ڕوانگه‌ی تیئۆریك
ئێران یەک لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كه مێژووی کۆمەڵگای ئازاد لەوێ دەستی پێ کردووەو بڵاو بۆتەوە. ئێران لانکەی کۆمەڵگا و تێکۆشانی ئازادی بووە و ئێستاش هەر ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت. گەلانی ئێران لە سەر ئەم بنەمایە لە ڕابردوودا ژیانێکی کۆنفیدراڵیان بووە و مێژووی ئەم وڵاتە پڕە لە تێکۆشەرانی ماندویی نەناس و خەباتی ئازادیخوازی، بەتایبەت گەلانی ئێران و گەلی کوردیش پێکەوە لە کاتی کۆمەڵگای سروشتی تا ڕۆژی ئەمڕۆ مێژوویەکی هاوبەشیان نووسیوە و لە دژی ستەم و نادادپەروەری تێکۆشانی هاوبەشیان کردووە. بێگومان لە مێژوو، چاند و بیرۆکەی هاوبەشیاندا کاریگەریان لەسەر تێکۆشانی یەکدی داناوە. کۆنفیدرالیسمی هۆزەکانی ئێرانی و کوردستانی لە دژی زوڵم و ستەمی ئاشوریەکان لە مێژووی کۆن و شۆڕشی گەلانی ساڵی ١٣٥٧ لە مێژووی هاوچەرخدا، نموونەی بەرچاوی ئەو تێکۆشانە هاوبەشەن. ئەم ژیانە کۆنفیدراڵە نیشاندەری یەکیەتی حاشاهەڵنەگری مێژوویی گەلانی ناو ئێرانە کە لەسەر بنەمای چاندی دەوڵەمەند و هاوبەشی ئەو گەلانەیە و هێندەی یەکگرتوویی زاگرۆس و ئەلبۆرز پتەوە.
لە مێژووی هاوچەرخی ئێرانیش تێکۆشانی دیموکراتیک و چەپ بەردەوام بووە و بەتایبەتی ئێران وڵاتێکی هاوبەش بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سۆسیالیسم و خەبات بە شێوازێکی بەهێز و بە ئەساس گرتنی گەل بەرەو پێش چووە. شۆڕشی گەلان لە ساڵی ١٣٥٧ کە دەرەنجامی تێکۆشانی هەموو گەلان و بزووتنەوە جیاوازەکان بوو، مێژوویەکی دەوڵەمەندی تێکۆشانە و بە هۆی پێگەی کۆمەڵایەتی بەهێزیەوە مۆرکی خۆی لە سەدساڵی بیستەم داوە. ئەوەی کە بنەمای ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتیە دەرەنجامی تێکۆشانی گەلانی سەرانسەری ئێران بوو، ڕاستی و ڕەوابوونی ئەو شۆڕشە دەردەخات کە پێویستە ئەمڕۆ لە لایەن ئەو گەلانەوە درێژەی پێ بدرێت. لە ناخی ئەم شۆڕشەی گەلانی ئێران، یەکسانی و دادپەروەری گەشەی کرد و بەو هۆیەوە باشترین هەڵوێستی لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئەو کاتەی ئێران نیشان دا. بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ گەشەکردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی بە شێوازێکی دیکە هەنگاو هەڵدەگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە شۆڕشی گەلان لە بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ڕاوەستا و تێکۆشانێکی بەنرخی بەڕێوە برد. کۆماری ئیسلامی هەر لە دەسپێکی گەیشتن بە دەسەڵات کەوتە ناو شەڕێکی قورس لەگەڵ ئێراق، ئارام ئارام لە ڕاستی کۆمەڵگا و گەلانی ئێران دوور کەوتەوە و لەگەڵ هێزی دەوڵەت-نەتەوە یەکانگیر بوو. ئەساسی نکۆڵی کردن لە هەبوون و جیاوازی هەموو گەلان لە ڕوانگەی ناوەندگەرایی و دەسەڵاتخوازی سەرچاوە دەگرێت. ئێران وڵاتێکە سۆسیالیسم و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لەوێ لەدایک بووە و لانکەی گەشەکردن و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی ئەم جیۆگرافیایە. لەم ڕوانگەیەوە، لە قۆناخی ئێستادا پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراتیک هەیە کە هەموو دەوڵەمەندییەکانی چاندی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بگرێتە ناو خۆی بۆ ئەوەی کە جارێکی دیکە شۆڕشی گەلان زیندوو بکاتەوە. ئەوە بەرچاوە کە لە ناوەندی مێژووی سۆسیالیسمی ئێران، ڕۆڵی ژنان و تێکۆشانی ئەوان زۆر گرنگ و دیارکەر بووە و ئێستاش بە هەمان شێوەیە. ئەمڕۆ پێویستە بەها و نرخە دیموکراتیەکانی ژنان و کۆمەڵگای ئێران یەک بگرن و ببنە بناغەی دیموکراسی بۆ کۆمەڵگا. بۆ زیندوو کردنەوەی ئەم مێژوو، بیرۆکە و تێکۆشانە هاوبەشە شکۆمەندە، بە دڵنیاییەوە پێویستی بە ڕۆحی نەتەوەی دیموکراتیک وەک تەنها ئارمانجی مرۆڤ پەروەر هەیە.
ئێران بەو دۆخەی کە ئێستا تێیدایە، دوای چل ساڵان كه‌وتۆته ناو قۆناخێكی گۆڕان. قه‌یرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی کە لە سیاسه‌تی هەڵەی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ركەو‌توون، بۆته هۆکار کە گه‌لانی ئێران و بە تایبه‌تیش رۆژهه‌لاتی كوردستان بكەوێتە ناو کێشەی زۆر قووڵ. قۆرخ كردنی سیاسه‌ت لە ده‌ستی رژێمی سه‌رده‌ست، سیاسه‌تی ئاسمیلاسیۆنی چاندی گه‌لانی كورد، به‌لوچ، ئازه‌ری، عەره‌ب و گەلانی دیکە و نایەکسانی ئابووری کە لە سیاسه‌تی هەڵە ده‌ركه‌وتووه، كرداری میلیتاریستی و سه‌رده‌ستی سوپای پاسداران لە سیاسه‌ت و دیپلۆماسی ده‌رەکی، هه‌مووی ئەوانە لە كائیۆسێكی زیهنیه‌تی سەرچاوە دەگرن کە زیا‌تر لە قه‌یرانێك، هەڵوه‌شانەوەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی ده‌رخستۆته بەرچاوان و ته‌قین و شۆڕشێكی گه‌لان و گۆڕانکاریه‌كی دیموكراتیك دەكاته پێویستیەکی نا‌چاری. هه‌مووی ئەوانە ئەو مه‌ترسیانەیان لەگەڵ خۆیان هێناوه: یه‌كه‌م؛ کۆمەڵگا بە قه‌یرانی بێكاری، برسیەتی، هەڵوه‌شانەوەی ئەخلاقی، هەژاری، لەناوچوونی بەرهەمهێنانی ئابووری، ناكۆكی دەرەکی، گه‌شه‌کردنی ترسناکی فاشیسم، بە دیلگیرانی کۆمەڵگا، جیاکاری لە سه‌ر ژنان بە هۆکاری پیاوسالاری و ده‌وڵه‌تپه‌رستی، لەناوبردنی پۆتانسیەلی توانای بەکۆمەڵی کۆمەڵگاو هەڵهاتنی بیرەکان، لەشکرێکی