شۆڕش ئالان

هاوکات لە گەڵ فاكته‌ری خۆراك و زاوزێ، پاراستنیش وەک یه‌كێ‌ له‌ پێویستیه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان و له‌ هه‌مان كاتیشدا مافێكی سروشتی و حاشاهه‌ڵنه‌گری هه‌ر بوونه‌وه‌رێك به تایبه‌ته‌ مرۆڤه،‌ له‌ پێناو درێژه‌دان به‌ ژیان و بنه‌چه‌كه‌ی. مرۆڤ، ئاژل و سروشت بەم رێکارەوە مایەندە دەبن. ئەو بوونەوه‌رەی نەتوانێ بە رێکوپێکی خاوەن لەم مافه سروشتیه‌ی خۆی دەرکەوێ، مەحکوومی توانەوە و مردنە. یانێ بە شێوەیەکی سروشتی و بە مەودا مردنی روو دەدات.

کاتێک کە باس لە پره‌نسیب و فاكته‌ره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژینی مرۆڤ دەکرێت، یەکەم شت کە به‌‌ زهنی مرۆڤدا تێپەڕ دەبێت، ئه‌و پرسیارەیه‌ كه‌ چۆن دەکرێت لە بەرانبەر رووداوە سروشتی و دەستکردەکان خۆمان بپارێزین. وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە گەڕانی مرۆڤەکان بۆ تێکۆشان زەق دەکاتەوە و بابه‌تی «چۆن بژین؟» دەبێتە دڵه‌له‌رزیی و پرسی سەرەتایی ژیان. مرۆڤ بە تێگەیشتنی له‌ ژینی بە کۆمەڵ، رێگای خۆپاراستن دەبینێتەوە. بە کۆمه‌ڵایه‌تی بوون ناسنامە بە دەست دەهێنێ و هەنگاوی بەورە و پتەو بۆ ناسین و گەوەرە بوون دەهاوێت. لە سەرەتاوە بە خۆناسین و بە دەستهێنانی بەرهەمی زێده،‌ ناکۆکی و شەڕ سەرهەڵدەدا و كه‌لێنی نێوان مرۆڤەکان پەرە دەستێنێ. پێناسەی دەسەڵاتدار و بندەست، هەژاری و دەوڵەمەندی، دەوڵەت و کۆمەڵگا، شەڕ و وێرانی، حەق و ناحەق، زاڵم و مەزڵووم و… دروست دەبن. چەکی زاڵم و دەسەڵاتداران وەک هێرش و شەڕ دەبێت، چەکی مەزڵووم و بندەستان دەبێ بە پاراستن و ئاشتی. تەنانەت ئەمڕۆکە داگیرکەر و زاڵمان پاراستن و ئاشتی بە رێبازی یاسایی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە کار دەهێنن. بەم رێکارە بەتەواوی هه‌وڵده‌درێت کۆمەڵگا بێ چەک بکەن، ئیرادەی بشکێنن و تەسلیمی وەرگرن.

مرۆڤی ئازاد و خاوەن شەرف کە داوای مافە رەواکانی خۆی دەکا، بە درێژایی مێژوو هەر لەناو تێکۆشان و گەڕان بە دوای حەقیقەتدا بووە. لە سەر ئەو بنەمایە حەقیقەتی لە پاراستنی رەوادا دیوەتەوە و ماندوونەناسانە هەنگاوی بۆ هاوێشتووە.

لە دژی داگیرکاری و دەسەڵاتداری، گەلان بە رێبازی راپەڕینی بەچەک و بێ چەک تێکۆشانیان بەڕێوە بردووە. لە تێکۆشانی گەلان هەر دو رێباز یان بەیەکەوە یان جیاواز لە یەک، تاقی کراونەتەوە. ئه‌مانه‌ خاڵی ستراتژیکین کە بەردەوام راڤه‌ و گوفتوگۆیان لە سەر دەکرێ و ئەوەش شێوەی بەڕێوەچوونی تێکۆشان دیار دەکات.

