ئامەد شاهۆ

رژێمی داگیرکەری كۆماری ئیسلامی ئێران دوای ٤١ ساڵ لەئەزموونی داگیرکەری و سەرکوت، لە کوردستان و ناوچە سنووریەکان، لەژێر پەردەی هەنگاوی دووهەمی شۆڕش، برەو بە قۆناخێکی نوێ لەسیاسەتی داگیرکاری و لاوازکردنی گەلان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ده‌دات. رژێم بە گەشەپێدان و به‌لووتکە گەیاندنی دیاردەكانی گەندەڵی، بێکاری، گرانی، هەژاری، هەڵاوسان، ماددەی هۆشبەر، رووسپیگەرێتی، زوڵم و زۆرداری، ئەشكەنجە، تیرۆر و کوشتن لە كوردستان و ناوچە سنوورییه‌كان هه‌وڵی سه‌پاندن و زیاتر سه‌قامگیركردنی دەسەڵاتی چەپەڵ و بەدفەڕی دەدات. خامنەیی و ده‌ستووپه‌یوه‌نده‌ خوێنمژەکەی، بۆ ئەوەی كۆمەڵگا پابەند، گرێدراو و کۆیلەی خۆ بكەن، بە زۆرەملێ رەنج، نرخ، بەها و دەستكەوتەکانی گەل قۆرخ و تاڵان دەکەن و هاوڵاتیان لەناو دارەمەیتی رژێم زەمین کێش دەکەن.

 

کاربەدەستانی داگیرکەری رژێمی ئێران بۆ ئەوەی کۆمەڵگا لەناو دارەمەیتی سوپا، بەنج و بێ تاقەت بکەن، ئابووری بەهێز و دەوڵەمەندیان لەژێر چنگی گەل و کۆمەڵگا دەرهێناوە و لەژێر پەردەی یاسا، لەقازانج و بەرژەوەندی رژێم، تاپۆیان کردووە. بەو پێیە سەرچاوە ژێرزەوینی و سەرزەوینییەکانی كوردستان و ناوچە سنووریەکانیان، خستووەتە ژێر پاوانی خۆیانەوە و بە سیاسەت و پیلانی مەترسیدار، گەشەدانی ئابوورییان لە کوردستان و ئەو ناوچانە بێ بار کردووە. بۆ لاواز كردنی كۆمەڵگا تۆڕەکانی دەسەڵات ژینگە و سەرچاوە ژێرزەوینی و سەرزەوینیەکانی کوردستان پارچە و لاواز دەکەن و لەناو دارەمەیتی رژێم بزمار کوتی دەکەن. تا بەرەنگاری تەوژم و هێزی گەوهەری كۆمەڵگا ببن و دەرفەتی چەوسانەوە و دامرکاندن و رووخانی کۆمەڵگا خۆش بکەن.

 

رژێم بە بیانووی نەبوونی ئاسایش و ئارامی لەناوچە سنووریەکان بەتایبەت کوردستان، بە میلیتاریزە کردنی ناوچەکە مۆڵەت و دەرفەتی سەرمایەگوزاری ئابووری و هەلی کار و ژیانی ئازاد لە كوردستان لەبار دەبات. لەکاتێكدا خودی رژێم و ناوەندە داگیركەریەکانی وەک بەسیج و سوپای پاسداران، ئاسایش و ئارامی لە كوردستان و ناوچە سنووریەکانیان لەبار بردووە. رژێم لەژێر پەردەی نەبوونی ئاسایش و ئارامی لە كوردستان، راووڕووت، دزی و گەندەڵیەکانیان رەوایەت پێ دەدەن، بەو زهنییەتە شەپۆلی ناڕەزایەتی دیمۆکراتیکی كۆمەڵگا دادەمرکێنن و رەوایەت بە سیاسەتی داگیرکاری و بیودەسەڵاتیان لەسەر گەل و کۆمەڵگا دەدەن.

