رۆژی5ی نوامبری ٢٠٠٦ی زایینی، ساڵڕۆژی شەهیدبوونی خدر خرینگە، ناسراو به‌(عاکیف مامۆ زاگرۆس) و فەهمی رۆستەمی ناسراو به‌(سیروان ناری)، دوو کادێری پێشەنگ و له‌ دامەزرێنەرانی پارتەکەمانە کە لە ئه‌نجامی رووداوێکی دڵتەزێنی سرووشتی، لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕانەیان، لەبناری قەندیل شەهیدبوون. شەهیدبوونی ئه‌وهه‌ڤاڵانه‌، ناخ و ویژدانی هەر تاکێکی ئازدیخوازی هەژاند و بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران خەسارێکی مەزن بوو. لەساڵیادی شەهیدبوونی دوو هەڤاڵی پێشەنگ و فەرماندەی پارتەکەمان، یادی هەر دوو هەڤاڵی نەبەز و قارەمانمان بە هەستێکی شۆڕشگێڕانەوە بەرز رادەگرین.

فەرماندە عاکیف، یەک لەو شۆڕشگێڕە نایابانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو کە لێوانلێو بوو لەخۆشەویستی، فیداکاری، بەرپرسیارێتی و هۆشیاری، وەک کادێرێکی پێشەنگ، لەدامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، خاوەن رۆڵ بوو. هەر لەسەرەتای بەشداربوونیەوە بە دڵنزمی،موراڵ، پاک و بێگەردییه‌وه‌، سەرجەم هەوڵ و کۆششی لەپێناو ئافڕاندنی کەسایەتی ئازاد و شۆڕشگێڕ لەرۆژهەڵاتی کوردستان خستبووە گەڕ. خاوەن کەسایەتییەکی لێهاتوو و بەتوانا بوو کە بە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی لەبەرامبەر رژێمی داگیرکەری ئێران، بەردەوام لەناو تێکۆشاندا بوو و بە بەردەوامی هێز و ورەی بە گەل و هەڤاڵانی دەبەخشی. له‌ ئاشنا بوونی گەنجان لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران به‌ هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ و خاوەندارێتی لەتێکۆشانی کورد لەسەرجەم بەشەکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، خاوەن رۆڵێكی كاراو به‌رچاو بوو.

شەهید سیروان ناری خاوەن کەسایەتییەکی ئارام و هێمن بوو. بە نووسین و شیکارییەکانی لەبەشی راگەیاندندا، شوێنپەنجەی تێکۆشانی لەخەباتی راگەیاندنی ئازاد لەرۆژهەڵاتی کوردستان تا بە ئەمڕۆ  دیار و بەرچاوە. لەپێناو بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی ئاپۆیی لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە ورەیەکی بەرزەوە تێدەکۆشا.

هەر دوو هەڤاڵی شەهیدمان تا بە ئەمڕۆ شوێنپەنجەی خەباتیان لەسەرجەم قوژبنەکانی خەباتی ئازادیخوازیی لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەرچاوە. تایبەت خاوەندارێتی شکۆمەندانەی گەل لەکۆبانێ، شەنگاڵ و رۆژئاوا بە رۆحی یەکێتی نەتەوەیی، بەرهەمی تێکۆشانی ماندوونەناسانەی “عاکیف و سیروان” ەکانە. لەلایەکی تریشەوە لەبەر ئەوەی بناخەی خەبات و تێکۆشانی پژاک بە رۆحی خەباتی عاکیف و سیراوانەکان داڕێژراوە، پژاک بووەتە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی شەهیدان.

ئێستا كه‌ دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە ئامانجی قڕکردنی سیاسی و کولتووری، هێرشی کردۆتە سەر گەلەکەمان لەرۆژئاوا و رۆژانە بە دەیان هاووڵاتی و شەرڤانی رێگای ئازادی گیانیان بەخت دەکەن. هاورێبازانی “عاکیف”ەکان و “سیروان”ەکان بۆ پاراستنی شکۆی نیشتمان، سەرجەم سنوورە دەستکردەکان دەبەزێنن و روو لەرۆژئاوا دەکەن، تا هیوا و ئاواتی شەهیدان کە یەکڕیزی، یەک هەڵوێستیی و ئازادی گەلەکەمانە، مسۆگەر بکەن.

هاوکات لەساڵڕۆژی لەسێدارەدانی “شێرکۆ معارفی” لەلایەن رژێمی داگیرکەری ئێران، یادی بەرز رادەگرین و کردەوەی دژە مرۆییانەی لەسێدارەدان و تیرۆر بە توندی شەرمەزار دەکەین.

لەکۆتاییدا لەکەسایەتی شەهید عاکیف، سیروان و شێرکۆ، یادی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بەرز رادەگرین و داوا لەسەرجەم گەنجان و ژنانی کورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەکەین کە بە بەرپرسیارییەوە، خاوەندارێتی لەرێبازی شەهیدانی رێگای ئازادی بکەن و بۆ بەدیهێنانی ئاواتی شەهیدان لەم قۆناخە هەستیارەدا، بەشداری بەرخۆدانی نەتەوەیی و جەنگی رۆژئاوا بکەن.

 

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک

٠٤\١١\٢٠١٩