لە راستیدا چەندە هێزی تێکۆشان هەبێ، ئەوەندە واتا و ئیرادەی ژینی ئازادیش مسۆگەر دەبێت. ئەوه‌ رێگاچاره‌ی راستەقینەی تێکۆشانی کوردانە. هەروەها گەلانی دیکەش بۆ گەییشتن بە ئازادی و سەربەخۆییان لە رێبازی پاراستنی جەوهەری کەڵکیان وەرگرتووه‌. لە ئاکامدا تێکۆشان بۆ ئازادی شوێن و کات ناناسێ و پێویستە هەموو تێکۆشەرانی گەلان، رێز بۆ ئەزموونی یەکتر دابنێن و بەرێکوپێکی راوەستەی لە سەر بکەن.

بەم شێوەیە دەتوانین ئەم راستیە دووپات بکەینەوە کە هەر دەستکەوتێکی کوردان بە شەڕی پاراستنی جەوهەری پێکهاتووە و ئەم ئاسته‌ له‌ تێگەیشتن و ئازادی کوردان، سەرچاوەی خۆی لەمەوە دەگرێت. بە واتایەکی دیکە، چەندە خاوەن پاراستنی جەوهەری بیت، ئەوەندە ئازاد دەبیت و هەر دوو وەک گۆشت و ئێسقان تێکەڵی یەک بووه‌ن.

پاراستنی جەوهەری پشت بە مکانیزمی رێکخستن بوون دەبەستێ. بەرێكخستن بوون، مرۆڤەکان لە لای یەکتر کۆ دەکاتەوە. هەر کۆبوونێکی مرۆڤەکان، هێزی بەرەنگار بوونەوە دژ بە هێزی داگیرکەر و سەرکوتكه‌ر گەورە دەکات. سیستەمێکی وەهایە کە بە پێی پێداویستی کۆمەڵگا خۆی دەگونجێنێ و شاراوەیە. شاراوە بوون پەرەنسیبە.

جەوانان پێشەنگانی بنەڕەتی هێزی پاراستنی جەوهەرین. لە تەنیشت ئەمەش هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگا دەتوانن ببنە ئەندام یان رێوەبەرێکی هێزی پاراستنی جەوهەری. بە بێ جیاوازی ژن، مناڵ، جەوان و پیر دەتوانن لە ناو بەشێک لە پاراستنی جەوهەریدا جێگا بگرن. مامۆستا، قوتابی، کاسبکار، شۆفیر، کارگەر، بێکار و هەموو ئەوانەی دژبەری سیستەم و نیزامی دەسەڵاتدارین، بە پێی پێداویستی لەناو بەشێکدا جێگیر دەبن و ژیانی بەرێکخستن کراو بە بنەما وەردەگرن.

کاتی راپەڕینی گەل ئەمە زیاتر روون و ئاشکرا دەبێت، ئەوانەی کە لەناو راپەڕیندا رێکخستن کراو نەبن و تەنیا بە هەڵوێستی تاکەکەسی بەشداری بکەن، ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه‌ كه‌ ببنە ئامانجی هێزی داگیرکار؛ یان دەسبەسەر دەکرێن و یان بریندار و دەکوژرێن. ئەمەش رێگایەکە بۆ تێکچوونی راپەڕین و پێک نەهاتنی ئامانج و داواکاریەکانی گەل. ئه‌زموونی بەم شێوەیە زۆرن، کە لە سەرانسەری جیهان بەدی دەکرێ.

ئه‌زموونی ئەو چەند ساڵەی رابردووی کوردان و گەلانی ئێران، ئەوە دەسەلمێنێ کە سەرچاوەی هەموو نسكۆ و تێكچوونه‌كان، نەبوونی هێزێکی ناوخۆییە کە بتوانی لە کاتی دەستدرێژی کردنە سەر رێپێوانی گەل، پاراستنی پێویست بکات. بێ پاراستن مانەوە، کەموکورتی سەرەکی هەموو ئەزموونەکانی گەلانی ئێران و کوردانە. به‌ هۆی ئه‌م خاڵه‌ لاوازه‌وه‌، رژێمی داگیرکەرە هه‌رچۆنێك كه‌ بیهه‌وێت و بخوازێت ده‌ستێوه‌ردان و به‌رپه‌چی بچووکترین ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی گه‌ل ده‌كات، هه‌روه‌ها مافی زەخت، گوشار، گرتن و کوشتن بۆ خۆی رەوا دەبینێ.