ڕەشی لاوان وبێ ناسنامە کردنیان، په‌ره‌پێدانی لیبراليزم وه‌ك چاندێكی سه‌رده‌ست، هەڵهاتنی سه‌رمایه، زۆر‌کردنی دەڵاڵی لە جێی به‌رهه‌م هێنان، كۆبوونەوەی دارایی وڵات لە دەستی سوپای پاسداران، ده‌وڵه‌ت و دامەزراوەکانی سه‌ر بە ئەوان، تایبەتی کردنەوە بە مەبەستی داڕمانی ئابووری. دووهه‌م؛ لەناوبردنی ژینگه و دارستان و بەبیابان کردن، دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر به‌نداو بە ئارمانجی سیاسی و وشك کردنی ڕووبار و گۆلە مه‌زنەکان، نه‌پاراستن و نەژیاندنەوەی دارستانەکان، مه‌زن بوونی شارەکان بە شێوازی شێرپەنجەیی و ته‌قینی ژمارەی نفووس، زۆر‌بوونی ماده‌ی هۆشبه‌ر، سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی نا ستاندار. بەزۆر گرێدانی ناوەرۆکی کۆمەڵگا بە دەوڵەت و سیستمەوە، تەندروستیەکی ناکارا. سێهه‌م؛ ستەم کردن لەنه‌ته‌وەو گه‌لانی ئێران، بەزۆر پێشخستنی زیهنیه‌تی یه‌ك ده‌وڵه‌ت، یه‌ك ئاڵا، یه‌ك دین، یه‌ك وڵات و دژایەتی گه‌لانی دیکە بە شێوازی یه‌كده‌ستکردن و سڕینەوەی موزایكی کەلتوری، ڕوانگەی ئەمنی بۆ كوردستان، به‌لوچستان، ئەهواز و ناوچه‌کانی تر و چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشەی گه‌لانی ناو ئێران، پێش‌گرتن لە کرانەوەی سیاسی، سه‌پاندنی یاسا و حقوقی ده‌وڵه‌تی لە سه‌ر کۆمەڵگای مه‌ده‌نی و سه‌ركوت و توندوتیژی لە بەرانبه‌ر ڕاپه‌رین و شۆڕشی گه‌لان بە شێوازی جۆراوجۆری فیزیكی و کەلتوری. بە گشتی بە لۆژیکێکی ڕادیکاڵ پێویسته بڵێین ئەم قه‌یرانە تەنها به‌رهه‌می ده‌وڵه‌ت و ر‌ژێم نییه، بەڵکو بە لە به‌رچاوگرتنی ڕه‌هه‌ندی ده‌رەکی، سیستمی سه‌رمایه‌داری و زیهنیه‌تی لیبراڵی جیهانییش تاوانبارە و لەپاڵ كۆماری ئیسلامی‌دا دژی گه‌لان کار دەکات و هۆکاری ئەو کێشانەیە. هەر ئەوەندەش کە سه‌رمایه‌داری لە سه‌رانسه‌ری جیهان گه‌لانی كردۆته كۆیله، رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ئاستی ناوخۆیی هه‌مان رۆڵ دەگێڕێت. هه‌ردوو سیستمی كۆماری ئیسلامی و سه‌رمایه‌داری جیهانی تاوانبارن. رژێمی كۆماری ئیسلامی بە گەیاندنی قه‌یرانەکان بە لووتکە، هه‌وڵ دەدات گه‌لان و کۆمەڵگا نا‌چار بە خۆڕادەستکردن بکات.
لە گه‌رمایی شەڕی جیهانی سێهه‌م لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە دوو زیهنیه‌تی جیاوازی مۆدێرنیتەی سه‌رمایه‌داری لە لایەک و مۆدێرنیتەی دیموكراتیك لە لایەکی دیکە و بە ناوه‌ندێتی کوردستان شەڕ بەردەوامە. زلهێزانی جیهانی و هه‌رێمی لە كارتی كورد بۆ لەناوبردنی گه‌لانی كوردستان، ئێران، سوریا، توركیا، ئێراق و گه‌لانی وڵاتانی دیکەی هه‌رێمی سود وەردەگرن. رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران (ڕه‌وتی بناژۆخواز، میانەڕه‌و و ڕیفۆرمخواز) لە سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هه‌م لەگەڵ سه‌رمایه‌داری جیهانی ناكۆكیان هەیە و هه‌م لەگەڵ به‌ره‌ی سێهه‌م کە گه‌لانی كوردستان، ئێران و هه‌رێمەکەن. بە بنەما گرتنی هیلالی شیعی لە یه‌مه‌ن هه‌تا لوبنان، پەرە بە شه‌ڕدەدەن. ئەو شه‌ڕە کە مۆرکی شەڕی ئەتۆمی و ئەلیكترۆنی لێدراوە، پێدەچێت کە دوای ئەفغانستان و ئێراق و سوریا، ئێرانیش لەخۆ بگرێ. رژێمی ئێستای ئێران وەڵامی ئەو مه‌ترسیانە بە سوپای قودس و سه‌ركوت کردنی گه‌لان دەداتەوه. ئێستا شه‌ڕی جیهانی سێهه‌م لە ڕه‌هه‌ندی ده‌رونناسی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی كه‌وتۆته ناو ئێران و ئەگه‌ری شه‌ڕێكی سه‌ربازی و ده‌ستێوه‌ردانی جیهانی زۆر‌تر كردووه و تاکە رێگای پێش‌گرتن لەو شه‌ڕە لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوه قەبووڵ کردنی داخوازی گه‌لان و کۆمەڵگای ئێرانيیه. پێدەچێت کە رۆژهه‌لاتی كوردستانیش وه‌ك ئێران ببێته ناوه‌ندی شەڕی زلهێزانی جیهانی و هه‌رێمی. نابێ کە گه‌لانی ئێران سیناریۆی نامرۆڤانەی دەرەکی و ناوخۆیی قه‌بووڵ بکەن. لە ناوخۆی ئێران، ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌یەک هەیە کە سه‌ركوتیان دەكات و فریویان دەدات و ڕیفۆرمخوازانیش گوێ نادەنە ڕاپەڕینی گه‌ل و لە سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و هێز لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کۆدەبنەوەو گفتوگۆ دەکەن، لە ده‌روه‌ش زلهێزانی ئەمریكی و ئەوروپی دەیانەوێت ئێران وه‌ك سوریا لێ بکەن و ناوه‌ندی وزە و هێزی ئێران بخەنە دەستی خۆیان. هه‌روه‌ها لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش چ راستگه‌ری بێت یان چه‌پگه‌ری تەنها دەیانەوێت كۆماری ئیسلامی بڕوخێنن و خاوەن به‌رنامه و ئاڵته‌رناتیڤ بۆ داهاتوو نین و ئەویش دەبێته هۆکار کە پۆتانسیه‌لی گه‌لان بۆ شۆڕش لەناو ببەن و کۆمەڵگا بکەوێتە ناو مه‌ترسیەکی زۆر گەورە. لە حەوت تا حەفتا ساڵی لە ئاسایش‌دا ناژین. سەرمایەداری جیهانی بە گوشار و شه‌ڕی تایبه‌ت دەیەوێت چاره‌نووس بۆ گه‌لان دیاری بكات. ڕۆژه‌ڤی وه‌ك به‌رجام وپرۆگرامی مووشه‌كی ئێرانیش هیچ پەیوه‌ندیەکی بەکۆمەڵگا و بزووتنەوەی ئازادیخوازیەوە نیه و ئاموری سیاسی زلهێزانی جیهانی و رژێمی سه‌رده‌ستی كۆماری ئیسلامین و لەکۆتاییدا شەڕ کردن یان ڕاگرتنی شەڕە.، نابێت کە راپەڕینی گه‌لان بەوانه‌وە گرێ بدرێت و چاره‌سه‌ری بە ڕێگای ئەوانە پێش ناكه‌وێت.