 

رژێمی داگیرکەری ئێران، دوای ٤١ ساڵ لەتەمەنی داگیرکاری و بزمارکوت کردنی گەل لەناو دارەمەیتی سوپادا، جارێکی تر لەگەرماوگەرمی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەمساڵ، کوردستان و ناوچە سنووریەکانی بە گۆڕەپانی شەڕ و تیرۆر پێناسە کردووە. رژێم دەیەوێت ئەو تۆخمە لەزهنی مرۆڤەکاندا چەکەرە پێ بدات کە لەناو دارەمەیتی سوپا و ناوچەی جەنگی و زەوت کراو، ژیانی ئازاد و کاری هاوبەشی گەلان، سەوز نابێ، چون لەناو دارەمەیتی سوپای پاسداران؛ هەوری رەشی هەژاری، بێکاری، هەڵاوسان، دزی، گەندەڵی، نائارامی و ئاڵۆزی، شەڕ و ئاژاوەگێڕی فیشقە دەکات.

 

کاربەدەستانی رژێم بۆ ئەوەی گەلی کورد لەناو دوورگەی هەژاری و بێکاریدا، قۆڵبەست بکەن، ئابووری کۆمیناڵیان لە کوردستان ئیفلیج و بێ بار کردووە و دواتر رۆچنی ژیانی ئازادیان لەکۆمەڵگا بێخ بڕ کردووە تا كۆمەڵگا دەستکورت و حەوجەداری خۆیان بکەن. كۆمەڵگای کورد چەندێك دەستکورتی رژێم ببێت، ئەوەندە بەلەنگاز و بێ ئیرادە دەبێت و دەرگا بۆ رێبازە چەپەڵەکانی سوپای پاسداران لەپێناو لاوازکردنی کۆمەڵگا و پەیڕەو کردنی شەڕی تایبەت ئاوەڵا دەبێت.

 

رژێمی داپڵۆسێنەری ئێران پاش ٤١ ساڵ لەتەمەنی داگیرکاری، بۆ ئەوەی بە تەواوی دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگا بسەپێنێت، هەموو هەوڵەکانی بۆ لاوازکردن و تێکشکاندنی کۆمەڵگا وەگەڕخستووە. واتا بۆ مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، کۆمەڵگا لەناو زەلکاوی بێ ئیرادەیی، بێ پیلانی و بێ بەرنامەیی دەچەقێنێت، تا تاکی کۆیلە و گوێڕایەڵ بۆ ناوەندەکانی دەسەڵات بە بار بێنێت. تۆڕەکانی دەسەڵات بەو شێوەیە كۆمەڵگا ئەخسیری برسێتی و هەژاری دەکات. دوابەدوای سیاسەتی برسی کردنی گەل، هەلی كار لەناو کۆمەڵگا تەفروتوونا دەکات، تا مرۆڤ لەناو رژێمی قەیراناوی ئێران بێكار و برسی ببێت و بە ناچاری روو لەدارەمەیت و دامودەزگا چەوسێنەر و داگیرکەریەکانی رژێم بکات. تۆڕەکانی دەسەڵات بۆ ئەوەی کۆمەڵگا دەستکورتی خۆیان بکەن، لەژێر دەمامکی دەزگا گەندەڵ و چەوسێنەرەکانیاندا، ئابووری و دەستکەوتەکانی گەل حەیف و مەیل دەکەن. دوا بە دوای ئەو پیلانە لەژێر پاساوی برسێتی، سیخوڕتی و بە کرێگیراوی لەکوردستان پەرە پێدەدەن.

 

رژێم بۆ ئەوەی راستییەکان لەبەر چاوی گەل پەردەپۆش بکات، دەیەوێت بە تەواوی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەجیهانی سیاسەت داببڕێنێت. واتا لەهونەری بەڕێوەبردنی ژیان، گەل و کۆمەڵگا بێ بەش دەکات. قەبووڵ نەکردنی گەلی کورد وەک نەتەوە و ماف نەدان بە کوردان لەچوارچێوەی هەمان سیاسەتە. تۆڕەکانی دەسەڵات بە هونەری دەسەڵات، کۆمەڵگا لەناو زەلکاوی بێ سیاسەتیدا چەقاندووە. بە بڵاو کردنەوەی ئەو زهنیەتەی لە کوردستان کە سیاسەت درۆیە، مەودای گەل لەگەل رژێمی حەقیقەت درووست دەکات. کاتێک گەلێک لەسیاسەت دابڕا، وەک ئەوەیە کە رۆح لەجەستەی داماڵرێت. بێگومان جەستەیەکی بێ رۆح، بۆن دەکات. بۆیە کۆمەڵگایەکیش کە سیاسەت لەجەستەی دەرهێنرابێت، لەناو گەلێك ئاریشەو گرفتی كۆمەڵایەتی وەک؛ درۆ، بێ ئەخلاقی، گەندەڵی، تووش بوون بە ماددەی هۆشبەر، خۆكوژی ژنان و گەنجان، بێکاری، هەژاری و بە کرێگیراوی دەپووکێتەوە. رژێمی داگیرکەری ئێران بۆ ئەوەی لاقی داگیرکەری لەکوردستان دابچەقێنێت، سیاسەت لەزهن و جەستەی تاکی کورد دەردەهێنێت و بۆ فەتح کردنی کوردستان، کۆمەڵگا لاواز و بێ تاقەت دەکات، تا لەناو دارەمەیتی سوپا، توانای ناڕەزایەتی دەربڕینیان نەبێت.

