ماڵپەڕی پژاک سەبارەت بە ١٦هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پژاک و ٧١هەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مۆهەندیس عەبدولرەحمان حاجی ئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار ئەنجام داوەو حاجی ئەحمەدی دەڵێت: “پژاک وەکوو گەنجترین حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ستراتێژی خۆی بە لەبەرچاوگرتن و شرۆڤە کردنی مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد دیاری کردووە” و پژاک بە پێویستیەکی سەردەمی خۆی پێناسە دەکات و دەڵێت: “پژاک لە ڕۆژی لە دایک بوونیەوە هەتا ئیمڕۆ ئەوەی لە توانا و لە وزەی دا بووە لە پێناو لێک نزیک کردنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا کردوویەتی”

هۆکار و شێوازی دامەزراندنی پژاک چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

پژاک پێویستێکی سەردەمی خۆی بوو. بەڵام لە دو لاوە لە سەردەمیکی نا لەباردا لە دایک بوو. یەکەم؛ لە سەردەمێک دا کە کۆماری ئیسلامی خۆی بە حاکمی موتڵەقی رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانی. چونکە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کردەوە نە لە ناوچەکەدا و نە لە چیاکان دا نەمابون و لە قوڵای باشوری کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی حیزبەکانی باشوری کوردستان دا وازیان لە خەباتی چەکداری هێنا بوو کە گوایا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی باشوری کوردستان، کەمپ نشین بوون.

دووەم؛ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو پەڕی بێ هیوایدا دەژیان. لە هەمو گەڕەکی شارەکان و لە زوربەی گوندەکان بارەگای پاسداران و بەسیجی دامەزرابون. سیستەمی جاشایەتیان دەستپێکردبوو، هیچ هێزێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی تێکۆشان نەمابوو بۆیە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران خۆی بە حاکمی موتلەق دەزانی.

لە زۆربەی گوندەکان و گەڕەکی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیستەمی پاسدار و بەسیج و پێشمەرگەی موسوڵمانی جێگیر کرد. لەو سەردەمەدا بوو کە ڕوناکبیران و گەنجانی شۆڕشگێڕ بەتایبەتی لە زانکۆکانی ئێرانەوە بەرەو چیاکانی کوردستان وەڕێ کەوتن، هەڤاڵانی پە کە کە زۆر بە باشی پێشوازیان لێکردن و پەروەردەیان کردن، بە ڕێگای ئەوانەوە کچان و کوڕانی شۆڕشگێر ڕۆژ لە ڕۆژێ زیاتر و زیاتر ڕوویان کردە چیاکان و پەروەردە کران. تا ئەو ڕۆژەی کە ڕێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕی ناونەتەوەیی دەست بەسەر کرا، دژکردەوەی دەستگیر کردنی ڕێبەر ئاپۆ بە تەواوی نیشانی دا کە ئاپۆئیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێی خۆی کردۆتەوە، ئیتر هەوڵدرا کە پێویستە ئامادەکاری بکەن بۆ خۆ بەڕێکخستن کردن. تا ساڵی ٢٠٠٤ ئامادەکارێکان تەواو بون و ڕۆژی ٤/٤/٢٠٠٤ پژاک لە دایک بوو.

دامەزراندنی پژاک هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی لە دایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو ڕۆژە چی بوو؟

پارتیەک کە لەسەر فەلسەفە و ئیدیۆلۆژی و بنەمای پاڕادایمی کەسایەتێک دامەزرێ، رەوایە و مافی خۆیەتی بۆ سپاس و پێزانین هەڵگری ناوی ئەو بێ.