كوردستان لەو شه‌ڕەدا لە مه‌ترسی كۆمەڵكوژی کەلتوریدایە و بووەته ناوه‌ندی شه‌ڕی هێزە رۆژئاواییەکان و ده‌وڵه‌تە به‌رژه‌وه‌ند پارێزەکانی هه‌رێمەکە. گه‌لی كورد لە ناو شۆڕشێك دا‌یه و بە دوای گۆڕانکاری هێز، ڕووخاندنی ر‌ژێم و بێده‌نگ بوونەوە نيیه، بەڵکو بە شێوازێكی رادیكاڵ لەگەڵ گه‌لانی ئێران كەو‌تۆته ناوشۆڕشی بەهاری گه‌لان. بزووتنەوەی ئازادیخوازی گه‌لی كورد گۆڕانکاری و چاره‌سه‌ریه‌كی رادیکاڵ و بنەڕەتی دەوێت، بەڵام ده‌وڵه‌تی ئێران، ئۆپۆزسیۆن و زلهێزانی جیهانی خاوەن پرۆژه‌یه‌كی دیموكراتیك و بێشه‌ڕ نین و گه‌مارۆی ئابووری و هەڕەشەی سه‌ربازی بۆ کۆمەڵگای مه‌ده‌نی تەنها مه‌ترسیەکان زۆر‌تر دەكەن. ئۆپۆزسیۆنی كلاسیك تەنها به‌شی خۆی لە ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وەی ئێران دەوێت و نوێنەرایەتی گه‌لان ناكەن و هیچ ره‌خنه‌یەکی توندیش قبووڵ ناکەن.
شۆڕشی دیموكراتیكی گه‌لان
ا -گه‌لان: بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئێران و كوردستان پێویستی به پرۆژه‌ی ناوخۆیی و هەروەها دەرەکیش هه‌یه، ئەوە لەکاتێکدایە کە نابێت کۆمەڵگا و بزووتنەوەی ئازادیخواز پرۆژەیەک قبووڵ بکەن کە چاره‌سه‌ری لەگەڵ خۆی ناهێنێت. نابێت ناوه‌ندگه‌ری و نادیموكراتیك بوونی ناوخۆیی و ده‌رەکی قبووڵ بکەن. لە پرۆسه‌ی گۆڕانکاری لە ئێران، فاكتۆری ناونه‌ته‌وەيی، رژێمی ئێستای کۆماری ئیسلامی و لە سه‌رووی ئەوانەش فاکتەری گه‌لان پێویست و گرینگن و دەبێت تێكۆشان و سیاسه‌تی گه‌لان لە پێش هەموو شتێک بێت. ده‌وڵه‌تی ئێستای ئێران کە وه‌ك لایەنی میانڕه‌و خۆی باشتر لە لایەنی بناژۆخواز نیشان دەدات، تەنها رۆڵی ئاسته‌نگ کردنی شۆڕش و ڕاپەڕینی گه‌لان دەگێڕێت. قه‌یرانی زۆر و جۆراوجۆر بۆته هۆکار کە پۆتانسیه‌لی خەڵکی ئێران بۆ چاره‌سه‌ری دیمۆكراتیك بکەوێتە بواری كرداری بەڵام ده‌وڵه‌تی میانڕه‌و لەگەڵ بناژۆخوازانی ر‌ژێم هه‌وڵی راوەستاندنی دەدەن. بۆ گەلانی ئێران، نەتەوەی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک سەرەکی ترین پێداویستیە، دیموکراسی بە بنەماگرتنی کۆمەڵگا و دیموکراسی گەلان تەنها لە چوارچێوەی دیموکراسی خۆجێیی جێگای قبووڵ کردنە.
ب ـ ڕاپەڕینی خه‌ڵك؛ هەنگاوێكی كرداری بۆ دیموكراتیزاسیۆن: ڕاپەڕینی سه‌رانسه‌ری لە سەرماوەزی ساڵی 1396-ی هەتاوی کە ئێستایش بە شێوازی مانگرتن و خۆپیشاندنی خەڵک و چین و توێژە جیاوازەکان، كرێكا‌ر، ژنان و جه‌وانان به‌رده‌وامه، سیاسه‌تی دیموكراتیك و تێكۆشانێكی گرنگه کە به‌رده‌اومی تێكۆشانی ده‌یان ساڵه‌ی خەڵکی ئێرانە و ئێستا بە شێوازێكی رادیکاڵ گەشەی کردووە و بەرز بۆتەوە. ئەو راپەڕینەی خەڵک نیشانیداوه کە کێشەکە هه‌م زیهنیه‌تی ده‌وڵه‌ته و هه‌روەها زیهنیه‌تی ئۆپۆزسیۆنیش، هەربۆیە لە تێكۆشاندایە بۆ ژیان و ناسنامه‌ی راستەقینەی خۆی. هیچ هێزێكی ناوخۆیی و ده‌رەکی ناتوانێت ئەو راپەڕینەی گه‌لان راوه‌ستێنێت. ئەو راپەڕینە، راپەڕینێكی هاوبه‌شه بۆ گەیشتن بە زیهنیه‌تێكی هاوبه‌ش و ئازاد لە نێوان گه‌لانی كورد، فارس، به‌لوچ، ئازه‌ری، عەره‌ب و … بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد، جوان و شایستەیە. رێكخستنە مه‌ده‌نیەکان، ژنان و جه‌وانان پێشه‌نگایەتی بەحەق و تایبەتی ئەو راپەڕینه دەکەن. بۆ سه‌رخستنی ئەو راپەڕینەش نابێت خەڵک، ئۆپۆزسیۆن و بزووتنەوەی ئازادیخوازی و لایەنی ناونه‌ته‌وەیی لەگەڵ ده‌وڵه‌تی ئینكارگه‌ر و سەرکوتکار ها‌وكاری و سازش بکەن، بەڵکو پێویسته لە بەرانبه‌ری دا تێكۆشانێكی رادیکاڵ بەڕێوە ببەن. هه‌روەها ئەگه‌ر ده‌وڵه‌ت و سیستمی ئێستای ئێران بۆ قبووڵ کردنی داخوازی خەڵک و گه‌لان ئاماده‌یی نیشان بدات، نابێت کە بۆ گەیشتن بە هێز و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌نگ و بچووك هه‌وڵدانی رووخاندنی ده‌وڵه‌ت و سیسته‌م بکەن و لە ئەگه‌ری قبووڵ نه‌کردنی داخوازیەکانیش پێویسته تێكۆشانێكی هه‌مه‌لایەنە و كرداری بەڕێوە ببەن. قه‌یران بە ئاستێكی زۆر مەترسیدار گەیشتووە و کۆمەڵگاش هۆشیار و سیاسی بۆتەوه، بۆیە دەبێت ئەو کۆمەڵگایە لەگه‌ڵ رێکخستنێكی خۆڕاگر كار بكات کە خاوەنی زیهنیه‌ت، تێكۆشان و بیرۆ‌كەی ڕاست بێت. هه‌ڵبژارده‌ی گه‌ل پێویسته ڕادیکاڵ بێت، چونکە نه رژێمی ئێران دەتوانێت وه‌ك رابردوو بمێنێت و نه ئۆپۆزسیۆن. تەنها گه‌ل و گۆڕەپانی تێكۆشان دەتوانن کێشە و قه‌یرانی کۆمەڵایەتی ـ سیاسی لە ئێران چاره‌سه‌ر بکەن. ئەگه‌ر کرانەوەیە‌كی سیاسی بکرێت، تەنها بە دەستی كۆمەڵگا دەبێت. ڕەتکردنەوە یان قبووڵکردنی داخواز، ماف و ئازادی گه‌لان لە لایەن رژێمی سه‌رده‌ستی ئێرانەوە گرێدراوی هه‌بوونی كرداری گه‌لان لە گۆڕەپانی تێكۆشاندایه. ئیدی نه ده‌وڵه‌ت دەتوانێت خۆی لە به‌رپرسیارێتی بدزێتەوە و نه گه‌لیش دەتوانێت ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆی بەجێ نەهێنێت. نه ناڕەزایەتی خەڵک بە تەنها دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و نە بەڵێنە درۆیینەکانی ده‌وڵه‌ت. ده‌وڵه‌ت و رژێمی كۆماری ئیسلامی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئابووری، جارێكی دیکەش وه‌ك ڕابردوو خۆیان بە ناوه‌ندی هەموو شتێک دەبینن، هه‌روه‌ها بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی کۆمەڵایەتی و سیاسیش هه‌وڵ دەدەن زۆر‌تر لە جاران کۆمەڵگا بە خۆیانەوە گرێ بدەن کە نەتوانێت سه‌رهه‌ڵدان و راپەڕین بکات. ئاشکرایە کە سه‌رهه‌ڵدانی ئەم دواییانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان ده‌مكورت نیه و بە شێوازی جۆراوجۆر به‌رده‌وام دەكات. ئەگه‌ر راپەڕینی گه‌ل لە لایەنی رژێمەوە قبووڵیش بکرێت، پێویسته تا كاتێک کە دەگاته ئامانجەکانی خۆی به‌رده‌وام بێت. نابێت کە ر‌ژێم و ئۆپۆزسیۆن بە دوو ڕوویەتی و رێكەو‌تن هه‌وڵی بێکاریگەر کردنی گه‌ل بدەن.
