15ی شۆبات بۆ گه‌لی كورد و گه‌لانی ئازادیخواز به‌ رۆژێكی ره‌ش ناوزه‌د ده‌كرێت، رۆژێكه‌ كه‌ سه‌رجه‌م گه‌لی كورد و گه‌لانی ئازادیخواز دژ به‌و گه‌له‌كۆمه‌یه‌ و له‌پێناو خاوه‌ندارێتی له‌رێبه‌ر ئاپۆ، رژانه‌ سه‌ر شه‌قام و به‌ دروشمی كه‌س ناتوانێت (رۆژی ئێمه‌ تاریك بكات)، خاوه‌ندارێتیان له‌رێبه‌ر ئاپۆ كرد. له‌ 19 هه‌مین ساڵڕۆژی ئه‌و گه‌له‌كۆمه‌یه‌ جارێكی تر پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ رێبه‌ر ئاپۆ و گه‌لی كورد شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین و یادی سه‌رجه‌م ئه‌و شه‌هیدانه‌ی كه‌ به‌ گیانی بێگه‌ردی خۆیان گه‌له‌كۆمه‌كه‌یان مایه‌پووچ كرد، به‌رز راده‌گرین. ئه‌وه‌ی ئاشكرایه‌ به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی تێكۆشانی ره‌وای رێبه‌ر ئاپۆ له‌دوورگه‌ی ئیمڕاڵی، گه‌لی كورد و گه‌لانی ئازادیخواز گه‌له‌كۆمه‌كه‌ مایه‌پووچ بووه‌و هه‌رگیز ناگاته‌ ئامانجی خۆی.
له‌گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی 15ی شوباتی 1999ی میلادی دا گه‌لێك ده‌وڵه‌ت و هێزی ده‌سه‌ڵاتدار و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌هێز و لایه‌نی به‌كرێگیراوی كورد له‌مه‌ڕ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان به‌شدارن و تا به‌ ئه‌مڕۆش به‌ په‌لامار و هه‌وڵی داگیركاری عه‌فرین له‌گه‌له‌كۆمه‌كه‌یان به‌رده‌وامن و بۆ گه‌هێشتن به‌ ئامانجی چه‌په‌ڵیان درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی قڕكردن و پاكتاوكاری كوردان ده‌ده‌ن. بۆ فریودانی رای گشتی جیهان و گه‌لی كورد زۆر جار به‌ سیاسه‌تی نه‌رم و لیبراڵانه‌یان، خۆیان وه‌ك دۆستی كوردان نیشان داوه‌، به‌ڵام له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان سه‌رجه‌م یاسا نێوده‌وڵه‌تی و نرخ و پره‌نسیبه‌ مرۆییه‌كان پێشێل ده‌كه‌ن. تایبه‌ت ده‌وڵه‌تانی روسیا و ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌دا بۆ سه‌پاندنی هه‌ژمۆنی خۆیان، له‌ناو ململانێ سیاسیدان و به‌و سیاسه‌ته‌یان ده‌یانه‌وێت كوردان وه‌ك رابردوو بكه‌نه‌ قوربانی سیاسه‌تی دیمۆگۆژیانه‌یان. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌باكووری سوریا و ناوچه‌كه‌ ده‌گوزه‌رێت ده‌رئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌. هه‌ر یه‌ك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ده‌یانه‌وێت كوردان بخه‌نه‌ ژێر ركێفی خۆیانه‌وه‌و بۆ پاراستنی هه‌ژموونی و به‌رژه‌وندیه‌كانیان سوود له‌هێز و توانای كوردان وه‌ربگرن و كوردان بكه‌نه‌ قوربانی سیاسته‌كانیان.
چۆن له‌گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژی كوردان و رێبه‌ر ئاپۆ زلهێزه‌ جیهانیه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ به‌شداربوون و بێ‌ده‌نگیان هه‌ڵبژارد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو هێزه‌ جیهانی و هه‌رێمیه‌كان په‌یامی ئاشتیخوازانه‌ی رێبه‌ر ئاپۆیان بۆ روون بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وا دوای تێپه‌ڕبوونی 19 ساڵ به‌ سه‌ر رفاندن و دیلگرتنی رێبه‌ر ئاپۆ، له‌به‌رامبه‌ر گۆشه‌گیری دژواری سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ، رێگری له‌چوونی پارێزه‌ران بۆ ئیمڕاڵی، قه‌ده‌خه‌ كردنی دیداری خانه‌واده‌و كه‌سوكاری، هاوكات ده‌ستگیركردنی راده‌به‌ده‌ری په‌ڕله‌مانتاران، سیاسه‌تمه‌داران و هاوسه‌رۆكان و ئه‌ندامانی هه‌ده‌په‌، كوشتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و وێران كردنی شاره‌كانی باكووری كوردستان و په‌لاماری دڕندانه‌ی توركیا و چه‌ته‌كانی بۆ سه‌ر عه‌فرین بێ‌ده‌نگن و هاوكات یارمه‌تیده‌ر و پاڵپشتی ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركیان و پێداگرن له‌به‌رده‌وامی گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ره‌شی دژ به‌ گه‌لی كورد و رێبه‌ر ئاپۆ.
