له‌یه‌كه‌مین ساڵیادی تیرۆری هه‌ڤاڵی تێكۆشه‌ر و دڵسۆزی پارته‌كه‌مان شه‌هید “كه‌مال سادق” پێنجوێنی و هاوڵاتی نیشتمانپه‌روه‌ری شاری پێنجوێن به‌ ناوی “وه‌ستا سدیق” ساڵیاوایی یادیان به‌رز راده‌گرین و سڵاوی پڕ له‌هه‌ست و سۆزی شۆڕشگێڕانه‌مان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م تێكۆشه‌رانی رێگای ئازادی له‌رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان ده‌كه‌ین كه به‌ رۆحێكی فیداییه‌وه‌ گیانیان له‌پێناو نیشتمان فیدا كرد.

كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ هاوكاری ژماره‌یه‌ك له‌ به‌كرێگیراوه‌كانی له‌ 13.04.2016ی زایینی هه‌ڤاڵی تێكۆشه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ری قه‌زای پێنجوێن له‌گه‌ڵ هاوڵاتیه‌كی دڵسۆزی شاره‌كه‌یان به‌ به‌رنامه‌یه‌كی پلان بۆ داڕێژراو ده‌رفێنن و به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ تیرۆریان ده‌كه‌ن. ئه‌و جۆره‌ تیرۆرانه‌ له‌هه‌رێمی باشووری كوردستان نیگه‌رانی له‌لای هاوڵاتیانی سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی تری كوردستان دروست كرد كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان هێشتا كۆتایی به‌ تۆقاندن و تیرۆر نه‌هاتووه‌و ئه‌و تیرۆره‌ش دره‌فه‌تی بۆ چه‌ندین تیرۆری تری رۆژنامه‌نووس له‌هه‌رێمی باشووری كوردستان خۆش كرد. بۆیه‌ تا له‌هه‌رێمی باشووری كوردستان دیمۆكراسی گه‌شه‌ نه‌كات و عه‌قلیه‌تی ئازادی و رۆحی پێكه‌وه‌ ژیان كردن پێش نه‌كه‌وێت، كۆتایی به‌ رفاندن و تیرۆر و تۆقاندن نایه‌ت. تیرۆری شه‌هید كه‌مال ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ تیرۆریستانی ناو كوردستان هه‌رگیز خه‌بات و تێكۆشانی ئازادیخوازی گه‌لی كوردیان پێ‌ هه‌رس ناكرێت و هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی له‌ناو بردنی ده‌ستكه‌وتی شۆڕشگێڕان و نیشتمانپه‌روه‌رانی وڵاته‌كه‌ماندان.

ئه‌وه‌ی بۆ گه‌له‌كه‌مان جێگای شانازییه،‌ شه‌هید كه‌مال سه‌رجه‌م ته‌مه‌نی ژیانی له‌ناو خه‌بات و شۆڕشدا بردوه‌ته‌ سه‌ر، ناوبراو هه‌ر له‌سه‌رده‌می دروستبوونی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانه‌وه‌ وه‌ك لاوێكی شۆڕشگێڕ تا ساتی شه‌هید بوونی له‌ناو خه‌بات و تێكۆشاندا بووه‌. له‌ناو قۆناخه‌كانی تێكۆشانیدا رووبه‌ڕووی زۆر و زه‌حمه‌تی بوو و ساتێك له‌تێكۆشان درێغی نه‌كردووه‌. ناوبراو یه‌ك له‌و كه‌سایه‌ته‌ قاره‌مانانه‌ی باشووری كوردستان بووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی پێشخستن و مه‌زن كردنی تێكۆشانی ئاپۆیی له‌رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان و سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی تری كوردستاندا بووه‌. شه‌هید كه‌مال نمونه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی ئازاو بوێر و له‌خۆبردوو بووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی چالاكی و خه‌باتی دیمۆكراتیانه‌ی گه‌له‌كه‌ی جێ گرتووه‌. به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ كه‌ له‌كه‌سایه‌تی خۆی و خانه‌واده‌كه‌یدا كلتوور و رێبازی ئاپۆچێتی به‌رجه‌سته‌ بكات. هه‌میشه‌ له‌ناو ریزه‌كانی تێكۆشانیدا به‌ رۆحی به‌رپرسیارییه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كار و خه‌باتانه‌ی كه‌ قازانجی بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌بووبێت ئه‌نجامی داوه‌. به‌ ده‌یان جار له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی و دۆزی نه‌ته‌وه‌كه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌و گرتن بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌پێناو گه‌هیشتن به‌ ئامانجه‌كانی پاشگه‌ز نه‌بووه‌ته‌وه‌.

وه‌ك پارته‌كه‌مان له‌یه‌كه‌مین ساڵیادی تیرۆركردنی شه‌هید كه‌مال دا جارێكی تر پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌باشوور و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزیان ده‌كه‌ین و هه‌میشه‌ خۆمان به‌ شه‌ریكی خه‌م و ئازاریان ده‌بینین. بۆیه‌ جارێكی تر به‌ڵێن به‌ شه‌هیدانمان ده‌ده‌ین كه‌ درێژه‌ به‌ رێبازیان ده‌ده‌ین و هه‌رگیز رێگا ناده‌ین خوێنیان به‌ فێڕۆ بڕوات. بۆیه‌ كاربه‌ده‌ستانی رژێمی ئێران و به‌ كرێگیراوه‌كانی دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هیچ جۆره‌ سیاسه‌تێكی تیرۆریستیانه‌ ناتوانێت به‌ربه‌ستمان بۆ دروست بكات و له‌تێكۆشانی ئازادیخوازانه‌مان پاشگه‌زمان بكاته‌وه‌ و به پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ خاوه‌ندارێتی له‌خوێنی شه‌هید كه‌مال هه‌وڵی رێكخستن كردنی كۆمه‌ڵگا و به‌هێزكردنی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل ده‌ده‌ین.

هه‌ر چه‌ند ماوه‌ی ساڵێك له‌تیرۆری شه‌هید كه‌مال و وه‌ستا سدیق تێپه‌ڕ بوو، به‌ڵام تا ئێستا بكه‌رانی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌رێم روون نه‌كراوه‌ته‌وه‌و بكه‌رانی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ له‌دادگایه‌كی بێ‌لایه‌ن به‌ سزای خۆیان نه‌گه‌یه‌ندراون، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌رپرسانی هه‌رێم و به‌ تایبه‌ت هێزه‌كانی ئاسایش بۆ كۆتایی هێنان به‌ تیرۆر و رێزگرتن له‌هاوڵاتیانی هه‌رێم بكه‌رانی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆیستیه‌ بۆ رای گشتی روون بكه‌نه‌وه‌ و دۆزی تیرۆری هاوڵاتیانی بێ‌تاوان پشتگوێ‌ نه‌خه‌ن.

له‌كۆتاییدا بانگه‌وازی له‌گه‌له‌كه‌مان به‌ تایبه‌ت ژنان و گه‌نجان ده‌كه‌ین كه‌ خاوه‌ندارێتی له‌رێباز و ئامانجه‌كانی شه‌هید كه‌مال بكه‌ن، چونكه‌ خاوه‌ندارێتی له‌ره‌نج و خوێنی شه‌هیدان، ئه‌ركێكی ویژدانی و ئه‌خلاقییه‌.

مه‌جلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)
12.04.2017