ئامەد شاهۆ

یادێک لەهێمن بێکەس

گەریلا ناو و نازناوێک کە لەبیابانی چۆڵ و هۆڵی تاریکپەرەستان و جۆگرافیای بەستەڵککراوی ناوچەکە، لەزەوینی پڕ پیت و بەرەکەتی نیشتمان خۆنچە دەکات و وەک گزینگی بەرەبەیانی ئازادی، گڵۆپی رووناکی لەجیهان و مێشکی تاریک کراودا هەڵدەکات، بە رووناکی و تیشکی رۆخسار و کەسایەتی پاک و بێگەردی، ئیرادەی تێکشکێنراو و داڕماوی شەقامی نیشتمان قنج و قیت دەکاتەوە.

هێمن بێکەس، دوابەدوای گەلەکۆمەی رەشی نێودەوڵەتی بارگەی خەم و پەژارەی گەلی ژاکاو و بێ هیوا لەشان دەنێت و لەپێناو تۆڵەسەندنەوە، بەرەو مەڵبەندی هەڵۆبەرزەفڕەکانی نیشتمان باڵدەگرێت، تا بە شەپۆلی باڵەکانی، رێگای ئازادی پڕ رێبوار و گەشاوە بکات. رێگایەک بەرەو ئازادی، لەهەناوی ئۆختاپووتی سەردەم و مەیدانی ئەڵغام کراوی نیشتمان و بەندیخانەی تاریکدا هەڵدەکۆڵێت. رێگای حەقیقەت و ژیانەوە لەسەر سفرەی دڵی گەل و کۆمەڵگا، بە ئەوینەوە رادەخات و ئەویندارانی ئازادی لەسەر ژوانگەی هیوا و ئۆمێدی هەتاوی ئازادی کۆدەکاتەوە.

هێمن لەرێگا بێ کۆتاکانی ژیان لەناو شەمەندەفەڕی تێکۆشاندا، بە خه‌یاڵی ئازادی و پاراستنی شکۆی نیشتمان، بەرەو ئامێزی خۆری ئازادی باڵدەگرێت. هاوشانی خوڕخوڕی کانیاو، چەم و رووبارە خرۆشاوەکانی کوردستان، بەرەو دەریای ئازادی شۆڕ بوویەوەو چرۆی بە نەمامە ژاکاوەکانی نیشتمان دەردەکرد. لەناو رێگا پڕ رێبوارەکانیدا بە هۆندنەوەی ئاواز و شێعری ئازادی، لەبەر ئاهەنگی خوڕ خوڕی ئاو و خشپەخشپی گەڵای دارەکان و چریکەی پەلەوەرەکان و ویزە ویزی رەشەبای دۆڵ و دەشتەکان، مرۆڤەکانی شەیدای خۆی دەکرد.

هێمن، لەژێر خوڕ خوڕی باران و بارینی بەفری زبر، سەرما و سۆڵەی شاهۆ، داڵاهۆ و چلچەمە بە بزەی لێوەکانی، دەرەتانی ژیانی ئازادی، بۆ خۆنچەکانی نێشتنمانەکەی وێنا دەکرد. مرۆڤێکی لەجنسی پۆڵا کە لەبەر ئەوینداری نیشتمان و گەلەکەی، لەناو چیای بەفر و سەرماو سۆڵە، گۆڤەندی ئازادی دەگێڕا و چۆپی سەرکەوتن دەشەکاندەوە. بە هەڵمی هزری و جۆش و خرۆشی، زهنی بەستەڵەککراو و فاشیزمی مەزهەبی رژێمی داگیرکەری ئێرانی دەتواندەوە. بۆ ئەوەی هێڵانەی خۆشەویستی لەناو دڵی گەل و هەڤاڵانی هەڵبکۆڵێت، لەناو چیای بەفری و گاشەبەردەکانی نیشتمان، کۆشکی شۆڕشی، بە ساکارترین کەرەستەو ئامووری دانسقە رازاندەوەو لەناو کاخی نایلۆنی پڕشنگدار و بەشکۆ، کڵپەی ئاگری شۆڕشی ئازادی گەشاندەوەو تەلار و هۆتێلە چەند ئەستێرەکانی، لەناو مێشکە بەستەڵەک کراوەکاندا، داڕماند و ئەویندارانی ئازادی بە ئاوی زەمزەمی قەناعەت و واتادان دادەشۆرد.

هێمن ئەو ئەستێرە درەوشاوەی ئاسمانی ئاوی نیشتمان کە لێگەڕوان و پەیدۆزی رێگای حەقیقەت بوو، لەنەبوون، بوونی دەخۆڵقاند. خۆشبەز و رێبواری سەرجەم رێگا سەختەکانی تێکۆشان بوو. رێبواری رچەشکاندنی ناو بەفر، ئاو، دۆڵ و تەنانەت زەلکاوی رژێمی داگیرکەری ئێران بوو. رێبوارێکی درەوشاوە کە بە خشپەخشپی پێکانی، ناو دۆڵ و شاخە بەفراویەکان، کڕیوە بە جەستەی مرۆڤی دەکرد. خشپەخشپێک کە عۆقرەی ئارامی لەبەکرێگیراوان و چەکدارەکانی رژێم دەگرت و خەونی شاهانەیانی لێ دەزڕاندن. لەکاتێکدا هێمن ئاوێتەی کەلەخی جەستە و رۆحی تاک بە تاکی رێبوارانی رێگای ئازادی بووەو ئەمڕۆ ناو و هێمایەکە کە ئازایەتی، ئیرادەو خۆشەویستی بە سەر باخچەی نیشتمان دەبارێنێت.