به‌ڵام مێژووی خۆڕاگری گه‌لی كورد شایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌ هه‌موو هێزیانه‌وه‌ دژ به‌و گه‌له‌كۆمه‌ راوه‌ستاون و به‌ هه‌زاران گه‌نجی قاره‌مان و فیدایی گه‌له‌كه‌مان به‌ به‌شداریان بۆ ناو ریزه‌كانی تێكۆشان پیلانگێڕیه‌كه‌یان مایه‌پووچ كردووه‌ته‌وه‌. تایبه‌ت له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران خاوه‌ندارێتی گه‌لی كورد و گه‌لانی ئازادیخوازی ئێران له‌ساڵی 1999ی میلادی به‌ چالاكی گیانبازی ده‌یان كه‌سی وه‌ك شه‌هید (هانی ئیلام) گه‌یشته‌ لووتكه‌و مۆركی خۆی له‌مایه‌پووچ كردنی پیلانێگڕیه‌كه‌ دا.
گه‌لی ئازادیخوازی كورد بۆ كۆتایی هێنان به‌ گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، خۆڕاگری و تێكۆشانی مه‌زنی وه‌ك كۆبانێ‌و عه‌فرین ده‌نوێنێت. بۆیه‌ رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌مڕۆ بۆ گه‌لی كورد و گه‌لانی ئازادیخوازی جیهان، نرخ و كه‌رامه‌تێكی مه‌زنه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر تاكێكی كورد پێویسته‌ رۆژی ره‌شی 15ی شۆبات بكاته‌ رۆژی راپه‌ڕین، سه‌رهه‌ڵدان و چالاكی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ دژ به‌ فاشیزم و داگیركاری. ده‌بێت هه‌ر تاكێكی ئازادیخواز به‌ دروشمی (بێ‌سه‌رۆك ژیان نابێت) خاوه‌ندارێتی له‌رێبه‌ر ئاپۆ بكات و به‌شداری ریزه‌كانی تێكۆشانی دژ به‌ دیكتاتۆریه‌ت و فاشیزم ببێت. به‌ هه‌ڵوێست و چاڵاكی رادیكاڵ خاوه‌ندارێتی له‌ناسنامه‌ی كوردی ئازاد و رێبه‌ر ئاپۆ و نرخ و به‌های مرۆیی بكرێت و به‌ هیوای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌وڵاتێكی ئازاد و دیمۆكراتیكدا پێشوازی له‌رێبه‌ر ئاپۆ بكرێت، په‌ره‌ به‌ تێكۆشانی دیمۆكراتیانه‌ بدرێت. هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌ رۆحی به‌رخۆدانی سه‌رده‌می عه‌فرین خاوه‌ندارێتی له‌ده‌ستكه‌وت، نرخ و به‌ها مێژوویه‌كانی گه‌له‌كه‌مان بكرێت و بۆ كۆتایی هێنان به‌ زۆڵم و چه‌وساندنه‌وه‌و داگیركاری په‌ره‌ به‌ رێكخستنی دیمۆكراتیك، مه‌زن كردنی ریزه‌كانی تێكۆشان بدرێت.
له‌كۆتاییدا ساڵیادی گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی 15ی شوبات جارێكی تر شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین و بێ‌ده‌نگی دام و ده‌زگا مه‌ده‌نی و مافه‌كانی مرۆڤ و كۆمیته‌ی دژ به‌ ئه‌شكه‌نجه‌و یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌به‌رامبه‌ر گۆشه‌گیری سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین. هاوكات یادی شه‌هیدانی 15ی شۆبات و 3ی ره‌شه‌ممه‌ی ساڵی 1999ی میلادی له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رز راده‌گرین و له‌كه‌سایه‌تی ئه‌واندا یادی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگای ئازادی به‌رز راده‌گرین و به‌ڵێن مان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ به‌هێزكردنی تێكۆشانمان خه‌ون و خه‌یاڵی شه‌هیدان دێنینه‌ دی.
مه‌جلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان ـ پژاك
13.02.2018