چاره‌سه‌ری و گۆڕانکاری دیموكراتیك بێ ده‌وڵه‌ت و هێزی ده‌رەکیش دەبێت؛ ئەگه‌ر رژێمی ئێستا رازی نه‌بێت کە ماف، ئازادی و داخوازی گه‌لان قبووڵ بكات و ئەوانە پێك بێنێت، ئەوکاتە پێویسته گه‌لان خۆیان بۆ دیمۆكراتیزەكردنی وڵات هەنگاو بنێن. ده‌وڵه‌ت بۆ گه‌ل دیموكراسی ناهێنێت، بەڵکو گه‌ل بە زەحمەت و تێكۆشانی خۆی دیموكراسی بەده‌ست دەخات.
ج ـ كۆمیسیۆنی ده‌رخستنی ڕاستیەکان: ئەگه‌ر کێشەی ناوخۆی وڵات بە ڕێگای ئاشتیانه چاره‌سه‌ر ببن، کۆمەڵگا پێویسته رژێمی کۆماری ئیسلامی و لایەنەکانی ناونه‌ته‌وەیی نا‌چاری قبوڵ کردنی كۆمیسیۆنی ده‌رخستنی ڕاستیەکان بکەن. سازكردن و بەڕێوه‌بردنی كۆمیسیۆنەکانی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماتیك و سه‌ربازی لە نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەتدا، كاری سه‌ره‌كی خودی کۆمەڵگایە. ئەو كۆمیسیۆنە بۆ چاره‌سه‌ری دیموكراتیكی قه‌یرانەکانی ئێستا و ڕێگا نه‌دان بە ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ده‌رەکی پێک دێت و ڕێگا لە بەسوریا بوونی ئێران دەگرێت. رۆژه‌ڤی وه‌ک به‌رجام و تیرۆریسم بە دەستی ده‌وڵه‌ت ساز کراون و کێشەی ده‌وڵه‌ته نەک کۆمەڵگا. ده‌ستێوه‌ردانی دەرەکی هەڕەشە لە تێكۆشانی خەڵک دەکات و ئێران به‌رەو دۆخێکی وەک سووریا دەبات.
د ـ رێکخستنی مه‌ده‌نی-دیموكراتیك: لەو پرۆسەیەدا، رێکخستنی مه‌ده‌نی-دیموكراتیك، به‌شێكن لە ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵگا. رێکخستنی مه‌ده‌نی لەپاڵ کۆمەڵگای مه‌ده‌نی نابێت کە بەدوای بەده‌ستهێنانی به‌شێک بن لە ده‌وڵه‌تدا، لەبەر ئەوەی کە بۆ خۆیان ناوه‌ند و ئەساسی گۆڕانکارییەکانن و به‌شێک لە ر‌ژێم یان لەگه‌ڵ ر‌ژێم نین، بەڵکو هه‌بوونێكی سه‌ربەخۆ، لەپێشینە و کاریگەرن. کۆمەڵگای سیاسی ـ دیموكراتیك نه‌ک مه‌ترسی بەڵکو ده‌رفه‌ت بەدی دەهێنێت. کۆمەڵگایەك کە گرێدراوی ده‌وڵه‌ت بێت، کۆمەڵگایەكی نه‌خۆ‌شه. یه‌كێتی گه‌لان لە گۆڕەپانی تێكۆشان، زۆر دیاركه‌ره و خۆ‌پیشاندان و مانگرتن، سەرەتای ئیرادەی دیموكراتیك و خۆبەڕێوه‌به‌ری کۆمەڵگایە لە بواری كرداریدا. تێكۆشانی کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران، لێگه‌ڕینی گەیشتن بە مۆدێرنیتەی دیموكراتیكە لە به‌رانبه‌ر مۆدێرنیتەی سه‌رمایه‌داری ناوخۆیی و دەرەکیدا. کۆمەڵگا لە به‌رانبه‌ر رژێمی كۆماری ئیسلامی و سه‌رمایه‌داری جیهانی، هێزی سێهه‌مه و هیچ یه‌ك لەوانە بۆ خۆی بە بنەما ناگرێت. بە بنەما گرتنی هێزی ده‌ره‌كی بە واتای چاره‌نووسێكی وەک سوریا، ئێراق، ئەفغانستان و … دەبێت. تەنها یه‌ك ڕێ هه‌یه، ئەویش خۆبەڕێوه‌بردنی گه‌لانی ئێران و كوردستانه. پۆتانسیه‌لی سه‌ره‌كی خۆپێشاندانی گه‌ل تەنها ئەوە نییه بەڵکو زۆر زیا‌تر و رادیکاڵتره و لە ڕێدا‌یه. نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی، دین په‌ره‌ستی و شه‌ڕی مه‌زهه‌بی ته‌نها دەتوانێت گه‌لان و ئایینەکان بكاتە دژبەری یەکتر و لەناویان ببات. سه‌ربەخۆ‌یی فكری دەتوانێت کۆمەڵگا و گه‌لان لە قوربانی بوونی دووباره لە پرۆسەی وه‌ک به‌رجام، گه‌مارۆی ئابووری، به‌رنامەی مووشه‌كی و ڕكابه‌ری ئەنه‌رژی و هێز بپارێزێت.
هـ ـ ژنان: ژنان کە لە سه‌رهه‌ڵدانی زستانی 1396-دا خاوەن رۆلێكی گرنگ بوون، ناوه‌ندی تێكۆشانی دیموكراتیكی کۆمەڵگای ئێرانن. چیتر دژایەتی ژنان لە لایەنی رژێمەوه گەیشتۆته ئاستی ته‌قین و پێدەچێت کە ئازادی ژنان لە چاندی کۆنەپەرەستی ناوخۆیی و دەرەکی مسۆگه‌ر ببێت و بە دەستی ژنان کۆمەڵگا رزگار بکرێت. مێژووی شۆڕش لە ئێران هێزی ژنان دەخاتە به‌ر چاوان و داهاتوویه‌کی دیموكراتیك و ئازاد بێ ئازادی ژنان هیچ کاتێک پێک نایەت.