 

رژێمی داگیرکەری ئێران لەژێر ناوی پڕۆژەی ئاوادانکردنەوەو خزمەتگوزاری لەکوردستان، گەلی کورد لەناو ئاشی بێ سیاسەتیدا دەهاڕێت، تاکە ئامانجی ئەوەش پەیوەستی کوردان بە سوپای بێکار و بەکرێگیراوانی دەوڵەتە. لەمێژووی دەسەڵاتە یەک لەدوا یەکەکانی ئێران، هیچ سەردەمێک بە ئەندازەی سەردەمی رژێمی ولایەتی فەقی، سوپای بێكاران ئەوەندە زەبەلاح و بە رێکخراو نەکراوە. لەلۆژیکی رژێمدا، بێکاری شێرپەنجەی کۆمەڵگایە. رژێم دەیەوێت گەلی کورد بە شێرپەنجەی بێکاری، وەیلان، سەرگەردان و لاواز بکات. سوپای بێکاران لەکوردستان چەندێک مەزن ببێت، هیوا و ئۆمێدی کۆمەڵگا ئەوەندە بچوووک دەبێت و دارەمەیتی سوپاش، ئەوەندە خاوەن کار و دەرفەتی داگیرکەری بۆ فەراهەم دەبێت.

تۆڕەکانی دەسەڵات لەكوردستان، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا پەلکێشی ناو سوپای بێکاران بکەن، دیواری قەدەخەیان لەسەر گۆڕەپانەکانی گەل کێشاوە. دواتر ناوەندە شەڕانگێزەکانی رژێم، بۆ سەپاندنی هەژمۆنییان بە سەر گەل و کۆمەڵگا، بەرهەمی رەنجی کۆمەڵگا زەوت و چەپاو دەكەن و کۆمەڵگای كوردی لەهێزی خۆڕاگر و تێکۆشەر بەتاڵ دەکەن، تا کولتووری خۆڕاگری و تێکۆشان لەکۆمەڵگا بێخ بڕ بکرێت. تۆڕەکانی دەسەڵات بۆ ئەوەی قەڵای خۆڕاگری کۆمەڵگا تێکبشکێنن، شیرازە و كولتووری بنەڕەتی کۆمەڵگا تێکدەشکێنن و كولتووری داگیرکەری بە جێگای دەچەقێنن.

 

کاربەدەستانی رژێم لەکوردستان بە رێگای توندوتیژی دارەمەیتی سوپا، گەل چاوترسێن دەکەن و ئیرادەیان تێکدەشکێنن و بە کاریان دەبەن و لەرژێمی حەقیقەت بە دووریان دەخەن. رژێمی داگیرکەری ئێران بۆ گەیشتن بە مەرامە چەپەڵەکانی لە کوردستان، سوپایەکی توندووتیژ و بە سەدان دەزگای توندوتیژ و دارەمەیتی دامەزراندووەو تاشیوە. رژێم بە کاراکردنی مەکینەی توندووتیژی، دەسەڵاتی خۆی بە سەر گەل و کۆمەڵگا دەسەپێنێت. ئەوەی لۆمپەن، شەلاتان، داوێن پیس، گەندەڵ، لاواز و چەقۆكەشن، لەو دەزگا داپڵۆسێنەرانەی وەک ئیتلاعات و سوپا دادەمەزرێن و ئەو کەس و دەزگایانە تەنیا کار و پیشەیان لە کوردستان برەودانی توندووتیژییە. چون ئەندامانی ئەو دەزگایانە، کەسانی توندووتیژن. هێزی سەرکوت و داپڵوساندنی ئیرادە و باوەڕی گەل و کۆمەڵگان. جێبەجێکاری دەرکردنی فەرمانی توندوتیژی سەر کۆمەڵگان. بوێری و ئازایەتی نێو كۆمەڵگا بێخ بڕ دەکەن. چەندێك توندوتیژی نێو کۆمەڵگا پەرەبسێنێت، ئەوەندە كۆمەڵگا لاواز و بێ دەسەڵات دەبێ و بەڕێوەبەری وڵات بۆ چه‌قه‌ڵ و لاشخۆرەکانی رژێم بە جێ دەمێنێت.

