باران بێریتان ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK لە بەرنامەیەکی ئاریەن تیڤی دا باسی لە گرنگی و پێویستی پرۆژەی پارتەکەیانی کرد و وتی: کێشەی زۆر جدی لە ناو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە بە پرۆژەیەکی چارەسەری هەوڵدەدەین کە کێشەی لایەنەکان چارەسەر بکەین و بتوانین یەکێتیەک لە نێوانماندا دروست بکەین.
“پرۆژەکەمان تەنها پرۆژەی پژاک نیە، بەڵکو داخوازیی تاک بەتاکی گەلی کوردە”
لە سەرەتادا باران بێریتان دەڵێت:” لە سەدەی ڕابردوو گەلەکەمان ڕوو بەڕووی هەر جۆرە سیاسەتێکی قەتڵ عام لە ڕووی فەرهەنگی و فیزیکیدا بوویەوە. لە دوای سایکس بیکۆ بەتایبەت دوابەدوای لۆزان گەلی کورد لە ڕووی هەبوون ناسی دا ڕووبەڕووی مەترسیەکی گەورە بوویەوە. لە بەر نەبوونی فکرێکی هاوبەش، بەڕێوەبەریەکی هاوبەش و نەبوونی سیاسەتێکی هاوبەش هۆکار بوو کە کوردان بۆ سەد ساڵ دوابکەوێت.”
باران بێریتان تیشکی خستە سەر تێکۆشانی ئەم سەردەمەی گەلی کورد و وتی:” ئەمرۆ لە هەر چوارپارچەی کوردستان بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد و بە فکر و ڕامانی سەرۆک ئاپۆ، ئەمرۆ زهنیەت و ئەقڵیەتێکی هاوبەش لەناو گەلی کوردا ئاوابووە. وەک گەل، ئەمرۆ گەلی کورد قۆناغی پارچەبوونی تێپەڕاندووە، باشترین نموونەش بەشداری بەرچاوی تێکۆشەرانی گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان. ئیدی کەس ناتوانێت باسی قۆناغی ڕابردوو بکات، ئیدی سنور واتای خۆی نەماوە، پەیمان نامەکانی سایکس بیکۆ و لۆزان تێکچووە، ئەم سەردەمە سەردەمی سەر لەنوێ دیزاین کردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە.”
باران بێریتان سەرنج دەخاتە سەر پرۆژەکەیان و دەڵێت:” پرۆژەکەمان بە ڕەچاوکردنی ئەم بارودۆخە هەستیار و مێژوویە پێشکەشکراوە. ئەمە تەنها پرۆژەی پژاک نیە، بەڵکو لەهەمان کاتدا داخواززی گەلی کوردە. هەموو تاکەکانی گەلی کورد هەمان داخوازی ئێمەیان هەیە. لەبەر ئەوە گرنگە لایەنکانیش وەک تاکەکانی کۆمەڵگا بیربکەنەوە و بەرژەوەندی گەلەکەیان بەبنەما بگرن.”
ناوبرا ئەوەشی وت کە:” پێویستە خۆمان بە پێی ئەم سەردەمە پێناسە بکەین. کاتێک ناوی پارتی سیاسی لە خۆمان دەنێین، ئەو کاتە مەرجە کە بە پێی لۆژیکی سەردەم سیاسەت بکەین. ڕۆژانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لاوی کورد شەهید دەبێت، ئەوەی بۆ ئێمە زۆر پێویستە، ئەوەیە کە ئێمە بتوانین هێزێکی لەشکەری هاوبەش و شارەزاو سەردەمیانە دروستبکەین، کە لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا بتوانێت گەلەکەمان بپارێزن.”