وـ جه‌وانان: جه‌وانان وه‌ک قوربانی سه‌ره‌كی سیاسه‌تەکانی رژێمی سه‌رده‌ست، هێزێكی بنەڕەتی و بزوێنەری تێكۆشان و ڕاپەڕینی دژی قه‌یران و ستەمی کۆماری ئیسلامین. ئیدی باوەڕ بەساخته‌كاری هەندێك لایەنی فریودەر ناکەن کە بەبێ هیچ پڕۆژەیەکی چارەسەری بۆ داهاتووی ئێران بانگەشەی ڕوخاندنی رژێمی كۆماری ئیسلامی دەکەن. لەچاره‌سه‌ری کێشەی سیاسی، ئابووری، تەندرووستی و په‌روه‌رده و لە بەدی هێنانی وڵاتێكی دیموكراتیك، هێزی سه‌ره‌كی خودی کۆمەڵگا‌یه، پێشه‌نگایەتی کۆمەڵگاش جه‌وانان دەیکەن و نابێت کە سیناریۆی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ خۆیان بە بنەما بگرن.
رێگا چاره‌ی كۆدارو پژاک بۆ چاره‌سه‌ری
كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار) وه‌ک به‌شێك لە شەپۆلی شۆڕش لە ئێران و كوردستان، بە هۆشیاری دۆخی نالەبار و زه‌حمه‌تی کۆمەڵگا، ده‌رفه‌ت و مه‌ترسییەکانی سه‌ر ئێران و كوردستان دەبینێت. كۆدار سیسته‌مێكه کە جه‌سته و په‌یكه‌رەکەی كۆنفیدرالیسمی دیموكراتیكه و ڕۆحەکەشی نه‌ته‌وی دیموكراتیكه. كۆدار بۆ ئازادی گه‌لان، بەتایبه‌تی گه‌لانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان تێكۆشان دەكات. کۆدار سیستمێکە کە خاوەنی پرۆژه‌یه‌كی دیموكراتیك و ئاشتیانه‌یه. ئێمە دانپێدانانی رژێمی كۆماری ئیسلامی بە هه‌بوونی کێشەی گه‌لان، بەتایبه‌تی کێشەی كورد به‌س نابینین و بە شێوازێكی رادیکاڵ دەمانەوێت هەنگاوی كرداری لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوه هەڵبگیرێت، لەهه‌مان کاتدا خاوەنی پره‌نسیپێكی تێكۆشانین کە لە مارژیناڵ بوون بە دوورە و هیچ کرانەوەیەک لە ده‌وڵه‌تان، رژێمی سه‌رده‌ست و لایەنە سیاسی و سه‌ربازیەکان داواكاری ناكات. پژاک وەک پێشەنگی بەدی هێنانی کرداری سیاسەتی دیموکراتیک لە سیستەمی کۆدار، بە مەبەستی ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ هەرجۆرە چارەسەری دیموکراتیک ئامادەیە. کۆدار و پژاک دەیانەوێت کرانەوەی سیاسی لە لایەن دەوڵەتی ئێران ئەنجام بدرێت و کێشەی کورد و هەموو گەلانی ئێران لە چوارچێوەی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک چارەسەر بکرێت.
آ ـ هێڵی سووری كۆدار، کۆمەڵگایە
هه‌رجۆره پاشه‌كشێ لە سه‌ر ئازادی، دیموكراسی وبەرژەوەندی کۆمەڵگا وه‌ک خیانه‌ت لە شۆڕش و خۆڕاگری گەلان دەبینێت و هێزی سه‌ره‌كی خۆڕاگری بەهێزی کۆمەڵگا دەزانێت. كۆدار نه‌خشه ڕێگای ڕادیکاڵی خۆی نه‌ک بە ده‌وڵه‌ت، بەڵکو بە کۆمەڵگا و گه‌لان و نیشاندانی ڕێگای راستی تێكۆشان پێشنیار دەكات. خاڵی گرینگ بۆ چاره‌سه‌ری، رێکخستنی خەڵک و کۆمەڵگا دەبینێت و لە پلەی دووهەمدا گرنگی دەدات بە پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی یان ده‌رەوه، ئەویش ئەگه‌ر هاتوو پرۆژەکان ئاشتیانه بن. هه‌ر جۆره پرۆژه‌یەک کە گه‌لان وه‌ك هێزی سه‌ره‌كی بە بنەما نەگرێت بە هەڵە دەزانێت. کێشەکانی کۆمەڵگا وه‌ک دوازد‌ه کێشەی سەرەکی بەناو دەکات کە بریتین لە: «ده‌وڵه‌ت و دەسەڵات، سیاسه‌ت و ئەخلاق، زیهنیه‌ت، ئابووری، پیشه‌سازی، ئیكۆلۆژی و ژینگه، کێشەکانی ماڵبات، ژن، هه‌ژماری نفووس و ڕەگەز په‌رستی، کێشەی شارگه‌رایی، چین و بورۆكراسی، په‌روه‌رده و تەندرووستی، ملیتاریسم(ئارته‌ش سالاری) و ئاشتی و دیموكراسی» کە لە ئاستی ئێران، كوردستان و جیهاندا ها‌وبه‌شن و لە سه‌ر ئەو بنەمایە گرنگی بە پرۆژه‌ی ئاشتیانه و دیموكراتیكی ناوخۆیی، دەرەکی و كوردستانی دەدات. ئیسلامی کەلتوری لە بەرانبەر ئیسلامی دەوڵەت-نەتەوەدا لە ناو کۆمەڵگای ئێران بەردەوام نرخی تایبەتی خۆی هەبووە و ئەم نرخە لەگەڵ بنەماکانی کۆدار کە دیموکراسی خۆجێیی و ئازادیخوازی دەکاتە ئامانج، یەک دەگرێەوە.
