وتاری پژاك
له۹ی ئۆكتۆبری ئهوساڵ دوای تویتێکی ترامپ و بڕیاری کشانەوەی هێزە سەربازییهكانی ئهمریکا لە رۆژئاوا، سوپای داگیرکەری تورکیا بە هاوكاری گرووپە تیرۆریستیەکان و رەزامهندی سیستهمی کلۆنیالیزم و نئۆلیبرالیزم، دیسان دەستیکردەوە بە ئۆپهراسیۆنیكی داگیرکاری بۆ سهر رۆژئاوای کوردستان بە ناوی ئۆپەراسیۆنی ” کانی ئاشتی”. ئامانج لەو هێرشە، داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکی رۆژئاوا و هاوکات گۆڕینی دیمۆگرافیا و هێنانی میلیۆنان ئاوارەی سووری بۆ ناوچەکەیە. دواتریش سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و پاکتاوی سیاسی کورد لەم سەردەمەدایە.
ئەم هێرشە هۆڤانەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و پلانی داگیرکردنی ئەو ناوچەیە لە بێدەنگی و چاوپۆشی زلهێزانی ناودهوڵهتی، سیاسەتی داگیرکاری و شۆڤیانەی سەردەمی کلۆنیالیزم بیردەخاتەوە و رووی ئاکتەران لەم بوارەوە بێ ماسک دەهێڵێتەوە. سەرەڕای هەموو پێشێلکارییەکانی تورکیا لە هەمبەر گەلی کورد لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، دۆخهكه سازانێکی تری زلهێزانی پێوە دیارە. دیسان دهیانههوێت ڕەوتی مێژوویی لە ناوچەکە بسەپێنن و دووپاتی بکەنەوە.
بەرخۆدانی شەڕڤانانی ئازادی لە رۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ئازادی و ژیانێکی بەڕوومەته، بۆ هەر کەس روون بۆتەوە کە سەنگەری رزگاریخوازی بە فەلسەفەی ئازادی، لە ناو جەرگەی گەلەوە پاراو دەکرێت و بەگیان و خوێن دەپارێزرێت. زلهێزانی ئاکتەر له ساحەی ئاڵوگۆڕییەکانی رۆژهەڵاتی ناوین، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە گەلی کورد لە سەر هێڵی ئازادی، ئیرادەیەکی بێ وێنەی هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی، بۆیە دەبینرێت کە داگیركهران لە پلانڕێژییهکانی ناوچەییدا تووشی هەڵە و کرداری بێ بنگە بوون و توشی گۆڕین و پاشەکشە لە پیلانەکانیاندا هاتوون. ئەوەش پیشاندهری ئهوهیه كه تێکۆشانی سەردەم، لە سەر ڕێچکەی سەردەمی سەدەی نوزدە و بیستەم ناڕوات و لە سەر پانتایی و بهستێنی باوەڕ بە گەل، تێکۆشان بەردەوام دەکات و هەموو پلانەکانی نەیاران و دوژمنانی گەلی ئازادیخواز لەم سەردەمە هەستیارەدا، پووچەڵ دەکاتەوە. سیاسەتی پاکتاوی شوونیستی ئەردۆغان و فاشیزمی تورک بۆ هەر کەس روون بۆتەوە، دەردەکەوێت کە سیاسەتی سەردەمی دەوڵەت- نەتەوەش لەم دەورە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، ئیتر بڕەوی نەماوە و لەگەڵ سیاسەتی نئۆلیبرالیزمی بە گلۆبالیزەکراو، ناتوانێت هاوڕاستا بێت. بۆیە دەبینین ئەردۆغان و هاوشێوەکانی، لە سیاسەت و دیپڵۆماسی بە شێوازی کلاسیک بەردەوام شکست دەهێنن و لە بەرامبەر زلهێزان ناچار بە پاشەکشە دەبن و هەموو قین و توڕەیی خۆیان بە سەر گەلی کورددا ههڵدەڕێژن. لە پشتیوانی لۆجستیک و مادی بە داعش و پۆشتە کردنی گرووپی جیاوازی تیرۆریستی بۆ هێرشکردنە سەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە رۆژاوای کوردستانەوە بگرە، هەتاکوو بۆردوومانی خەڵکی مهدهنی لە ناو شار و گوندەکانی رۆژئاوای کوردستان، پیلانێکی سەرەکی فاشیزمی “ئەردۆغان” ە. هاوکاری و بە هێزکردنی داعش لە لایەن تورکیاوە بۆ کەس شاراوە نیە، دەبینین کەسی وەک “ئهلبهغدادی” لە ژێر کونتڕۆڵ و چاوەدێری تورکیا، خۆی لە نزیک سنوورەکانی تورکیا حەشار دەدات، ئەوەش باوەڕی ئەو رێکخراوەیە بە تورکیا و ئەردۆغان دەگەیەنێت.
