پێکدادان و ناکۆکى نێوان هێزەکان لە ناوچەکە بەرەو ئاراستەیەکی نوێ دەچێت. ناکۆکییەکانی پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکان دا هەرچەند سەرچاوەى ئابوریشی هەبێ و نیشان بدات کە بەشێکى زۆرى ئامانجەکانى زلهێزەکانى جیهان لەخۆ بگرێ، بەڵام نابێت بەو شێوەیە سەیر بکرێت کە زلهێزەکان و هاوکارە هەرێمییەکانیان ئامانجە سیاسی، ئایدیۆلۆژی – ستراتیژییەکانی چوارچێوەى گۆڕانى ناسنامەى سیاسى نەتەوەیى و ڕۆژهەڵاتى ناوین بەلاوە بنێن. بە لەبەر چاوگرتنى بەردەوامبوونى ئەو شەڕە درێژخایەنەى لە ئێراق و سوریا قووڵ بوەتەوە، ئەو ڕاستیە دەردەکەوێت کە ئەو هێزانەى لە گۆڕەپانەکەن بۆ ئەوەى بتوانن ئاستەنگەکانى بەردەم جێبەجێکردنى پرۆژەکانیان لاببەن، کردنەوەی بەرەی نوێی شەڕ بە رێگەی دەستلێبەرنەدراو دەزانن. ڕووداوەکانى سوریا، ئێراق و یەمەن وەک نموونە لەبەرچاون. ئەو لایەنانەى کە لەناو ئەو ئاڵۆزیەدا خاوەنى دەسەڵاتن، هەوڵ دەدەن پێش هەموو شتێک هێزى بەرانبەر لاواز بکەن و بیسڕنەوە، بۆ ئەوەى لەو ڕێگایەوە یاسای بنەڕەتی لە خۆیان نزیک بکەنەوە و دەستى بەسەردا بگرن. لەو شەڕەدا لە پانتایى ڕۆژهەڵاتى ناوین بەردەوامە و دەوڵەت -نەتەوەکانى هەرێمەکە نازانن لایەنى رۆژهەڵات بگرن یان لایەنى ڕۆژئاوا، ناچارن گۆڕانکارى بەپێی ئەو سیاسەتەى هاوپەیمانە زلهێزەکانیان دەستنیشانیان دەکەن پێکبهێنن. هاوپەیمانانى هەرێمەکە بەتایبەت ئێران، تورکیا و عەرەبستان بەپێی بەرژەوەندییە ستراتژییەکانى ئەو زلهێزانەن، چارەیەکى دیکە نییە تا بتوانن دەست لە خەون و ئامانجەکانى خۆیان لە ئاستى سیاسەتى دەرەوە بەربدەن. بە لەبەرچاوگرتنى ناکۆکى سیاسەتى نێو ناوخۆ و دەرەوەى دەوڵەتانى هەرێمەکە و بێبەشى ئەوان لە ڕاستى ئەو ناوچەیە، گۆڕانکارى هزرى و ناوخۆیى ئەو وڵاتانە بابەتێکى پێویست و گرنگە. ستراتیژى و سیاسەتى ئامریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەشێکە لە سیاسەتى تەسلیمگرتنى هەنگاو بە هەنگاوى دوژمنەکانى و لەسەر وڵات و هاوکارەکانى پێشووى خۆى گۆڕانکارى پێکدەهێنێت. لەلایەکى دیکەوە ڕوسیاش هاوکارەکانى خۆى وەک کارتى گوشار بۆ ڕانتى دیپلۆمتیک و بەهێزکردنى پێگەى خۆى بەکار دەهێنێت کە ئەوەش شێوازێکى دیکەى تەسلیم گرتنە.

لە نێوان ئامریکا و کاربەدەستانی وڵاتانى عەرەبی – ئیسلامى هەرێمەکەدا هاتوچۆیەکى زۆرى دیپلۆماتیک بەڕێوە چووە، هەروەها گفتوگۆ لە ئاستێکى بەرز لەگەڵ ڕوسیا سەبارەت بە پێویستى پاشەکشێى ئێران لەو شوێنانەى لە هەرێمەکەدا بەدەستى خستووە، بەتایبەت پاشەکشە لە سوریا وەک کلیلى چارەسەرى کێشەکانى داسەپاندن، بێ کاریگەر کردن و لاوازکردنى هەبوونى ئێران و هەروەها هەڵوێستێکى سیاسى بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانى ئامریکا و ڕوسیا بۆ ئێران دەسەپێنرێت. مشتومڕی سەبارەت بە وزەى ئەتۆمى بەرەو مشتومڕى کێشەى مووشەک چووە و هەروەها پێویستى پاشەکشە لە سوریا، ئێراق و یەمەن دەبێتە بنەماى (بەرجام)ى دووهەم.