هێمن ئەو ئەستێرە درەوشاوەیه‌ کە شاخ، دەشت، گوند و شارەکانی کوردستانی لەزهنییەتی تاریک پەرەستی رووناک کردەوە. بە جۆش و خرۆش و ئەوینەوە، لەئامێزی چیاکان و چاڵەڕەشەکانی رژێمی داگیرکەری ئێڕان، ئەلف و بێی ژیان و ئازادی سەر لەنوێ نووسییەوە. کەسایەتێک کە تامەزرۆی ژیان، سرووشت و کۆمەڵگای ئازاد بووەو لەو پێناوەدا شاخە سەر بەرزەکانی کوردستانی کردە فێرگە، بۆ خۆی و رێبوارانی رێگای ئازادی.

رۆمانی قارەمانی هێمن، لەلایەک چەک لەسەرشانەو لەلایەکی تریش تینووی زانست و خوێندنەوەیە. بە چەکی سەرشانی چەپەڵیەکانی ناو باخچەی کوردستانی دادەماڵێ و ئاشی هاڕینی مرۆڤەکانی پێدادەخست. هێمن بە هەستی شۆڕشگێڕانەیەوە لەمەڵبەندی هەڵۆبەرزەفڕەکانەوە بە چەکی ئازادی بەرەو گوند و شارەکانی کوردستان شۆڕ دەبوویەوە، بە رۆخساری گەشاوە و عەشقی ناخیەوە، هیوای ژیانەوەی لەناو تاکەکانی کۆمەڵگا دەدرەوشاندەوە تا زنجیری کۆیلەتی بپچڕێنن. بۆیە هێمن بە رۆحی شادیەوە ئاوێتەی کەلەخی جەستەی نیشتمانەکەی دەبێت.

هێمن، بە ژیانە پڕ لەهەست و سۆزەکانی، شاخە سەربەرزەکانی کوردستانی کردە ناوەندی خوڵقاندنی هونەر. گەریلایەکی هونەرمەند کە شەیدای ژیانی ئازادەو لەکەسایەتی هونەرمەندانەیدا، هۆنەری شادی و کار و خەبات چرۆی دەکرد. بە کارە هونەریەکانی لەداوێنی سرووشتدا، لەناو ئەشکەوت، دۆڵ و قەوپاڵەکاندا، لەگەڵ بوونەوەرانی ناو سرووشت، بە ئازادی و سەربەستی ژیانی بەسەر دەبرد. لەناو سەرماو سۆڵەی زستان و گەرما پڕووکێنەرەکانی هاوینیدا، سەمای ئازادی دەگێڕا. لەناو تەمومژی ترس و دڕندەیی و لەناو گرتووخانەی وەحشەتی رژێم و هێرشی پەلاماری رژێمی داگیرکەری ئیران بە بێ وچان پاڕۆی خەبات بۆ گەهێشتن بە دوورگەی ئازادی لێدەدا.

هێمن لەناو شەمەندەفەڕی تێکۆشاندا بە چڕینی گۆرانی و سەمای ئازادی، گڵۆپی بەختەوەری لەبەردەم رێبوارانی رێگای ئازادی هەڵدەکرد. لەکاروانی بەرەو خۆردا، گۆرانی وەک خۆراکی هێمنی و هێوەرکردنەوەی دڵ و رۆح و فڕین بەرەو لووتکەی ئازادی وێنا دەکرد. گۆرانی چڕین، لەلای هێمن، هاواری خۆشەویستی و ئەوینداری گەریلا بە گەل و نیشتمانە کە بە شێوەی گۆرانی و شێعر دەدرەوشێتەوە. لەحەقیقەتدا گۆرانی چڕین لەلای هێمن دووپات کردنەوەی سۆز و بەڵێنێکە کە گەریلا لەگەڵ هەتاوی ئازادی و ئەستێرەکانی کۆمەڵگای تاریککراودا دەیبەستێتەوە. گەریلا لەساتی گۆرانی چڕین، بە رۆخساری پێکەنیناوی پردی خۆشەویستی بۆ ئەویندارانی ئازادی دادەنێت.

رێبواری کاروانی تێکۆشان نەبەز و ماندوو نەناسن. بۆ چریکەی ئازادی نیشتمان لەهەڵبەز و دابەزی بێ وچانن. بە شەو نەخوونی، هیلاکی، برسێتی و تینوویەتی دیواری سام و وەحشەت لەناو قەفەسی مێشکەکان هەڵدەوەشاند. هێمن ئەو ناوەیە کە لەزهن و دڵەکان ناکوژێتەوەو لەوشەدانی نیشتمان، داستانی قارەمانی و ئازایەتی دەگرسێنێت. ئەو ناوەی کە بە بیستنی ترس و تامەزرۆی منداڵ، گەنج، ژن و تەنانەت بە ساڵاچوان دەشکێنێت. هێمن ئەو وێستگەیە کە ئەویندارانی ئازادی و لێگەڕوانانی حەقیقەت تێدا، لەنگەر دادەکوتا و بۆ گەهێشتن بە دوورگەی ئازادی، هێمن ئەو ئەستێرە گەشاوەیە کە زامنی ئازادی و ئازادی دەکرد.