمە وەک ئەنجام و دەستکەوتی تێکۆشانی گشتی کوردە لە دژی داگیرکاری لە هەموو مێژوودا کە پژاک بە پرۆژە و باوەڕ بە ئیرادەی جەوهەری کۆمەڵگا ئەو نرخ و بەدەلانە دەپارێزێت کە کورد لە تێکۆشانی ڕەوای خۆیدا داویەتی.
منبع: ئالترناتیو ژمارە ٨٢