_ لە سەرەتای دامەزراندنی پژاک چ دەستکەوتێکی لە بواری پەرەپێدانی دیموکراسی، ئازادی ژن و ئیکۆلۆژی بووە و ئایا هەوڵدانەکانی تێرکەر بووە؟

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستیە کە پژاک لە ئێراندا پاڕتێکی ئازاد نیە و قەدەغە کراوە، ناتوانێ ڕاستەوخۆ بەرنامە و پڕۆگرامی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی پێشکەش بکات و کاری لەسەر بکات، سەرەڕای ئەو گیر و گرفتانە پژاک توانیویەتی لە چارەسەری مافی یەکسانی ژن و پیاودا تا ڕادەیەک هەنگاوی کاریگەر باوێژێ. بە تایبەتی لە بوارەکانی فەرهەنگ و ئاداب و نەریتی کۆنی کۆمەڵایەتیدا، کاتێک کە کچانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای براکانیان لە پێناو ئازادی و سەربەستی خاک و وڵات و ئازادی مرۆڤایەتی بە تایبەتی گەلانی ئێران ڕو لە چیاکان دەکەن و شان بە شانی براکانیان خەبات دەکەن و شەهیدیش دەدەن، ئیتر لە وێڕا پرۆسەی ژیانی وەک هەڤی و مافی یەکسان دەستی پێکردووە و پێشی پێناگیرێ و ئازادی ژن لە جیهاندا لە قەندیل ڕا دەستی پێکردووە و سەر دەکەوێ. بۆ جاری یەکەم لە مێژوی پێنج هەزار ساڵەی مرۆڤایەتی و پیاو سالاریدا ژن توانی خۆی بە ڕێکخستن بکا و حیزبی خۆی پێک بێنێ و هێزی پاراستنی خۆی هەبێ و لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریدا مافی رەوای خۆی بپارێزێ لە جیهانی ئیمڕۆدا شتێکی بێ وێنەیە.

لە گۆڕەپانی ئیکۆلۆژیشدا هەرچەند بەس نیە بەڵام وەکو کولتوری کۆمەڵایەتی ئاڵوگۆڕی بە سەرداهاتووە، لە گەلێک شوێن دەستە و گروپی ژینگەپارێز پێکهاتوون و مەسەلەی ژینگە و ئیکۆلۆژی بەرچاوە و لە کۆمەڵگادا بیری لێدەکرێتەوە. دیارە بەس نیە، پێویستە لە بارەی مافی یەکسانی ژن و پیاو و ئیکۆلۆژی و ژینگەپارێزی زیاتر کاری بۆ بکرێ.

بە لەبەرچاوگرتنی پەرتەوازەیی نێوان لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستادا، پژاک بۆ پتەوکردنی یەکیەتی نەتەوەیی، چ هەوڵدانێکی بووە و یەکیەتی حیزبە کوردیەکان بۆ ڕزگاری گەلی کورد لە داگیرکاری چۆن دەبینن؟

پژاک لە ڕۆژی لە دایک بوونی هەتا ئیمڕۆ ئەوەی لە توانا و لە وزەی دا بووە لە پێناو لێک نزیک کردنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا کردوویەتی بەڵام ئاکامێکی ئەوتۆی نەبووە، دیارە ئەو کەسانەی مێژووی حیزبەکانی کوردی، بە تایبەتی لە رۆژهەڵات و باشوری کوردستان دەناسن، دەزانن کە چ فەرهەنگێکی عەشیرەتی و دەرەبەگی و پاوانخوازی لەو دو پارچەی کوردستان حاکمە. سەرچاوەی ئەو چاند و کولتورەش لەو کاتەوە باوە کە لە باشوری کوردستان نوخبەی عەشیرەتی بەسەر نوخبەی شارستانی دا سەرکەوت. لەو ڕۆژەوە لە باشوری کوردستان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا فەرهەنگ و کولتوری عەشیرەتی و بنەماڵەیی بە سەر کۆمەڵگادا خۆی سەپاندووە و هەوڵدەدا کاریگەری بکاتە سەر پارچەکانی دیکەی کوردستان. بەو هۆیەوە                                                                         هەتا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستان نیشتەجێ بن و بارودۆخی دەسەڵاتی باشوری کوردستان ئاڵوگۆری بە سەردا نەیە، یەکێتی و یان لێک نزیکبونەوەی جیددی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوەڕۆان نەکراوە، هەرچەند هەر تاکێکی کورد و هەمو حیزبەکانی کوردی باش دەزانن مەرجی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی هەر شێوە مافێکی نەتەوەیی بێ یەکگرتنی هێزەکانی کۆمەڵایەتی و  حیزبەکان مومکین نیە و داگیرکەرانی کوردستانیش ئەوە باش دەزانن و ئەوانیش کاری لەسەر دەکەن.