 

رژێم بە چەکی توندووتیژی دەیەوێت گەلی کورد لەناو قەفەسی بەسیجی و بەکرێگیراوی بتوێنێتەوە. لە کوردستان پەرە بە سیاسەتی بەسیج بوون دەدەن. ئەوەش وەک تاکە بۆری هەناسە کێشان بۆ گەلی کورد پێناسە دەکەن. لەکاتێکدا بەسیج بوون بۆ تاکێکی کورد بە واتای دژە كولتوور و بەرخۆدانە. بەسیجی؛ كولتووری فاحشەگەری دڵخوازانەیە کە لەلایەن رژێمەوە باوە. ئەندامێکی بەسیج؛ فاحشەی فكری، سیاسی، كۆمەلایەتی و ئابوورییە كە جەستە، هزر و رامانی، بە شێوەیەکی دڵخوازانە خستووەتە ژێر خزمەتی تۆڕەکانی رژێم. بەسیجی بۆ رژێم لەکوردستان، کۆڵەکەی راگرتنی دەوڵەت نێو كۆمەڵگایە. ناوەندی توانەوە و سەرکوتی تاکەکان لەسەرجەم گۆڕەپانەکانی ژیانە، کە ئەمڕۆ رژێم لەسەرجەم حۆجرەکانی کۆمەڵگا کاراو رێکیان دەخاتەوە.

 

رژێم بە دامەزراندنی ناوەندەکانی بەسیج و بەکرێگیراوی لەکوردستان، پەرە بە بێ رەوشتی و بێ کولتووری دەدات، بە تەفرووتوونا کردنی ئەخلاقی کۆمەڵگای کوردی، هەبوونی دەخاتە ژێر مەترسییەوە تا کۆمەڵگای کوردی توانای درێژه‌دان به‌ هه‌بوونی لەدەست بدات. رژێم لەژێر ناوی یاسای سەپێندراوی سەر کۆمەڵگا، دەیەوێت ئەخلاق لەکوردستان تەفرووتوونا بکات، بەڵام هەوڵ و کۆششی چالاکانی مەدەنی لەئەمڕۆدا، لەشارەکانی وەک مەریوان، سنە و کرماشان و … هتد بۆ زیندوو کردنەوەی داب و نەریتی کۆنی کوردەواری، بە واتای بەرگری کردن لەئەخلاق و کولتووری گەوهەری کۆمەڵگایە. لەکۆمەڵگای کوردەواریدا، یاسا بە واتای رەوایەت بەخشین بە بێ‌ئەخلاقییە. چون رژێم لەژێر پەردەی یاسا، کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد دەکوژێت. چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ژینگەپارێز؛ تیرۆر، دەستگیر و لەسێدارە دەدات. بۆیە ئیدی یاساکانی دەوڵەت لەکوردستان رەوایەت و بایەخیان نەماوە، چون سەرجەمیان یاسای داگیركەری و تاڵانن.

 

تۆڕەکانی دەسەڵات دەیانەوێت کۆمەڵگای کوردی لەئەخلاق داماڵن، ئەوەش بە واتای داماڵینی ئازادییە. کاتێک کۆمەڵگا بێ رەوشت دەکرێ، لەهزر و فەلسەفەی ئازادی دوور دەخرێت. ئەخلاق لەکوردستان لەسەر بنەما و پێوەرەکانی پاراستنی نرخی مرۆڤ و كۆمەڵگا گەشە دەکات. كۆمەڵگای کوردی چەندێك توانای پاراستنی نرخ و دەستكەوتەکانی خۆی هەبێت، ئەوەندە كۆمەڵگایەكی بەئەخلاقەو دەتوانێت خاوەندارێتی لەمێژوو و ناسنامەی خۆی بکات.

