بەناوی کۆمیتەی زانست و ڕۆشنبیری کۆدارەوە پیرۆزبایی لە بەڕێز کۆچەر بیرکار دەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ ئەو و هەموو ئەو کەسانە دەخوازین کە لە بواری زانستدا پێشکەوتن و داهێنانی نوێ لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا دێننە ئاراوە.

کۆچەر بیرکار ئەگەر چی بەساڵانە لە هەندەرانەو ژیانی پڕ لە ڕەنجی دوور لە زێدی خۆی بەسەر دەبات، هاوکات لە لوتکەی سەرکەوتنەکانیدا نەتەوەی خۆی لەبیر نەکردووە و دەتوانێ یەک لەو کەسانە بێت کە بە بەهرەو توانا زانستیەکانی ئەو ڕاستیە بسەلمینێت کە لەناو نەتەوەی کوردیشدا کەسانێک هەن هیچیان لە مرۆڤە بەناوبانگەکانی نەتەوەکانی تر کەمتر نیەو ئەگەر دەرفەتی یەکسان و دیموکرات هەبێت و بەشێویەکی دادپەروەرانە زەمینەی تواناسازیان بۆ بڕەخسێت، ئەوا هاوشانی کەسانی داهێنەرو زاناکانی تری جیهان دەتوانن خزمەتی گەورە بە مرۆڤایەتی بکەن و هەر ئێستاش لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا سەدان کەسی تری بەم شێوەیە هەیە کە بەهۆی سیستەمی سەرکوت، گوشار و جیاکاری ڕژێمی ئێرانەوە بەهرەکانیان قەتیس ماوەو کۆمەڵگا بێ بەش کراوە لە زانست و بەهرەمەندیەکانیان.

ئێمە وەکو کۆمیتەی زانست و ڕۆشنبیری کۆدار هیواخوازین ئەم پێشکەوتنانە و کەسایەتی وەکو بەڕێز کۆچەر بە زانست و هەوڵدانە بێ پسانەوەکانیان هاوکار بن لە پێشخستنی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی کۆمەڵگاداو مەدالیاو ناوبانگەکەیان زۆرتر هانیان بدات داهێنانی نوێ و خزمەتی زیاتر بۆ مرۆڤایەتی بەرهەم بێنن.

 

کۆمیتەی زانست و ڕۆشنبیری -کۆدار-

03/08/2018