بەرخۆدانی رۆژئاوا وەک هێمایەکی رزگاری و یەکگرتویی لە ناوچەکە توانیویەتی هیوایەک لەناو دڵی هەموو ئازادیخوازان زیندوو بکاتەوە و بە رۆشنایی تێکۆشانی رۆژئاوا لە چوارچێوەی فەلسەفەی ئازادی، تێکۆشان بکرێت. هاوکات ببێتە جەمسەرێکی پۆڵایین و بەئیرادە بۆ ناسنامەیەکی نوێ لە ناو ئاڵۆزی و قەیرانه كانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ههروهها پێناسەی پێکهاتە و گەلانی ئازاد لە ناوچەکە بە بنەما بگرێت و بە خوێن بیانپارێزێت. رؤژئاوا و ئەزموونەکەی، بووهتە قیبلەگای هەموو ئازادیخوازێک و دەرفەتێکی گونجاوی لەم سەردەمە پێکهێناوە کە هەموو مرۆڤە ئاشتیخواز، دیمۆکراتیكهكان لە دەوری فەلسەفەی ئازادی کۆبکاتەوە. لە پڕاکتیکدا بینیمان لە زۆربەی شار و ناوچهكانی کوردستان، خاوهنداریهتی، هاوسۆزی و هەڵوێستی شیاو بۆ ئەم دۆزە نیشان درا.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو پڕۆسەیەکی قەیراناوی شوناس و شەرعییەت(رهوایهتی) لە گێژاوی تاڵانکاری مێرکانتیلیسمدا پهنگاو دەخواتەوە، بەرژەوەندیخوازان و زلهێزان، دهیانههوێت گەلی کورد و ئازادیخوازان لە ناوچەکە وەک دەستەچیڵە بۆ بەرژەوەندی و بەدەست هێنانی بەرهەم و هاوسهنگییهكانی ناپاکی نێوان کلۆنیالیزم و دەوڵەت نەتەوەکان و نئۆلیبرالیزم بەکار بهێنن و لە ئهزموون و لە سەر ئهساسی داڕشتنەوەی سایکس- پیکۆ و لۆزان، دیسان بەم روانگەوە مامەلە لەگەڵ کورد و دۆسیەكهی دەکەن. بهڵام نائاگان لەوەی کە رەوتی کورد ئیتر بە پێگە و روانگەیەکی تری فەلسەفی لە مەیدانی تێکۆشان بۆ ئازادیدایه، كوردچیدی تەنیا فاکتەرێکی پاسیڤ و دەستەمۆی کلاسیک نەماوە و ئامادەی بەرخۆدان و فیداکاریە. لە رۆژئاوای کوردستان ئەوەی نیشانی هەموو دونیا دا کە بۆ ئازادی، لێنهبڕاوانه پاراستنی کەرامەتی خۆی دەکات. نە دەستدرێژی دەکات و نە دەستدرێژی و کۆیلەتی پەسەند دەکات، ئەوەیە فەلسەفەی ئازادی کە رێبەر ئاپۆ پێشەنگی دەکات.
ترافیکی دیپڵۆماسی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و رووسیە، لە سەر پرسی رۆژئاوا و گۆڕانکاریەکانی داهاتوی ناوچەکە، بەردەوام لە میدیاکان دەبینین، هاوکات پلان و گەلەکۆمەی پووتین ــ ترامپ لە سەر دابەشکردنی ناوچەکە و بە ئاشکرا رادهستكردنی عەفرین بە ئەردۆغان و داعش، و لە درێژەی خۆیدا، رێگە پێدان بە هێزهكانی تورک بۆ هێرش بردنە سەر رۆژئاوای کوردستان بۆ لە ناوبردن و لاوازکردنی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک کە بۆ ئەو سەردەمە گونجاوترین ئاڵترناتیوە بۆ چارەسەریەکانی کێشەی ناوچەکهیه، گوزارە لەم رەوشە دەکات کە لە چوارچێوەی دوکترینی شەڕی ئەم زلهێزانە و ستراتژی پلانکراویاندا، چارەسەری بۆ ئارامی لە ئاجیندایاندا نیە و هاوڕاستا لە کاناڵی وێرانی و کاولکاری لە سەر پیلانی کائووس و ئاژاوهگێڕی بەردەوامن. بەڵام دەبینین سەرەڕای زۆر بەند و بەست و پیلانی جیاواز، دیسان تووشی بەربەست بوونەتەوە و بههۆی بەرخۆدانی قارەمانانەی رۆژئاوا و زهخت و خاوەن دەرکەوتنێکی ئازادیخوازان لە هەموو جیهان، پلانڕێژی پوتین ــ ترامپ تووشی بەربەستی جیدی بووه. لهلایهكی دیهكهوه ئەوەش دەتوانین لە بەرخۆدان و خواست بۆ گەییشتن بە ئازادی و بەهێز بوونی پاڕادایمی ئازادی و تێکۆشانی ئازادیخوازاندا پێناسه بکەینەوە.