 

تۆڕەکانی دەسەڵات لەپێناو لاوازکردنی گەل و کۆمەڵگا و پەلکێش کردنیان بۆ ناو دوورگەی کوێلەتی پەنای بۆ ئەو سیاسەتە چەپەڵانە بردووە. بە واتایەکی گشتی رژێم لەدژی کۆمەڵگا شەڕی تایبەتی بەرپا کردووە. رژێم بەو شەڕە دەیەوێت بنج و بناوانی خۆڕاگری، تێکۆشان و لۆژیکی ژیانی ئازاد لە کوردستان هەڵبوەشێنێت و تاکەکان بە ئەوینەوە دارەمەیتی دەسەڵات لەئامێز بگرن. رژێم بە برەودانی سیاسەتی مردنی لەسەرخۆ (تدریجی)، ماتەوزەی مرۆیی لە کوردستان لەناو دەبات. ئەو کەس و پێکهاتانەش بەڕەنگاری سیاسەتی رژێم دەبنەوە بە بەرچەسپی ناڕەوا، سەرکوت و پاکتاویان دەکەن. رژێم بۆ ئەوەی سەرکەوتنی پیلانە مەترسیدارەکانی گەرەنتی بکات، کوردستانی کردوەتە دوورگەی وەحشەت و مردن. لەو دوورگەشدا کێ لەبازنەی دەسەڵات یان تۆڕەکانی رژێم هاتە دەرەوە، لەناو دوورگەی وەحشەتی رژێم، بە تابووتی سوپا قۆڵبەست دەکرێت.

 

ئەوەی کە جێگای سەرسووڕمانە، کوردستان لەناو دەریای سامان و زەنگینی ئاوژەنی دەکات و بە پێچەوانەوە گەلی کورد لەناو دەریای سامانی نەتەوەیی، پەلەقاژەی برسێتی و تینوویەتی دەکات. رژێم لەپێناو زەوت کردن، تاڵان و چەپاوی ئەو دەوڵەمەندیەی کوردستان، بە سەدان قەسابخانەی لە کوردستان دامەزراندووە، کە سوپای پاسداران گەورەترین قەسابخانەی رژێمە لە کوردستان. رژێم بۆ ئەوەی راوورووت و دزیەکانی لە کوردستان پەردەپۆش بکات، بە بەرچەسپی کۆفر، محارب، دژە شۆڕش و تیرۆر لە کوردستان گۆمی خوێنی بەرپا کردووە. گەل بۆ ئەوەی پێداویستیە سەرەکیەکانی ژیانیان دەستەبەر بکەن، پێویستە قوربانی بۆ بدەن! رۆژانە لەسەر سنوورە دەستکردەکانی کوردستان، کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد، لەلایەن مافیا و چەتەکانی رژێم گوله‌یان دیاری دەکرێت. کەل و پەل و سەرمایەی ژیانیان تاڵان و چەپاو دەکرێ. رژێم بۆ ئەوەی گەل دەستکورت و حەوجەداری خۆ بکات و تۆڕەکانی دەسەڵات لە کوردستان کەلاوە نەکرێن، بەربەست و تەگەرە لەبەردەم کار و کاسبی هاوڵاتیان لە کوردستان درووست دەکات. سەرەڕای ئەو راستییە تۆڕەکانی دەسەڵات بەردەوام بانگەشە و درۆی شاخدار بڵاو دەکەنەوە، کە گوایا رۆژانە پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە کوردستان پێشدەخەن و سەرجەم تۆڕەکانی دەسەڵات لەخزمەتی گەل و کۆمەڵگادان! ئەوەی کە لەکرداردا لە کوردستان بەرچاوە، بە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەیە. ئەگەرنا چۆن دەبێت لە کوردستان فەرهاد و ئازاد خسرەوی دوو برای مێرمنداڵی ئاوایی نێ سەر بە شاری مەریوان بۆ پەیدا کردنی پارۆیەکی نان، لەشەختەو سەهۆڵبەندانی چیای تەتەی هەورامان سەرمابردوو ببن و مەرگەساتێکی تر بەجەرگی دایکە دڵ سووتاوەکانی کوردستان زیاد ببێت. کۆڵبەر و کاسبکارێک لەسنوورە بەستەڵەک کراوەکانی کوردستان تەنیا بە دوای پارۆیەکی نانی حەڵاڵ دەگەڕێت. بەس ئەو کاسبکار و کۆڵبەرە بۆ پەیدا کردنی ئەو پارۆ نانە دەبێ حەوت خانی رۆستەم تێپەڕ بکات.

