سارم خانی سادق وەزیری کەسایەتی بەرز و تێکۆشەری کورد لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. کاک سارم نیشتمان پەروەر، ئازادیخواز و سیاسەتوانی کورد لە ژیانی خۆیدا بۆ پاراستنی ئازادی و یەکسانی گەلەکەی تێکۆشانی بێوچانی کرد و لەم ڕێگایەش گەلێک نەهامەتی و زیندانی و ئەشکەنجەی و دەربەدەری بە سەر هات.
کاک سارم یاساناس و پارێزەر لە کوردستان و ئێران، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ” جمعیت کردهای مقیم مرکز” بو و بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلەکەی تێکۆشانی زۆری کرد، پێشنوسی ٢٦ خاڵی کە بۆ دیالؤگ لە گەل دەوڵەتی کاتی بو لە لایەن کاک سارمەوە ئامادە کرا و لە هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد بە سەرپەرەستی ڕەوانشاد ماموستا شێخ عزالدین حوسێنی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبو. بەشێکی زۆری ژیانی تەرخان کردبو بۆ تێکۆشان بە گەییشتن بە مافەکانی ڕەوای گەلەکەی، لە سەردەمێک دا ماڵئاواییمان لێدەکات کە گەلەکەمان بە پاڕادیگمای نوی لە هەر دەم نزیکترە بە گەییشتن بە ئاواتەکانی کاک سارم، یانی کوردستانێکی ئازاد و بێ چەوسانەوە و سەربەخۆ، پەیمان دەدەین ئاواتی هەزاران گیانبەختکردو و خولیای ئازادی لە کوردستان رەقەم لێدەدەن و دەڵێین بە ئاسودەیی بمێنن سەردەم سەردەمی ئێمەیە و ئاواتەکان ناچنە ژێر گڵ.
بەو بۆنەوە سەرەخۆشی خۆمان و پاڕتیمان ئاراستەی بنەماڵەی کۆچکردو کاک سارم الدین سادق وەزیری و هەمو ئازادیخوازانی گەلەکەمان دەکەین.
هاوسەرۆکایەتی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
4.11.2018