ب ـ پرۆژەی نه‌ته‌وەی دیموكراتیكی كۆدار
تێکۆشانی نەتەوەیەک کە ئاماجی پێکهێنانی دەوڵەتە و دەوڵەتێک کە دەیەوێت نەتەوە ساز بکات، فاکتۆری سەرەکین لە شەڕە خوێناویەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆدا. پێناسەی ڕاستەقینەی نەتەوە ئەوەیە کە لەگەڵ زیهنیەت، هۆشیاری و باوەڕدا لە پێوەندیدا بێت. لەم دۆخەدا، نەتەوەی دیمۆکراتیک بە واتای کۆمەڵێک مرۆڤە کە لە جیهانێکی فکری هاوبەشدان. لەم نەتەوەیەدا، بابەتی وەک زمان، دین، چاند، بازاڕ، مێژوو، هەروەها سنوورە سیاسیەکان دیارکەر نین و تەنها ڕۆڵێکی سەرەتایی بۆ یەکگرتوویی دەگێڕن و لەسەر ئەم بنەمایە هاوبەشی جیهانی فکری گرنگیەکی تایبەتی هەیە. هۆشیاری سەبارەت بە “ئازادی و یەکگرتویی” بنەمای هەموو شتێکە، فکری هاوبەش پێویستی بە پەیکەرێک هەیە و لە نەتەوەی دیمۆکراتیک‌دا پەیکەری ئەم جیهانبینیە خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکە. ئەو کۆمەڵانەی کە بە ئەساگرتنی ئیرادەی ئازاد و فکری هاوبەش، خۆیان بەڕێوە دەبەن، ئۆتۆنۆمی دیمۆکراتیک‌یان بەدەست هێناوە. ئۆتۆریتەی سیاسی سیستەمی بەڕێوەبەری گەل، بەڕێوەبەری ئۆتۆنۆمی دیمۆکراتیکە و کۆدار نموونەی ئەم مۆدێلەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە نەتەوەی دیمۆکراتیک نۆ ڕەهەندی: چاندی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، حقووقی، دیپلۆماتیک، کۆمۆنی دیمۆکراتیک و تاک-هاووڵاتی ئازاد، ژیانی هاوبەشی ئازاد و پاراستنی جەوهەریە. کۆدار پێکهێنانی نه‌ته‌وەی دیمۆكراتیك وەک پرۆژه‌یەک بە شێوازی خۆبەڕێوه‌به‌ری دیمۆکراتیک و دیمۆکراسی خۆجێیی پێشكەش دەكات و لە سه‌ر بنەمای شێوازی هەڵسوکەوتی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران و کۆمەڵگای جیهانی لە به‌رانبەر ئەو پرۆژه‌یە، هه‌ڵوێستی کۆتایی خۆی دیار دەكات. مێژوو نیشانی داوە کە زوڵم و سته‌می نه‌ته‌وەیی لە سه‌ر كوردان و گه‌لانی ئێران و كرداری نادادپه‌روه‌رانە و ئەمنی چاره‌سه‌ری لەگەڵ خۆی ناهێنێت. كۆدار چاره‌سه‌رییه‌كی دیموكراتیك و بێشه‌ڕی دەوێت و ڕێگا نادات کە هیچ لایەنێک بە بەڵێن و پەیمان و ڕاگەیەندراوی بێ بنه‌ماو ناڕوون کێشەیەکی گەورەو جیهانی وه‌کو کێشەی كورد، بێ بایەخ و بچووک بکاتەوە و گرنگیان پێ نەدات. پرۆژەی نه‌ته‌وەی دیموكراتیك بۆ ئازادی و ژیانی هاوبه‌شی گه‌لانه، نەک بۆ بەده‌ستهێنانی هێز، پارچه‌کردنی خاکی وڵات و سه‌پاندنی ئاڵا، دین، نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌زی لایەنێک لەسەر لایەنی دیکە. ئازادی ژنان ئەوەندەی ئازادی گشتی کۆمەڵگا گرنگ دەبینێت و وه‌ک شۆڕشێكی دیموكراتیك بەناوی دەكات. ژنان، جه‌وانان و ئیكۆلۆژی (ژینگه) وه‌ك سێ ڕه‌هه‌ندی شۆڕش دەزانێت و پرۆژه‌یەک کە ئەو سێ ڕه‌هه‌ندانەی تێدا نه‌بێت، وه‌ک كلاسیك، بێ بایەخ و پاشکه‌وتوو دەبینێت.
ج ـ كۆدار و هەڵوێستی بۆ تێکۆشان
ئامانجی سەرەکی کۆدار گەیشتن بە دیموکراسی خۆجێیی و دیموکراسی لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکە، بەو هۆیەوە ئێران و ڕژێمی كۆماری ئیسلامیش بە شێوازی ئێستا قبووڵ ناكات. كۆدار ئاستی تێكۆشانی خۆی بەپێی داخوازی ده‌سەڵاتداران دیار ناكات. خەبات بۆ گه‌لان دەکات و ئەوان ناكاته قوربانی رێكه‌وتن یان شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندی. پاراستنی ڕه‌وا و هه‌ڵوێستی دیموكراتیك لە ئەگه‌ری شه‌ڕەنگێزی و نكولی ڕژێمی سه‌رده‌ست، یه‌كێک لە پره‌نسیپ و بنەماکانی تێكۆشانی کۆمەڵگا‌یه و ئەگه‌ر ده‌وڵه‌ت و كۆماری ئیسلامی بە گشتی ئاماده نه‌بن چاره‌سه‌ریه‌كی ئاشتیانه قبووڵ بکەن، کۆمەڵگا بۆخۆی پێویسته ده‌ست بە كار ببێت و سیسته‌می خۆبەڕێوه‌به‌ری دیموکراتیکی خۆی پێک بهێنێت و دیموكراسی لە وڵات پێش بخات، لە سه‌ر ئەو بنەمایە پێویسته ڕژێم بزانێت کە چاره‌سه‌ری بێ ئەویش دەتوانێت پێش بكه‌وێت. كۆدار سیسته‌مە و لە حیزب به‌رفراوانتره، پرۆژەی کۆداریش ئێرانی ـ كوردستانیه و بۆ هه‌موو گه‌لانه.
د ـ چاره‌سه‌ری كۆدار بۆ کێشەی كورد
کوردان دەرفەتی هەڵهاتنیان لە «ئازادیەکی نزیک» نیە. نه رژێمی سه‌رده‌ستی كۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت لە دۆخی ئێستا خۆی بدزێته‌وه و نه ئەمریكا و بلۆكی رۆژئاوایش دەتوانن نکولی لە كورد و رۆڵی گرینگ و چارەنوس سازی ئەو گەلە بكه‌ن و به‌رچاوی نه‌گرن. گه‌لی كورد بۆ سه‌رخستنی مۆدێرنیتەی دیموكراتیك لە بەرانبه‌ر مۆدێرنیتەی سه‌رمایه‌داری، پۆتانسیه‌لێكی شایستەن و كۆدار نایەوێت هیچ حیزب و رێکخستنێكی مه‌ده‌نی كوردی بێبه‌ش بکات. بە پێک هێنانی یه‌كێتی نه‌ته‌وەیی كوردان و لە هه‌مان کاتدا یه‌كێتی گه‌لانی ئێران، ها‌وپه‌یمانیەکی به‌رفراوان پێشنیار دەكات. كۆدار داخوازی دیموكراتیكی کۆمەڵگا ئەساس دەگرێت؛ لە سه‌ر ئەو بنەمایە هیچ کاتێک پرۆژه‌ی ئەو هێزە كوردیانە قبووڵ ناکات کە کۆمەڵگا پارچه دەكەن و به‌شداری دیموكراتیكی گەلان ئاستەنگ دەکەن، بەڵام لە هه‌مان کاتدا پشتگری لە پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری دەكات. كۆدار گۆڕانکاری بنەڕەتی دەوێت نەک ڕیستۆراسیۆن (گۆڕانکاری ڕواڵه‌تی)، میانه‌ڕە‌وی، ڕیفۆرماسیۆن و بناژۆخوازی و ئەوەش یه‌كێک لە پره‌نسیپەکانی كۆداره بۆ دانوستاندن لەگه‌ڵ هێزی ئێرانی و كوردی. سیاسه‌تی كۆدار بە ده‌ربازبوونی کات كۆنە و بێکاریگەر نابێت، پێشبینیەکانی ئێمه ڕاست ده‌ركه‌وتوون و هه‌ڵوێستەکانی كۆدار بەجێ و بە ڕەچاوکردنی داهاتوو بوون. یه‌كێتی نه‌ته‌وەیی كوردان و یه‌كێتی گه‌لانی ئێران بۆ چاره‌سه‌ری کێشەی مێژوویی، هه‌ردوو لە ڕوانگه‌ی كۆدارەوه یه‌ك پرۆژه، یەک فه‌لسه‌فه و زیهنیه‌تی ها‌وبه‌شیان دەوێت. كۆدار لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان تەنها خۆی بە بنەما ناگرێت و ڕێگا نادات کە لایەنەکانی دیکەش تەنها خۆیان بە بنەما بگرن. بنەمای به‌شداری دیموكراتیكی كۆدار بۆ هێزی كوردی و هێزی ئێرانیه. كۆدار رۆڵ و گرنگی رێکخستنی مه‌ده‌نی لەئاستی حیزبە سیاسیەکان دا دەبینێت و دەیەوێت لە یه‌كێتی نه‌ته‌وەیی دیموكراتیك و پرۆسەی چاره‌سه‌ری کێشەکان به‌شداری بکەن و ئەوان وه‌ک به‌شێك لە ئۆپۆزسیۆن دەبینێت، نەک ده‌رەوه‌ی ئۆپۆزسیۆن یان لایەنی ده‌وڵه‌ت. رێکخستنە مه‌ده‌نیەکان وه‌ک بنچینەی كۆنفد‌راسیۆنی کۆمەڵگای مه‌ده‌نی لە به‌رانبه‌ر رێکخراوە ده‌وڵه‌تییەکان هه‌ژمار دەکات.