ستراتیژی پژاک لەسەر بنەمای هێڵی سێهەمو تێپەڕاندنی ناسیۆنالیسم و نەبوون بە بەشێک لە بەرەی زلهێزەکانی سیستەمی سەرمایەداریە. لە ڕوانگەی ئێوە ئەم ستراتژیە چەندە دەتوانێت لە یەکیەتی و بەرەوپێش چوونی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەر بێت؟

پژاک وەکو گەنجترین حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ستراتێژی خۆی بە لەبەرچاوگرتن و شرۆڤە کردنی مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد دیاری کردووە. لە ماوەی ئەو دوسەد ساڵەی دواییدا زیاتر لە بیست و نۆ سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی تۆمار کردووە (کە بە شۆڕشیان ناو دەبا ) کە هیچیان بە ئاکام نەگەیشتون. هۆی سەرەکی سەرنەکەوتنی  یەک یەکی ئەو سەرهەڵدانانە تیکرار و دوبارە کردنەوەی خەتا و هەڵەکان و دەرس وەرنەگرتن لە مێژوو بووە. لە سەردەمی ئیمڕۆی جیهانی گلۆبالیزەدا نەتەوەپەرستی نە باوی ماوە و نە شانسێکی هەیە. بۆنمونە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە ئەۆڕوپا را دوو شەڕی جیهانی کراوە، سەرەڕای ماڵوێرانی و قاتو قوڕی و برسیەتی زیاتر لە سەد  میلیون کوژراوی لێکەوتەوە. پاش ئەو هەمو ماڵوێرانیە ئێستا هەوڵدەدەن ئەوڕوپایەکی یەکگرتو پێکبێنن. ئایا بەشەکانی دیکەی جیهان دەبێ ئەو ئەزمونانە دووبارە بکەینەوە یان لێیان فێر بین و دەرسیان لێ وەرگرین؟ خەتی سێ، خەتێکی ئینسانیە، بێ لەبەر چاو گرتنی نەژاد و ئایین و ئایینزا و ڕەگەزی نێر و مێ و ڕەنگی پێست، گۆی زەوی هی ئەو مرۆڤانەیە کە لە سەری دەژین، بە هەمو بیر و بۆچونەکانەوە.

لەو سەد ساڵەی دواییدا یەکسەد و بیست نەتەوە ئازاد بون، کە باوەرناکەم هیچ یەک لەو نەتەوانە کە ئازاد بوون ئەوەندەی گەلی کورد فەداکاری کردبێ و قوربانی دابێ. کاتی ئەوە هاتوە کە گەلی ئێمە تیشک بخاتە سەر مێژووی خۆی و هۆیەکان و عیلەت و مەعلولەکان شی بکاتەوە، و وانەیان لێ وەرگرێ.

دونیای ئەمڕۆ دونیایەکی چەند جەمسەریە کە هەر کەسێک بە دوای بەرژەوەندی زیاتر بۆ خۆیەتی، پژاک بە چ سیاسەتێک دەتوانێت لە گۆڕەپانی چەند جەمسەری دونیای ئەمڕۆدا خەبات و تێکۆشانی خۆی بەرەو پێش ببات؟

