هێرشی پاسەوانانی ئاسایش بۆ سەر بنکەکانی تەڤگەری ئازادی هەمو بەهاکانی ئەخلاقی و سیاسی رێوەبەری باشوری کوردستان، دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دورە لە پرینسیپی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە بە دەیان ساڵە باشوری کوردستان تێکۆشانی بۆ دەکات و بە هەزاران شەهیدی بۆ داوە.

ئەم هێرشە دەکەوێتە چوارچێوەی کۆنسێپتێکی گشتی بۆ دژایەتی کردنی رەوتی ئازادیخوازی لە هەرێمەکە و کوردستان. ئەم هێرشە وەک کردەوەیەکی سیاسی دەنرخێنین و بەردەوامی ئەم شێوازە هێرش کردنە سەر رێکخراوە سیاسیەکان ناکەوێتە چوارچێوەی ئاتمۆسفەری دێمۆکڕاتیک و لە درێژەی خۆیدا خزمەت بە داگیرکاری و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دەکات. تەعویز دان بە داگیرکەران جورئەتیان زیادتر دەکات بۆ داوخوازی زیاتر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێرشەکانیان بەردەوامتر دەبێت بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی گەلەکەمان لە کوردستان.

لەم هەل و مەرجە حەساسەی سیاسیدا کە ئاڵوگۆڕیەکان بە خێرایی دەچنە پێش، هەر جۆرە کردەوەیەکی ناسیاسی و نادمۆکڕاتیک رێزەکانی یەکێتی نەتەوەیی گەلەکەمان سست دەکات و ناکەوێتە خزمەت بە یەکگرتویی و ئاشتەوایی ناوچەکە و تەنیا داگیرکەران و کۆنەپەرەستی ناوچەکە کەڵک و قازانج لەم جۆرە هەڵوێست و کردەوە نادێمۆکڕاتیکانە وەردەگرن.

ئێمە ئەم کردەوە ناڕەوایە و هەمو هەڵس و کەوتێکی نادێمۆکڕاتیک بە دژی ئازادی و دێمۆکڕاسی سەرکۆنە دەکەین و هوشیاری دەدەینە لایەنەکانی پێوەندیدار، بە روحێکی دێمۆکڕاتیک و کوردستانی لە گەڵ ئەم جۆرە کردارە ناشایستە روبەڕو ببنەوە.

مەجلیسی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان( پژاک )

۲۰۱۸/۱۱/۳۰