داڕشتنەوەی دیزاینی سیستهمی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئێش و ئازارێکی زۆرەوە بۆ گەلانی ناوچەکە بەڕێوە چووە و زۆر بە روونی پیلانگێڕیەکانی سەر ئەم دۆخە بە هەموو دمامك و قێزەونیەکانیان بە ئاشکرا لە بەر چاوی جیهانیان تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئەوە بۆ زلهێزانیش دەرکەوتووە کە ئاڵوگۆڕییەکانی ناوچەکە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئاکتەرانی پارادایمی ئازادی، دەرفەتی هەبوونیان لاوازە، كهواته ئیرادەیەک بۆ ژیانێکی ئازاد هەیە. بهتایبهت گەلی کورد كه لەم سەردەمەدا ناتوانرێت بە روانگەی سەردەمی لۆزان هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکردرێت. بۆیە هەموو فێڵ و رێبازهكانی دورکردنەوەی گەل لە رێکخستن بەکار دەهێنن. دهیانههوێت کە رەوتی ئازادیخوازی لە جەماوەری شۆڕشگێڕ دوور بخەنەوە و هاوکات بهكهڵك وهرگرتن لە کەسایەتی کوردی کۆیلە و دەستەمۆ بە پێشهنگایهتی “پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراق” بەردەوام رەوتی ئازادیخوازی دەخەنە بەر هێرش. ئهوان بێ هیوایی و تەسلیمیەت و بی ئیرادەیی لە کردار و هەڵویستەکانیان دا وەک خۆراکێکی مێدیایی بڵاو دەکەنەوە و بەردەوام بە ناوی پێوەندی دیپڵۆماتیک، لە خزمەت داگیرکەران دان و پلان و پرسپکتیوەکانی داگیرکەران بەڕێوە دەبەن.
گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە لە گهمارۆی ئابووری ئێرانەوە بگرە، هەتاکوو دەستێوەردان لە سووریە و لیبیا و عێراق، لە روانگەی مێرکانتالیزمی زلهێزانەوە بۆ داڕشتنەوەی سیستهمی نوێ، هاوڕێیە بە کاولکاری و ئاوارەبوون و دژایەتی پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە. ئەو کەش و هەوایە كاریگهری و شوێنپێ دادەنێت بۆ چەندین دهیهو سەرراست کردنەوەی ئەم ڕەوتە لە كاتێكی درێژخایەن پێویستی دەبێت بە چارەسەری جیاواز. ئەم ڕەوشە هەم دەرفەت دەخوڵقێنێت و هەمیش مەترسی جیدی لە سەر ئاڵوگۆڕییەکان دەبێت. هێرشی هەمەلایەنە لە سەر دۆزی ئازادی و بەتایبەت دۆزی کورد لە هەموو لایەکەوە، مەترسییەکی جیدی بۆ داهاتووی کوردستان دێنێته ئاراوه و ئاسیمیلاسیۆن و قڕکردن و داگیرکاری بەردەوام دەبێت. تێگەییشتن لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکان و مێتۆد و هەڵوێستی شیاو لەم دۆخەدا، دەتوانێت رەوتی جیاواز لە پیلانگێڕییەکانی داگیرکاران، پێک بهێنێت و لە سەر ئەساسی ئیرادەی گەل، ویست و خواستەکانی ئازادیخوازی دابین بکات. ئەویش بە زانست و رێبازی زانستیی لە سەر رئالیتەی سیاسی سەردەم، بە خۆبەڕێکخستن کردن و هەڵوێست گرتنی گەل پێک دێت. بێ لایەنی و پاسیڤی جەماوەر و وەدوای شەپۆلی دروستکراوی ئاکتەران کەوتن، رەوش نالەبارتر دەکات، بۆیە گرنگە لەم سەردەمە هەستیارەدا، هەرکەس ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی لە سەر ئاستی باڵادا بەجێ بگەیێنێت بۆ سەقامگیری و داسەپاندنی ئیرادەی ئازادی بە سەر کۆیلەتی و داگیرکاریدا، ئەوکات رێگامان لە دووپات بونەوەی مێژووی داگیرکاری گرتووە و ههڵهكان ناخەینە سەر پیلان و دوکترینی زلهێزان.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
١٠\١١\٢٠١٩
منبع:آلترناتیو شمارە ٧٧