باران بێریتان باس لە گرنگی لایەنی دیبلۆماتیک بۆ گەلی کورد دەکات و دەڵێت:” ئێمە لە پرۆژەکەماندا گرنگ و ڕۆڵی دیبلۆماتیکمان ئاماژە پێداوە، لەبەر ئەوە هیچ کەس ناتوانێت ئەمرۆ لە واشنتۆن و ئەمریکا، پاریس و فەرنسا یان لە لەندەن دا بچێت نوێنەرایەتی هەموو کورد بکات. ئەو هەڵەیەکی زۆر گەورەیە. ئەوە تەنها ڕەنگ و بۆنی بەرژەوەندی تەنگی حیزبایەتیە. لەبەر ئەوە ئەگەر ئێمە دەمانەوێت وەک پارتیە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی نێودەوڵەتیدا بەهێز دەرکەوین، ئێمە پێویستیمان بە ناوەندێکی هاوبەش هەیە.”
“ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە فکرێکی سیاسی و مۆدێرن و دیمووکراتیک هەیە”
ئەو ئەندامەی مەجلیسی پژاک وتیشی:” ئەوەی بۆ ئێمە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا فکرێکی سیاسی و مۆدێرن و دیمووکراتیکە. بەداخەوە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ڕوانگەیە دوورن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان میراسی حیزبایەتیەکی هەشتا ساڵە بوونی هەیە، بەڵام لە ڕووی مۆدێرن بووین، دیمووکراتیک بووین، لە ڕووی سیاسیشەوە بەتایبەت لە لایەن پرۆژەوە و بەرنامەیەکی بەهێز بۆ بەڕێوەبردنی گەلی کورد کێشەی زۆر جدی هەیە. ئێمە پێویستە ئەم خاڵانە ببینین و بە ڕوانگەی ڕەخنە ڕەخنە داین کار و خەبات ببین.”
باران بێریتان لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت:” کێشەی ئەساسی لایەنەکانی ڕؤژهەڵاتی کوردستان نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسی سەربەخۆیە. کاتی ئەوە تێپەڕی کە پارتیەکی سیاسی خۆی وەک نوێنەری گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێناسە بکات. ئەمە نابێت، هەر پارتیەک دەتوانێت بە پێی هێزی خۆی نوێنەرایەتی بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات. ئەگەر مەجلیسێکی هاوبەش ئاواببێت، ئەوا ئەو مەجلیسە دەتوانێت نوێنەرایەتی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات، ئەو مەجلیس دەتوانێت ببێتە زەمینەیەک بۆ کۆنگرەیەکی نەتەوەیی. ئەوە بۆ ئێمەی گەلی کورد لە نان و ئاو گرنگترە.”
باران بێریتان ئاماژەی بەو ڕەخنانە کرد کە ئاڕاستەی پرۆژەکەیان کرد و وتی:” هەندێک لایەن پرۆژکەمان وەک پرۆژەیەکی خەیاڵی بەناو دەکەن. بەڕاستی ئەگەر پارتیە سیاسیەکان هێشتا لەسەر هەمان ڕوانگە بن ئەوا دیار دەبێت کە ئەو پارتە سیاسیانە لە ڕووی پێشەنگایەتی کردنی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گشتی کوردستاندا زۆر دوا کەوتوون. باشە پارتیە سیاسیەکان کاتێک خۆیان پێناسە دەکەن، خۆیان وەک هێزێکی پێشەنگ بەناو دەکەن، هەمیشە ئەوەش دەڵێن کە دەبێت چەندین هەنگاو لە پێش گەلەوە بن. ئەگەر پارتی سیاسی خاوەن ڕوانگەیەکی بەم ڕەنگەبن و پرۆژەی یەکێتی و یەکڕیزی بە پرۆژەیەکی خەیاڵی بەناو بکەن، ئەوا دیارە سیاسەتی ئەو پارتیە سیاسیانە خزمەتی گەلی کورد ناکات، چونکە گەلی کورد یەکڕیزی و یەکێتی دەخوازێت، لەبەر ئەوە سیاسەتێکی بەم شێوەیە هیچ خزمەتێک بە گەلی کورد ناکات. ئەمەیە خاڵی سەرکی کە دەبێت ڕاوەستەی لەسەر بکەین.”