گەلانی ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان و جەوانان، لە سەدەی بیستمدا بەنرخترین شۆڕشی گەلانیان سەرخست. ئەو شۆڕشە بە تەواوی بە یەکگرتوویی گەلان و هێزی رێكخستن بووی کۆمەڵگای زیندووی ئێران پێکهات. کۆمەڵگایەک کە هێشتا پێوانەکانی ئازادی، دیمۆکراسی و بەیەکەوە ژیان بەرز رادەگرێت. بەڵام دەسەڵاتی حاکم بە کوودەتای سیاسی و هەواڵگری، تێکۆشان و شۆڕشی گەلانی لە ناوه‌رۆك و ئارمانجی ئازادی و دیمۆکراسی دوورخسته‌وه‌. قوربانییەکانی ئەم کوودەتایە به‌تایبه‌ت گەلی کورد هه‌ر له‌ سه‌رتاوه‌ هەتا ئەمرۆکە لە بەرانبەر ئەو کوودەتا سیاسی و هەواڵگریه‌ بە دەیان جار راپه‌ڕین و ناره‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌ بردووه‌. بەم شێوەیە گەڕان بە دوای ماڤی ئازادی و دیمۆکراسی، وەک داخوازی گەلان لە مەیدانی خەبات بەردەوامی کردووە.

بابەتی بنەڕەتی لە ئێرەدا ئەوەیە کە کوودەتا پرۆژەیەکی هەواڵگری و سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوخۆیی و دەرەکی هه‌یە. ئەو پرۆژە لە کاتی هەستیاردا بە راشکراوی وەک هێزی دژە شۆڕش دەردەکەوێتە گۆڕەپان. له‌تمه‌ لە تێکۆشانی گەلان دەدات و مکانیزمێکە بۆ پاراستنی دەسەڵاتداران. ئه‌وه‌ی ئه‌م سیستەمە به‌كرداریی و جێبه‌جێ ده‌كات، هێزی هەواڵگری و دەسەڵاتی شاراوەی پشت پەردەیە. هەمان گەندەڵی ناو سیستەمی ئیداری – سیاسیە. دەزگای داد، نیزامی و هەموو ئۆرگانەکانی بەڕێوەبەری پارچەیەکی دانەبڕاو لەم سیستەمەن، کە تێرکەرەوەی یەکترین.

لە بەرانبەر ئەوە دەبێ چی بکرێت؟ شتێ كه‌ دەردەکەوێ رێبازێكی تێکۆشانه له‌ پێناو نه‌هێشتنی گەندەڵی، هەژاری و کورت کردنەوەی دەستی گروپێکی رانتخواره‌، ئه‌ویش بریتیه‌ لە خۆپێشاندان بەستووە. خۆپێشاندانیش رێبازێكی دیمۆکراتیكه‌ و تەنانەت لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا ئاماژه و جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌. پەسەند نەکردنی هەرجورە هەڵوێستێکی گەل لە لایان رژێمی داگیرکەرەوە، دەبێتە هۆکاری وەڵام دانەوە. رێبازەکانی وەڵام دانەوەش بە پێی هێرشێک کە دەکرێتە سەر گەل دەگۆڕدرێ. ئەگەر هێرش و سەرکوتکاری ئاستی بەرز بێت، ئەو کات گەل مکانیزمی پاراستنی لە ئاستی بەرزدا بەکار دەهێنێت.

بە گشتی، ئەمڕۆ وەک گەلی کورد و گەلانی ئێران، ئەگەر دەمانهەوێ پەرە بە تێکۆشانی ئازادی بدەین و هەنگاوی ئازادی سەرکەوتووانە هه‌ڵبگرین، دەبێ پشت بە هێزی بنەڕەتی پاراستنی جەوهەری ببه‌ستین. لە سەر بناخەی پتەو، بەرێکخستن ببین و بەبێ رێکخستن بوون تەنانەت یەک ساتیش نەژین. ژیانی بەرێکخستن کراو راپەڕینی سەرکەوتوو نیشانی هەر کەس و لایانێک دەدات. پاراستنی ریزەکانی گەل لە یەک بەرەدا و گوێ نەدانە پرۆپاگەندەکانی دەزگای سیخوڕی و سەرکوتگەر، بابەتێکی دیکەی قۆناخی سەرهەڵدانە، کە ئەمەش شێوازێکی دیکەی شەڕی پاراستنی جەوهەرییە؛ یانێ کاتی ئاماژەکردن بەو بابەتە، مه‌به‌ستمان تەنیا ره‌هه‌ندی لەشکەری یان ره‌هه‌ندی پاراستنی بە چەک نیه‌.

