لە سی و یەکەمین ساڵڕۆژی کیمابارانی هەڵەبجەدا پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە بە بیردەهێنینەوە و لە بەرامبەر شەهیدانی هەڵەبجەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی گەلەکەمان دادەنەوێنین.
گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو هیچ کات لە خەبات و بەرخۆدان بۆ بەدەست هێنانی مافەرەواکانی خۆی سڵی نەکردۆتەوەتەوە، لەبەر ئەوە گەلەکەمان ئاشناییەکی مێژوویی لە گەل خەبات و تێکۆشان، شۆرش و سەرهەڵدان دا هەیە، بە واتایەکی دیکە گەلی کورد گەلێکی خۆراگر و بەرخودێرە. لە مێژوودا هەمیشە لە لایەن ئیمپراتۆر و هێز و دەسەڵاتدارانی سەردەستی کوردستانەوە، خاکی کوردستان پارچە کراوە، ئەمرۆشی لەگەڵ بێت بە درێژایی هەزاران ساڵە نیشتیمانی دایک لەژێر چەپۆکی هێزە داگیرکەرانی کوردستاندایە. بێ گوومان هیچ کاتێک گەلی کورد ئەم باروودۆخە (واتە داگیرکردنی و لەت لەتکردنی نیشتیمانی) قبوڵ نەکردووە. پێشەنگانی گەلەکەمان لە هەر قۆناغێکدا بەرنگاری هێزەداگیرکەرەکان بوونەتەوە، بۆ ئازادی نیشتیمان و ڕزگاری نەتەوەکەمان ڕووبارێک خوێنیان بەخشیووە.
لە سەدەی ڕابردوودا زهنیەتی دەسەڵاتدارێتی لە ژێر ناوی دەوڵەت نەتەوەدا شکڵی گرت. دەوڵەت نەتەوەکان کە دەرئەنجامی زهنیەتی هەزاران ساڵەی دەسەڵاتدارێتیە، لە سەدەی ڕابردوودا پێشەنگایەتی هەردوو شەری یەکەم و دووەمی جیانی کرد. ئەنجامی دەوڵەت نەتەوە دروست کردنی زهنیەتێکی فاشیستی بوو، کە تێیدا هیچ ڕەنگێک، ناسنامەیەک،نەتەوەیەک، چاند، باوەریەک جگە لە خۆی ناناسێت و قبوڵی ناکات. ئەو دەوڵەت نەتەوانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، بەهەمان زهنیەتی فاشیستی سیاسەتی ئاسن و ئاگریان لە دژی گەلی کورد پەیرەو کردووە، لە باکور کۆمەڵکوژی دەرسیم و گەلیا زیلان و، لە باشور کارەساتی ئەنفال و کیمابارانی هەڵەبجە، لە ڕۆژهەڵات لە سێدارەدان و تیرۆرکردنی پێشەنگانی گەلی کورد، لە ڕۆژئاوا سیاسەتی تەعریبی گەلی کورد لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە. بە گشتی لە هەموو کوردستاندا دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان خاوەن زهنیەتێکی هاوبەشی فاشیستین بۆ لەناوبردنی گەلەمان.
لە ڕاستیدا کیماباران هەڵەبجە، تەنها ڕووداوێک نیە بخرێتەڕوو، بەتەنیا ناعەدالەتیەک نیە کە بە مەحکوم کردن و ئیدانەکردنێک کۆتایی بێت، مەرگەساتی هەڵەبجە چیرۆکی جەنگێک نیە کە ڕاڤە و شرۆڤەی لەسەر بکرێت و لە بیربچێتەوە، کیمیابارانی هەڵەبجە کۆژرانی گەلەکەمانەو هیچ کات لەبیر ناکرێت. ڕژێمی بەعسی فاشیست لەسەدەی ڕابردوودا هەر جۆرە سیاسەتێکی وەحشیانەی بۆ بێ دەنگ کردن و کۆیلەکردنی گەلەکەمان تاقی کردەوە. ڕژێمی بەعسی داگیرکەر بریاری لەناوبردنی گەلی کوردی دابوو، هەر بۆیە شاڵاوی ئەنفالی بۆ قەتڵ و عام کردنی کوردستان و ڕاگوێزانی گەلی کورد دەست پێکرد، لە ناو پرۆسەی ئەنفالدا هەڵەبجە لوتکەی ئەو کۆمەڵکوژیەبوو. بەکارهێنانی چەکی كیماوی و كۆكۆژ لە هەڵەبجەدا سیاسەتی وەحشیگەراییانەی ڕژێمی داگیرکەری بەعس نیشان دەدات. ئەنفاڵ و هەڵەبجە برینێکی قوڵی سەر جەستەی گەلەکەمانە و ناتوانین تەنیا لە یادی ئەو کارەساتەدا بە مەحکوم کردنێک وەڵامی دوژمنانی گەلی کورد بدەینەوە. ئەوەش لەبیرنەکەین هەڵەبجە لە ئەنجامی پەرتەوازبوونی هێزە کوردیەکاندا مەرگەساتێکی بەم شێوەی لێ کەوتەوە، ئەگەر هێزە کوردیەکانی ئەوسای گۆرەپانی سیاسی و لەشکەری کوردستان بە رۆحی یەکێتی و دڵسۆزیەوە لە دژی سیاسەتی بەعس بووەستانەیەوە، بێ گوومان ئێمە ئەمرۆژە برینی هەڵبجەمان ژیان نەدەکرد. ژینۆسایدی شەنگال و ئێزدیەکان و داگیركاری عهفرین کۆمەڵکوژیەکی تر بوون کە دیسان لەبەر نەبوونی یەکێتی نێوان گەلی کورد لە لایەن داعش و فاشیسمی توركیهوه بەسەر گەلی کوردا هات. هەر بۆیە دەبێت پێداگری لەسەر یەکریزی گەلی کورد بکەینەوە و بەزامی هەڵەبجە وژ شەنگال تێکۆشان بۆ بەدەست هێنانی داخوازیەکانی گەلەکەمان بکەین.
مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK
2019 / 3 / 16