پێواژۆى هەڵبژاردنى ئەم دواییە لە ئێران و ئەو وتارە سیاسییانە لەلایەن دوو ڕەوتى بناژۆخواز و بەرژەوەندى خوازەوە هاتە ئاراوە، کاردانەوەى دەرەوەى ئەقڵیەتى دەسەڵات لە ئێران نیشان دەدات. دامەزرێنەرانى ئەو ستراتژییە بە پێکهێنانى بارودۆخێکى زیهنى لە ئامانج و پێناسەکانیاندا هەوڵیان دا هێزەکانى کۆمەڵگا، گەلان، ژنان و گەنجان فریو بدەن، وەک ئەوەى لە قۆناخى پێش شۆڕشى ١٩٧٩دابن. لایەنی بناژۆخواز بە بەکارهێنانى دروشم و سەمبۆڵى پۆپۆلیستی، هەوڵى ئەوەى دا کەشی گەڕانەوەی” شۆڕشی PAK” گەشە بکات. ئامانجیان پێکهێنانى یەکێتى و یەکگرتوویى بوو کە لەنێوان هێزەکانى شۆڕش لەناو چوبوو، هەروەها بەهێزکردنەوەى گوتارى بناژۆخوازەکان بوو کە لە بنەمادا کردەوەکانى ٣٩ساڵى ڕابردوو بشارنەوە. بەو شێوەیە نیشانیان دەدا لەو ٤٠ ساڵەدا هیچ ئەزمونێکى مێژوویى بۆ ئێرانییەکان، بەتایبەت گەلان، باوەڕى و مەزهەبەکان و ژنان بەدى نەهاتووە و هیچ نیشانە، پێناسە و ڕێگاى شۆڕشى ئیسلامى بە ئەزموون نەکراوە. بێبەشکردنى کۆمەڵگا لەخەونی مێژویى بەشێکە لە ستراتیژى لایەنى بناژۆخواز بۆ پاراستنى داهاتووى خۆیان. بەو هۆیەوە ئامادە بوون قۆناخى ٤ ساڵى داهاتوو بە شێوەیەکى کاتی لەدەست بدەن. لایەنى ڕیفۆرمخواز هەوڵى ئەوەى دەدا نوێکردنەوەى شۆڕش بکاتە ڕۆژەڤ، بۆ ئەوە تێدەکۆشێ ئەو ڕوانگەیە بەسەر هەموو هێزى دژبەرى دەرەوە و ناوخۆدا بسەپێنێ کە تەنها لەو گۆڕەپانەدا دەتوانرێت پێشبرکێ بکرێت و جێگایەکى دیکە بۆ تێکۆشانى بەدەستخستنى مافەکان بوونى نییە.

ڕژێمى کۆمارى ئیسلامى لە ڕۆژانى دەستپێکى شۆڕش، بەتایبەت منداڵانى خۆى قوت دا، بەڵام لەئاستێکى مەزن کۆمەڵگا و نەتەوەکانى ئێرانى بەرەو قڕکردنی کلتوورییەوە برد. بەو تایبەتمەندییەى خۆى لە شۆڕشەکانى دیکەى جیهان جیاواز کرد و دەزگاى سیاسى ڕەنگێکى فاشیستى گرتە خۆی. ئەو بەشانەى کۆمەڵگا کە بە هیچ شێوەیەک دەرفەتى بەشدارى سیاسى لەناو دەسەڵاتیان پێ نەدرا، پێویستە دەست لە ئامانجەکانیان بەرنەدەن. پێویستە بۆ کۆتایى هێنان بە ئامانجەکانى ڕژێم، تێکۆشانى خۆیان زیاتر بکەن و پەرەى پێ بدەن.

