بۆ رای گشتی:

قەیرانەكان لە ولاتی سوریا هەر دەچێت روو لە زیاد بوون دەنێت و تێكۆشانی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان پێی ناوەتە قۆناخێكی یەگجار زۆر هەستیار. گەلی كورد هەم لە قۆناخەكانی بەر لە دەستپێكردنی دەستێوردان لە سوریا و هەمیش لەسەرتای دەستپێكردنی ئەم قەیرانانە، تێكۆشانێكی بێ وێنەی لە پێناو ئازادی و گەیشتن بە مافە رەواكانی خۆی بەرێوە بردووە و لە سایەی ئەم تێكۆشانە دەسكەوتی گرینگ و مێژوویی خوڵقاندووە. ئەوەی هەتا ئێستا بە روونی دێتە بەرچاو ئەوەیە كە هەم هێزە دەرەكیەكان كە بە بانگەشەی دیمۆكراسی لە هەوڵی دەستێوەردان لە سوریادان و هەم رژێمی ستاتۆپارێزی سوریا، هیچكامیان هەتا ئێستا ئامادەی پەسەند كردنی ئەم دەسكەوتە بە نرخانە بۆ گەلی كورد نین. هەبوونی ئەم بابەتە لە لایەكەوە و هەوڵدانە تێكدەرەكانی رژێمی فاشیستی توركیا لە پێناو لە ناو بردنی ئەم دەسكەوتانە، گەلی كوردی لە رۆژئاوای ولات رووبەرووی كۆسپ و تەگەرەی جیدی كردۆتەوە. بەلام سەرەرای هەمووی ئەم گەمە سیاسیانە كە لە لایەن دوژمنان و نەیارانی گەلی كوردەوە بەرێوە دەچێت، گەلەكەمان بە پاراستنی یەكریزی و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرخۆدان هەتا ئێستا توانیویەتی نەك تەنیا دەسكەوتەكان بپارێزیت بەڵكوو وەلامی هەرەچەشنە هەوڵدانی هێرشكارانەی بە باشترین شێوە بداتەوە.

بێ گومان ئەو هەل و مەرجەی كە لە رۆژئاوای كوردستان رەخساوە، نەتەنیا بۆ ئەو بەشەی كوردستان بەڵكوو بۆ سەرجەم گەلەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان، وەرچەرخانێكی مێژوویی و دەسكەوتێكی نەتەوەییە و لە چارەنووسی كێشەی كورد دا، خاوەن رۆڵێكی دیاری كەرە. لە سەر ئەم بنەمایە خاوەنداریەتی و پیشتیوانی لە شۆرشی رۆژئاوای كوردستان، هەم ئەركێكی نەتەوەیی و هەمیش پاراستنی دەسكەوتەكەكانە لە بەشەكانی تری كوردستان و هاوكات هەنگاو نانەوەیە بۆ ئازادی گەل و نیشتمانمان. هەروەك دەزانرێت قۆناخی سەركەوتنی شۆرش وێرای هەستیار بوونی، قۆناخی پرِ لە كۆسپ و تەگەرە و زۆری و زەحمەتییە. هەنووكە گەلەكەمان لە رۆژئاوای ولات رووبەرووی كێشەگەلی لەم چەشنە هاتۆتەوە و لە پێناو تێپەراندنی ئەم كێشانە، پێداویستی بە یارمەتی سەرەجەم گەلی كورد و هەموو لایەنە پێشەنگەكانی كوردستان هەیە. یەك لەو قەیرانانە كە هەنووكە شۆرشی رۆژئاوا رووبەرووی بۆتەوە، قەیرانی ئابوورییە كە ئەم قەیرانە بە داخرانی دەروازە سنوورییەكانی نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان رووی لە زیاد بوون ناوەتەوە. بێ گومان ئەم كردەوەیە كە لە لایەن پارتی دیمۆكراتی كورستان بە سەرۆكایەتی بەریز مەسعوود بارزانییەوە بەرێوە دەچێت، كردەوەیەكی ناشایست و هەوڵدانێكە كە بە هیچ شێوازێك خزمەتی بەرژەوەندی نەتەوەیی و تەنانەت خزمەت بە پاراستنی دەسكەوتەكانی باشووری كوردستانیش ناكات. وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان داخستنی دەروازە سنوورییەكان شەرمەزار دەكەین و بانگی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی لە بەرێز بارزانی دەكەین. ئەگەر هەوڵدانێك لە پێناو دەستەمۆ كردنی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان بەرێگای برسی هێشتنەوە و هەژاری هەیە، دەبێ هەر كەس بە باشی بزانێت كە نەك تەنیا ئەم سیاسەتە سەركەوتن بە دەست ناخات بەڵكوو رووبەرووی هەڵوێستی نەتەوەیی دێتەوە و رێفلێكسی بە پێچەوانە لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە پێش دەكەوێت. بۆ هەر كەس روون و ئاشكرایە كە كۆسپ و تەگەرەنانەوە بۆ شۆرشی رۆژئاوا تەنیا و تەنیا خزمەتی نەیاران و ناحەزانی گەلی كورد دەكات و داهاتووی سەرجەم گەلی كورد رووبەرووی مەترسی دەكاتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە بانگ لە بەرێز بارزانی دەكەین كە بە زووترین كات، دەروازە سنوورییەكان بكەنەوە و رێگەخۆشكەر بن بۆ یارمەتێ ماددی و مەعنەوییەكان گەلی كورد بۆ رۆژئاوای كوردستان.

هاوكات بانگ لە سەرجەم گەلەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان و بەتایبەت لە رۆژهەلاتی كوردستان و هەندەران دەكەین كە بە رێگای كەمپینی كۆ كردنەوەی یارمەتی ماددی و بە شێوەی جیاجیا پشتیوانی لە شۆرِشی رۆژئاوا و لە داهاتووی خۆیان بكەن. بێ گومان سەرجەم سازی و دام و دەزگا سیاسی و مەدەنییەكان لەم بابەتە پێویستە رۆڵ و میسیۆنی نەتەوەیی خۆیان بە باشی پێك بهێنن و لە كۆ كردنەوە و گەیاندنی ئەم یارمەتییانەدا، بەتەواوی یارمەتی دەر بن. لە كۆتایی دا وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، تێكۆشانی مێژوویی و شۆرشی رۆژئاوای كوردستان سلاو دەكەین و پشتیوانی مەعنەوی و مادیی خۆمان بۆ ئەم شۆرِشە رادەگەیێنین.

 

كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان
29.12.2012