بە باوه‌ڕی كۆدار، هێزی پاراستنی ڕه‌وا، هێزێكه لە خزمه‌تی پرۆژەی دیموكراتیزاسیۆن لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، هێزێكی شه‌ڕخواز نیه، تەنها بۆ پاراستن و خزمه‌تی گه‌ل تێدەکۆشێت و وەک بەشێک لە دەرفەتەکانە نەک هەڕەشە.
ه ـ ڕه‌هه‌ندی كرداری نه‌خشه‌ڕێگای دیموكراتیكی كۆدار
كۆدار بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی كرداری و کرانەوه‌ی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ری کێشەی كورد و کێشەکانی ئێران، بە شێوازێكی ڕوون و ئاشکرا و رادیکاڵ ڕه‌هه‌ندی زۆر ژیانی دێنێتە گۆڕێ کە بێ ئەوانە هیچ یه‌ك لە کۆمەڵگا، رژێمی ئێران و کۆمەڵگای ناونه‌ته‌وەیی ناتوانن کێشەکان چاره‌سه‌ر بکەن. لە به‌رئەوەی کە تا‌كه ڕێگای ڕاست «کێشەی دیموكراسی و دیموكراتیزه‌کردنی ئێران، دەستور و دیموكراتیزه‌کردنی و گەیاندنی نەتەوە بە نه‌ته‌وەی دیمكراتیك» هەژمار دەکات. کۆدار ئامادەبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتێک کە دیموکراسی قبووڵ بکات و مۆدێلی کۆداریش چوارچێوەی سیاسی-چاندی ئێران دەپارێزت. مسۆگه‌رکردنی دیموكراتیزاسیۆن بە هەڵێنانی هەنگاوی كرداری و ئەو ره‌هه‌ندانه دەبینێت کە بریتین لە:
1ـ ره‌هه‌ندی حقوقی: بۆ ره‌هه‌ندی حقوقی پێویسته زەمینەیەک فەراهەم بکرێت کە یاسای بنەڕەتی (دەستور) ببێته یاسایەکی دیموكراتیك و مافی گه‌لان، باوه‌ڕەکان، ژنان و ره‌نگەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگا بگرێته خۆی و بیانپارێزێت. هه‌روەها مافی تاكه‌كه‌سی و كۆمینال لە کۆمەڵگا لێک دانەبڕاون و هەر دابڕانێک بۆ سەرکوت و بەکارهێنانە، بۆیە پێویستە مافی تا‌كه كه‌سی و كۆله‌كتیڤ لە یاسای بنه‌ڕەتی دیموكراتیك‌دا لەنێوان ئەم دوو پێکهاتەدا بە شێوازێكی ڕوون پێناسه بكرێن.
2ـ ره‌هه‌ندی وڵاتی ـ ناوچه‌یی: وڵاتی هاوبه‌ش و یه‌كێتی ئەو وڵاتە پێویسته بە شێوازێك پێناسه بکرێت کە تەنها بە گروپێکی دینی و ئەتنیکیەوە نەبەسترێتەوە، بەڵکو بۆ هەموو ئاینەکان و ئەتنیکەکانەو تاكی ئازاد، بە هاووڵاتی دیموكراتیكی ئەو وڵاتە هەژمار بکرێن. هه‌روەها ئەو وڵاتە هاوبه‌شە، جێگای ژیانی کۆمەڵگای ئیكۆلۆژیك، ئابوری و دیموكراتیكه و هه‌موو جیاوازیەکان پێویسته بتوانن ئازادانه تێیدا سیاسه‌ت بکەن و لە بەڕێوه‌بەری ئەو وڵاتەدا به‌شدار بن.
3ـ ره‌هه‌ندی کۆمەڵایەتی: کۆمەڵگا خاوەن پێداویستی ژیانی و گرینگی وه‌ک «په‌روه‌رده، تەندروستی، وه‌رزش، چاند و حقوق»ه. بۆ ئەو پێداویستیانە کۆمەڵگا و ده‌وڵه‌ت دەكه‌ونە ناو پەیوه‌ندی و ڕكابه‌رێتی و دیاره کە ده‌وڵه‌ت بە شێوازی ئێستا ناتوانێت ئەركی خۆی پێك بێنێت؛ لەبەر ئەوە لە پەرەپێدانی پەروەردە، تەندروستی، وەرزش، کەلتورو ماف کە پێداویستیەکانی کۆمەڵگان، زمان و ئەتنیسیتە نابنە هۆی دروستکردنی کێشە. گه‌لی كورد بە گه‌شه‌پێدانی زمانی كوردی، لە چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وەی دیموكراتیك دەزگاو دامەزراوەی په‌روه‌رده و چاندی خۆی به‌رفراوان دەكات. گه‌لانی ئێران و كورد به‌شێكی گرنگ لە یه‌كپارچه بوونی چاندی ئێران و كوردستانن کە بێ ئەوان ئەم یەک پارچەییە کەم دەبێت و به‌و هۆکارە پێویسته بۆ چاره‌سه‌ری بەبنەما بگیرێن.
4ـ ڕه‌هه‌ندی ئازادی ژن: لە ئێران‌دا لە بوارەکانی حقوق، سیاسه‌ت، ئابووری و بەڕێوه‌به‌ریدا لە دژی ژنان جیاکاری هه‌یه. هۆکاری ئەوەش زیهنیه‌تی پیاوسالاری کۆمەڵایەتی و هەروەها ده‌وڵه‌تە. بەبێ هەڵگرتنی ئەم جیاکاریانە، دیموكراسی ناتوانێت پێش بكه‌وێت. ماف و ئازادیەکانی ژنان وەک ئازادی خۆبەڕێکخستن کردن، ڕادەربڕین و داخوازیەکانیان پێویسته لە یاسادا به‌رچاو بگیرێن و مسۆگه‌ر ببن. خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە بەبێ چاره‌سه‌ری کێشەی ژنان، باس کردنی چاره‌سه‌ری بێ واتایه.
5ـ ڕه‌هه‌ندی ئاسایشی: ئەو ڕه‌هه‌ندە، پرۆسەی چاره‌سه‌ری، دیارکردنی یاسا و پێویستیەکانی ئەو پرۆسەیە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. كورد لەگەڵ مه‌ترسی لەناوچوون ڕووبەڕوو ماوەتەوە و لە ئازادی بێبه‌ش کراوه. لە ئەمنیه‌تی کۆمەڵگاییدا بەتایبه‌تی بۆ كوردان گه‌ره‌نتی یاسایی پێویسته بەڵام تەنها ئەوە وەڵامدەرەوە نیه. لە ئەگه‌ری پرۆسەی چاره‌سه‌ری کێشەی كورد، دەبێت ڕێکخراوە و هێزی ئەمنی و سه‌ربازی ئێران بە شێوازێكی بنەڕەتی گۆڕانکاریان بەسەردا بێت و لە هه‌مان کاتدا هێزی پاراستنی ڕه‌وا بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگا، وڵات و دیموكراتیزاسیۆن لە ئێران و كوردستان ده‌رفه‌تێكه بۆ ژیانی هاوبه‌ش و ئاشتیانه و ئەم هێزە نابێت وەک مه‌ترسی بۆ هیچ لایەنێک ببینرێت.
