بەهاتنی نەورۆزی ٢٧٢٠، نەورۆزی ئازادی و پێکەوە ژیانی گەلان، لە هەموو ئازادیخوازان بە تایبەت رێبەر ئاپۆ، بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرز، گیراوانی سیاسی و گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران پیرۆز دەکەین.
نەورۆز بۆ گەلی کورد هێمای ژیانهوه، سهرههڵدان و تێکۆشانی ئازادیخوازانەیە، لە بەرامبەر داگیركاری و چهوساندنهوه. وەبیر هێنانەوەی کاوەی ئاسنگەرە کە لە ناخی کۆمەڵگاوە سەرهەڵدەدات و قەڵای دسەڵاتداران هەڵدەوەشێنێت. هاوکات هەڵکردن و گەشانەوەی ئاگری ئازادییە لە لووتکەی چیا سەرکێشەکانی نیشتمانەوە.
نەورۆزی گەلی کورد لەسەردەمی کۆن و نوێدا، هەڵگری پهیامێکی کۆمەڵایەتی بووه لە بەرامبەر زهنیەتی دەسەڵاتداران. بەهاتنی وەرزی بەهار و گەرم بوونەوەی زەوی، دەسەڵاتی سەرما و سۆڵە کۆتایی پێدێت و سرووشت جارێکی دیکە دەبووژێتەوە، بە هەمان شێوە نەورۆز بووژانەو و سەرهەڵدانی گەلانە لە پێناو دەسپێکردنەوەی وەرزێکی نوێ لە ژیانی ئازاد و دیمۆکراتیکدا.
مێژووی بەرخۆدانی هاوچەرخی کورد بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ، نەورۆزی کردە هێمای سەرهەڵدانەوەیەکی نوێ لەکوردستان. چەندەش داگیرکەرانی کوردستان هەوڵیاندابێ ئازادی سنووردار و کەلەبچە بکەن، بەڵام گەلی کورد بێ پسانەوەو تاگەیشتن بە ئارمانجەکانی ئازادی و دێمۆکراسی، دوا بە دوای هەر تێکشکان و کۆمەڵکوژییەک، بە رەمزی نەورۆز، کاوە ئاسا شەستە بەند و زنجیری داگیرکەرانی تێکشکاندوەو و بە گەرمایی و رۆشنایی خۆری ئازادی سەرلەنوێ ژیاوەتەوە.
بە پێشەنگایەتی کاوەکانی سەردەم شەهیدان «مەزڵووم دۆغان و زەکیە ئالکان» ئەمرۆ نەورۆز لە هەرکاتێکی دیکە زۆرتر پەیوەست بە خواستی بەشە چەوساوەکانی کۆمەڵگا بووە. ئەگەر بۆ گەلانی ناوچەکە نەورۆز تەنیا هێمایەک بێت، بۆ گۆڕانکاری وەرز و نوێبوونەوەی ساڵێک، نەورۆز بۆ گەلی کورد هێمای چڕکردنەوەی تێکۆشان لە پێناو ئازادییە. نەورۆز هەڵوێستی کۆمەڵگایێکە کە لەبەرامبەر داگیرکەریدا سەرهەڵدانی کردووە و هیچکات ملکەچی یاسای داگیرکاری نەبووه. نەورۆز چالاکیەکی کۆمەڵایەتیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی دەسەڵاتداران. بە گیانی نەورۆزەوە ئەمڕۆ گەلی کورد بە پێشەنگایەتی و بەرخۆدانی رێبەر ئاپۆ، گەریلا و شەڕڤانەوە، بووەتە هیوای رزگاری گەلان و بە هەڵکردنی ئاگری ئازادی لە لووتکەی چیاکانی زاگرۆس تیشکی رووناکی دەخاتە سەر جیهانی دەوروبەر و رۆژ لەدوای رۆژ، تەنگ بە تاریک پەرەستان هەڵدەچنێ و چیای دەسەڵاتی سەهۆڵبەستراوەکان بە ئاگری تێکۆشانی دەتوێنێتەوە. نەورۆزی ئامەد و قەندیل لەسەر زهنیەتی نەتەوەی دیمۆکراتیک لەمێژووی هاوچەرخی گەلەکەمان بووە کۆنگرەیەک بۆ ئەو گەلانەی کە تامەزرۆی ئازادیین. ئەو مەشغەڵەی کە لەوێ داگیرسا، دەست بە دەست گەڕا و ئەمڕۆ، نەورۆزی ئازادی لە سەرجەم شار و گوندەکانی وڵات بە خرۆشەوە هەڵدەکرێت.