لە دۆخی سەرهەڵدان یاخود راپەڕین، مافی خۆپاراستن هەتا چ ئاستێکە؟ یان کێ بەرپرسیاری پاراستنی گەلە؟ یا خود حزب یا هێزی لەشکەری دەتوانێ بۆ پاراستنی گەل بکەوێتە گۆڕپانەکانەوە؟ ئەمانە و دەیان پرسی دیکە پێویستیان به‌ وەڵامی گونجاو و شیاو هه‌یه‌. پێویستە لەم بواڕەدا ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگ بکرێت.

یەکەم؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شێوازی تێکۆشان سەرهەڵدانی گەلە، دەبێ هێزی لەشکەری ده‌ستێوه‌ردانی ئەم قۆناخە نه‌كه‌ن. بەدیل و زه‌ره‌ریش ئه‌گه‌ر گەوەره‌ بێت، پاراستن دەبێ لە ناو گەلدا پێش بکەوێت. بۆ ئەو مەبەستەش پەێویست دەکات لە هەر ئاوایی، کۆڵان، شار و شارۆچکەیەک، تیمی تایبەت یان کومیتەی پاراستنی جەوهەری دروست ببێ. ئەو کومیتە یان تیمانە دەبێ لە نزیکەوە چاودێریی رەوشی سەرهەڵدان بکەن. شوێن و کاتی بەڕێوەچوونی سەرهەڵدان بپارێزن. لە کاتی هێرش بۆ سەر گەل بەرپرسیارن لە پاراستنی گەل و بەم شێوەیە دەتوانرێت پێش لە کۆمەڵکوژی سەرەتایی بگیردرێت.

دووەم؛ لە کاتی سەرهەڵداندا گەلێک کەس و هێزی دەسەڵاتدار پێشێلکاریی مافی مرڤ و تاوانی شەڕ دەکەن، دەستدرێژی خۆپێشاندەران دەکەن و راستەوخۆ کەسانی مەدەنی و بێ تاوان بە ئامانج دەگرن و دەکوژن. ئەرکی کومیتەی پاراستن لە کاتی وەهادا، ناسین، ده‌ستنیشانكردن و لە کاتی خۆیدا جەزاکردنی ئەو کەس و هێزانەیە. بێگومان زۆر لایه‌ن و کەس هەیە کە دەبێژن خۆپێشاندەران دەبێ لە توندووتیژی خۆیان بەدوور بگرن. له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رژێمی داگیركه‌ری كۆماری ئیسلامیدا سه‌رجه‌م خۆپێشاندانه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ئارام و مه‌ده‌نی و به‌دوور له‌ توندووتیژی به‌ڕێوه‌ چووه‌ن؛ به‌ڵام هه‌ركه‌س ده‌زانێ كه‌ رژێم به‌ تووندترین شێوه‌ هه‌ڵسووكه‌وتی كردووه‌ و كوشتن، گرتن، ئه‌شكه‌نجه‌ و بێسه‌ر وشوێنكردنی خۆپێشانده‌ران كاری سه‌ره‌كی و هه‌میشه‌یی بووه‌. هه‌روه‌ك بینیمان كه‌ لە خۆپێشاندانەکانی مانگی رابردوودا، هەمان سناریۆ دووپات بووە و گەلی چەوساوە بە تاوانبار و خه‌رابه‌كار ناوزه‌د و سه‌ركوت كران.

سێیەم؛ کاتی سەرهەڵدان و پاش سەرهەڵدان، کومیتەکانی پاراستنی جەوهەری پێویستە هەبوونی خۆیان بپارێزن. واته‌ هه‌م پاراستنی سیسته‌می خۆیان و هه‌م ئاسایشی گه‌ل له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌. كه‌واته‌ له‌ پرۆسه‌ی بونیادنانی كۆمه‌ڵگای ئه‌خلاقی_ سیاسیدا هێزی پاراستن و پاڵپشتی یه‌كه‌من.

چوارەم؛ ئەرکێکی دیکە و بنەڕەتی کومیتەکانی پاراستنی جەوهەری، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێش لە خەباتی سیخۆڕی دوژمن بگرێ و نەهێڵێ کەسی سیخۆر لە ناو گەلدا خۆیان بە جێ بکەن. چونکە هێزی دەسەڵاتدار بۆ ده‌ستنیشانكردنی کردنی کەسانی پێشەنگ و رێکخەری سەرهەڵدان دزە دەکەنە ناو خۆپیشاندەران و هەروەها کاتێ هه‌لیان بۆ بره‌خسێ هەوڵی ئاژاوەگێڕی و پرۆواکاسیۆن دەدەن. هەروەها پێویسته‌ ئامووره‌كانی تۆماری دیمەن و ده‌نگ وەک کامێراكانی چاودێریی تێک ببەن.