لە جیهانی سیاسەت دا شتێک بە نێوی ئەخلاق بوونی نەماوە، لە هەر کۆمەڵگایەکدا ئەخلاق نەما پێوانە و مەعیاری ژیان واتایەکیان نامێنێ. ئیتر مەسلەحەت و بەرژەوەندی قسەی ئاخر دەکا، لە نێوان باش و خراپ دا سنورێک نامێنێ. بەڵام کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە دەسپێکەوە تا ڕۆژگاری ئیمڕۆ دایم لە ئاڵوگۆڕدا بووە و هەر واش دەمێنێ. یەکێک لە نووسەر و سیاسەتوانانی ئەروپایی دەیگوت: ئێمە چەپەکانی ئەروپا پێمان وابوو کە ئیتر ئەخلاقی ئینسانی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا نەماوە. بەڵام کاتێک چووم بۆ قەندیل و چاوم بە ئەو خەڵکە کەوت هومێد و هیوایەک لە مندا زیندو بۆوە، و هیوادارم کە مرۆڤایەتی لە وێڕا بۆ زیندوو کردنەوەی ئەخلاقی ئینسانی بۆ کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک لەو ڕێگەیەوە کە گرتویەتی ئیدامەی بدا وسەرکەوتوو بێ. فەلسەفە و ئیدیۆلۆژی و ستراتێژی پژاک لە رۆژئاوای کوردستان تاقی کراوە و جیهانی سەرسام کرد. بارودۆخی جیهان و بە تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوین زۆر ئاڵۆزە، چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی گەورەی لێدەکرێ. پێویستە گەلانی ناوچەکە دەست لە دەستی یەک ئامادە بن، دیارە ڕێگەمان دوورە، سەختە، بەس دیاریکەری دواڕۆژی مرۆڤایەتیە.

لە شازدەهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پژاک، چ بەرنامە و پرۆژەیەکی نوێ بۆ هەموو گەلان و ڕەنگە جیاوازەکانی ناو ئێران لە ئارادایە؟

پژاک خاوەنی بەرنامە و ستراتێژی و فەلسەفەی خەباتی خۆیەتی، بەڵام پێویستە بە لە بەرچاو گرتنی پێکهاتەیی فرەنەتەوەیی و فرە ئایین و ئایینزاکان لە ئێران دایم بە پێی تێپەڕبوونی زەمان و پێویستی سەردەم ئاڵوگۆڕی بەسەر بەرنامەکانی کار و خەباتی خۆی دا بێنێ.

٨سەرکوتەکانی ڕژێمی ئێران زیاتر بووە و قەیرانی سیاسی، ئابووری و دیپلۆماتیک بەرۆکی دەسەڵاتدارانی ئێرانی گرتووە، دۆخی ناوخۆیی و دەرەکی ئێران بەرەو کوێ دەچێت؟

ڕاونان و زیندان و ئەشکەنجە و ئیعدام و کوشتار لە سیستەمی دیکتاتۆری و ئیستیبداد دا، شتێکی چاوەڕوان نەکراو و دور لە مەنتیق و کردەوەی دیکتاتۆڕەکان نیە. ئەوە دیالێکتیکی ئاکسیۆن و ڕێئاکسیون، کردەوە و دژکردەوەیە. ئەوە لە لایەکی دیکەوە ڕادەی هوشیاری گەلەکانی ئێران بە تایبەتی گەلی کورد دەگەیەنێ. هەرچەند بێ عەداڵەتی و زوڵم و زۆری کۆمەڵایەتی زیاتر دەبێ،   زەخت و گوشار و ترس و کوشت و کوشتار وتۆقاندنیش زیاتر دەبێ. ئەوە سەرچاوەی مەنتیق و فەلسەفەی دیکتاتۆرەکانە، لە پێناو درێژکردنەوەی چەند ڕۆژێکی ژێانی خۆیان.

تەمەن و مەودای ژیانی هەر دیکتاتۆرێک گرێدراوە بە هۆشیاری گەلەکەی، هیچ دیکتاتۆرێک نەیتوانیوە و ناتوانێ بۆ هەمیشە گەلەکەی گەمژە و نەزان ڕابگرێ و دەسەڵاتی خۆی بکاتە هەتا هەتایی. بن بەستی سیاسی، ئابووری و دیپڵۆماسی لە وڵاتێک دا دەتوانێ ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات یان سیستەم.