بە تێکۆشان و بەرخۆدانی بێ وێنەی گەلی کورد لەساڵی ٢٧١٩ی کوردی، ساڵێکی تری پڕاوپڕ لەشکۆی سەرکەوتن بۆ گەلی کورد و گەلانی ئێران تۆمار کرا. لەساڵێک کە تێپەڕ دەبێت گەلانی ئازادیخوازی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تێکۆشانی نەبەزانەیان کۆشکی دەسەڵاتدارانیان ههژاند. ڕاپەڕینەکانی مانگی خهزهڵوهر، بەردەوامی رق و کینەی چەندین ساڵەی گەل بوو لە بەرامبەر دەسەڵاتی رژێمی سێدارە، هەروەها لاوازکردنی پێگە ئایدیۆلۆژیەکەی بوو کە ساڵانێکە لە هەموو دامودەزگاکانی خۆیدا دەیاندا بەگوێ خەڵکدا. هەر لێرەوە لە یەکەم نەورۆزی شەهیدانی مانگی خهزهڵوهرهوه، هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی وەبیر دێنینەوە و بەڵێنی بەردەوام کردنی رێگایان تا گەیشتن بە ئارمانجەکانیان دووپات دەکەینەوە. گەلانی ئێران بەرپەرچی داگیرکەریەکانی رژێمیان بە بایکۆت کردنی هەڵبژاردنە نمایشیەکەی رژێم گەیاندە لووتکە. دەسەڵاتی رژێمی داگیرکەری ئێران ئەمڕۆ نەتەنیا لە بواری ئایدیۆلۆژیدا تووشی هەڵوەشانەوە و داڕمان بووه و رەوایی خۆی لەدەست داوە، لە هەمان کاتدا لە بواری لەشکەری و رێوەبەریشدا تووشی داڕمان بووە. خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانیەکە بە دەستی پەدافەندی هەوایی سوپا لە بەر چاوە. هەر وەها لەسەروبەندی هاتنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بێ بەرپرسیارانە و ناکارامهیی کاربەدەستانی رژێم لە نهگهرتنهبهری رێوشوێنی پێویست بۆ پێشگرتن له تهشهنهسهندن و کۆنتڕۆڵ کردنی وایرۆسی کۆرۆنا (کوڤید-١٩) کە سەرەتا ویستی بۆ پەردەپۆش کردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەروەها قەیڕانی ئابووری بەکاری دەهێنێ، رۆژ لەدوای رۆژ وڵاتی تووشی قەیرانی مەزنتر کردووە.
لە کاتێکدا بەرەو پیری نەورۆز دەڕۆین کە جیهان و ئێران بە گشتی لە ژێر مەترسی نەخۆشی کۆرۆنادایە. بە هۆی ئەم نەخۆشیەوە ئەمساڵ دەرفەتی بەرێوەبردنی جەماوەریانەی نەورۆزنییە، پێویسته گەلەکەمان بێ چاوەڕوانی لە دەسەڵات خۆی لەو نەخۆشیە بپارێزێ، دەبێ ئەمساڵ بە درووشمی «نەورۆز سەرهەڵدانی گەلانە» هەموو شوێنێک بە رۆحیەی نەورۆز بڕازێننەوە و هەر کەس، شوێنی مانەوەی بکاتە قەڵای تێکۆشان و کاوەئاسا بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە لووتکەی چیاکان، کۆلان و گەڕەکەکان، پەیامی ئازادی گەشاوە بکەن و پهیامی نەسرەوتن تا سەرکەوتن بەرز بکەنەوە و زامنی سەرکەوتنی سەرهەڵدانی گەلان ببن. گەلی کورد پێویستە لەساڵی نوێ بە رۆحی نەورۆزەوە دەستپێشخەری سەقامگیری ئاشتی و ئارامی لەناوچە بکات و بە هەموو هێزەوە بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ و ئازادکردنی پەرە بە تێکۆشان بدەن.
لەو بڕوایەداین کە گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ تێکشکاندنی زهنیەتی فاشیست و داگیرکەری بە جۆش و خرۆشی نەورۆزەوە لەساڵی ٢٧٢٠ی کوردی، یەکێتی و یەکڕیزی نێوانیان پتەو و بەهێزتر دەکەن و بەوەش شکۆی رژێمی چەوسێنەر و داپڵۆسێنەری گەلان زەمین کێش دەکەن.
هاوکات رۆحیە و بەرپرسیاری نەورۆزی ٢٧٢٠ی کوردی، ئەوە بە سەر هەموو هێز و لایەنە سیاسی، رێکخراوە مەدنیەکان، مافناسان، رۆشنبیران، سیاسەتمەداران، ژنان و گەنجان فەرز دەکات کە بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و چارسەری کێشەی گەلی کورد و گەلانی ئێران، بە رێگای ئاشتیانە هەنگاو بۆ یەکێتی و یەکڕیزی گەلی کورد و گەلانی ئێران و بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک هەڵبگرن.
وەک پژاک لەساڵی نوێ دا لەپێناو یەکڕیزی و یەکێتی نێو ماڵی کوردی و یەکێتی گەلانی ئێران بە هەموو هێزمانەوە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین و داوا لەهەر کەس و لایەنێک دەکەین کە بەرپرسیارانە و بە رۆحی شۆڕشگێڕانە بە ئەرکی سەرشانیان راپەڕن.
لەکوتاییدا لە نەورۆزی ئەمساڵدا یادی هەموو گیانبەخت کردوانی رێگای ئازادی بەرز رادەگرین و بە هەڵکردنی ئاگری ئازادی رێگایان بەردەوام دەکەین.
نەورۆز، سەرهەڵدانی گەلانە
نەورۆزتان پیرۆز
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
٢٠\٠٣\٢٠٢٠