پێنجەم؛ چەکی پارێزوانانی گەل زیاتر بەرد، دار و ملۆتۆفه‌ و ئەگەر پێویست بکات دەتوانرێ چەکی گەرم بەکار بهێنرێت. ئەوەش بە پێی ئاست و شێوازی توندوتیژی هێزی داگیرکار دەگۆردرێ. بۆ نموونە ئەگەر توندوتیژی بە باتۆم، گازی فرمێسک رێژ و ئەو چەکانەی کە تەنیا مرۆڤەکان بریندار دەکەن بێت، وەڵامدانەوەش دەبێ لە هەمان ئاستدا بێت. چونکە مافی کەسانی نارازی هەیە کە پاراستنی گیان و کیانی خۆیان بکەن. لە ئەگەری کوشتنی شارۆمه‌ندانی راپه‌ڕیو، پێویستە هێزی پاراستنی جەوهەری بکەوێتە گۆڕەپانی تێکۆشانەوە و بە چەک وەڵام بدەنەوە. بە تەواوی ئەوانە مافی رەوان و دەبێ هیچکەس و لایه‌نێك وەڵام دانەوە چەواشە نەکەن و پاراستنی رژیمی داگیرکەر نەکەن.

شەشەم؛ بابەتی هەره‌ گرینگ ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێمە بەردەوام روبەڕووی ‌پرۆسەی تواندنەوەی فەرهەنگی و جەستەیی دەبێتەوە. ئەوە دیاردەیەکی رۆژانەیە کە لە سەر کوردان پەیڕەو دەکرێت. بەتایبەتی بە رێگای پێشخستنی سیخوڕی، مادە هۆشبەرەکان، فه‌حشا، بێکاری و کوشتنی کاسبکارانی بێ تاوان لە سەر سنووره‌ دەستکردەکان، کۆمەڵکوژییه‌کی سیستەماتیک لە سەر کوردان پەیڕەو دەکرێت. هەر بەو مەبەسته‌ش، هەبوونی تیمەکانی پاراستنی مەدەنی پەیڕەوێکی بێ کۆتاییە.

به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی ئه‌وخاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌، به‌گشتی و به‌كورتی، ده‌توانین بڵێن کە تەنیا رێبازی بەردەوامیی تێکۆشانی بێ وچانی گەلان له‌ پێناو ئازادی و سەرکەوتن، هەروەها بۆ سەروەری ئاسایش و سەقامگیر بوونی ئارامی، گەشە پێدان و چالاک ڕاگرتنی کومیتە یان تیمەکانی پاراستنی مەدەنین. هەروەها بە پێی هه‌لومەرجی کات و شوێنی جیاواز، دەتوانرێت پێناسە و ناوی جودا لەم سیستەمەی تێکۆشان هه‌ڵبژێرین. هەرچەندە ناو و پێناسە بۆ سەرکەوتنی تێکۆشان بابەتێکی ژیانی و بنەڕەتییە، بەڵام هەر شار و شارۆچکەیه‌ك، دەتوانێ ناوێکی جیاوازی بۆ دەسنیشان بكات.

لە کۆتاییدا تەنانەت دەتوانرێ بونیادنانی پاراستنی جەوهەری، وەک پرۆسەیەکی سه‌رله‌نوێ ئاواكردنی کۆمەڵگا و وەک رەهەندێکی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک پێناسە بکردڕێت. هەروەها وەک ئاڵترناتیوی هێزی ئینتیزامی و ئاسایشی هه‌نووكه‌یی جێگیر ببێت. بەم شێوەیە ئیدی گەل پێویستی بە هێزی گەندەڵ و زۆردار نامێنێ. چونکە ئەم هێزە لەناو ناخی گەل هەڵدەقوڵێ و بەشێکی دانەبڕاوی گەلیش دەمێنێتەوە و هیوای گەلان بۆ ژیانی ئازاد و سیستەمێکی دادپەروەرانە گەشە پێدەکات.