بە بەشداری خەباتکارانی، کۆبوونەوەی شەش مانگی دووهەمی ساڵی ٢٠١٩ی ڕێکخستنەکانی پژاک لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو و ئەنجامنامەکەی ڕاگەیەندرا.

کۆبوونەوەی شەش مانگەی دووەمی ساڵی ٢٠١٩ی ڕێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک لە ئەسکەندەنافیا، بریتانیا و ئەوروپای ناوەندیی لە ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بە ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی شۆڕشی ئازادی کوردستان، سەرجەم مرۆڤایەتی و بە تایبەت گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران دەستیپێکرد.

لە بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ڕەوشی سیاسی کوردستان، ناوچەکە و جیهان بە بەرفراوانی هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و بە ئاماژەدان بە بارودۆخی ناوچەکە جەخت لە پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بە قەیرانە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئێران کراوە و ڕاگەیەندراوە: گرنگە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو بەرەدا یەکێتی خۆی پێکبێنێت، لە لایەکەوە لە ئاستی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەکانی گەلانی ئێران، ئێمەش وەکو پژاک، تێکۆشان بۆ بەڕێکخستنبوونی ئیرادەی گەل دەکەین و سەرجەم هەوڵەکانمان لە سەر بنەمای نەتەوەیی دیموکراتی و بیرۆکەی کۆنفدرالیزمی دیموکراتی لە سەر بنچینەی بە بنەما گرتنی هێڵی سێیەم پەرە پێدەدەین.

لە سەر بنەمای ئەوەی کە سەدەی بیست و یەکەم قۆناغی کۆتاییە بۆ چارەسەری پرسی گەلی کورد، کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر هەشت خاڵ کردووەتەوە کە بریتین لە ئەمانەی خوارەوە:

١- بۆ ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و سیستەمی جیهانی لە تێکۆشانێکی جددی و بێ وچاندا دەبین و بۆ سەرجەم چالاکیەکان لەو پێناوەدا خومان بە بەرپرسیار دەبینین.

٢- ئێمە وەکوو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بۆ ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە داگیرکاریی دەوڵەتی ئێران لە سەرجەم بوارەکاندا تێکۆشان دەکەین هاوکات بۆ دیموکراتیزەکردنی ئێران بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوڵەتی داگیرکەر و داپڵۆسێنەری ئێران لە سەرجەم مەیدانەکاندا، تێکۆشانی خۆمان پەرەپێدەدەین.

٣- پێویستی گرنگی کوردان بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە، ئێمە وەکوو هێزێکی پێشەنگ تیکۆشان بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەی گەلی کورد لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی کوردستان دەکەین.

٤- بۆ ئەو کەسانەی ئێران کە لە ئێستادا لە تاراوگە ژیان دەکەن، کوبۆنەوەکە جەختی کردەوە، کە دەبێت لە نێوان گەلانی؛ کورد، فارس، عەرەب، ئازەری، بەلۆچ و … یەکێتی گەلان دروست بکرێت و پێویستیەکانی کاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران پێش بخرێت.

٥- کۆبۆنەوەکە بۆ بەڕێکخستکردنی ژنان و بەشداریان لە سەرجەم بوارەکانی تێکۆشان و بەڕێوەبەری لە ناو کۆمەڵگادا جەختیکردەوە کە ژنان بە ئێرادە و بڕیاری خۆیان بتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا.

٦- کوبۆنەوەکە بە بەبنەماگرتنی پەروەردە و بە ڕێکخستنکردنی گەنجان، هەوڵدەدات کە گەنجان لە ئەوروپا لە ڕێ لادان بپارێزیت کە نەکەونە داوی کێشەو گرفتەکانی کۆمەڵگای ئەوروپا.

٧- بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ و داگیرکاریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کار دەکەین بۆ ئاگادارکردنەوەی زۆرترین سەرجەم ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە ئەوروپا کە دەنگی ڕەوا و داخوازی گەلەکەمانیان پێڕابگەینین.

٨- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا فرە ڕەنگی ئەتنیکی هەیە کە هەر ئەوانە ئەمڕۆ لە تاراوگە ژیان دەکەن و تایبەتمەندی کلتوری و باوەڕیی خویانیان هەیە، هەر بۆیە ئێمەش سەرجەم تایبەتمەندیەکانیان لە بەرچاو
دەگرین.
ڕێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە ئەورۆپا

2019/12/13