 

دروشمەکانی گەل لەکاتی مەراسیمی بە خاکسپاردنی فەرهاد و ئازادی جوانەمەرگ سەلماندی کە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو دوو لاوە کوردە سیاسەتی رژێمی داگیرکەری ئێرانە. چۆن گەل بە بەرز کردنەوەی پارۆیەکی نان لەسەر تەرمەکانیان ئەو پەیامەیان دا کە رژێم تەنانەت پارۆیەکی نان بۆ هاوڵاتیانی کورد رەوا نابینێ. هاوکات وتنەوەی درووشمی شەهید نامرێ، نیشانەی ئاستی هۆشیاری گەل دەخاتەڕوو، کە کوردستان داگیرکراوە و تاکێکی کورد بۆ پەیدا کردنی پارۆیەکی نان لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات، دەبێ گیانی قوربانی بکات.

 

لەکاتێکدا دیاردەی کۆڵبەری لەکوردستان بەرهەمی زهنیەتی رژێمە. گەل لەناو دەریای سامانی نەتەوەیی، بە ناچاری روو لەکۆڵبەری دەکەن. رژێم بۆ ئەوەی هژمۆنی لەکوردستان بپارێزێت و کۆمەڵگا لەژێر کۆنترۆڵیدا رابگرێت، سفرەی گەلی خاڵی کردووە. لەلایەکی تریشەوە گەل بۆ پەیدا کردنی نانی سەر سفرەیان روو لەکەژوکێوەکان دەکەن، بەس چەکدارانی رژێم بۆ گەڕانەوەی گەل بۆ ناو تۆڕەکانی دەسەڵات، کۆڵبەرانی نیشتمان، گولە باران دەکەن. رژێم دەیەوێت گەلی کورد لەسەر خاکی باب و باپیرانی، لەکولتووری رەنج و خەبات داببڕێنێت. دەیەوێت مێرمنداڵ و گەنجان، بە نانە زکی بۆ ناو فاحشەخانەکانی رژێم پەلکێش بکات.

 

کاراکتەری رژێمی داگیرکەری ئێران ئەوەیە کە خۆی بە سەر گەلی هەژار و چەوساوە، پڤیاگ بکات و بۆ گەهێشتن بە مەرام و ئامانجەکانی، گەلانی ناوچە سنووریەکان وەک قادرمه‌ی گەیشتن بە دەسەڵات بە کار دەبات. بەڵام ئەو رژێم تا کەی دەتوانێت لەسەر رەوتی داگیرکەری بەردەوام بێت؟ رژێم بە ناردیوانی گەل تا کوێ دەتوانێت هەڵبکشێت؟ پریسکی شەڕی تایبەتی رژێم دژ بە کۆمەڵگا، لەچ کات و سەردەمێک، بۆ ناو چاوانی دەسەڵات دەگەڕێتەوە؟ کورسی و تەختی شاهانەی رژێم لە کوردستان، کەی و چۆن بە دارەمەیتی مەرگ بەڕەو گۆڕستان بەڕێ دەکرێت؟

 

داخۆ کاربەدەستانی رژێم، بیریان لە دەرئەنجامی سیاسەتەکانیان کردبێ و ئەو جۆرە پرسیارانەیان لەخۆ کردبێت؟ ناڕەزایەتی و بەرخۆدانی گەل و دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەل دژوارییەکانی ژیان نیشانی دەدات کە بەرامبەر رژێمی داگیرکەری ئێران، شۆڕشی گەل بەرپا کراوە و بۆ سەرکەوتن و گەرەنتی شۆڕش گەل لەناو تێکۆشانی بێ وچاندایە.

منبع: ‌ئالترناتیو شمارە ٨٠