“پێویستە ئێمە ڕاستگۆ بین لەگەڵ گەلی خۆمان دا”
باران بێریتان لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر کێشەی نێوان پارتیە سیاسیەکان و وتی:” کێشەی هەرە گەورەمان لێکترازانی پارتیە سیاسیەکانە. پارتیەکان ڕوانگە و ڕێبازیان لەیەکدی جیاوازە، ئێمە بێ گومان ئەمە کێشەیەکی جدیە. ئێمە ناڵێین دەبێت یەک پارتی هەبێت، هەبوونی پارتی سیاسی خاڵێکی ئەرێنیە، پارتی سیاسی بە سیاسەت و ئایدۆلۆژیای خۆی دەناسرێتەوە. جیاوازی پارتیە سیاسیەکانیش ئاساییە. بەڵام ئەوەی لە نێوان پارتیە سیاسیەکاندا هەیە جیاوازیەکی زۆر گەورە و جدیە، کە دەبێتە لەمپەر لە بەردەم لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان.”
ناو براو وتیشی:” ئێمە هیچ کات ناڵێین کە ئەو پرۆژەیە هی ئێمەیە، لە بنەڕەتدا ئەو پرۆژەیە، ئەو خاڵانەشی کە لەناو پرۆژەکەدا هاتووە، کەسێکی هەر سادەی گەلی کورد بگرە هەتا ڕۆشنبیر و ئەکادیمسیان و سیاسەتمەداران پێداگری لەسەر دەکەن. مادەم ڕاستیەکی بەم شێوەیە هەیە، پارتیە سیاسیەکان دەبێت گرنگی ئەمە ببین و لەو چوار چێوەیەدا هەنگاو هەڵێنن. کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموونی ڕابردووی لەبەرچاوە، لەبەر ئەوە ئیدی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو پرۆژانەی کە ڕەنگ و بۆنی دەسەڵاتدارێتیان لێ دێت قبوڵی ناکات.”
بێریتان بە هەستیاریەوە باسی دووبارەنەبوونەوەی ئەزموونی شەری براکوژی کرد و وتی:” گەلی کورد ئەزموونی ساڵی ١٣٥٧ کاتی شۆرشی گەلانی ئێرانی لە یاد نەکردووە، لەو قۆناغەدا هەل و دەرفەتێکی گەورە بۆ پارتە کوردیەکان ڕەخسا، کە دەیتوانی ئەو قۆناغە باش هەڵبسەنگێنێت و دەستێکەوێت بۆ گەلی کورد دروست بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی کە پارتیە سیاسیەکان خاوەن سیاسەتێکی هاوبەش نەبوون، نەیان توانی ئەو دەرفەتە زێرینە بقۆزنەوە، تەنها ئەمەش نەبوو، دەوڵەتی داگیرکەری ئێران توانی بەسەر ئەوهێزانەدا زاڵ ببێت و شەڕ و ئاژاوە بخاتە ناویانەوە. لەبەر ئەوە ئێمە ڕێگا نادەین ئەو ئەزموونە، واتە ئەزموونی شەری براکوژی! دووبارە ببێتەوە. لە ئێستا شەڕێکی تایبەت هەیە کە هانی پارتیە سیاسیەکان و دۆستان و لایەنگرانیان دەدات کە ئەو ئەزموونانە دووبارە بکەنەوە، ئێمە هەڵوێستم هەڵوێستی گەلەکەمانە، هیچ کات گەلەکەمان لەگەڵ شتێکی وەهادا نەبوون، هەر بۆیە ئێمەش هەڵوێستی گەلەکەمان کرداری دەکەین.”
لە کۆتایی قسەکانی باران بێریتان ئەرک و ڕۆڵی ئەم قۆناغەی تێکۆشان دیاری دەکات و دەڵێت:” بۆ ئەوەی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە، بۆ ئەوەی خوێنی ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەمان بە هەدەر نەچن، ئەرک و بەرپرسیارێتی مێژوویی دەکەوێتە سەر شانی هەموو پارتیە سیاسیەکان، کە ئەو پرۆژەیە بەسەر بخەین و بتوانین هاوبەشیەکی فکری لە نێوان خۆماندا دروست بکەین، دوابەدوای ئەوە مەجلیسێکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاوا بکەین، هێزی دیبلۆماتیک ئاوا بکەین، ئەوە ئەرکی ئێمەیە و دەبێت ئەرکی خۆمان بە جێ بهێنین.”