6ـ ڕه‌هه‌ندی ئابووری: كۆدار بە ڕێبازی كۆمۆنی ئابووری، لە به‌رانبه‌ر تاڵانی سیسته‌ماتیك پاراستنی کۆمەڵگا و ژینگه دەكات. پەرەدان بە چاندی كاری هاوبه‌ش (هەرەوەزی) بۆ پێكهێنانی پێداویستیەکان وه‌ک ئابووری ڕاستەقینە دەبینێت و پێچە‌وانەی کاڵا پەرستی، گرنگی دەدات بە پەیوه‌ندیەکی ئابووری کە لەجیاتی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌نگ و کورت خایەن، پێویستی کۆمەڵگا بە بنەما بگرێت. پێویست دەبینێت کە دارایی و سەرچاوەكانی وڵات لە هه‌موو به‌ش و ناوچه‌کان و لەناوهه‌موو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە شێوازێكی یەکسان و دادپەروەرانە دابەش بکرێت.
7ـ ڕه‌هه‌ندی ئیكۆلۆژیك: پیشەسازی، سه‌رمایه‌په‌ره‌ستی و تاڵانکردن و بەکارهێنانی، سەرچاوە سروشتیە ژینگەییەکانی ڕوو بەڕووی کارەساتێکی قەرەبوو نەکراوە کردۆتەوە و سازکردنی به‌نداو و بە بیابان کردن وخراپ کردنی سەرچاوە ئاوە سروشتیەکان و دارستانەکان و تان و پۆی سەرەتان ئاسای شارەکان پێویستی بە هه‌وڵدانی دیموكراتیك و ها‌وكاری کۆمەڵایەتی ـ ده‌وڵه‌تی لە سه‌ر بنەمای ئەخلاقی هەیه. لەم بوارەدا پارادیگمای كۆدار دیموكراتیك و ئیكۆلۆژیكه و دەیەوێت گۆڕانکاری بنەڕەتی پێک بهێنێت.
8ـ ڕه‌هه‌ندی دیپلۆماتیك: كۆدار گونجاوترین نموونەی چاره‌سه‌ری دیموكراتیكی لە ئاستی ئێران‌دا پێشكه‌ش كردووه. بە بێ لەبه‌رچاوگرتنی جیاوازی ئەتنیكی و نەتەوەیی کێشەکانی ئێران چاره‌سه‌ر نابن. ده‌مێكی زۆر درێژه کە ده‌سەڵاتداری ئێران بە چاوێکی ئەمنی و پارچه‌كه‌ر لە كورد و كوردستان دەڕوانێت، ئەوە ڕوانگه‌یه‌كی هەڵەیه و به پێچە‌وانەی ئەوە سیسته‌می كۆدار کە بێ گۆڕانکاری سنوورەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ هێزی سەربازی و شه‌ڕ، یان داسەپاندنی ڕێکارە تایبەتەکانی خۆی، بۆ چاره‌سه‌ری هه‌وڵدانی پێک هێنانی کۆمەڵگایه‌ك دەكات کە هه‌موو گه‌لانی كورد، به‌لوچ، عەره‌ب، تورك(ئازه‌ربایجانی) و … لە ناو خۆیدا قبووڵ بکات. ئەو مۆدێلەی چاره‌سه‌ری كۆدار نه لە دژی ده‌وڵه‌تان، بەڵکو بۆ كۆنفیدرالیسمی دیموكراتیك و یه‌كێتی کۆمەڵگای مه‌ده‌نیه و لەو باوه‌ڕەدا‌یه کە هه‌وڵدانی دیپلۆماتیكی ده‌وڵه‌تەکان بە تەنها ناتوانێت چاره‌سه‌ری پێش بخات.
ئەنجام
بۆ چاره‌سه‌ری کێشەکانی کۆمەڵگا پێویسته بەڕێوه‌به‌ری کۆمەڵایەتی بە شێوازێك بێت کە ده‌سەڵاتخوازی و خۆبەڕێوه‌به‌ری دیموكراتیك بە چاوێک سەیر نەکات. بەڕێوه‌به‌ری دیموكراتیك و هێزی هه‌ژمۆنیك دوو پارادیگمای بەڕێوه‌بردنی جیاوازن. دوایین تاکتیکی بەڕێوه‌به‌ری ده‌سەڵاتخواز بڵاوکردنەوەی تاکگەرایی لە ناوەندی ئیدیۆلۆژی و تایبەتکردنەوەی تاڵانکەرە لە ناوەندی ئابورییدا کە دوایین پلەی قەیرانە. پارادیگمای نه‌ته‌وەی دیموكراتیكی كۆدار یەکسانی لە سه‌ر بنەمای لەبه‌رچاوگرتنی ڕه‌نگە جیاوازەکان و ئازادی کۆمەڵگا دەكاته ئامانجی تێكۆشانی خۆی. هه‌ر هاووڵاتی و ئەندامێكی نه‌ته‌وەی دیموكراتیك خاوەن سێ ئەرك و مسیۆنه:1 ـ ئەركی ڕووناكبیری. 2 ـ ئەركی ئەخلاقی. 3 ـ ئەركی سیاسی. كۆدار بە سوود وه‌رگرتن لەو سێ ئەركانە، دوازد‌ه کێشەی کۆمەڵگا چاره‌سه‌ر دەكات. جگە لەوانەش، گۆڕانکاری یاسای بنەڕه‌تی ئێران بە یاسایه‌كی دیموكراتیك، زۆر گرنگ و ژیانی دەبینێت. پێویسته یاسای بنەڕەتی بە شێوازێكی ئاشکرا ئێران وه‌ک وڵاتی هاوبه‌شی هه‌موو گه‌لان، ڕەگەزەکان، باوه‌ڕمەندی و ناسنامه‌ی جیاواز پێناسه بكات و گه‌ره‌نتی پێکهێنان-پراکتیكیش پێشكەش بكات. به‌رده‌وامی دۆخی ئێستا نابێت. هەنگاوی کرداری بۆ پشتگری گه‌لانی ئێران و مافەکانیان، ڕه‌وا و پارێزراوه. تەنها بە ناوەندێتی کۆمەڵگا و قبووڵ کردنی داخوازیەکانیان ، چاره‌سه‌ری پێش دەكه‌وێت.
کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێوازێک لە پێک هاتنی نەتەوەیە بە پێشەنگایەتی چینە جیاوازەکانی گەلان و ڕووناکبیران. کێشەی کۆدار لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست، کێشەی”یاسایی بوون و دانپێدانانی فەرمی”ە. هەرچەند گرنگی بە تێکۆشان و کاری یاسایی و ڕێکخستنی دیموکراتیک دەدات، بەڵام ڕێگا پێنەدانی ئەم ڕەوتە لە لایەن دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانەوە دەبێتە هۆکاری هاتنە ئارای شێوازێک لە ئۆتۆریتە و بەڕێوەبەری دوولایەنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاڵۆزی و پێکدادانی لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر ئەم داخوازیە دیموکراتیانەی کە لەم پرۆژەیەدا هاتوون و هەروەها داخوازی وەک ڕێگا پێدانی یاسایی و ناسینی کۆدار بە فەرمی، لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە وەڵامی ئەرێنی پێ نەدرێت و بە پێچەوانەوە بەردەوامی بە “نکۆڵی، لەناوبردن و شێوازی نامرۆڤانە” بدرێت، بە دڵنیاییەوە کۆداریش بۆ بەکرداری کردنی یەک لایەنەی ئۆتۆریتە و بەڕێوەبەری خۆی بۆ هەر جۆرە تێکۆشانێک، هیچ بەربەستێک ناناسێت.
كۆمه‌ڵگای دیمۆكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان(كۆدار)-پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)
21 .04. 1397 (12-07-2018)