شەهیدبوونی ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی گشتی کەجەکە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە دیار غەریب ناسراو به هەڤاڵ (هەڵمەت) بۆ سەرجەم گەلی کورد و بە تایبەت گەلی باشووری کوردستان ئێش و خەسارەتێکی گەورەیە. ئەو شەهادەتە کە دەستی خائینان و نۆکەرانی کوردی تێدایە زامێکی تری مەزن لە هەست و ناخی تاکی کورد و بە تایبەت گەلی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دروست کرد. بۆیە هەر جۆرە هێرش و پەلاماری داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا و چاوساخی و هاوکاری نۆکەر و خائینانی کورد شەرمەزار دەکەین.
هەڤاڵ هەڵمەت کە کادیرێکی پێشەنگی گەلەکەمان چ لە باشوور و سەرجەم بەشەکانی کوردستان بوو و هەموو تەمەنی بۆ خەبات و تێکۆشانی گەلەکەی تەرخان کرد. لەهەموو قۆناخێکی ژیان وتێکۆشانیدا تامەزرۆ و ئاواتەخوازی یەکگرتن و یەکڕیزی ناوماڵی کوردی بوو. بۆ دەستەبەر کردنی ئەوەش ئاڵای تێکۆشان و خەباتی شۆڕشگێڕانی وەک شەهید عەلی عەسکەری، ئارام، مامەڕیشە، سیروان و ڤیانی بەهەستی شۆڕشگێڕانەوە بە شەکاوەیی راگرت و بە هزر و بیری رێبەر ئاپۆ هەتا دوا ساتەکانی ژیانی بە وتار و کرداری خۆی بووە نموونەی کەسایەتیەکی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی.
لەقۆناخێکدا کە داگیرکەری تۆرکیا لەباشووری کوردستان هەنگاوی ناوەتە ئاستێکی مەترسیدارەوەو هێرشی داگیرکاری بەرفراوانتر دەبێت و خوێن لەجاددەو دەشت و چیاکانی کوردستان دەچۆڕێت، بەشێک لەدەسەڵاتدارانی باشوور و هێزە سیاسیەکان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵەیی و حزبی لەبەرامبەر ئەم کارەساتە بێ دەنگن و بەشێکیش چاوساخی و هاوکاری نەیاران دەکەن. دڵنیاشین کە نە مێژوو و نە گەلی کوردستان ئەو هەڵوێستە نالەجێ و نەشیاوە لەبیر ناکەن.
بۆ شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهید، گەلی کورد و بە تایبەت گەلەکەمان لەباشووری کوردستان و سەرجەم هاوڕێبازان و هەڤاڵانیان دەکەین و بانگ لە گەلەکەمان لەهەرچواربەشی کوردستان و تایبەت لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە بۆ خاوەندارێتی لە رێبازی تێکۆشانی شەهید هەڵمەت بەرەی تێکۆشان لە دژی فاشیزم و خیانەت بەهێزتر بکەن و بە بەشداری کارایان لەبەرەکانی تێکۆشان کۆنسێپتی داگیرکاری و هێڵی خیانەت پووچەڵ بکەنەوە. بێگۆمان پێش هەر کەسێک ئەرکی ژنان و گەنجانە کە ئاڵای خۆڕاگری و تێکۆشان دژ بە نەیاران و هێڵی خیانەت بە شەکاوەیی رابگرن.
جارێکی تر لە کەسایەتی هەڤاڵ هەڵمەت دا بەڵێن و پەیمان مان لە گەڵ هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و رزگاری دووپات دەکەینەوە کە تا بەدیهێنان و سەرخستنی ئامانجەکانیان بە ورەو هێزێکی زیاترەوە درێژە بە تێکۆشان بدەین.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
٠٨\٠٧\٢٠١٩