بەشێکى دیکەى کۆمەڵگا بە شێواز و ئاستى بەشدارى خۆى لە هەڵبژاردنەکان، هەڵوێستێکى دیکەى هۆشیارانەیان گرتەبەر. کۆمەڵگا لە بوارى دیارکردنى بەڕێوەبەرانى هەرێمی، هەستیار جوڵایەوە و پێشکەوتنى هەڵوێستێکى بەوشێوەیە لە هەڵبژاردنەکانى شورا (مەجلس)ى شار و گوندەکان، دەرەنجامى تێگەیشتنى جیاوازى گروپ، هێز و لایەنەکانى کۆمەڵگا و هەریەک لە هاووڵاتیان گرنگى ئەو بابەتە دیار دەکات. کۆمەڵگا زیاتر لە سەرۆک کۆمارى بۆ هەڵبژاردنى شوراى شار و گوندەکان ئامادەیى و بەشدارى نیشاندا، کە ئەوەش پەیامێکى گرنگى تێدایە.

کۆمەڵگا و نەتەوەکانى ئێران لە ئەنجامى چەندین ساڵ سیاسەت هۆشیار بۆتەوە ، ناکۆکى هەیە لەو هەڵوێستە لیبەراڵەدا کە دەڵێت؛ هاووڵاتیان تەنها دەنگى خۆیان بەکار دەهێنن و بۆ ڕەوایەتیدان بە دەسەڵات. کۆمەڵگا و نەتەوەکانى ئێران بەو هەڵوێستەى لە هەڵبژاردنى بەڕێوەبەرانى هەرێمى گرتە بەر، نیشانى دا بەرەیەکى گرنگى گەلان لە بەرانبەر بەرەى دەسەڵات و دەوڵەت شێوەی گرتووە. ئەو بەشدارییە دەتوانێت ببێتە بناغەى پێکدادانێکى ڕەوا لە نێوان کۆمەڵگا، دەوڵەت و دەسەڵاتدا. بەشدارى گەلان لە هەڵبژاردنى شوراى شار و گوندەکان، ئیرادەى گەلان بۆ دیاریکردنى بەڕێوەبەرى و دیاریکردنى چارەنوس بێ دەستێوەردانى دەوڵەت نیشان دەدات. چەندین ساڵە دەسەڵاتدارى, خۆیان وەک ڕێکخراوەى گەل پێناسە دەکەن و ئەو تێڕوانینە مالیکییەتەی لە گۆڕەپانەکانى سیاسەت، بەرگری، سەربازیدا ڕێگاى بۆ هەندێک ناکۆکى لە گۆڕەپانى هەرێمى و ناوچەییدا بۆ گەلانى وەک کورد، بەلوچ، عەرەب، ئازەری، تورکمان، گیلەک و … کردەوە. ئەوەش یەکێک لە مەزنترین کۆسپ لە بەردەم بەشدارى سیاسى گەلانە، لە ئێستاش بەدواوە نابێت دەسەڵاتدارى خەونى کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا بەشێوازى پێشوو ببینێت. لایەنەکانى دەوڵەتیش بەشێوازى پێشوو ناتوانن ڕۆڵى ناوبژێوانى سیاسى بگێڕن. بارودۆخى پێشهاتوو لە بوارى کۆمەڵایەتى لە هەڵبژاردنى ئەم دواییە دەکرێت وەک دەستپێکى قۆناخێکى نوێ بۆ پێکهاتنى کۆمەڵگایەکى بەهێزى مەدەنى چاوى لێ بکرێت. بێگومان ئەو کۆمەڵگا مەدەنییە پێویستى بە سەروەر و ئامۆژگارى هیچ کەسێک نییە کە لە سەرەوە بۆى دیارى بکات. کۆمەڵگا پێویستە بە ڕێکخستن و ڕێکوپێک کردنى خەباتى خۆی، لە ڕێگاى ڕێکخستنێکى مەزنتر بۆ بەهێزکردنى زەمینەی خۆى بەکارى بهێنێت و بە بەکارهێنانى ئەو هێزەى لە یەکگرتویى کۆمەڵ بەدەست دێت، لەپێناوی بەشدارییەکى بەرفراوانتر بۆ بڕیارداری، چاودێرى و لێپرسینەوە بەکار بهێنێت و بەدواى مافەکانى خۆى بکەوێت. بەو شێوەیە ئەو ڕوانگە هەڵەیە کە دەڵێت:“کار بدە دەست کارزانى خۆى ” کۆتایى پێ بهێنێت. پێویستە بە هەڵوێستێکى ڕاست لەسەر داخواز و ئامانجەکانى خۆى زیاتر پێداگرى بکات، پێشى بخات و بەهێزى بکات.

 

مەجلیسى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان(PJAK)

01/06/2017